شاری شاعیر

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-27-22:30:00 - کۆدی بابەت: 9578
شاری شاعیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلی عارف ئاغا (بە ئینگلیزی: Ali Arf Agha) ناسراو بە شاری شاعیرێکە خەڵکی شاری سلێمانییە، بە شێوازێکی کلاسیکی و ئاسان و ڕەوان شیعری نووسیوە، شاری ئارەزووی نووسینی شیعری قورس و ئاڵۆزی نەکردووە چونکە پێی وا بووە مێشک ماندوو دەکەن.

ژیاننامە

شاری ناوی عەلی کوڕی عارف ئاغای کوڕی عەزیز ئاغایە، لە ساڵی ١٩١٠ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی ناوەندی تەواو کردووە و هەر لە هەرزەکاریدا شیعرەکانی نالی، کوردی، سالم، شێخ ڕەزا، مەولەوی، زێوەر و بێکەس سەرنجی شارییان ڕاکێشاوە، زۆربەی شیعرەکانی دەربارەی دڵدارین، هەروەها هەندێک شیعری کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری و شینکردنیشی نووسیوە، شاری لە ساڵی ١٩٩٦ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

بەرهەمە شیعرییەکانی

  • دەفتەری شیعری (چەپکێ گووڵ و خونچە) ساڵی ١٩٨٥
  • دەفتەری شیعری (بەرهەمی خاوێن) ساڵی ١٩٨٥
  • دەفتەری شیعری (ئاشنایی و ڕۆشنایی) ساڵی ١٩٨٥

نموونە شیعرییەکانی

نموونەی ١

دڵ و ڕۆح و سەر و ماڵم بە قوربانت نەبێ نابێ
هەموو یارانی دڵپاکم بە حەیرانت نەبێ نابێ

لە ڕێی دڵداری پێم خۆشە پەرێشانی خەفەتباری
هەزاران کەس بەوێنەی من پەرێشانت نەبێ نابێ

چییە نەرخی دڵ و گیانی بە تیری غەمزە نەیپێکێ
سەر و گیان و دڵی ئێمە بە نیشانت نەبێ نابێ

ترووسکەی مەشعەلی شادی کە تۆ دوور بی لە من دوورە
ژیان خۆشی هەتا چاوم لە چاوانت نەبێ نابێ

لە گوڵزارێکی زۆر خۆشا ژیانت بۆچ بەسەر نابەی
هەموو جوانی جیهان گیانە سەیری سەیرت نەبێ نابێ

نموونەی موعجیزەی یەزدانی تۆ وێنەت نییە بە خوا
فریشتەی عەرش و حۆری گەر بە میوانت نەبێ نابێ

نموونەی ٢

گوڵ و غونچەی بەهارانیش لە تۆ نەشمیلەتر نابێ
نەمامی عەرعەری کۆرپەش لە تۆ خنجیلەتر نابێ

لە عالەمدا لە تۆ چاتر، لە تۆ مەحبوب و شیرینتر
ئەگەر دەعواچیەک مابێ، درۆ ناکا دەسا با بێ

دەسا با بێن بەصەف یەکسەر هەموو چاومەست و گوڵ‌ڕومەت
با بزانن چۆن ئەبێ مەحجوب، ئەوی وا لافی لێدابێ

درۆیە تۆلە ئینسان بی، ئەمە عەقڵم قبوڵ ناکا
پەریش حەدی نییە وا بێ، ئەبەد حۆریش بە تۆ نابێ

کەوابوو تۆ لە شوعلەی نووری پاکی صونعی یەزدانی
ئەبێ جێگای ئەصلیشت عەتارید یا ‌‌‌‌‌ثریا بێ

بتی تۆ، ئەتپەرستم من عیبادەت بۆ کەسێک ناکەم
ئەگەر چی ئاگری جوملەی جەهەننەم بۆم لە کارا بێ

ئەوا سوتام، گڕم تێ بەربوو گیانە بمگەرێ تو خوا
بە ماچی تۆ نەبێ وأللە برینی من دەوا نابێ

بە لەنجە و ناز و غەمزە و عیشوەی ڕەفتار و گوفتارت
هەزاران فیتنەها ناحەق نییە گەر بێت و بەرپا بێ

بەلامانا کە نایەی باکی قەهری خوات نییە ظالم
زەمانە هەر وەها نابێ هەتا چەند ساڵی باوابێ

نموونەی ٣

تۆ کە دەرکەوتی لەناو باغا گوڵی مینا چییە
یا لەچاو جوانی ئەتۆ شیرین چییە و لەیلا چییە
نرخی تۆ تەقدیر بە پارە و زێڕ و ئەڵماس ناکرێ
بۆ فریشتەی ئاسمانی سەروەتی دنیا چییە
تۆ کە شازادەی جوانانی هەموو ئەم عالەمەی
کەس نییە لافی هەبێ میر و بەگ و ئاغا چییە
گیانی ئێمە پێشکەشی تۆ بێ قبوڵی گەر ئەکەی
بۆ دیاری گیانی بێ نرخی منی ریسوا چییە


سەرچاوەکان



1748 بینین