دەگمەنی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-10-15:11:00 - کۆدی بابەت: 9345
دەگمەنی

ناوه‌ڕۆك

دەگمەنی چییە؟

دەگمەنی (بە ئینگلیزی: Scarcity، بە عەرەبی: ندرة) چەمک و کێشەیەکی بنەڕەتی ئابوورییە لە کەلێنی نێوان سەرچاوە سنووردارەکان و خواستە بێسنوورەکانی مرۆڤدا، ئاماژە بە ڕاستی بنەڕەتی ژیان دەکات کە بڕێکی سنووردار لە سەرچاوە مرۆیی و نامرۆییەکان هەیە. 

تێگەیشتن لە دەگمەنی

ئەگەر دەگمەنی بوونی نەبوایە و بڕی بێسنوور لە هەموو کاڵایەک بەرهەم بهێنرایە کە خواستەکانی مرۆڤ تێربکات هیچ کاڵایەکی ئابووری بوونی نەدەبوو. هەروەها دەگمەنی نەبوونی سەرچاوەی تاکەکان لە خۆ دەگرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

هەروەها دەگمەنی کاریگەری لەسەر بەهای دراوی خەڵک هەیە لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و چۆن حکوومەت و دەزگا تایبەتەکان بڕیاری دابەشکردنی سەرچاوەکان دەدەن. لە دەگمەنیدا خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاری لە بڕی خستنەڕوو و هەبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکە زیاترە، لەبەر ئەوە دەگمەنی دەتوانێت ئەو هەڵبژاردنانە سنووردار بکات کە لە بەردەستن بۆ بەکارهێنەران. 

دەگمەنی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بەهای کاڵا و خزمەتگوزارییەکان. بۆ نموونە ئەو شتانەی کە دەگمەنن وەک زێڕ، ئەڵماس یان زانیارییەکی دیاریکراو زۆر بە بەهان بۆ ئەوەی دەگمەنی دروستبکەن لەبەرئەوەی نرخیان بەرزە و کڕیاران پێویستە نرخێکی بەرز بدەن بۆ بەدەستهێنانیان، فرۆشیارانیش دەزانن خەڵکی ئارەزوویان لە کاڵا و خزمەتگوزاری دەگمەنە وەک لەو کاڵا و خزمەتگازاریانەی بەردەستن و ئامادەن بە نرخێکی بەرز بیکڕن. 

دەگمەنی کاڵا و خزمەتگوزاری گرنگە لە ئابووریدا چونکە دەتوانێت کار بکاتە سەر ئەو بڕیارانەی کە بەکارهێنەران دەیدەن و بۆ هەندێک کەس بەبەهایە چونکە ناتوانن ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانە دەستەبەر بکەن. 

کاڵا و خزمەتگوزاری لە هەموو وڵاتێک سنووردارە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دەگمەنی، هەروەها هەر وڵاتێک سەرچاوەی جیاوازیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانەکانیان، ئەم سەرچاوانەش دەکرێت حکوومەت بن یان کرێکار یان کەرتە وەبەرهێنە تایبەتەکان بن یان کەرەستەی خاوی وەک دار یان خەڵوز.

دەگمەنی دەکرێت بە مەبەست دروستبکرێت، بۆ نموونە حکوومەتەکان کۆنتڕۆڵی چاپکردنی پارە دەکەن، بەڵام سەرچاوەکانی دروستکردنی پارە کە لۆکە و کاغەزە بە فراوانی لە جیهاندا بەردەستن بۆیە ئەو کەرەستانەی کە پارەیان پێ دروستدەکرێت دەگمەن نین، ئەگەر حکوومەتەکان پارەیەکی زۆر چاپبکەن دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای پارەکەیان، کاتێک دابینکردنی پارە لە ئابووریدا زۆر بەرزبێت دەبێتە هۆی هەڵاوسان بەمەش کێشە ئابوورییەکان زیاد دەکەن.

هۆکارەکانی دروستبوونی دەگمەنی چییە؟

سێ هۆکاری سەرەکی دەگمەنی ئابووری هەیە:

دەگمەنی خواست: کاتێک خواستێکی بەرز هەیە بۆ سەرچاوە یان بەرهەمێک، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان یان گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنی بەردەست.

دەگمەنی خستنەڕوو: کاتێک خستنەڕوو یان سەرچاوەیەک کەمدەبێت بەهۆی کەش و هەوا، کارەساتە سروشتییەکان یان کەمبوونەوە و نەمانی سەرچاوەکان.

دەگمەنی پێکهاتەیی: بەڕێوبردنی خراپ و نایەکسانی چوونە ژوورەوەی دانیشتوان زۆرجار بەهۆی سیاسەت و شوێنەوە ڕوو دەدات. 

نموونەی دەگمەنی

زەوی

دەتوانین دەگمەنی زەویمان هەبێت کاتێک کەمی زەوی هەیە بۆ دانیشتووان و گەشەپێدان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری، بۆ نموونە بەبیابانبوونی زەوی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زەوی بەسوود بۆ کشتوکاڵ، نەمانی دارستانەکان، کەمبوونەوەی دار کەرەستەی بیناسازی لە وڵاتی دیاریکراودا دەبێتە هۆی دووبارە بەکارهێنانەوەی پێداویستییەکانی بینا ڕووخاوەکان، ئەمەش دەگمەنی دروستدەکات.

خانووبەرە

خانووبەرە دەکرێت ببێتە دەگمەنی بۆ دانیشتووان یان هەرێم و نەتەوەکان، بۆ نموونە زەوی لە ویلایەتی نیویۆرک سنووردار و گرانە بۆ گەشەسەندن، ئەو کەسانەی دەچنە شارەکە لەوانەیە کەمترین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و خانووبەرە بۆیان دەستەبەربێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزی کرێی نیشتەجێبوون، هۆکاری دەگمەنی.

کەش و هەوا و کارەساتە سروشتییەکان

کەش و هەوای نالەبار دەکرێت زیان بە بەرهەمی جوتیاران بگەیەنێت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ. زریان، گەردەلوول، لافاو و تسونامی و کارەساتە سروشتییەکانی تر دەتوانن کاریگەری بکەنە سەر سەرچاوە سروشتییەکان، هاوردەکردنەکان، هەناردەکردنەکان، خۆراک، خانووبەرە و پێداویستییەکان. کەش و هەوای سەخت و کارەساتە سروشتییەکان دەکرێت هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ ڕوودانی دەگمەنی.


سەرچاوەکان



805 بینین