کۆڤێنتری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-03-22:15:00 - کۆدی بابەت: 9678
کۆڤێنتری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆڤێنتری (بە ئینگلیزی: Coventry، بە عەرەبی: كوفنتري) شارێکە لە ناوەندی ئینگلتەرا لە وێست میدلەند، لەسەر ڕووباری شێربۆرنە. کۆڤێنتری بۆ ماوەی چەندین سەدە جێگیرگەیەکی گەورە بووە، هەرچەندە تا سەدەکانی ناوەڕاست دانەمەزرا و پێگەی پێنەدراوە. ئەم شارە لەڕووی مێژووییەوە بەشێکە لە وارویکشایر، ژمارەی دانیشتووانی کۆڤێنتری لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا 316,915 کەس بوو. بەمەش دەبێتە نۆیەم گەورەترین شاری ئینگلتەرا و یازدەیەم گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتووە.

کۆڤێنتری 31 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی بیرمینگهام، 39 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لێستەر، 18 کیلۆمەتر لە باکووری وارویک و 153 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای لەندەنەوە دوورە. هەروەها کۆڤێنتری ناوەندیترین شارە لە ئینگلتەرا، تەنها 19 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای ناوەندی جوگرافی وڵاتەکە لە لێستەرشایەرەوە دوورە. هەروەها شارەکە سێ زانکۆی تێدایە، زانکۆی کۆڤێنتری، زانکۆی وارویک و زانکۆی ئەهلی ئاردن. کۆڤێنتری لە ساڵی 2021ـدا خەڵاتی شاری ڕۆشنبیری شانشینی یەکگرتووی پێ بەخشرا.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2015ـدا 345,385 کەس بوو. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە نزیکەی 98.6 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی 3,100 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

نەژاد

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری کۆڤێنتری بریتین لە:

  • سپی پێستی بەریتانی 66%
  • سپی پێستی غەیرە بەریتانی 7.2%
  • ئاسیایی 16%
  • ڕەش پێست 5.5%

ئایین

سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 ئەوە پیشان دەدات کە زیاتر لە 53%ـی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، بەدوای ئەویشدا ئایینی ئیسلام دووەم ئایینی شارەکەیە. لە کاتێکدا 23%ـی دانیشتووان ئایینی خۆیانیان دیاری نەکرد.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە شارەکەدان و بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 12 مانگ لە شارەکەدا نیشتەجێن، نزیکەی 15,000 لەم قوتابیانە لە بنەڕەتدا خەڵکی دەرەوەی شانشینی یەکگرتوون.

مێژووی شارەکه

لێکۆڵەرەوان پێیان وایە مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 10ـیەم. بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست، بەهۆی پیشەسازییەکانی خوری و قوماش کۆڤێنتری یەکێک بووە لە ئاوەدانترین ناوچەکان. بەداخەوە زۆربەی زۆری سامانی ئابووری کۆڤێنتری لە کۆتایی سەدەی 15ـدا لەدەستچوو. بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی ڕوویدا، هەتا دوای 300 ساڵ نەتواندرا زۆربەی زۆری شارەکە بنیات بنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە هیچ بەرفراوانبوونێکی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە نەبینی.

لە ساڵانی 1950 و 1960ـەکاندا ڕۆڵی شارەکە لە پیشەسازی مۆتۆڕ گەشتە لووتکە، بەدرێژایی ئەم کاتە، ناوەندەکانی شانۆ و وەرزش، لەگەڵ ناوەندەکانی بازرگانی وردە دروستکران. لە ساڵی 1965ـدا زانکۆی وارویک دامەزرا و بەخێرایی وەکوو یەکێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی خوێندنی باڵای وڵاتەکەی ڕۆڵی گێڕا. لە ساڵانی 1980ـکاندا ڕێژەی بێکاری لە شارەکەدا بەرزبوویەوە و ڕێژەی تاوانیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بەڵام لە ئێستادا کۆڤێنتری بە یەکێک لە سەلامەتترین شارەکانی شانشینی یەکگرتوو دادەنرێت و بە کێشەکانیدا تێپەڕی و گەڕایەوە باری ئاسایی خۆی.

گەشەی دانیشتووان

سەرەڕای ئەو وێرانکارییەی کە لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکان لە ساڵی 1940 ڕوویدا، لەگەڵ ڕێژەی بەرزی تاوان و بێکاری کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شارەکە بووەوە، کۆڤێنتری تا ڕادەیەک باش بوژاوەتەوە و یەکێکە لە خێرا گەشەسەندووترین شارەکانی شانشینی یەکگرتوو. لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2013 ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 2% زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران ڕوویان لە شارەکە کردووە و پێشبینی دەکرێت کۆچەری زیاتر بەبەردەوامی بێنە شارەکەوە لەبەرئەوەش کۆڤێنتری زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووان بەخۆیەوە دەبینێت.

کەشوهەوا

کۆڤێنتری کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا بەزۆری پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ 8- و 9- پلەی سەدی، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەم ساڵی 1983ـدا 14.5- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە زستاندا دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی 2019ـدا گەشتە 34.7 پلەی سەدی.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، بەگشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.

ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا 700 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکاندا کە مانگی شوبات و ئازارە 45 مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە تشرینی یەکەمە 70 مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی 1510 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. مۆزەخانەی گواستنەوەی کۆڤێنتری
  2. مۆزەخانەی مۆسیقای کۆڤێنتری
  3. کڵێسای کۆڤێنتری
  4. شانۆی بێلگراد
  5. مۆزەخانە و پێشەنگای نیگارکێشی هێربێرت
  6. گوندی فارگۆ
  7. پەیکەری خاتوون گۆدیڤا


سەرچاوەکان



552 بینین