ناوهڕۆك
کەوسەر وەکوو تەنوورەی چاوی پڕاومە
شاعیر: بێخود
بەرهەم: دیوانی بێخود
ناوی شعر: کەوسەر وەکوو تەنوورەی چاوی پڕاومە
کەوسەر وەکوو تەنوورەی چاوی پڕاومە
دۆزەخ وەکوو تەنووری دڵەی پڕ هەڵاومە
ئاخۆ ئەلەکتریکە شەوی کردە عەینی ڕۆژ
یا خۆ بڵێسەی ئاگری کوورەی بە تاومە
لەنگێزەیی بەهارە کە هەڵساوە «خاصە»، یا
فرمێسکی چاوی سووری بەخوڕ داڕژاومە
یەک جێگەپێ نەمایەوە بۆ من زەمینی دەیم
یەعنی لە فەیزی گریەوە دنیا بەراومە
بۆنی کەبابە، بۆچەکی چزڵیکە دێ لە دوور
یا بۆچرووکی جەرگ و دڵی هەڵکزاومە
هێلانە زەردەواڵە ورووژاوە بەم شەوە
یا گرمەگرمی سینەیی کونکونکراومە
داخی شکستی دڵ نییە ئەیخۆم لە موددەعی
دەردی بە بەردی حادیسە شووشەی شکاومە
غەم واسیتەی حەیاتی منی بێکەسە و فەقیر
غەم نان و ئاو و چایی و گۆشت و پڵاومە
بەربووم ئەگەر لە داوی تەعەللوق، ئەما بە ڕۆح...
دڵ گورپەگورپی پەرچەمی چین چین و خاومە
وا تێ نەگەی لە ڕەعشەیی پیریمە ئەی جەوان
لەرزینی تیری غەمزەیی شۆخێکی لاومە
شۆخێ کە یادی ئارەقی بۆنخۆشی لاملی
قۆڵۆنیا و شووشەیی عەتر و گوڵاومە
شۆخێ کە ڕابیتەی دەمەکەی پڕ لە خەندەکەی
خۆنچەی گوڵی بە ئاوی حەیات ئاودراومە
شۆخێ کە یەک موژەی بە مەسەل بۆ زەبیحی من
سەد خەنجەری خەلیلی بەدایم سواومە
پەروانە نیم کە عاشقی شەمعی کوژاوە بم
پەروای چرایی تاکوو ئەبەد هەڵکراومە
مەجنوونی لەیلی چاوی غەزاڵێکی «هاشمی» م
شاهید دەروونی چاک و یەخەی دادڕاومە
یۆسف مەتاعی من نییە لێم لادە ئەی عەزیز
سەودای نگینی خەتمی ڕیسالەت بە ناومە
بۆ گۆشەیێکی تێغی برۆی وەک ژنانی میسر
پەیوەستە ئارەزووی لەپی دەستی بڕاومە
بۆ زەڕڕە خاکی توربەتەکەی ڕەشکی جەننەتی
یەک دەفعە بووم بە نێرگس و هەر چاوەچاومە
***
ئەو توربەتەی کە سە یقەلی میرئاتی چاومە
ئیکسیری قەلبی مەعاسی خوراومە
ئەو توربەتەی کە خۆڵ و گڵ و وردە بەردی ئەو
ئاڵتوون و زیو و لیرە و غازی و دراومە
ئەو توربەتەی کە تۆزی ئەگەر بێتە سەر سەرم
نایدەم بە تاجی خوسرەو و جەم گەر کڵاومە
ئەی بازی سیدرە تۆبی خودا بۆچی ناگری
نێچیرەکەت کە پۆڕی دڵی هەڵفڕاومە
هەر فیکری تۆیە باعیسی ژین و حەیاتی من
هەر زیکری تۆیە قووەتی ئەژنۆ و هەناومە
هەر وەسفی ڕووتە هەر قسەیێ وا لەسەر زمان
هەر سەرفی مووتە هەرچی خەیاڵی بڵاومە
هەر وەک مناڵە کوردێ کە ون بێ لە باوکی
ئەگریم بەرەو مەدینە و هەر باوەباومە
مەڕوانە چاوی تەڕ، بە خودا زۆر خەجاڵەتم
گریان نییە، دڵۆپی حەیاکەی تکاومە
باکم لە دانەنیشتنی مەنهی نییە، بەڵام
ترسی بە ئەمری حەزرەتی تۆ هەڵنەساومە
چاکەم بە دەست خراپەوە هەر زاک و زووکییە
چ بکەم پەرۆشی ماڵی بەتاڵان براومە
سا تۆش بفەرموو: خادیمەکەی دەرک و بانی خۆم
پەت کەن کە چونکە ئەو سەگی قول هەڵکراومە
یەعنی بە شەو ئەگەر سەگە، ئەیکەم بە توولە ڕۆژ
ئەم سەگ بە توولە کردنە بۆ پاس و ڕاومە
من چونکە غەیری شێعر و غەزەل هیچی کەم نییە
بۆ خزمەتت هەر ئەم دووە دیاری نراومە
دایم لە سەییدم ئەمەتە جائیزەم بڵێ:
بێخود قولی بە نەقدی شەفاعەت کراومە