دەریاچەی سوپەریەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-19-21:58:00 - کۆدی بابەت: 9083
دەریاچەی سوپەریەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەریاچەی سوپەریەر (بە ئینگلیزی: Superior) گەورەترینی دەریاچە گەورەکانی ئەمریکای باکوورە، لەناو ئەو دەریاچانەی کە ئاوی شیرینیان تێدایە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین دەریاچەی جیهانە و لەڕووی قەبارەشەوە سێیەم گەورەترین دەریاچەی جیهانه. ئەم دەریاچەیە ٪١٠ـی ئاوی شیرینی جیهان لەخۆ دەگرێت. لە بەشی باکوورەوە هاوسنووری هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدایە، لە خۆرئاواوە هاوسنووری مینیسوتا، هەروەها لە باشووریشەوە هاوسنووری ویلایەتی ویسکۆنسێن و نیمچە دوورگەی سەرەوەی میشیگانە. ئەوپەڕی درێژییەکەی ٥٦۰ کیلۆمەتر و ئەوپەڕی پانییەکەی ۲٦۰ کیلۆمەترە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای قووڵییەکەی ۱٤۷ مەتر و ئەوپەڕی قووڵییەکەی ٤۰٦ مەترە. قەبارەی ئاوەکەی ۱۲ هەزار کیلۆمەتر سێجایە و ڕووبەری ڕووەکەی ٨۲ هەزار کیلۆمەتر دووجایە.

دوورگەی سەر دەریاچەکە

گەورەترین دوورگەی ناو دەریاچەی سوپەریەر دوورگەی ڕۆیاڵە لە میشیگان، ئەم دوورگەیە چەند دەریاچەیەکی تری تێدا و هەندێک لەم دەریاچانەش دوورگەیان تێدایه. دوورگە ناسراوەکانی تری بریتین لە دوورگەی مادلاین لە ویلایەتی ویسکۆنسێن، دوورگەی میتشپیکۆتن لە ئۆنتاریۆ، و دوورگەی گراند له میشیگان.

کەشوهەوای دەریاچەکە

قەبارەی دەریاچەی سوپەریەر توندی وەرزەکان کەم دەکاتەوە بۆ کەشێکی کیشوەری شێدار. هێواشی کاردانەوەی ڕووی ئاوی دەریاچەکە بۆ گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی، بەشێوەیەکی خولی لەنێوان سفر بۆ ۱۳ پلەی سەدییدایە، ئەمەش یارمەتی مامناوەندکردنەوەی پلەکانی گەرمیی هەوای دەوروبەر دەدات لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا. هەروەها ئەو گرد و چیایانەی کە دەوری دەریاچەکە دەدەن لە وەرزی پاییزدا دەریاچەکە بە شێداری و تەماوی دەهێڵنەوە.

لەڕووی زەویناسییەوە

مێژووی بەردەکانی کەناری باکووری دەریاچەی سوپەریەر دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی زووی زەوی. بەدرێژایی سیستمی پێش کەمبری (لەنێوان ٤،٥ بلیۆن و ٥٤۰ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) بەردی تواوە بەردی گرانایتی پێکداچووی قەڵغانی کەنەدی دروستکرد. لە ئێستادا دەتوانرێت ئەو بەردە گرانایتە دێرینانە لە کەناری باکووری دەریاچەکەدا ببینرێن. ئەو ناوچانەی دەوری دەریاچەکه دەدەن دەوڵەمەندن بە کانزاکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەزۆری مس، ئاسن، زیو، ئاڵتوون و نیکڵیان لێ دەردەهێنرێت.

لەڕووی مێژووییەوە

یەکەم گەل که ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دوای کشانەوەی سەهۆڵانەکان لەدوا قۆناغی سەهۆڵبەنداندا هاتنە ناوچەی دەریاچەی سوپەریەر، بە (پلانۆ) ناسراون و لە لای باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی مینۆنگ بۆ ڕاوکردنی ئاسکە کێوییەکان ڕمێکی سەر بەردیان بەکارهێناوە. پاشان ئەو گەلانەی کە قەڵغانی کۆنیان دروستکرد لە دەوروبەری ٥٠٠٠ پێش زایین گەیشتنە دەریاچەکە؛ بەڵگەی هەبوونی ئەم شارستانییەتییە لە ناوچەکەدا دەتوانرێت لە کۆتایی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کەناری کەنەدا بدۆزرێتەوە. ئەم گەلە کەوان و تیریان بەکارهێنا، سەوڵیان لە بەلەمە بچووەکان دەدا، ڕاوە ماسی و ڕاوی ئاژەڵەکانی تریان کرد، مسیان بۆ ئامێر و چەک دەرهێنا و تۆڕەکانی بازرگانییان دامەزراند. وا دادەنرێت ئەم گەلە باوباپیرانی ڕاستەوخۆی ئۆجیبوا و کریەکان بن.

لەڕووی ژینگەزانییەوە

زیاتر لە ٨۰ جۆر ماسی لە دەریاچەی سوپەریەردا دۆزراونەتەوە، جۆرە ڕەسەنەکانی دەریاچەکە بریتین لە، کیڵیفشی شریتی، بلەوتەر، ماسیی کەشینەی جۆگاو، ماسیی یەڕیشنە، سیسکەو، کاڤیاری دەریاچەیی، ماسیی خاتوونەکی دەریاچەیی، ماسیی سپی دەریاچەیی، ماسیی لووتدرێژ، و نێزەماسیی ئەمریکای باکووریی چەندین جۆری تر.

بە بەراورد بە دەریاچە گەورەکانی تر ئاوی دەریاچەی سوپەریەر ماددەی خۆراکی تواوەی کەمتری تێدایە، بۆیە لەڕووی ژمارەی ماسییەکانەوە کەمتر بەرهەمدارە و دەریاچەیەکی کەم خۆراکە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو خاکە گەشەنەسەندووانەیە کە لە ئەستێڵکە بچووکەکەیدا دەبینرێن. هەروەها ڕەنگدانەوەی دانیشتوانی مرۆیی کەم و بڕێکی کەمی کشتوکاڵییە لە ئەستێڵکەکەیدا، بەڵام ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە چڕیی نیترات لە دەریاچەکەدا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاستەکانی ئەم نیتراتە زۆر نزمترە لەو ئاستانەی کە بە مەترسیدار بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دادەنرێن؛ بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە بەردەوام و درێژخایەنە تۆمارێکی نائاساییە لە کۆبوونەوەی نایترۆجینی ژینگەدا. لەوانەیە پەیوەندی بەو گۆڕانکارییانەوە هەبێت کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ بۆ خولی نایترۆجینی ناوچەیی، بەڵام توێژەران هێشتا دڵنیانین لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە ژینگەی دەریاچەکەدا.


سەرچاوەکان



734 بینین