بالباڵۆکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-13-17:00:00 - کۆدی بابەت: 9386
بالباڵۆکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بالباڵۆکە یاخود پێی دەوترێت بالباڵۆکەی نوێژکەر (بە ئینگلیزی: Mantis)، مێروویەکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە زۆرینەی وڵاتە جیاوازەکان لە هەموو کیشوەرەکان جگە لە بەستەڵەکی باشوور، لە چەندین جێگەی جیاوازدا توانای ژیانکردنی هەیە وەک، دارستان، لەوەڕگا، باخچە و تەنانەت بیابانەکانیش، تاکەکانی ئەم مێرووە بەتەنها دەژین واتە پێکەوە کۆمەڵە دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا پێکەوە دەبینرێن، ملیۆنەها ئەندامی هەیە و زۆرینەیان لە مەترسیدا نین بەڵام جۆرێکی دیاریکراوی ئەورووپی هەیە لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا پۆلێنکراوە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، گەورەترین هۆکاری لەناوچوونیشی ڕاوکردنیانە، خێرایی بالباڵۆکە لە کاتژمێرێکدا دەگاتە زیاتر لە ٠.٨ کیلۆمەتر، هەروەها هەندێک لە خەڵکی وەک ئاژەڵی ماڵی ڕاگیری دەکەن و پەروەردەی دەکەن، یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانیشی ئەوەیە کە خاوێنە و هەڵگری نەخۆشی و مشەخۆری زۆر نییە.  

شێوەی دەرەوەی

پێستی جەستەی لە ڕووی دەرەوە لە ئێسکە پەیکەرێک پێکهاتووە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، قاوەیی، ڕەساسی، سەوز لەگەڵ زەرد، هەروەها بە گۆڕانی پلەی گەرمی هەندێک لە جۆرەکانی دەتوانن ڕەنگی جەستەیان بگۆڕن، بالباڵۆکە شێوەیەکی تایبەتی هەیە و بە ئاسانی لەگەڵ بوونەوەری تردا تێکەڵ ناکرێت، جەستەی درێژکۆلەیە و سەری سێگۆشەییە کە دوو ئارێڵی وەرگری هاوشێوەی کێبڵی پێوەیە، هەروەها ئەم بوونەوەرە دەتوانێت سەری بە مەودای ١٨٠ پلە بسوڕێنێت، هاوشێوەی مێرووەکانی تر دوو باڵ و شەش پەلی هەیە، دوو پەلی پێشەوەی درێژبوونەتەوە و قۆڵەکانیان بۆ پێکهێناوە کە بۆ ڕاوکردن گونجاوە و دڕکی بچووکی لەسەرە، لە ئەنجامدا ئەو دڕکانە دەبنە هۆی جێگیرکردنی نێچیرەکەی، قەبارەی بالباڵۆکەکان بەگشتی لە نێوان ٤-٥ گرام دەبێت هەروەها درێژی نێرینەکان کەمترە بە بەراورد بە مێینەکان کە هی مێینەکان لە نێوان ٧-١٣ سانتیمەتر دەبێت، هۆکاری ناونانیشی بە بالباڵۆکەی نوێژکەر ئەوەیە کە دەستەکانی بە جۆرێک وەستاون وەک ئەوەیە کە نوێژبکات، بەگشتی شێوەیەکی ترسناکی هەیە بەڵام بوونەوەرێکی بەسوودە.

خۆراک

ئەم بوونەوەرە گۆشتخۆرە و ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی گیانەوەرەکان کە بتوانێت ڕاویانبکات و بیانگرێت دەبنە ژەمی خۆراکی بۆی وەک سیسرک، پەروانە، مێشوولە و کوللە لەگەڵ گیانەوەری بڕبڕەداری وەک مارمێلکە و بۆقەکان لەگەڵ گیانەوەری قەبارە گەورەتریش، هەموو جۆرەکان بەسوود وەرگرتن بەهەستی بۆنکردن و بینینی پەرەسەندوویان لە ڕێگەی پەلەکانی پێشەوەیان ڕاودەکەن، بۆ ڕاوکردنیش ئارەزووی جووڵەی زۆر و گەڕان ناکەن بەڵکوو چاوەڕێ دەکەن کە نێچیرەکانیان بێنە بەردەستیان، بۆ نموونە هەندێک لە تاکەکان تەواوی سوڕی ژیانیان لەسەر یەک ڕووەک بەسەردەبەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بالباڵۆکە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی باڵندە، مار، شەمشەمە کوێرە، مارمێلکە، جاڵجاڵۆکە و مەمکدارە بچووکەکانیش.

زۆربوون

بە گشتی وەرزی زۆربوون لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پایزدا دەستپێدەکات، تاکەکانی ئەم مێرووە لە ماوەی نێوان ١٠ هەفتە بۆ شەش مانگ دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، مێینەکان بەوە دەناسرێن کە دوای یەکگرتن نێرینەکان ڕاودەکەن و دەیانخۆن، نێرینەکانیش بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەمە بەچەندین کاتژمێر چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا بازبدات بۆ سەر پشتی مێینەکە و جێگری بکات و یەکبگرن، دوای یەکگرتن کە چەندین کاتژمێری پێدەچێت نێرینەکە بە خێرایی بازدەدات بۆ سەر زەوی و خۆی ڕزگار دەکات لەوەی کە مێینەکە بیخوات. پاشان مێینەکان بۆ پاراستنی بێچووەکانیان ماددەیەکی ڕەق دروستدەکەن و دەیکەن بەسەر هێلکەکاندا، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکانیش هەتا کاتی بەهاری پێویستە، دایکەکە لە جێگەیەکدا هێلکە دەکات کە گەرم بێت بەڵام بەڕادەیەکی گونجاو شێی هەبێت هەتاکوو هێلکەکان وشکنەبنەوە، دوای لەدایکبوونی بێچووەکان بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم شێوەی دایک و باوکیان وەردەگرن، هەروەها بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو ٦ جار پێستیان نوێ دەبێتەوە، کە دەکرێت مێینەکان لەوەش زیاتربێت چونکە قەبارەیان گەورەترە، بە گوێرەی جۆرەکان لە هەر جارێکدا مێینەکان نزیکەی ١٠٠-٦٠٠ بێچوویان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی بالباڵۆکە لە سروشتدا ساڵێک دەبێت بەڵام بە دیلکراوی دەگاتە دوو ساڵ.   

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە و لە کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، نموونەی باوترین جۆرەکانیشی ئەمانەن:

  • بالباڵۆکەی ئەرووپی: جیاوازتر لە هەموو جۆرەکانی تری بالباڵۆکە ئەمەیان گوێچکەی هەیە، کە دەکەوێتە سەر سکییەوە و لە نێوان قاچەکانیدایە، فرمانەکەشی هاوشێوەی ئەندامی بیستنی ئاساییە و شەپۆلەکانی دەنگ وەردەگرێت.
  • بالباڵۆکەی ئەمریکی: کۆمەڵێک جۆری جیاوازی کیشوەری ئەمریکان کە هەموویان لە ژێر ئەم ناوەدا کۆکراونەتەوە.
  • بالباڵۆکەی چینی: گەورەترین جۆرە کە دەتوانێت تەنانەت جۆری دیاریکراو لە باڵندە و چۆلەکەکانیش ڕاوبکات.


سەرچاوەکان



378 بینین