بێرمینگهام

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-26-22:02:00 - کۆدی بابەت: 9561
بێرمینگهام

ناوه‌ڕۆك

بێرمینگهام

بێرمینگهام (بە ئینگلیزی: Birmingham)، شارێکە لە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئینگلتەرا، لە وێست میدلەند و 160 کیلۆمەتر لە شاری لەندەنەوە دوورە. ئەم شارە دووەم گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتووە، ژمارەی دانیشتووانی بێرمینگهام 1.145 ملیۆن کەسە. هەروەها بەرزی شارەکە لە ئاستی دەریاوە 140 مەترە.

بێرمینگهام بە ناوەندی بازرگانی، دارایی، کولتووری و کۆمەڵایەتی میدلەند دادەنرێت. یەکێک لە ڕووبارە سەرەکییە نزیکەکانی نزیک بێرمینگهام ڕووباری سێڤرن (Severn)ـە نزیکەیی 32 کیلۆمەتر لە خۆرئاوای ناوەندی شارەکەوە دوورە. شارەکە میوانداری یارییەکانی کۆمۆنولتی 2022 دەکات، هەروەها لە ساڵی 2014ـدا، بێرمینگهام چوارم شاری شانشینی یەکگرتوو بوو کە زۆرترین گەشتیاری بیانی لە نەتەوە جۆراوجۆرەکان سەردانی کردبێت.

لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی بێرمینگهام (Birmingham) لە وشەی ئینگلیزی کۆن (Beormingahām)ـەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بە واتای (ماڵ یان نشینگەی هۆزی بۆرمینگاس) دێت.

مێژووی شارەکە

ئەم شارە لە ساڵی 1871ـدا دامەزراوە، سەرەتا یەکێک بووە لە ناوەندە پیشەسازییە سەرەکییەکانی ناوچەی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە ئێستادا، سەرەڕای ئەوەی پیشەسازییەکانی گۆڕاون، بەڵام بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە بازرگانی و بانکییەکان ماوەتەوە. گەشەی بێرمینگهام بۆ ناوەندێکی بازرگانی و شارستانی گرنگ لە ساڵی 1166ـەوە دەستی پێ کرد. شارەکە لەناکاو لەڕووی ئابوورییەوە گەشایەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیادی کرد، لە ساڵی 1327ـدا سێیەم گەورەترین شارۆچەی وارویکشایر بوو.

گەشەی شارەکە لەناکاو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، هەرچەندە لە ساڵانی 1800ـە کاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێراوە گەشەی دانیشتووان بە شێوەیەکی کاتی هێواش بوویەوە، بەڵام لە سەرەتای ساڵانی 1900ـە کاندا شارەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان گەشەی بەخۆیەوە بینی و بە (شاری جادوویی) ناسرا. هەروەها ئەو بەڵگەیەی کە لەسەر چالاکییەکانی مرۆڤ لە ناوچەی بێرمینگهامدا هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 8000 ساڵ پێش زایینی.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری بێرمینگهام لە ساڵی 2020ـدا 198,433 کەس بوو، لە ئێستادا ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی 0.58%- دادەبەزێت و لە کۆتا سەرژمێریی ساڵی 2010ـەوە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی 1.15%- دابەزیووە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە 200,733 کەس تۆمارکراوه. هەروەها ڕێژەی هەژاری لە بێرمینگهامدا 24.72%، تەمەنی ناوەندی هاوڵاتیانی شارەکه 35.9 ساڵییە، نێرەکان تەمەنیان 33.6 و مێینەکان 38.4 ساڵن.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری بێرمینگهام بریتین لە:

  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی 68.29%
  • سپی پێست 26.59%
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە 1.63%
  • ئاسیایی 1.25%
  • ئەمریکی ڕەسەن 0.20%
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن 0.04%

گەشەی دانیشتووانی بێرمینگهام

لە ساڵانی ڕابردوودا شارەکەی گەشەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام لە ساڵانی 1970 کانەوە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە کەم دەبێتەوە، لە ساڵانی نێوان 2000 و 2010 گەشەی دانیشتووان بە ڕێژەی 12% دابەزیووە، بەڵام چەند ئامارێک ئەوە دەردەخەن کە گەشەی دانیشتووان لە کۆتا سەرژمێری ساڵی 2010ـەوە تا ساڵی 2017 کەمێک بەرزبووەتەوە، هۆکاری نزمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی ئاستی تاوان.

هەروەها شارەکە یەکێکە لەو بیست شارەی کە ڕێژەی تاوانکاری تێیاندا بەرزە، لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕێژەی ئەو تاوانەی کە توندوتیژیان لێ دەکەوێتەوە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی دارایی دانیشتووانەکەیان نزمە، بێرمینگهام لەڕووی توندوتیژییەوە سێیەم شاری شانشینی یەکگرتووە.

ئایین

شارەکە تەنیا لەڕووی نەژادییەوە هەمەجۆر نییە بەڵکوو لەڕووی ئایینییشەوە جۆراوجۆرە. شارەکە شوێنی چەندین کڵێسای مەسیحی، مزگەوت، پەرستگا و سیناگۆکە. بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010، شارەکە ڕێژەیەکی زۆر بەرز پەیڕەوکەرانی ئایینی پڕۆتستانی تێدایە.

ئایینی مەسیحی گەورەترین ئایینی پەیڕەوکراوی بێرمینگهامە، لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا 46.1%ـی دانیشتووانی شارەکە مەسیحی بوون. جگە لە لەندەن، بێرمینگهام زۆرترین پەیڕەوکەرانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، سیخی و بودیزمی لێیە لەنێو تەواوی ناوچەکانی تری شانشینی یەکگرتوودا. لە نێوان سەرژمێرییەکانی ساڵی 2001 و 2011ـدا ڕێژەی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی لە 59.1%ـەوە دابەزی بۆ 46.1%، لە کاتێکدا ڕێژەی پەیڕوکەرانی مسوڵمان لە 14.3%ـەوە بەرزبوویەوە بۆ 21.8%، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە سەر بە هیچ ئایینێک نین لە 12.4%ـەوە بەرزبوویەوە بۆ 19.3%، بەڵام ڕێژەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر وەکوو خۆیان مانەوە.

ئابووری شارەکە

لە ئێستادا ئابووری شاری بێرمینگهام بە کەرتی خزمەتگوزاری کۆتڕۆڵکراوە، شارەکە ناوەندێکی سەرەکی بازرگانی نێودەوڵەتی و ناوەندێکی گرنگی گواستنەوە، بازرگانی وردە، ناوەندی کۆنگرە و بۆنەکانە. ئابووری گەورەشاری بێرمینگهام دووەم گەورەترین ئابووری شانشینی یەکگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی شارەکە لە ساڵی 2014ـدا، 121 ملیار دۆلار بوو. پێنج زانکۆکەی شاری بێرمینگهام لە نێویشیاندا زانکۆی بێرمینگهام شارەکە دەکات بە گەورەترین ناوەندی خوێندنی باڵای وڵاتەکەی، جگە لە لەندەن.

کەشوهەوا

بێرمینگهام کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا کەشی شارەکە مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی شارەکە زۆر سارد نییە، بەڵام زۆرجار ئاسمان هەوراوییە و ڕێژەی شێ و دابارین بەرزە. تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لەم وەرزەدا 6.7 پلەی سەدییە.

نزمترین پلەی گەرمی شارەکە لە ساڵی 1982ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی 20.8- پلەی سەدی بوو. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ نزیکەی -8 بۆ 9- پلەی سەدی، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزێت. هەروەها بە بەراورد بە بەشەکانی تری وڵاتەکەی ئەم شارە ڕێژەی دابارینی بەفری کەمێک زیاترە.

لە وەرزی هاوینیشدا، بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما مامناوەند یان فێنکن. تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی شارەکە لەم وەرزەدا 21.3 پلەی سەدییە، هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام بەزۆری کەمتر لە وەرزی زستان. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هاتنی شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام زۆربەی کات کورتخایەنن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی 1990و تەممووزی 2006ـدا تۆمارکرا و 35 پلەی سەدی بوو.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی بێرمینگهام وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی ئایار بۆ ناوەڕاستی ئەیلوولە. کە بەزۆری پلەکانی گەرما بۆ چالاکییە دەرەکییەکان خۆشن

هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 665 میللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی نیسان و تەممووزە 45 مللیمەتر دەبارێت و لە باراناوییترین مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگی کانوونی دووەم و کانوونی یەکەمە 65 مللیمەتر باران دەبارێت.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییەکان

  1. مۆزەخانە و پارکی ڤولکان
  2. مۆزەخانە و پێشەنگای هونەری بێرمینگهام
  3. مۆزەخانەی مۆتۆرسيكلی نەتەویی
  4. هۆڵی سیمفۆنی
  5. پەرتووکخانەی بێرمینگهام
  6. بێرمینگهام هیپەدرەوم
  7. کۆفین ۆرکس
  8. مۆزەخانەی هونەری بێرمینگهام
  9. باخچەی ئاژەڵانی بێرمینگهام
  10. شەممە بازاڕی پێپە پلەیس


سەرچاوەکان



415 بینین