ئەسپەنجیر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-20-14:52:00 - کۆدی بابەت: 9096
ئەسپەنجیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسپەنجیر (بە ئینگلیزی: Aspanjir) ڕۆمانێکی کوردییە، لە نووسینی تەیفوور بەتحایی، ساڵی ٢٠١٨ نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەسپەنجیر درێژەی ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوەیە. چەشنی ڕۆمانەکە ڕیالیزمە.

ناوەڕۆک

ژیان منداڵی ژنێکی لایەنگری شۆڕش و پێشمەرگەیەکە، کە دوور لە دایک و باوکی و لەگەڵ ژنێک بەناوی ئامە، لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سنە، لە دوای شەڕی نێوان پێشمەرگە و حکوومەت و گرتنەوەی شار و لادێیەکان لەلایەن ڕژێمەوە، گەورە دەبێت. ئەسپەنجیر بەسەرهاتی هەموو تەمەنی ژیانە.

تایبەتمەندی

زمانی ڕۆمانەکە سادە و ڕەوانە و گرینگییەکی زۆری بە ناوەرۆک و گواستنەوەی واقیع داوە، هەروەها دەربڕینێکی ڕەخنەگرانەی هەیە سەبارەت بە شۆڕش و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵ دەدات لایەنە شاراوەکان بخاتە بەر دیدە. ڕەوتی ڕۆمانەکە خەتییە؛ بەڵام سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکە بە یەکەوە بەستراوەتەوە، کە ئەوە هێمایەکە لە شارەزایی نووسەر و تیوەگلانی خوێنەر لە دەقەکەدا. ڕۆمانەکە لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە (واتە ژیان خۆی) دەگێڕدرێتەوە، هەڵبەت لە هەندێک شوێنیشدا کەڵک لە مۆنۆلۆگ وەرگیراوە. دەقی ڕۆمانەکە سۆرانییە بەڵام گفتۆگۆی نێوان کەسایەتییەکانی سەر بە ناوچەی سنە، ئەردەڵانییە.

کەسایەتییەکان

  • ژیان
  • ئامە
  • حەمە شوان
  • ئاسیە مامان
  • مامە جەمیل
  • ئاباجی
  • دڵنیا
  • سەیران
  • کەماڵ
  • باجی پیرۆزە
  • کاڵامرا
  • سیروان
  • عەلی
  • سمایل
  • نەجمە
  • سەفورا
  • هەڵاڵە
  • سیامەند - سیامەک
  • فایق

وەرگێڕان

  • تەیفوور بەتحایی ڕۆمانەکەی لەژێر ناوی «اسپنجیر» وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوی کردووەتەوە.
  • ژیلا فەرەجی ژیان بەدەم زریانەوە و ئەسپەنجیری، بەناوی «زندگی در باد» وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن چاپەمەنیی ناوەندی فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە.

نموونەیەک لە دەقەکان

ژیان گیان خەفەت نەخۆی ڕۆڵە! ڕۆژێک ئەوینی سەر ئەو کێفگەلە پڕ ئەوێ لە پێشمەرگە، باوکیچت ها لە تەکیانا. ئەو ڕۆژە دایکیچت ئازاد ئەوێ. تۆیش ئەویتە کوڕەخاسەی زەمان خوەت. زینگی سەردیشی هەس و گەرمیشی هەس. بە بۆنەی گەرماکەوە، سەرماکە تاقەت بێرا..


سەرچاوەکان



314 بینین