هیشام زەهەبی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-14-20:49:00 - کۆدی بابەت: 9018
هیشام زەهەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هیشام زەهەبی (بە عەرەبی: هشام الذهبي، بە ئینگلیزی: Hisham Al-Dhahabi) چالاکوان و دەروونناسی ناوداری عێراقی، بە باوکی منداڵانی بێ سەرپەرشت و بێ نەوایانی عێراق ناسراوە.
لەدایکبووی ساڵی 1970ـی بەغدادە و دەرچووی کۆلێجی زانستی دەروونی زانکۆی موستەنسرییەی بەغدادە، بڕوانامەی ماستەری لە بواری زانستی دەروونناسی هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە.
هیشام زەهەبی یان هەندێک بە ئەستێرەی ئاڵتوونی ناوزەندی دەکەن، چونکە بووە بە بەخێوکەر و باوکی منداڵانی بێ نەوایانی سەر شەقام.
لە ساڵی 2003 پاش تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە عێراق و بەتایبەتی لە  بەغداد، بە سەدان منداڵ بێ سەرپەرشت و بێ دایک و باوک مانەوە، هیشام بە لەئەستۆگرتنی پەروەردەکردنی منداڵێک دەستی پێکرد، ئێستا خاوەن پڕۆژەیەکی تایبەتییە بە ناوی "ماڵی عێراقی بۆ داهێنان" بۆ پێگەیاندنی منداڵانی سەر شەقام، کە لەسەرەتا تەنها شوێنێکی بچووک بوو وخاوەن ژمارەیکی دیاریکراوی منداڵان بوو، بە ماوەی 11 ساڵ نزیکەی 480 منداڵی پێگەیاندووە، هەریەک لەو منداڵانەی کە لەو ماڵە دەرچوونە بوونەتە خاوەن کار و بڕوانامەی بەرزی خوێندن، ژمارەیەکیشیان خێزانیان پێکهێناوە.

پڕۆژەی ماڵی عێراقی بۆ داهێنان

لە ساڵی 2004 هیشام ئەم ناوەی لە دروستکردنی ڕێکخراوێک بەکارهێنا، ڕێکخراوێکی سادەی ناحکوومی بۆ داڵدەدانی منداڵان دروستکرد. منداڵ و لاوی بێ سەرپەرشت و بێ دایک و باوکی لەسەر شەقامەکانی بەغداد کۆدەکردەوە، پاشان ئاست بە ئاست لەگەڵ ئەو منداڵانە دەبوو لەڕووی دەروونیەوە چارەسەری دەکردن، دواتر پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی بۆ دابین دەکردن و دەیخستنەبەر خوێندن.
زۆرێک لەو منداڵانەی کە لەو کاتەوە بەخێوکردنیانی لەئەستۆ گرتبوو، ئاستی بەرز و باڵایان لە خوێندن و زانکۆ و بوارە جیاجیا کانی ژیان بەدەستهێناوە.
لە ساڵانی دواتر بیرۆکەی "ماڵی عێراقی بۆ داهێنان" بووە پڕۆژەی ماڵێکی نموونەیی گەورە کە منداڵانی بێنەوا لەخۆبگرێت.
لە ئێستادا پڕۆژەکە لە شوێنێکی دڵڕفێنی بەغداد بە ستانداردی جیهانی دروستکراوە و بە دەیان منداڵی تێدایە.
بەڵام بەهۆی دابوونەریتی کۆمەڵگای عێراقییەوە، ناتوانن لەو ماڵە کچان لەخۆبگرن، بۆیە هیشام پێشنیار و بیرۆکەی تری بۆ کچانی بێ نەوا جێبەجێ کردووە، هەموو ئەرک و پێداویستی بەخێوکردنی ئەو کچانەی کە لەسەر شەقام دەدۆزرێنەوە تا تەمەنی 18 ساڵی لە ئەستۆی هیشام و گرووپەکەیەتی، بەڵام بەو مەرجەی لە ماڵی کەسێکی نزیکی خۆی بمێنێتەوە لەگەڵ پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک لەنێوان هەردوولا، لە ئێستادا نزیەی 285 کچی لاوی بێ نەوا بەوشێوەیە لەو دەسپێشخەرییەی هیشام سوودمەندن و لەژێر چاودێری گرووپەکەی هیشامن.
گرووپی هیشام لە چەند بەشێک پێکهاتوون، ڕۆژانە لە کاتی دیاریکراودا بە شەقامە سەرەکییەکانی بەغداد بڵاو دەبنەوە و بە دوای منداڵانی بێلانە دەگەڕێن و ئەو منداڵە دەروەزەکەرانەی کە لە ترافیک و شوێنە گشتییەکانی وڵاتن دەکەنە ئامانج و هەوڵی یارمەتیدانیان دەدەن. لە ئێستادا لقێکی تریش بۆ گرووپەکە زیاد کراوە کە ژمارەیەک پیاوانی بەتەمەنی سەر شەقامەکانیش لە ماڵەکە تۆمار دەکرێن.
زۆرینەی منداڵانی نێو ئەم ماڵە قوربانی جیابوونەوەی دایک و باوک و خێزانی لێکهەڵوەشاوەن، یان یەکێک لە دایک و باوکەکە کۆچی دوایی کردووە هیچ بەخێوکەرێکی نەماوە، ئامانجی هیشام لەم پڕۆژەیە تەنها لەخۆگرتن و دابینکردنی ماڵێک بۆ منداڵان نییە، بەڵکو ئەو دەیەوێت کێشەکانیان چارەسەر بکات و یارمەتی دووبارە بنیاتنانەوەی ناخ و دەروونی منداڵەکان بدات و لە ڕێگەی خوێندنەوە داهاتوویان بۆ دابین دەکات.
زەهەبی بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی حکوومەتی عێراقی توانی ماڵێکی نموونەیی تایبەتی بنیات بنات و خزمەی بێ نەوایان بکات.

نازناو و خەڵاتەکانی

ـ خەڵاتی خەونی زێڕین 
ـ لە ساڵی 2018 بە کاریگەرترین کەسایەتییە عێراقییەکان لە نێو گۆمەڵگاکەی خۆی هەڵبژێردراوە.
ـ خەڵاتی دروستکەرانی هیوا بۆ ساڵی 2017 ساڵانە ڕێوڕەسمی ئەم خەڵاتە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
ـ لە ساڵی 2016 نازناوی دایکە تێرێزای عێراقی پێبەخشراوە.
ـ لە ساڵی 2015 نازناوی باوکی نموونەیی پێبەخشراوە.


سەرچاوەکان



247 بینین