مەئموون

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-05-18:45:00 - کۆدی بابەت: 9701
مەئموون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدوڵڵا ئەلمەئموونی کوڕی هاروونە ڕەشید ناسراو بە خەلیفە مەئموون (بە عەرەبی: عبداللە المأمون، بە ئینگلیزی: Al-Ma'mun)، حەوتەمین جێنشین و دەسەڵاتداری عەباسییەکان بوو. لە ساڵی ١٧٠ـی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٧٨٦ـی زایینی لەدایکبووە، ئەو ساڵە دەکات کە هاروونە ڕەشیدی باوکی دەسەڵاتی جێنشینی وەرگرتووە. دایکی بە ڕەچەڵەک فارس بووە و دوای لەدایکبوونی مەئموون بەماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەوە مردووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکی هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی چەند ناوچەیەکی پێدراوە و کراوە بە والی چەند شوێنێکی وەک ناوچەکانی خوراسان و هەمەدان.

سەردەمی دەسەڵات

ناکۆکی نێوان مەئموون و ئەمینی برای

لە سەردەمی دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید و لەسەر وەسێتی جێنشینی باوک بڕیار درا ویلایەت و دەسەڵات لەدوای هاروونە ڕەشید بدرێت بە "ئەمینی کوڕی هاروون"، لە ساڵی ١٨٦ـی کۆچی لە کاتی حەجکردن هاروونە ڕەشید بەڵێننامەیەکی لە نێوان مەئموون و ئەمینی کوڕی واژۆ کرد، کە دوای کۆچی دوایی هاروونە ڕەشید بڕیاری گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرەکی درا بە ئەمین و کرا بە جێنشنی باوکی، هەروەها چەند ناوچەیەکیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات نموونەی هەمەدان و خوراسان درا بە مەئموون. هاروونە ڕەشید پەیمانی لە هەردوو برا وەرگرت کە دژی یەک نەوەستن و تەبابن پێکەوە. بەڵام دوای کۆچی دوایی هاروونە ڕەشید و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەمینی کوڕی، بە ماوەیەکی کەم ناکۆکی و ناتەبایی هەردوو برا لەسەر دەسەڵات و پلە و پۆستەکان دەستی پێکرد، هەموو دانوستان و هەوڵەکانی ئاشتی لە نێوانیان شکستی هێنا.

هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان مەئموون و ئەمینی برای

لە ساڵی ١٩٥ـی کۆچی ئەمینی دەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی مەئموونی برای سڕکرد و دەیویست دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ کوڕەکەی خۆی کە ناوی "موسا" بوو. نازناوی جۆراوجۆری پێی بەخشی و ناوی لەسەر دراوی چەند ناوچەیەک هەڵکۆڵی، بەپێی چەند سەرچاوەیەکیش پەیمانی نێوان خۆی و براکەی سووتاند.

مەئموونی دەسەڵاتداری ناوچەی خوراسان هەموو ئەمانەی وەکوو ئاماژەی جەنگ لێکدایەوە، هەردوو برا هەر یەک سوپایەکیان دژ بە یەک ئامادەکرد و لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥ـی کۆچی لە سنووری خوراسان جەنگ لە نێوانیان ڕوویدا، سوپای مەئموون کە بەهێز و پتەو بوو بەسەر سوپای ئەمینی برایدا سەرکەوتوو بوو. دوای چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هەردوولا سوپای ئەمین تێکشکێنرا و جەنگ لە سنووری خوراسانەوە گوازرایەوە بۆ سنووری عێراق و شاری بەغداد لەلایەن سوپای مەئموونەوە گەمارۆدرا. دوای شکستهێنانی سوپا و پاشان دەسەڵاتەکەی خەلیفە ئەمین بڕیاری خۆبەدەستەوەدانی دا، لەسەر بڕیاری "تاهیری کوڕی حسێن" کە ڕابەری سوپاکەی مەئموون بوو ئەمینی کوڕی هاروونە ڕەشید کوژرا.

وەرگرتنی دەسەڵات

دوای کوژرانی ئەمینی کوڕی هاروونە ڕەشید، مەئموونی هاروونە ڕەشید بە فەرمی بوو بە حەوتەم جێنشینی عەباسییەکان. هەر لە خوراسان بەیعەتی پێدرا و بۆ ماوەی شەش ساڵ هەر لە ناوچەکە مایەوە و نەهاتە بەغداد کە ناوەند و پایتەختی دەسەڵاتی عەباسییەکان بوو. هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەئموون ترسی ئەوەی هەبووە کە دانیشتووانی بەغداد دەسەڵاتی ئەو ڕەتبکەنەوە، چونکە لایەنگیری ئەمینی برای بوون، بۆیە ماوەی شەش ساڵی سەرەتای دەسەڵاتەکەی لە خوراسان ماوەتەوە و لەو ڕێگەیەوە توانییەتی لە فارسەکان نزیک بێت و بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتەکەی بەکاریان بهێنێت.
شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی مەئموون تا ڕادەیەک گشتگیر بووە و پاڵپشتی بۆچوونە هاودژەکانی کردووە، لە هەندێک بارودۆخدا لایەنگیر و پاڵپشتی فارسەکانی کردووە، لە هەندێک بارودۆخی تر لایەنگیر و پاڵپشتی عەلەوییەکان بووە و دەسەڵاتی چەند ناوچەیەکی پێداون، پاشان بۆ هەندێک پرسی سەردەم لایەنگیری زانایانی سوننە و جەماعەت بووە. بەهۆی پەیڕەوکردنی ئەم شێوازی سیاسەتە تا ڕادەیەک توانی زۆرێک لە کێشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ بکات و تەنانەت ڕووبەڕووی شۆڕشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بووەتەوە و کۆتایی پێهێناون.

کارە گرنگەکانی مەئموون

مەئموون لەو دەسەڵاتدارانە بووە کە گرنگییەکی تایبەتی بە زانست و فەلسەفە دەدا. چونکە زۆر سەرسامی کولتوور و زانستی یۆنانی بووە، بۆیە بایەخێکی زۆری بە زانستەکانی یۆنان و ڕۆمانییەکان و تیۆرییەکانی ئەرستۆ دەدا، هەر بۆیە چەندان جووڵانەوە و گرووپی وەرگێڕانی دروستکرد، تەنانەت زاناکانی ئەو کاتەی بۆ مەبەستی وەرگرتن و گواستنەوەی زانست دەناردە گەشت بۆ یۆنان و ناوچەکانی دەوروبەری. لە زمانی سریانی و فارسی و ڕۆمانی لە بوارە جیاوازەکاندا بە فرمانی ئەو وەرگێڕان کراوە.

لە سەردەمی مەئموون زمانی عەرەبی گرنگی زۆری پێدراوە و پەرەی سەندووە، لە زمانی شیعر و وێژەوە بوو بە زمانی زانست و فەلسەفە و چەندان کتێبی فەلسەفی و هزری بە زمانی عەرەبی پاراو بڵاوکرانەوە. مەئموون گرنگی بە گفتوگۆ و گەنگەشەی نێوان زاناکان و بۆچوونە جیاوەزەکان داوە، بایەخی بە فەلسەفە و زانین و بابەتە هزرییەکان داوە، بۆیە بەشێک لە زانایان و فەلەکناسان و فەیلەسووفەکانی سەردەمی ئەو دەستڕۆشتوو و ناودار بوون وەک نموونەی جاحز و خوارزمی.
یەکەم جێنشین بوو کە لەسەر فرمانی ئەو پڕۆگرامێکی تایبەت بە گەردوونناسی داڕێژرا و یەکەمین کەس بوو کە کۆمەڵێک زانای بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ناردە وڵاتانی ڕۆمان. بوارەکان گەردوونناسی و جوگرافیا لە هەرە بوارە گرنگەکان بوون کە لە سەردەمی دەسەڵاتی مەئموون پەرەیان پێدرا و لەو سەردەمەوە بناغەی چەندان تیۆری و بۆچوون دانران، کە دواتر بوونە بنچینەی زۆرێک لە زانستەکان.

فیتنەی میحنەتی قورئان

لە سەردەمی مەئموون دیاردە و فیتنەی "محنة القران" یان "میحنەتی قورئان" ڕوویدا، کە تێیدا کەسایەتییە ناودارەکانی موعتەزیلەکانی ئەو سەردەمە بۆچوونێکیان بڵاوکردەوە کە قورئان وەکوو شتەکانی تری دونیا دروستکراو و ئافرێنراوە، بەڵام زانا ناودارەکانی ئیسلام نموونەی "ئەحمەدی کوڕی حەنبەل" ئەو بۆچوونەیان ڕەتکردەوە و دژی وەستانەوە، بەڵام خەلیفە مەئموون یەکێک بوو لە پاڵپشتیکارانی بۆچوونی موعتەزیلەکان، ئەم بیروڕایەی بە زەبری هێز لەنێو موسڵمانان سەپاند، هەر کەسێک دژایەتی بکردایە دووچاری زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت کوشتنیش دەبووەوە، دوای خۆی موعتەسەم بیللای براشی دریژەپێدەری هەمان بۆچوون بوو.

کۆچی دوایی

مەئموون کاتێک لە سەر خاکی بیزەنتییەکان بوو و بە دیاریکراوەی لە ناوچەی "بەندۆن"ـی سەر بە شاری تەڕسووس لە تورکیا سەرقاڵی کۆتا جەنگەکان بوو لەگەڵ ڕۆمەکان، دووچاری نەخۆشی بووەوە، لە ٢١٨ـی کۆچی بەرانبەر ٨٣٣ـی زایینی کۆچی دوایی کردووە و هەر لەو ناوچەیە نێژراوە، تا ئێستاش مەزاری گۆڕەکەی لە تورکیا هەر ماوە. دوای مەئموون موعتەسم بیللای برای دەسەڵاتی عەباسییەکانی گرتەدەست و بوو بە هەشتەمین جێنشینی عەباسییەکان.


سەرچاوەکان



899 بینین