سپیکردنەوەی ددان

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-07-23:19:00 - کۆدی بابەت: 9322
سپیکردنەوەی ددان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر سیستم و بەرهەمی سپیکردنەوەی ددان بۆ ماڵەوە بوونیان هەیە، وەکوو هەویری ددانی سپیکەرەوە، جێلەکانی سپیکردنەوە، ستریپ و هەر بەرهەمێکی تری سپیکەرەوە کە لە دکتۆری ددانی وەردەگریت. هەروەها سپیکردنەوەی بەهێز لەلایەن دکتۆرەوە ئەنجام دەدرێت کە زیاتر بە سپیکردنەوە بە لێزەر ناسراوە.

سپیکردنەوەی ددان (بە ئینگلیزی: Teeth whitening) کارێکی بێوێنەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ددانیان دەستکاری نەکراوە واتا پڕنەکراوەتەوە، هەروەها ئەو کەسانەی ڕەنگی ددانیان زەرد بووە زۆر بەباشی کاردانەوەیان دەبێت و سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئەم ڕاییکارییە جوانکارییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە.

سیستمەکانی سپیکردنەوەی ددان

زۆر بەرهەمی سپیکردنەوە هەن کە دەتوانرێت لە ماڵەوە تاقیبکرێنەوە، وەکوو گیراوەی دەمشۆر، جێل، بنێشت، هەویری ددان و ستریپ.

ئەگەر کەسێک بیەوێت ددانەکانی لە ماڵەوە سپی بکاتەوە، وا باشترە سەرەتا ڕاوێژ بە دکتۆری ددان بکات، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم حاڵەتانەی هەبێت:

  • ددانی هەستیار
  • ددانی چاککراو یان پڕکراوە
  • ددانی زۆر ڕەشبوو یانیش هەبوونی تاکە ددانێکی ڕەش

بەرهەمە سپیکەرەکانی ماڵەوە ماددەی پیرۆکسایدیان بە بڕی ٪١٠ بۆ ٪٢٠ تێدایە، بەتایبەتیش کاربامەید پیرۆکساید (Carbamide peroxide). وا باشترە بەرهەمێک هەڵبژێردرێت کە مەودای پیرۆکسایدەکەی مامناوەند بێت، ئەگەریش بەرهەمەکە کاریگەریی نەبوو ئەوا دەتوانرێت مەودایەکی زۆرتر هەڵبژێردرێت بەمەرجێک کە بۆ دەم و ددان هەراسانکەر نەبێت.

هەویری ددانی سپیکەرەوە

هەموو جۆرەکانی هەویری ددان ڕەنگە ڕووکارەکانی ددان لادەدەن، چونکە داخورە یان ڕووشێنەری سووک لە پێکهاتەیاندا هەیە کە ددانەکە دادەخورێنێت. هەندێک لە هەویرەکانی سپیکەرەوەی ددان ماددەی بریقەدار و ماددەی کیمیایییان تێدایە کە کاریگەریی لابردنی ڕەنگی ددانەکە زیاتر دەکات.

هەویری ددانی سپیکەرەوە تەنیا ڕەنگی ڕووکاری ددان لادەبات و سپیکەرەوەی (Bleach) تێدا نییە، بەڵام بەرهەمەکانی سپیکردنەوە ماددەی کاربامەید پیرۆکساید و هایدرۆجین پیرۆکسایدیان تێدایە کە تەنیا لەسەر ڕووکاری ددان ئیش ناکەن بەڵکوو ددانەکە لە قوڵایییەوە سپی دەکەنەوە. هەویری ددانی سپیکەرەوە دەتوانێت یەک پلە ڕەنگی ددان سپی بکاتەوە، بەڵام بەرهەمە سپیکەرەوە ڕەچەتەکراوەکانی تر بە هەشت پلە ڕەنگی ددان سپی دەکەنەوە.

جێل و ستریپ

جێڵەکانی سپیکردنەوە (Whitening gells) ماددەی پیرۆکسایدیان تێدایە کە بە فڵچەیەکی بچووکەوە ڕاستەوخۆ لە ڕووکاری ددان دەدرێن، ئەنجامە سەرەتایییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێک دەردەکەون و تا ماوەی چوار مانگیش کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە.

ستریپەکانی سپیکردنەوە (Whitening strips) زۆر تەنکن و بە جێلێکی بنچینەی پیرۆکساید داپۆشراون، ئەنجامە سەرەتاییەکان لەماوەی چەند ڕۆژێک دەردەکەون و تا ماوەی چوار مانگیش کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە. بەکارهێنانی هەر جۆرە جێل یان ستریپێک بەپێی پێکهاتەکانی ناوی دەگۆڕێت و ڕێنوێنیی بەکارهێنان لەسەر پاکەتەکانیان ئاماژەی پێ دراوە، ئەم بەرهەمانە دەتوانرێت لەلای دکتۆری ددان، دەرمانخانە و بازاڕی سەرهێڵ (Online) بەدەست بخرێن.

گیراوەی دەمشۆر (غەرغەرە)

گیراوەی دەمشۆری سپیکەرەوە (Whitening Rinses) لە نوێترین بەرهەمەکانی سپیکردنەوەی ددانن کە بۆنی هەناسە خۆش دەکەن، پیسیی کۆبووەوە یان کلسی سەر ددان و نەخۆشییەکانی پووک کەم دەکەنەوە، هەروەها پێکهاتەی پیرۆکسایدەکانیشیان تێدایە کە ددان سپی دەکەنەوە. ئەم گیراوانە ڕۆژانە دوو جار بەر لە ددان شوشتن بۆ ماوەی خولەکێک لەدەم وەردەدرێن دواتر فڕێ دەدرێنە دەرەوە، هەروەها نریک ١٢ هەفتە دەخایەنێت بۆ دەرکەوتنی ئەنجامەکان. زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە گیراوەکانی شوشتن بۆ سپیکردنەوەی ددان کاریگەرییەکەیان لە ستریپەکان کەمترە چونکە بۆ ماوەیەکی کەم بەرکەوتنیان لەگەڵ ددانەکاندا دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ستریپەکان کە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەنێو دەمدا دەمێننەوە.

پلێت

سیستمی سپیکردنەوەی ددان بە پلێت پێکهاتووە لە پلێتێک کە لەدەم دەکرێت و گیراوەیەکی ماددەی پیرۆکسایدی تێدایە، ئەم پلێتانە ڕۆژانە ماوەی دوو کاتژمێر لە دەم دەکرێن و تا ماوەی چوار هەفتەش بەکاردێن.

ڕێنوێنیی سەلامەتی

لەکاتی بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی سپیکردنەوەی ددان لە ماڵەوە پێویستە بەپێی ڕێنوێنی سەر بەرهەمەکە بەکاربهێنرێن. هەروەها دوای دەستکەوتنی سپیبوونەوەی خوازراو، نابێت زیاد لە پێویست بەرهەمەکە بەکاربهێنرێت.

لەدوای بەکارهێنانی بەرهەمەکانی سپیکردنەوە، دووربکەوە لە بەکارهێنانی سۆدا، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە ترشەکان تا ماوەی دوو کاتژمێر.

لەکاتی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی سپیکردنەوە، دروستبوونی هەستیاریی ددان و پووک شتێکی ئاسایییە، بەڵام ئەگەر هەستیارییەکە بێزارکەر و بەردەوام بوو، پێویستە بوەستیت لە بەکارهێنانی بەرهەمەکە و سەردانی دکتۆری ددان بکەیت.

سپیکردنەوە لەلای دکتۆر

سپیکردنەوەی ددان لەلایەن دکتۆری ددانەوە خێراترین ڕێگەی سپیکردنەوەیە، کە ماددەی سپیکەرەوە ڕاستەوخۆ لە ددانەکان دەدرێت دواتر گەرمی، لێزەر یانیش تیشکی تایبەتی لێ دەدرێت، سپیکردنەوە بە لێزەر ماوەی کاتژمێرێک دەخایەنێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەم سپیکردنەوانە کار لە ددانی پڕکراوە، تاقمی ددان و ددانی توێژ بۆدانراو (کیف) ناکەن. ئەو ماددانەی بۆ سپیکردنەوە لەلایەن دکتۆری ددانەوە بەکاردێن بڕی هایدرۆجین پێرۆکسایدیان لەنێوان ٪١٥ بۆ ٪٤٥ـە کە زیاتر و کاریگەرترە لەو بەرهەمانەی لە ماڵەوە بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئەنجامدانی ئەم کارە بە سەرپەرشتی دکتۆری ددان وا دەکات کەمتر تووشی هەستیاری و هەراسانی پووک ببیتەوە. هەرچەندە ئەنجامە نایابەکانی ئەم سپیکردنەوەیە لەماوەی ٣٠ بۆ ٦٠ خولەکدا بەدەست دەهێنرێن، بەڵام دەکرێت پێویست بە چەند جارێک دووبارەکردنەوە بکات.

کاریگەریی سپیکردنەوە تا چەند بەردەوام دەبێت؟

سپیکردنەوەی ددان هەمیشەیی نییە، دەکرێت کاریگەرییەکەی لەنێوان چەند مانگێک بۆ سێ ساڵ بەردەوام بێت. ئەو کەسانەی زۆر ئەو خواردن و خواردنەوانە بەکاردەهێنن کە ددان زەرد دەکەن، کاریگەریی سپیکردنەوەکەیان تا مانگێک بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەکی گشتی پلەی سپیبوونەوەکە و ماوەی مانەوەی لەسەر ددان بەپێی ڕادەی زەردبوونی ددان و جۆری سیستمی بەکارهاتوو دەگۆڕێت.

سپیکردنەوەی ددان بۆ کێ گونجاو نییە؟

بەکارهێنانی بەرهەمەکانی سپیکردنەوەی ددان بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ گونجاو نییە و مینای ددانیان لەنێو دەبات، هەروەها بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەریش گونجاو نییە و کاریگەریی نییە.

چەند خاڵێک بۆ هێشتنەوەی ددان بە سپیەتی و بریقەداری

  • دووربکەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی کە ددان ڕەنگ دەکەن، هەر ماددەیەکی ترش یان تانین دەکرێت ڕەنگی ددان ڕەش بکات، هەروەها خواردنەوە وزەبەخشەکان، چا، قاوە، سۆس و خواردنە ڕەنگ تێرەکانیش ڕەنگی ددان تێک دەدەن.
  • لەدوای خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک کە دەکرێت ددانەکان ڕەنگ بکات، ڕاستەوخۆ ددانت بە فڵچە و هەویری ددان بشۆ.
  • هەوڵبدە لەکاتی خواردنەوەی خواردنەوە ڕەنگکەرەکان قامیش بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ددان کەمبکەیتەوە.
  • دووربکەوە لە بەکارهێنانی تووتن. کێشانی جگەرە، سیگار و سەبیل و خواردنی بنێشتی تووتن ڕەنگی ددانەکانت زەرد دەکات.
  • پارێزگاری لە پاکوخاوێنی دەم و ددان بکە، ڕۆژانە دووجار ددانت بە هەویرێکی ئاسایی بشۆ، هەموو ڕۆژێک پەتی ددان پاککردنەوە بەکاربهێنە، هەروەها ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە جارێک گیراوەی ددان شوشتن (غەرغەرە) بەکاربهێنە بۆ ئەوەی ئەو بەکتریایانە لەنێو ببەیت کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی کلسی سەر ددان. 
  • هەفتانە تەنیا جارێک یان دووجار هەویرێکی سپیکەرەوەی ددان بەکاربهێنە، بۆ ئەوەی ئەو ڕەنگەی لەسەر ڕووکاری ددانەکانت دروست بووە لای بدەیت و ڕێگری بکەیت لە زەردبوونی ددانت.
  • خواردنەکانی دەوڵەمەند بە کالسیۆم، وەکوو سێو و پەنیر یارمەتی هێشتنەوەی ددان بە سپیەتی دەدەن.
  • پاککردنەوەی ڕێکوپێک لەلایەن دکتۆری ددان ئەنجام بدە، شوشتی ددانەکانت لەلایەن دکتۆری ددانەوە یارمەتیی لابردنی کلس و ڕەنگی ڕووکاری ددان دەدات.

ئەو شتانەی سوودیان نییە

زۆر ستراتیجیی سروشتی سپیکردنەوەی ددان لە ماڵەوە بەکاردێن بێئاگا لەوەی کە نەک سوودیان نییە بەڵکوو زیان بە ددان دەگەیەنن، ئەمانەش بریتین لە:

  • لیمۆ
  • پرتەقاڵ
  • سرکەی سێو
  • خەڵووزی چالاککراو


سەرچاوەکان



856 بینین