ڤینیسیۆس جینیۆر

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-18-20:50:00 - کۆدی بابەت: 8694
ڤینیسیۆس جینیۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤینیسیۆس خۆسێ پایکساو دێ ئۆلیڤێرا جونیۆر (بە ئینگلیزی: Vinícius José Paixão Oliveira Júnior، بە عەرەبی: فينسيوس جونيور) ناسراو بە ڤینیسیۆس جونیۆر. لە ١٢\٧\٢٠٠٠ لە شاری ساو گۆنزالۆی وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە. یاریزانی باڵی چەپی هێرشبردنی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیلە.

بەپێی ئەوەی ڤینیسیۆس لە شاری سان گۆنزالۆ لەدایکبووە سەرەتای ژیانی وەرزشی لە یانەی فلامینگۆ دەستپێکرد پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ گرێبەستێکی بە بڕی ٤٥ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید بەست.

ناوی تەواوەتی ڤینیسیۆس خۆسێ پایکساو دێ ئۆلیڤێرا جونیۆر
ناوی کورتکراوە ڤینیسیۆس جونیۆر
بەرواری لەدایکبوون ١٢\٧\٢٠٠٠
شوێنی لەدایکبوون ساو گۆنزالۆ، بەڕازیل
باڵا ١٧٦ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن باڵی هێرشبردن

ژیانی وەرزشی

سەرەتاکانی ژیانی وەرزش

ڤینیسیۆس لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی کرد بە ڕاهێنان لە یانەی فلامینگۆ بۆ منداڵان و بەهۆی ئەوەی لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووبوو بۆ کەمکردنەوەی ڕێگا و پارە نەدان بە ڕێگەی هاتووچۆ چوو بۆ شاری ئەبلیچاو و لەگەڵ خاڵیدا دەستی بە ژیان کرد.
لە ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠ ڤینیسیۆس لە قوتابخانەی فووتساڵی یانەی فلامینگۆ لە شاری ساو گۆنزا دەستی کرد بە ڕاهێنانی فووتساڵ. لە ٢٠٠٩ یانەکە تواناکانی یاریزانەکەیان بینی و لە پلانیاندا بوو وەکوو یاریزانێکی فەرمی یاری پێبکەن بەڵام بەهۆی تەمەنە منداڵەکەیەوە نەیانتوانی. لە ساڵی ٢٠١٠ یانەکە دووبارە پەیوەندییان بە ڤینیسیۆسەوە کرد بەڵام ئەو بڕیاری دابوو کە نایەوێت ببێت بە یاریزانی فووتساڵ بەڵکوو دەیەوێت ببێت بە یاریزانی تۆپی پێ.

یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی

ڤینیسیۆس لە ١٣\٥\٢٠١٧ یەکەم یاری فەرمی بۆ یانەی فلامینگۆ ئەنجام دا. دوو ڕۆژ پاش ئەوە، گرێبەستەکەی کە تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام دەبوو لەگەڵ یانەی فلامینگۆ درێژ کردەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە ٤٥ ملیۆن یۆرۆ بوو. لە ١٠\٨\٢٠١٧ یەکەم گۆڵی فەرمی ژیانی تۆمارکرد و یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی بە ٥ گۆڵ لە یانەی پالێستینۆی بەڕازیلی بردەوە. لە ١٩\٨\٢٠١٧ یەکەم گۆڵی ژیانی وەرزشی لە خوولی ژمارە یەکی بەڕازیلیدا تۆمارکرد. 

یانەی ڕیاڵ مەدرید

لە ٢٣\٥\٢٠١٧ یانەی ڕیاڵ مەدرید گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی فلامینگۆ بەست کە تیایدا بڕیار درا کاتێک ڤینیسیۆس دەبێت بە هەژدە ساڵ دەبێت پەیوەندی بکات بە ڕیزی یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە، بڕی گرێبەستەکە ٤٥ ملیۆن یۆرۆ بوو. دووەم گرانترین گرێبەست بوو لەگەڵ یاریزانێکی بەڕازیلی بەسترابێت، یەکەم نەیمار بوو کە بڕەکەی ٥٧ ملیۆن یۆرۆ بوو.
لە ٢٠\٧\٢٠١٨ بە فەرمی وەکوو یاریزانی ڕیاڵ مەدرید دەرکەوت. یەکەم دەرکەوتنی لە ٢٩\٩\٢٠١٨ بوو لە یاری یانە شاهانەییەکە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و یاریەکە بە ئەنجامی سفر بە سفر تەواوبوو، پاشان لە ٣١\١٠\٢٠١٨ و لە یاری ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر یانەی مێلیلای ئیسپانی توانی دوو گۆڵ دروستبکات و وەکوو باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشان بکرێت. لە ٣\١١\٢٠١٨ یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید دژی یانەی ڕیاڵ ڤالادۆلیل ئیسپانی تۆمارکرد. 
لە ١١\١٢\٢٠١٩ یەکەم گۆڵی ژیانی وەرزشی لە خوولی یانە پاڵەوانەکان تۆمارکرد و ڕیاڵ مەدرید بە تۆمارکردنی ٣ گۆڵ یاریەکەی لە یانەی بریجی بەلجیکی بردەوە. لە ١\٣\٢٠٢٠ یەکەم گۆڵی خۆی لە کلاسیکۆی ئیسپانیادا تۆمارکرد و ڕیاڵ مەدرید بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ توانییان یاریەکە لە یانەی بەرشەلۆنە ببەنەوە. لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە ٢٩ یاری یانەی ڕیاڵ مەدرید بەژداربوو و یانەکە توانییان نازناوی خوولی ژمارەی یەکی ئیسپانی لالیگا ببەنەوە. لە ٦\٤\٢٠٢١ لە چارەکی کۆتایی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ڤینیسیۆس توانی ٢ گۆڵ دژی یانەی لیڤەرپووڵی ئینگلیزی تۆماربکات و یانەکە بۆ یاری پێش کۆتایی خوولەکە سەربخات. ڤینیسیۆس یەکەم یاری وەرزەکەی بە تۆماکردنی گۆڵێک دژی یانەی ئالاڤێسی ئیسپانی دەستپێکرد. لە ٣٠\١٠\٢٠٢١ توانی دوو گۆڵ دژی یانەی ئێلخی ئیسپانی تۆماربکات و یانەکەی سەربخات بۆ ڕیزبەندی یەکەمی خوولی لالیگا. بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە شوێنی یاریزانی بەلجیکی ئێدن هازاردی گرتەوە و وەکوو یاریزانی سەرەکی باڵی چەپی هێرشبردنی یانەی ڕیاڵ مەدرید دەرکەوت. لەم وەرزەدا لە کۆی تەنها ١٤ یاری توانیبووی ٦ گۆڵ تۆماربکات. لە ١٢\٥\٢٠٢٢ و لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی لیڤانتی ئیسپانی ڕیاڵ مەدرید بە تۆماکردنی ٦ گۆڵ یارییەکەی بردەوە و ڤینیسیۆس یەکەم هاتریکی ژیانی وەرزشی خۆی تۆمارکرد.  ڤینیسیۆس لەم وەرزەدا ئاستێکی ئێجگار بەرزی پێشکەش کردووە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یاریزانی سەرەڕمی یانە شاهانەییەکە کەریم بێنزیما هەیە و بەم شێوەیەش لەم وەرزەدا ئەو دوو یاریزانە وەکوو گەورەترین هۆکار بۆ بردنەوە بەدوایەکەکانی یانەکە هەژمار کراون.

یانەی وەرزشی لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی

لە ٣۰/٥/٢۰١٥  ڤینیسیۆس بۆ تیمی بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیل لە پاڵەوانێتی ئەمریکای باشوور بۆ خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بانگهێشتکرا و بەڕازیل توانی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە و ڤینیسیۆس بە تۆمارکردنی ٧ گۆڵ دووەم گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بوو کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاتێک تەنها تەمەنی ١٦ ساڵ بوو یانەی فلامینگۆ گرێبەستی لەگەڵ بکات. لە مانگی ٣ـی ٢٠١٧ ڤینیسیۆس یاری بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیل لە پاڵەوانێتی ئەمریکای باشوور بۆ تەمەنی خوار ١٧ ساڵ کرد و توانی گۆڵێک دژی تیمی نێودەوڵەتی پێرو، ٢ گۆڵ دژی ئیکوادۆر و ٢ گۆڵ دژی کۆڵۆمبیا تۆمار بکات.
لە ٢٨\٢\٢٠١٩ بۆ یەکەم جار بانگهێشتکرا بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیلی فەرمی، بەڵام بەهۆی پێکانەکەیەوە نەیتوانی هیچ یارییەک ئەنجام بدات. لە ٢٤\٣\٢٠٢٢ لە یاری پاڵاوتنی جامی جیهانی قەتەڕ دژی چیلی توانی یەکەم گۆڵی نێودەوڵەتی خۆی تۆمار بکات.

شێوازی یارکردن

دوای پەیوەندی کردنی ڤینیسیۆس بە ڕیال مەدریدەوە ڕۆژنامەووسی ڕۆژنامەی ئی ئێس پی ئێن ESPN دێرمۆت کۆریگان باسی ڤینیسیۆس دەکات و دەڵێت: ئەو یاریزانێکە کە توانایەکی زۆر و جیاوزی هەیە لەگەڵ ئەوەی یاریزانێکی باڵی چەپی زۆر خێرا و لێهاتووە دەتوانرێت وەکوو سەرەڕمی دووەم، باڵی ڕاسی هێرشبردن یاخوود هێرشبەری ناوەند تواناکانی بەکاربهێنرێت. بەهۆی خێراییە زۆرەکەی، توانای تێپەڕاندنی یاریزانەکان، توانای گۆڕینی ئاڕاستەی تۆپ بە خێرایی، کارامەییەکەی، تەکنیکەکەی، توانا جەستەییەکەی و توانای کۆنتڕۆڵ کردنی تۆپ کاتێک بە خێرایی ڕادەکات وەکوو یاریزانێکی نایاب دەردەکەوێت و دێرمۆت دەڵێت هەموو خاڵە باشەکان کە لە یاریزانێکدا بوونی هەبێت لە ڤینیسیۆسدا هەیە. یانەی ڕیاڵ مەدرید بە یاریزانێکی زۆر گرنگی یانەکەی دادەنێت بەهۆی خێرایی و یاری دروستکردنەکەی. ڤینیسیۆس بە نەیماری داهاتوو دادەنرێت.


سەرچاوەکان



766 بینین