ئاژەڵی قوربانی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-04-18:58:00 - کۆدی بابەت: 9278
ئاژەڵی قوربانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو هەیە کە پێویستە لە بزن یاخود مەڕێکدا هەبێت پێش ئەوەی بکرێتە قوربانی، بەگشتی ئەوەیە کە تەمەنێکی دیاریکراوی تێپەڕاندبێت و باشترە زۆر تەمەنی نەکردبێت، بەڵام هەرچەند قەڵەو بێت و گۆشتی زیاتر و خاوێنتربێت گونجاوترە.

گرنگترین مەرجەکان

  • خاوەنی قوربانییەکە یەک کەس بێت: بە گوێرەی ڕای مامۆستا ئاینییەکان قوربانیدان بە مەڕ یاخود بزن خاوەندارییەتییەکەی تەنها بۆ یەک کەسە و ناکرێت هاوبەشی پێبکرێت لەگەڵ کەسێک و دووانی تردا، بە بۆچوونی ڕێبازی حەنەفیش دەکرێت قوربانیدانەکە بۆ ماڵێک بێت بە هەموو ئەندامەکانی ماڵەکەوە ئەگەر ژمارەشیان هەرچەندێکبێت، بەڵام بۆ دوو ماڵ و زیاتر نابێت.
  • ئەو کەسەی قوربانییەکە دەکات خاوەنی ئاژەڵەکە بێت: مەرجە کە قوربانیدان بە ئاژەڵێک بکرێت کە هی کەسەکە خۆی بێت، ئەگەر هی کەسێکی تریش بێت ڕەزامەندی هەبێت بۆ قوربانیپێدانی، چونکە ناکرێت بە شێوازی تر قوربانی بە گیانەوەرەکەوە بدرێت، وەک ئەوەیە کە بە زەبر و زۆر یاخود بە توڕەییەوە کرابێت، ئەمانەش هەموویان لادانن لە گوێڕایەڵی و بەم شێوەیەش ڕەزامەندی بەدەست نایەت، ئەگەر کەسێکیش سەرپەرشتی منداڵی هەتیو بکات ئەوا دەتوانێت لە پارەی منداڵەکان قوربانیان بۆ بکات، هەتا دەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵی.
  • لە کاتی دروستدا قوربانییەکە بدرێت: کاتی ئەنجامدانی قوربانی لە دوای نوێژی بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات و هەتاکوو خۆرئاوابوونی ڕۆژی چوارەم بەردەوام دەبێت، واتە هەتاکوو ئەو ڕۆژەی کە حاجییەکان بەرد دەهاوێژنە شەیتان لە مەککەی پیرۆز، ئەگەر کاتەکە پێشبخرێت یاخود بە پێچەوانەوە دوابخرێت ئەوا دروستنییە، چونکە پێغەمبەر  ﷺ دەفەرمووێت: (ومَن ذَبَحَ قَبْلُ، فإنَّما هو لَحْمٌ قَدَّمَهُ لأهْلِهِ، ليسَ مِنَ النُّسُكِ في شيءٍ)، واتە: واتە ئەو کەسەی پێشوەخت قوربانی بکات تەنها گۆشتێکە و دەیدات بە خێزانەکەی، هیچ خێرێکی قوربانیدانی پێناگات.
  • کەموکورتی نەبێت: یەکێکیتر لە مەرجەکانی قوربانی ئەوەیە کەموکوڕییەکی تێدانەبێت کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، چونکە بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهاکەی و خراپبوونی گۆشتەکەی، هەر هۆکارێکیش ببێتە هۆی خراپبوونی گۆشتەکەی و زیانی پێبگات ئەوا قوربانییەکە وەرگیراو نابێت، کەموکورتییەکانیش یان ئەوەتا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە دەقە شەرعییەکاندا ئاماژەی پێدراوە، یاخود پەیوەستن و پاشکۆن بۆ ئەو کەموکورتییانەوە کە باسکراون.

کەموکورتییەکان

لە دوو بەشی سەرەکیدا دەبینرێنەوە، بەم شێوەیە:

  • ئەو کەموکورتییانەی کە بە کۆدەنگی قوربانییەکە قەدەغە کراوە: مامۆستا ئاینییەکان ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی کە چوار کەموکورتی ئەگەر لە قوربانییەکدا هەبێت ئەوا وەرگیراو نییە، چوار خاڵەکەش لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر  ﷺ ڕوونکراوەتەوە، بەم شێوەیە (أربعٌ لا تجوزُ في الأَضاحيِّ: العَوْراءُ بيِّنٌ عَوَرُها، والمريضةُ بيِّنٌ مرَضُها، والعَرْجاءُ بيِّنٌ ظَلْعُها، والكَسيرُ التي لا تُنْقي)، ڕوونکردنەوەی فەرموودەکە ئەوە لە خۆ دەگرێت کە قوربانی نابێت نابینابێت یاخود نەخۆشبێت هەروەها ناکرێت شەل بێت یاخود شکاوی هەبێت.

 ئەگەر ئاژەڵەکە بەتەواوەتی بینایی نەبێت یاخود کز و لاواز بێت جیاوازن لە یەکتری، کاتێک کە بینایی لاوازە ئەوا بە ڕووکەش دەرناکەوێت و قوربانیکردنی ڕێگەپێدراوە، بەڵام کاتێک بە تەواوەتی نابینا (کوێر) بێت ئەوا هەبوونی کەمئەندامی لە جەستەیدا ئاشکرایە و کردنی بە قوربانی ڕێگەپێدراو نییە.

ئاژەڵی نەخۆش و ناساغ ڕێگەپێدراو نییە، ئەگەر لە ڕووی دەرەوەبێت نەخۆشییەکە بە چاو دەبینرێت و ڕەتدەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە بەشی ناوەوە نەخۆشبێت ئەوا تەنها کەسی شارەزا پێیدەزانێت، ئەگەر نەخۆشییەکەی زۆر قورس و کاریگەر بێت ئەوا ڕێگەپێدراو نییە بەڵام ئەگەر دۆخێکی سادە بێت ئاساییە، نەخۆشییەکەی هەمیشەیی بێت ناگونجێت بۆ قوربانی، بەڵام ئەگەر کاتی بێت دەبێت بەمەرجێک چاوەڕێ بکرێت هەتاکوو چاکدەبێتەوە پاشان بکرێت بە قوربانی.

شەلی ئاژەڵەکە ئەگەر سووک و کەمبێت و تەنها دوای تێبینی کردنی ورد هەستی پێبکرێت ئەوا ئاساییە و بۆ کردنی بە قوربانی دەشێت، بەڵام ئەگەر زۆر ڕوون و ئاشکرا بێت و لە دوای شکانەوە تووشی شەلی بووبێت ئەوا گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی کە شەلن لەکاتی لەوەڕیندا فریای ڕەوەکەیان ناکەون و بڕی پێویست خۆراک ناخۆن، لە ئەنجامدا ماددە پێویستەکانی جەستەیان کەم دەبێتەوە، واتە کاریگەری دەبێت لەسەر گۆشتەکەی.

  • ئەو کەموکورتییانەی کە بە کۆدەنگی ڕەتنەکراونەتەوە: ئەو بارانە دەگرێتەوە کە هەندێک لە مامۆستا ئاینییەکان دەڵین قوربانییەکە دروستە بەڵام هەندێکی تریان بە گونجاوی نازانن، بەم شێوەیە:

لەدەستدانی دوو ددانی پێشەوە کاریگەری دەبێت لەسەر خواردنی و لە ئەنجامدا گۆشتەکەی، بەڵام مەرج نییە ببێتە کەمئەندام و نەگونجاو، باشترین چارە ئەوەیە کە ئەگەر کەسەکە ناچارنەبێت لەم جۆرە ئاژەڵە نەکات بە قوربانی. ئاژەڵێک کە شیر بەرهەم نەهێنێت دەکرێت وەک کەم ئەندام دابنرێت، کەمئەندامیش ڕێگەپێدراو نییە.

ئەوانەی کە شاخەکەیان لەدەستدابێت بە هۆکاری جیاواز لە دوای لەدایکبوونیان ئەوا بە گوێرەی ڕای زۆرینە گونجاو نییە و بۆ قوربانیکردن نابێت. بەڵام ئاژەڵێک کە هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە شاخی نەبێت یاخود کەڕ بێت و گوێچکەی نەبێت، دروستە کە بکرێتە قوربانی. ئەگەر گیانەوەرێک هەبێت و کلکی بڕابێت، بە گوێرەی ڕای زۆرینەی ڕێبازەکان ڕێگەپێدراو نییە کە بکرێتە قوربانی، بەڵام بە گوێرەی بۆچوونی ڕێبازی حەنبەلی دروستە.  

  • لە تەمەنی گونجاودا بێت: هەردوو بزن و مەڕەکان دەکرێت بکرێنە قوربانی بەڵام دوای ئەوەی تەمەنێکی دیاریکراو تێدەپەڕێنن، بەم جۆرەیە کە بە بێچووی مەڕ دوای شەش مانگ دەوترێت کاوڕ و بە خوری داپۆشراوە بەڵام بە بێچووی بزن دوای یەک ساڵ دەوترێت گێسک و بە موو داپۆشراو، هەردووکیان لە ئەم تەمەنەنانەدا ڕێگەپێدراون.

بۆچوونی ڕێبازەکانی ئیسلام

بە گوێرەی ڕێبازەکانی ئیسلامییش بۆچوونەکان جیاوازیی تێدایە و بەم شێوەیە قسەکانیان کورتدەکرێتەوە:

  • ڕێبازی حەنەفی: باوەڕیان وایە کە تەمەنی گونجاو بۆ بزن تەواوکردنی ساڵێکی تەواوی تەمەنییەتی و لە ڕۆژەکانی ساڵی دووەمیدا بێت، بۆ مەڕەکانیش پێویستە شەش مانگی تەمەنی کۆتایی هاتبێت و لە مانگی حەوتەمیدا بێت.
  • ڕێبازی مالیکی: بە باوەڕی ئەمان تەمەنی گونجاو بۆ بزنەکان تەواو کردنی ساڵی یەکەمیەتی بە گوێرەی مانگە خۆرییەکان، هەروەها ڕۆشتبێتە ڕۆژەکانی ساڵی دووەمییەوە بە ڕوونی و تەواوەتی، مەڕەکانیش بە هەمان شێوە ساڵێکیان تەواوکردبێت و لە ساڵی دووەمدا بن.
  • ڕێبازی شافیعی: شوێنکەوتوانی ئەم ڕێبازە دەڵێن تەمەنی گونجاو بۆ بزن تەواوکردنی دوو ساڵر و لە کاتی کردنی بە قوربانی لە ساڵی سێیەمیدا بێت، بۆ مەڕیش تەواوکردنی ساڵێکی تەمەنی دروستە و لە ڕۆژەکانی ساڵی دووەمیدا بێت.
  • ڕێبازی حەنبەلی: بۆچوونی ئەمان هاوشێوەی بۆچوونی ڕێبازی حەنەفییە، تەمەنی گونجاو بۆ بزن تەواوکردنی ساڵێکە و بۆ مەڕیش تەواوکردنی شەش مانگە.


سەرچاوەکان



649 بینین