خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-07-16:59:00 - کۆدی بابەت: 9313
خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەماوەی دووگیانیدا خانمان باشترین هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان و کۆرپەکەیان بە تەندروستییەکی باشەوە ئەو ماوەیە تێ بپەڕێنن، خۆراک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک خواردن سوودێکی باش و کۆمەڵێکی تریش زیانیان هەیە بۆ دایک و کۆرپەکە، شەکر یەکێکە لەو خواردنانەی کە هەمیشە دەوترێت پێویستە تاکوو دەتوانین خۆمانی لێ بەدووربگرین.

خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا 

خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: Eating Sugar during pregnancy) باش نییە بەتایبەت بۆ خانمێک کە شەکرەی کاتی دووگیانی هەبێت. خانمانی دووگیان تاکوو دەتوانن دووربکەونەوە لە خواردنی شەکری سپی و ئەو خۆراکانەشی کە شەکری زۆریان تێدایە وەک، ئاومیوەکانی بازاڕ، خواردنەوە گازییەکان، شیرینی، برنج، نان ئەمانە دەتوانن بەخێرایی ڕێژەی شەکری ناو خوێن زیاد بکەن.

بڕی خواردنی شەکر

هیچ پێوەرێکی ورد بوونی نییە کە باس لەوە بکات دەبێت ڕۆژانە چەند شەکر بخورێت، لەڕاستیدا خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا بەندە بە زیندەچالاکی جەستە، تەمەن، کێش، ڕێژەی شەکری ناو خوێن، بەڵام بەگشتی واباشە کە ڕۆژانە زیاتر لە ٢٥ گرام شەکر نەخورێت.

کاریگەریی شەکر لەسەر خانمانی دووگیان

  • خواردنی شەکر لەماوەی دووگیانیدا کاریگەری خراپ دەخاتە سەر جەستەی دایکەکە. لە هەر ١٠٠ ژنێکی دووگیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حەوتیان تووشی شەکرەی کاتی دووگیانی دەبن. کە ئەم شەکرەیە بەزۆری دوای منداڵبوون نامێنێت، بەڵام مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم لەسەر دایک و منداڵەکە زیاد دەکات لە داهاتوودا.
  • لەماوەی دووگیانیدا ددانەکان تووشی داخوران دەبن و ئازاریان دەبێت، کاتێک دایکێک بڕێکی زۆر لە شەکر دەخوات لەم ماوەیەدا ئازار و داخورانی ددانەکان تێیدا زیاتر دەکات.
  • هەروەها ئەگەری منداڵبوونی پێش وەختە و منداڵبوون بە نەشتەرکاری لەو دایکانەدا زیاترە کە بڕێکی زۆر شەکر دەخۆن.

کاریگەریی شەکر لەسەر کۆرپەکە

زۆر خواردنی شەکر و شیرینی کاریگەری خراپی هەیە لەسەر کۆرپەکە لە مانگەکانی سەرەتایدا، کە مانگی دروستبوونی جەستەیەتی. هەروەها زۆر خواردنی شیرینی و شەکر لە ڕێگەی وێڵاشەوە دەچێت بۆ کۆرپەکە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری کۆرپەکەش. ئەمەش وادەکات کە بڕی دروستبوونی ئەنسۆلین لە جەستەی منداڵەکەدا زیاد بکات، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت، گەشەکردنی زیاد لە پێویستی کۆرپەکە (Macrosomia).


سەرچاوەکان



1930 بینین