پۆلیفینۆڵ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-07-22:46:00 - کۆدی بابەت: 9321
پۆلیفینۆڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فرەفینۆڵەکان، پۆلیفینۆڵەکان یان ئاوێتە فینۆڵییەکان (بە ئینگلیزی: Polyphenols or Phenolic compounds) کۆمەڵەیەکی گەورەی ئاوێتە ئەندامییە سروشتییەکانن کە زیندەگۆڕاو یان بەرهەمی دووەمیی کردەی مێتابۆلیزمی ڕووەک و وردەزیندەوەر و گیانەوەرەکانن، هاوشێوەی ئەلکالۆید، تێرپینۆید و ئاوێتە ئەندامییەکانی تر کە لە سروشتدا بوونیان هەیە.

پۆلیفینۆڵەکان بەژمارەیەکی زۆر لە ڕووەکەکاندا بوونیان هەیە و پێکهاتەی هەمەجۆریان هەیە. نموونەی پۆلیفینۆڵەکان بریتین لە فلاڤۆنۆیدەکان، ترشی تانیک و چەندانی تر کە زۆرێکیان بەدرێژایی مێژوو وەک بۆیە بەکارهاتوون. هەروەها زۆرترین ژمارەی پۆلیفینۆڵەکان بریتین لە تانینەکان کە بە نزیکەیی لە زۆربەی خێزانی ڕووەکەکاندا بوونیان هەیە.

زیاتر لە ٨٠٠٠ جۆری پۆلیفنۆڵ دیاریکراون و جیاکراونەتەوە کە زۆربەیان تایبەتمەندیی دژەئۆکسانیان هەیە و سوودێکی زۆری تەندروستییان هەیە و توێژینەوەکان لەبواری فاڕماکۆگنۆسی بۆ پەرەپێدانی دەرمانی نوێ و کاریگەر لە ئاوێتە فینۆڵییە سروشتییەکانەوە بەردەوامن.

پێکهاتە و تایبەتمەندیی کیمیایی

فرەفینۆڵەکان بە هەبوونی چەند ئاوێتەیەکی فینۆڵ لە پکهاتەکەیاندا جیادەکرێنەوە، فینۆڵ کە پێشی دەوترێت ترشی کاربۆلیک بریتییە لە ئاوێتەیەکی ئەندامیی بۆندار کە شێوگی گەردییەکەی بریتییە لە C6H5OH.

بەشێوەیەکی گشتی ئاوێتەکانی فرەفینۆڵ بەڕێژەیەکی مامناوەند لە ئاودا دەتوێنەوە و بارستە گەردییەکەیان لەنێوان ٥٠٠ تا ٤٠٠٠ داڵتۆندایە کە ئەمەش وا دەکات بتوانن بەشێویەکی خێرا بەنێو پەردەی خانەدا بڵاوببنەوە، واتا توانایان هەیە بگەنە شوێنی مەبەستی نێو خانە، یانیش وەکوو بۆیە لەنێو پەردەکەدا بمێننەوە.

فەرمان

فەرمانی پۆلیفینۆڵەکان لە ڕووەکدا هەمەجۆرن و بەتەواوی دیارینەکراون، بەڵام وا پێشبینی دەکرێت ئەم ڕۆڵانەیان هەبێت لە ڕووەکدا:

  • دەردان و وەستاندنی هۆڕمۆنەکانی گەشە وەکوو ئۆکزین (Auxin).
  • ڕووەک لە تیشکی سەرووبنەوشەییی خۆر دەپارێزن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تیشکدانی ئایۆنی بکەن و ڕەنگی ڕووەکیش دابین بکەن.
  • ڕێگری لە گیاخۆرەکان دەکەن.
  • ڕووەک لە تووشبوون بە میکرۆب دەپارێزن.

پۆلێنکردن

فرەفینۆڵەکان جۆریان زۆرە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەسەر چوار پۆلی سەرەکیدا دابەش دەبن، کە بریتین لە:

فلاڤۆنۆیدەکان (Flavonoids): ئەم پۆلەیان نزیکەی ٪٦٠ـی جۆرەکانی پۆلیفینۆڵ دەگرێتەوە و بەسەر چەند پۆلێکی تردا دابەش دەبن. نموونە دیارەکانی فلاڤۆنۆیدەکان کە لە خواردنەکانی مرۆڤدا هەن بریتین لە:

کاتێکین لە چا و میوە

سیانیدین لە میوە ڕەنگ سوورەکان و تووەکان

کوێرسیتین لە پیاز، سێو و چا

ئەنتۆسیانینەکان لە کاکاو، چوکلێتی تێر و سێو

ترشە فینۆڵیکەکان (Phenolic acids): ئەم  پۆلەیان نزیکەی ٪٣٠ـی جۆرەکانی پۆلیفینۆڵ دەگرێتەوە، نموونە دیارەکانی بریتین لە ستڵبینەکان و لیگنانەکان کە لە دانەوێڵە، سەوزە و میوەدا هەن.

ئەمایدەکانی پۆلیفینۆڵ (Polyphenolic amides): ئەمانە پێکهاتوون لە کاپسەسینۆیدەکان کە لە بیبەری تیژدا هەن لەگەڵ پۆلیفینۆڵەکانی ئۆڤینانترەماید کە لە شۆفاندا بوونیان هەیە.

جۆرەکانی تر: ئەمانە پێکهاتوون لە پۆلیفینۆڵی ڕیسڤێراتڕۆڵ کە لە مەی یان شەرابی سووردا هەیە، ترشی ئیڵاگیک کە لە تووەکاندا هەیە، لەگەڵ کەرکومین کە لە زەردەچەوەدا هەیە.

شێوازی جیاکردنەوە

پۆلیفۆنەڵەکان بەزۆر شێواز لە پێکهاتەکانی تری ڕووەکەکەیان جیادەکرێنەوە، باوترینیان بریتین لەشێوازی پووختەکردن یان لێدەرهێنان (Extraction method) لەگەڵ شێوازی تۆماری پووختیی ڕەنگ یان کرماتۆگرافی (Chromatography).

بەکارهێنان و کاریگەریی تەندروستی

توێژینەوەکانی بواری فارماکۆگنۆسی و کیمیای زیندەی لەسەر ئەم بەرهەمە سروشتییانە کراون و سوودەکانیان دەرکەوتووە، هەروەها توێژینەوەکان بەردەوامن لەسەر پەرەپێدانی ئەم ئاوێتانە و بەکارهێنانیان، لە ئێستاشدا تەواوکەری خۆراکیی پۆلیفینۆڵەکان بەردەستن.

بەگوێرەی توێژینەکان پۆلیفینۆڵەکان تایبەتمەندیی دژەئۆکسانیان هەیە و سوودی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنن، تا ئێستا چەند توێژینەوەیەک لەسەر هەندێک جۆری تایبەتی پۆلیفینۆڵ دەریان خستووە کە سوودیان بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە هەیە، پارێزگاری لە فرمانی مێشک دەکەن، هەرەوەها پارێزگاری لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەکەن.

دەرکەوتووە کە (Bioavilability)ی پۆلیفینۆڵەکان کەمە واتا کاتێک وەردەگیرێن ڕێژەیەکی کەم لە ماددەکە دەگاتە نێو خوێن، هەروەها دەرکردنیان وەکوو زیندەگۆڕاو لەلایەن لەشەوە خێرایە.

هەزاران جۆری پۆلیفینۆڵ هەن کە دەکرێت زۆرێکیان زیانیشیان هەبێت، دەزگای وەرگرتنی خواردن و دەرمانی ئەمریکی (FDA) وەرگرتنی پۆلیفینۆڵەکانی وەک تەواوکەری خۆراکی پەسند نەکردووە و لە ئێستادا باشترین ڕێگە بۆ وەرگرتنی پۆلیفینۆڵە سوودبەخشەکان بریتییە لە پەیڕەوی خۆراکی سروشتیی ڕۆژانە، هەروەها توێژینەوەی زیاتر پێویستن بۆ پشتگیریکردنی بەکارهێنانی پۆلیفینۆڵەکان وەک تەواوکەری خۆراکی.


سەرچاوەکان



415 بینین