ماسیی کۆد

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-03-16:42:00 - کۆدی بابەت: 9672
ماسیی کۆد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی کۆد (بە ئینگلیزی: Codfish، بە عەرەبی: سمك القد)، جۆرێکی ماسییەکانە و لە کۆمەڵەی ماسی ئاوە سوێرەکاندا پۆلێنکراوە، سێ جۆری سەرەکی هەیە و هەموویان لە زەریاکاندا دەژین، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی پێکەوەیە و پۆلی تایبەت بەخۆیان هەیە، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی ژیانیان مرۆڤەکانن، چونکە لە هەموو جیهاندا بە خواردنێکی خۆش و بەتام دادەنرێت و ژمارەیەکی زۆریان ڕاودەکرێن، گۆشتەکەیان دەخورێت و جگەریشی ڕۆنی ماسی لێ دروستدەکرێت، کە گۆشتەکەی بڕێکی زۆر ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە، وەک ئەمانە:

  • پڕۆتین
  • چەند ڤیتامینێکی جیاواز وەک (A,B,D,E)
  • سیلینیۆم
  • فۆسفۆڕ
  • ئۆمێگا سێ

ڕۆنەکەشی وەک چارەسەری کۆمەڵێک نەخۆشی بەکاردێت، وەک ئەمانە:

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ماسی کۆد بە پوولەکە داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت سەوز یاخود ڕەساسی نزیک قاوەیی بێت، قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە کێشی لە نێوان ١٥-٦٩ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٧٧-٢٠٠ سانتیمەتر دەبێت، ژمارەیەکی زۆر پەڕەکەی لە شوێنی جیاوازدا هەیە، لەسەر پشتی سێ دانەیە و لە سنگیدا جووتێک پەڕەکەی هەیە، هەروەها لە پشتەوەش دوو پەڕەکەی تری هەیە، بەڵام سەرەڕای پەڕەکە زۆرەکانی لە مەلەکردندا هێواشە و ماسییەکی خێرا نییە.

ئەم ماسییە لە چەناگەیدا موویەکی هەیە کە وەک سمێڵ دەردەکەوێت، ئەم مووە وەک ئەندامێکی هەستکردن بەکاردێت کە بۆ دۆزینەوەی خۆراک بەسوودە، هەروەها لە تەنیشتەکانی جەستەیدا خاڵی تۆخ و هێڵێکی کاڵ هەیە کە لە کەوانە ڕیشوودارەکانییەوە درێژبووەتەوە بۆ بنچینەی کلکی، ئەمانیش وەک هەستەوەرن و بۆ دیاریکردنی لەرینەوە و جووڵە و پەستانی ئاوی دەوروبەریان سوودیان دەبێت.

جگە لە ئەم تایبەتمەندییانەش لە بەشێکی کەللەی سەری ماسی کۆددا، کە تایبەتە بە گوێچکەی چەندین بازنە دروستدەبێت، ئەم بازنانە بەچاو دەبینرێن و دەرخەری تەمەنی ماسییەکەن، واتە بەهۆی ژمارەی بازنەکانەوە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی ماسییەکە دیاریدەکرێت.

خۆراک

ئەم بوونەوەرە گۆشتخۆرە و هەریەک لە ماسی بچووک، گوێچکە ماسی، سەدەفی دوو توێی، قرژاڵ، مەرەکەب، کرم و توێکڵدارەکان دەکات بەژەمی خۆراکی، بەزۆریش ماسی کۆد جۆرەکانی تری ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها دەتوانێت بێ بڕبڕە و تەنانەت گۆشتی بڕبڕەداری وەک مرۆڤیش بخوات، بەڵام خۆشی دەبێت بە خۆراکی بوونەوەری تر، سەرەکییترین ڕاوچی و هەڕەشەی سەر ژیانی مرۆڤەکانن، بۆ نموونە جۆری ماسی کۆدی ئەتڵەسی لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان ڕاوکراوە بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

یەکگرتن و زۆربوون

لە وەرزی زۆربووندا ماسییەکانی کۆد بۆ دووری زیاتر لە ٣٢١ کیلۆمەتر کۆچ دەکەن هەتاکوو بگەنە زەوییەکانی زۆربوون، یەکگرتنەکە دەکرێت بەدرێژایی ساڵەکە ڕووبدات، بەڵام بەگشتی لە وەرزی زستان و بەهاردا کۆچ دەکەن بۆ ئاوە گەرمەکان بە مەبەستی یەکگرتن، نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان و دڵداریکردن پەڕەکەکانیان بڵاودەکەنەوە و مۆڕە دەکەن، هەر مێینەیەک دەتوانێت زیاتر لە پێنج ملیۆن هێلکە بکات کە دواتر نێرینەکان پێشبڕکێ دەکەن لەسەر پیتاندنیان.

بەڵام زۆرینەی گەراکان لەلایەن ماسی و بوونەوەرە ئاوییەکانی ترەوە دەخورێن، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان ٨-٢٣ ڕۆژ دەخایەنێت، دوای هەڵهاتنیان بێچووە ماسییەکان وەک کرمۆکەن و قەبارەیەکی زۆر بچووکیان هەیە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ١٠ هەفتە ٤٠ هێندەی قەبارەی سەرەتایان گەورە دەبن، بۆ گەشەکردنیشیان ڕووەکی هەڵواسراو و گیانەوەرە بچووکە ئاوییەکان دەخۆن، دواتر لەماوەی نێوان ٢-٤ ساڵدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەروەها سوڕی ژیانی ئەم جۆرە ماسییە لە نێوان ١٥-٢٥ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

سێ جۆری سەرەکی لە ماسی کۆد هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە، دوو دانەی سەرەتایان سەرەکین و سێیەمیان کەمتر بەناوبانگە، هەندێکجاریش ماسی جیاوازتر بە ماسی کۆد دادەنرێن و دەناسرێن، وەک ماسی نازلی بەڵام ئەم جۆرانە پێیان دەوترێت ماسی کۆدی ناڕاستی، سێ جۆرە سەرەکییەکەش ئەمانەن:


سەرچاوەکان

91 بینین