باشترین یاریزانی شەتڕەنج بۆ ساڵی ٢٠٢١

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-07-20-19:04:00 - کۆدی بابەت: 9459
باشترین یاریزانی شەتڕەنج بۆ ساڵی ٢٠٢١

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماگنس کارلسن (بە ئینگلیزی: Magnus Carlsen) یاریزانی لێهاتووی یاری شەتڕەنجە، لە ٣٠\١١\١٩٩٠ لە شاری تەنسبێرگی وڵاتی نەرویج لەدایکبووە. خاوەنی ٥ نازناوی پاڵەوانێتی شەتڕەنج و ٣ نازناوی پاڵەوانێتی شەتڕەنجی خێرایە، لە ساڵی ٢٠١١ ڕیزبەندی پلە یەکی بەدەستهێناوە و تاوەکوو ئێستا لەو ڕیزبەندییەدا ماوەتەوە. ڕیکۆردی زۆرترین بردنەوەی بەدوایەکی لە یاری شەتڕەنجدا هەیە.

ناوی تەواوەتی سڤێن ماگنس ئۆوێن کارلسن
بەرواری لەدایکبوون ٣٠\١١\١٩٩٠
شوێنی لەدایکبوون تەنسبێرگ، نەرویج
پاڵەوانی جیهان لە ٢٠١٣ بەدواوە

ژیانی منداڵی

کارلسن لە ٣٠\١١\١٩٩٠ لە شاری تەنسبێرگی وڵاتی نەرویج لەدایکبووە. تا تەمەنی ٨ ساڵی لە نەرویج ژیاوە پاشان ساڵێک لە فینلەندا و بەلجیکا ژیانی بەڕێکردووە. کارلسن هەر لە منداڵییەوە توانای هزری لە منداڵەکانی تر بەهێزتر بووە. باوکی کارلسن بەهەمان شێوە یاریزانێکی لێهاتووی شەتڕەنج بووە و کاتێک چارلسن تەمەنی گەیشتووەتە ٥ ساڵان باوکی هەوڵیداوە فێری شەتڕەنجی بکات، لە سەرەتادا هیچ حەزێکی بۆی نەبووە بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات وەکوو خولیایەکی لێهاتووە.

یەکەم کتێب کە کارلسن خوێندیەوە ناوی "پلانەکە بدۆزەرەوە" (Find The Plan) بوو. بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بە چەندەها کاتژمێر بەتەنها یاری دەکرد، هەوڵیدەدا هەموو هەنگاو و جووڵەکان لەبەر بکات. لە ساڵی ١٩٩٩ بەشداری کێبڕکێی شەتڕەنجی منداڵانی کرد و توانی ئەنجامی ٦.٥ لە ١١ بەدەستبهێنێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا و گەورەبوونی تەمەنی حەزی کارلسن بۆ شەتڕەنج زیادی دەکرد و هەوڵی زیاتری دەدا، تا دەیتوانی بەشداری کێبڕکێکانی دەکرد و هەوڵی سەرکەوتن و بەهێزکردنی توانای دەدا.

ژیانی وەرزشی

  • لە ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری یەکەم پاڵەوانێتی کرد و لە کۆی هەموو یارییەکان تەنها یەک یاری دۆڕاند پاشان لە هەمان ساڵدا بەشداری ٢ پاڵەوانێتی کرد و لە هەردووکیاندا پلەی دووەمی بەدەست هێنا.
  • لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشداری پاڵەوانێتی شەتڕەنجی خێرای نەرویجی کرد و یەکەم نازناوی خۆی بەدەستهێنا. پاشان لە کۆتایی ساڵەکەدا بەشداری جامی جیهانیی شەتڕەنجی کرد و لە قۆناغی ١٦ یارییەکەی دۆڕاند و لە جامەکە دەرکرا.
  • لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نەرویجدا کارلسن لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی بێرج ئۆستێنستاد بووەوە و لە یاری یەکەمدا یەکسان بوون، پاشان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا یارییەکان بەردەوام بوون و کارلسن توانی ٣-١ یارییەکان بباتەوە و بۆ یەکەم جار پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نەرویج بباتەوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری جامی جیهانیی شەتڕەنجی کرد و گەیشتە چارەکی کۆتایی بەڵام لە چارەکی کۆتاییدا بەرامبەر یاریزان گاتا کامسکی دۆڕا و لە جامەکە دەرکرا.
  • لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٠ بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کرد و لە هەندێکیاندا براوە بوو و لە هەندێکیاندا دۆڕا.
  • لە ساڵی ٢٠١١ بەشداری ٣ پاڵەوانێتی کرد و لە دوانیاندا براوە بوو.
  • لە ساڵی ٢٠١٢ ئاستێکی تا ڕادەیەک نزمی پێشکەش کرد لە کۆی ٥ پاڵەوانێتیدا تەنها توانی ١ پاڵەوانێتی بباتەوە.
  • لە ساڵی ٢٠١٣ سەرکەوتنەکانی کارلسن زیادیان کرد کاتێک توانی جامی جیهانی شەتڕەنجی ٢٠١٣ بباتەوە و بۆ جاری دووەم لە ساڵی ٢٠١٤ توانی دووبارە نازناوەکە بباتەوە.
  • لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداری ٤ پاڵەوانێتی کرد و توانی لە ٢ـنیاندا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
  • لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری ٦ پاڵەوانێتی کرد و توانی لە هەموویاندا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، پاشان لە جامی جیهانیی ٢٠١٦ لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی کارجاکین بووەوە و توانی بە ئەنجامی ٣-١ یاری جامەکە بباتەوە.
  • سەرکەوتنەکانی کارلسن بەردەوام بوون کە تیایدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢٠ توانی چەندین پاڵەوانێتی بباتەوە، لەوانە جامی جیهانیی شەتڕەنجی ٢٠١٨ کاتێک توانی بە ئەنجـامی ٣-٠ یاری نازناوەکە بەدەستبهێنێت.
  • لە ساڵی ٢٠٢١ توانی پاڵەوانێتی جامی جیهانیی شەتڕەنجی ساڵی ٢٠٢١ بباتەوە و ژمارەی خاڵەکانی (Elo) بگەیەنێتە ٢٨٤٧ و بەرزترین ژمارەی خاڵ و ڕیزبەندی یەکەمی لە شەتڕەنجدا هەبێت، بەم هۆیەشەوە بۆ ٩ ساڵی بەدوا یەک بە باشترین یاریزانی شەتڕەنج لە جیهاندا دەستنیشانکرا.
  • کارلسن لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە بە باشترین یاریزانی شەتڕەنج دەستنیشانکراوە و تا ئێستا نازناوەکە بە ناوی ئەوەوە ماوەتەوە.

ڕیزبەندی

لە ساڵی ٢٠٠٦ کارلسن خاوەنی ٢٦٢٥ خاڵ (Elo) بوو. منداڵترین یاریزان بوو لە مێژووی شەتڕەنجدا ئەم ژمارە خاڵەی بەدەستهێنابێت. لە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی خاڵەکانی گەیشتە ٢٨٤٧ و لە ڕیزبەندی یەکەمی شەتڕەنجی ئاساییدا جێگیر بوو.


سەرچاوەکان



278 بینین