دکتۆر سترەینج

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-25-19:46:00 - کۆدی بابەت: 9161
دکتۆر سترەینج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دکتۆر سترەینج (بە عەرەبی: دکتور سترینج، بە ئینگلیزی: Doctor strange)، کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی سترەینج لەلایەن ستیڤ دیتکۆ و ستانڵییەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣ لە کۆمیکی Strange tales #110. دکتۆر سترەینج وەکوو جادووگەری باڵا خزمەتی کردووە، پارێزەری سەرەکی زەویە لە هەڕەشە جادوویی و نادیارەکان.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

ستیڤن ڤنسنت سترەینج لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٠ لە فیڵەدێڵفیا لەدایکبووە، دایکی ناوی بێڤەرڵی و باوکی ئیوجین سترەینجە. دوو ساڵ دوای ئەوەش خوشکەکەی بەناوی دۆنا لە دایکبوو. کارل مۆردۆ کە خوێندکارێکی جادوو و کەسێکی کینە لە دڵ بوو، بەوەی زانی کە سترەینج دەبێتە جادووگەری باڵای داهاتوو، بۆیە لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە بە ئەهریمەن چواردەوردەری سترەینجی دابوو تا تەمەنی هەرزەکاری، چونکە ئیرەیی بەوە دەبرد کە سترەینج لەو باشتر دەبێت. لەکۆتاییدا سترەینج لەلایەن مامۆستاکەی مۆردۆوە ڕزگارکرا کە ناوی کەسە دێرینەکە (ئەینشنت وەن)ـە. لە تەمەنی ١١ ساڵیدا سترەینج بریندارییەکی دۆنای خوشکی چارە دەکات و بەمەش حەز لە بواری پزیشکی دەکات. لە دوای ئەوەی خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکات یەکسەر دەچێتە کۆلێجی نیویۆرک وەکوو خوێندکاری پێش قۆناغی پزیشکی دەست بە خوێندن دەکات. لە یادی لەدایکبوونی ١٩ ساڵیدا لە گەشتێکدا لەگەڵ خوشکەکەیدا مەلەیان دەکرد، خوشکەکەی دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە و دەخنکێت و سترەینج ناتوانێت ڕزگاری بکات، ئەم ئەزموونەش هەستێکی شکستی تاکەکەسی و تایبەتی دەداتێ. ستیڤن لە دەورووبەری تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بوو بە کەسێکی دەوڵەمەند، کەسایەتییەکی ناسراو و نەشتەرکار و پسپۆڕی دەمار. لە دەورووبەری ساڵی ١٩٦٣ سترەینج تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بوو، نەشتەرکاری بۆ سترەینج کرا و سەرەڕای ئەوەی ژیانی ڕزگارکرا، بەڵام دەمارەکانی دەستی زیانێکی زۆریان پێگەیشتبوو. دکتۆر سترەینج ژیانی پیشەیی وەکوو پزیشکێک کۆتایی پێ هاتبوو و زۆریش لە خۆبایی بوو کە هیچ پۆستێکی کارگێڕی و یاریدەدەریی وەرنەدەگرت. دەستی کرد بە خەرجکردنی سامانەکەی بۆ گەڕاندنەوەی دەستی بۆ باری پێشووی، لەهەر کوێیەک بیان وتایە ئەمە چارەسەرت دەکات، ڕاستەوخۆ دەچوو بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی دەرئەنجامەکەی چۆن دەبێت. ئەو پزیشکە نەشتەرکارە دەوڵەمەندەی جاران بوو بە کەسێکی تێکشکاو و چەندین نەشتەرگەری نهێنی و گوماناوی ئەنجامدەدا بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە و پارەی قەرزی باڕەکانی بداتەوە کە خەریک بوو کەڵەکە دەبوون. پاش ئەوەی بیستی کەسێک هەیە بە ناوی ئەینشنت وەن و کەسێکی ڕۆحانییە، سترەینج هەموو ئەوەی هەیبوو خستییە ڕەهنەوە بۆ کڕینی بلیتێک بۆ ڕۆژهەڵات. سترەینج شوێنەکەی دۆزییەوە کە کەمەرتاج (قەمەرتاج) بوو لە تبت، بەڵام ئەینشنت وەن ڕەتیکردەوە کە چارەسەری بکات، لەجیاتی ئەوە پێشنیاری کرد فێری بنەما و بواری ڕۆحیانەتی بکات، ستیڤن ڕەتی کردەوە و ویستی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، بەڵام بەهۆی زریانێکی لەناکاوەوە گەشتەکەی دواکەوت. لەکاتی مانەوەکەیدا گەواهیدەری ئەوە بوو کە مۆردۆ بە نهێنی و بە ئێسکەپەیکەری بانگکراوی ڕۆحانی هێرشی دەکردە سەر مامۆستاکەی، کە مامۆستاکەی بە ئاسانی لەناوی بردن. سترەینج ڕووبەڕووی مۆردۆ بووەوە بەڵام مۆردۆ بە جادوو سترەینجی ئاگادارکردەوە لە ئاگادارکردنەوەی ئەینشنت وەن و هێرشکردنە سەر مۆردۆ. سترەینج سەرسام بوو بە جادووەکان و بیروڕای گۆڕا و گەیشتە ئەو بیرکردنەوەیەی کە تەنها بە فێربوونی جادوو دەتوانێت ڕووبەڕووی مۆردۆ ببێتەوە و بیبەزێنێت. سترەینج بە پێشنیارەکەی ئەینشنت وەن ڕازی بوو. ئەینشنت وەن دڵخۆشبوو بە ڕازیبوونی سترەینج لەبەر هۆکارە خۆنەویستەکانی و پێشی وت ئاگاداری کارەکانی مۆردۆیە بەڵام پێی باشترە لە نزیک خۆی بیهڵێتەوە بۆ ئەوەی جڵەوی بکات و بەو هیوایەی بتوانێت بیگۆڕێت. سترەینج بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەژێر سەرپەرشتی ئەینشنت وەندا بوو، فێری ئەوە بوو چۆن دەستبەسەر هێزە ڕۆحانییەکانی ناخی خۆی و چواردەوریدا بگرێت و لە ساڵی ١٩٧٠ گەڕایەوە بۆ ئەمریکا و بوو بە ڕاوێژکاری ڕۆحانی لە سانکتەم سانکتۆرەم لە نیویۆرک، لەگەڵ وۆنگدا کە بوو بە هاوڕێ و خزمەتکاری سترەینج.

کەسایەتی

ستیڤن سترەینج کەسێکی خودپەرست و لەخۆبایی بوو، بەهۆی ئەمەوە تەنها چارەسەری ئەو نەخۆشانەی دەکرد کە پێی وابوو سوودی پێ دەگەیەنن. کارەکەی بە حەزی بۆ جڵەوکردنی مردن و کات دەڕۆیشت بەڕێوە، ئەو کەسانەی کە هەلی ڕزگاربوونیان کەم بوو ڕەتی دەکردەوە چارەسەریان بکات، هەروەها گرنگیشی بە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانە دەدا کە هەلی ڕزگاربوونیان هەبوو. بەڵام لەدوای ڕووداوی هاتووچۆکە و تێکشکانی، زەحمەتی و ناخۆشی زۆر دەبینێت و ئەو کەسە خودپەرستە کەللەڕەقە بە تەواوی دەگۆڕێت. بەتایبەت لەماوەی ڕاهێنانەکانی لەژێر دەستی ئەینشنت وەن و خوێندنی هونەرە ڕۆحانییەکان گەیشتە ئەو باوەڕەی دەبێت یاسا سروشتییەکان بەو شێوەیەی هەن قبوڵ بکات و  بە کەسێکی سادە. سەرەڕای ئەمانەش کەسێکە ویستێکی بەرزی زانخوازی هەیە و حەزی لە شکاندنی یاساکانە و لە کەمەرتاجدا بەوە ناسراوە. هەرچەندە کەسێکی خۆپەرستە بەڵام کەسێکی مێشک کراوەیە و نیازی باشە. بەهۆی زیرەکییەکەیەوە دەتوانێت چارەسەری نوێ و ناباو بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بە هاوڕێ و نزیکەکانی بێزار دەبێت بەڵام زۆر بەلایەوە گرنگن و ئاگای لێیان دەبێت، هەروەها حەزی لە گاڵتە و قسەی گاڵتەجاڕانەیە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی دکتۆر سترەینج

دۆست و هاورێکانی

کاپتن ئەمریکا

• دێردێڤڵ

ئایرنمان

• پێگی کارتەر

سپایدەرمان

• ئەینشنت وەن

• سکارلێت ویچ

• هەڵک

• وۆنگ

• ئواتوو

دوژمنەکانی

• دۆرممو

• بێرن کارڵ مۆردۆ

• ستێنا

• نایتمێر

• مفستۆ

• نەیمڵس وەن

• دکتۆر دووم

• ئیمپیرەیتەر

تواناکانی دکتۆر سترەینج

دکتۆر سترەینج وەکوو جادووگەرێک خاوەنی چەندین توانایە، گرنگترینیان بریتییە لە:

• بەهۆی سەرکەوتنی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ دێثدا، ماوەی ژیانی درێژکراوەتەوە. هەرچەندە هێشتا دەکرێت لەڕووی جەستییەوە بریندار بکرێت بەڵام تووشی هیچ نەخۆشییەک نابێت و پیر نابێت، سەرەڕای ئەوەش هێشتا وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی پێویستی بە خواردن، ئۆکسجین، ئاو و خەوتن هەیە

• دەتوانێت بەو وزەیەی دەریدەپەڕێنێت مانگ و هەسارەکان لەناو ببات

• سترەینج دەتوانێت شێوە ئەستێرەییەکەی لە جەستەی بباتە دەرەوە، لەم شێوەیەیدا پێویستی بە خواردن، خواردنەوە، خەوتن و هەناسەدان نییە و یاساکانی فیزیا نایگرێتەوە

• دکتۆر سترەینج دەتوانێت لەسەر ئاستی گەردیلەیی تەنێک بگۆڕێت بۆ تەنێکی تر بە بەکارهێنانی جادووەکانی

• توانای پەیوەندیکردنی تەلەپاثی و خوێندنەوەی مێشکی هەیە

• بە توانا مێشکییەکانی دەتوانێت دەستکاری ژینگەکەی چواردەوری بکات و کەسەکان بگوازێتەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەبێ ئەوەی دەستی بەریان بکەوێت

• دەتوانێت بفڕێت

• دکتۆر سترەینج  توانای دروستکردنی وەهم و ئەزموونکردنی ئەو شتانەی هەیە کە ڕاستەقینە نین

• لە توانایدا هەیە ببێت بە کەسێکی نادیار و نەبینرێت

• توانای یاریکردنی بە کات هەیە، دەتوانێت کات بوەستێنیت، خاوی بکاتەوە و گەشت بکات بە کاتدا

• بەبەکارهێنانی جادووەکەی دەتوانێت خۆی و کەسانی تریش بە تەلەپۆرت (ڕۆشتن بەناو شوێندا) بگوازێتەوە

• توانای گەشتکردنی بە ڕەهەندە جیاوازەکاندا هەیە

• نەشتەرکارێکی شارەزایە و دەتوانێت وەکوو ڕاوێژکاری نەشتەرکار کاربکات

• شارەزایی لە جیهانی جادوو و مێتافیزیکدا هەیە

• تاکتیکزانێکی لێهاتووە

• شارەزایی لە هونەری شەڕکردندا هەیە

خاڵە لاوازەکانی

• توانا جادووییەکانی لاوازترن بەبەراورد بەو دوژمنانەی کە پشتیان بە بنەما زانستیەکان بەستووە

• لەکاتی بەستنەوەی دەم و دەستیدا ناتوانێت جادوو نمایش بکات

• سەرەڕای هەموو ڕاهێنانە جادوویی و ڕۆحانییەکانی بەڵام هێشتا هەر مرۆڤە و دەبێت باش پارێزگاری لەخۆی بکات لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا

• لەکاتی دەرچوونی شێوەی ئەستێرەییەکەی دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بگەڕێتەوە ناو جەستە فیزیکییەکەی

• جادوو دەبێتە هۆی گۆڕینی جەستەی، لەماوەی دەستپێکی ڕاهێنانە جادووییەکانی سترەینج بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر یەک بەبەردەوامی دەڕشایەوە و جەستەی بەشێوەیەک گۆڕاوە کە گەدەی ناتوانێت خواردنی ئاسایی مرۆڤ هەرس بکات

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی دکتۆر سترەینج تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا و لەلایەن بێنەدیکت کەمبەرباچەوە ڕۆڵەکە دەگێڕدرێت.

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

١.فیلمی  Doctor strange 2016

٢.فیلمی Thor: ragnarok 2017

٣.فیلمی Avengers: infinity war 2018

٤.فیلمی Avengers: endgame 2019

٥.فیلمی Spiderman: no way home 2021

٦.فیلمی Doctor strange in the multiverse of madness 2022

٧.زنجیرەی What if...? 2021


سەرچاوەکان



447 بینین