چای گوڵەبەیبوون

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-05-23:49:00 - کۆدی بابەت: 9717
چای گوڵەبەیبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چای گوڵەبەیبوون (بە ئینگلیزی: Chamomile tea، بە عەرەبی: شاي البابونج)، یەکێکە لە جۆرەکانی چا، لە گوڵەبەیبوون پێکهاتووە. گوڵەبەیبوون جۆرە گیایەکە بۆ ماوەی چەندەها سەدەیە وەکوو چارەسەرێکی سروشتی بۆ چەند لایەنێکی تەندروستی بەکاردەهێنرێت. ئەم چایە بە وشککردنەوەی گوڵەبەیبوون و دواتر دانانی لە ناو ئاوی گەرمدا ئامادە دەکرێت، بەهۆی تامە شیرینەکەیەوە زۆر کەس ئەم چایەیان لاپەسەندە و ئارەزووی خواردنەوەی دەکەن. چای گوڵەبەیبوون بەهۆی بوونی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەیدا, ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە، هەروەها یارمەتی خەو دەدات و لە کرداری هەرسیشدا بەسوودە.

ئایا دەکرێت چای گوڵەبەیبوون بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی چا و قاوە لە سروشتدا ترشن، خواردنەوەیان بە گەدەی بەتاڵ دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ترشێتی-تفتێتی، لە ئەنجامدا کێشەی هەرسکردن بۆ کەسەکە دروست دەکات. چا پێکهاتەیەکی تێدایە پێی دەوترێت تیۆفایڵن (Theophylline)، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و ئەگەری هەیە کەسەکە تووشی قەبزی بکات. خواردنەوەی چا یان قاوە لە بەیانیاندا و لە کاتێکدا پێش ئەوە هیچ شتێکت نەخواردبێت، ئەو بەکتریا سوودبەخشانەی ناو دەم کە لە کرداری هەرسدا بەشدارن، دەبنە هۆی زیادکردنی ئاستی ترشەڵۆکی ناو دەم، بەمەش کەسەکە دووچاری داخورانی مینای ددان دەبێت.

چی کاتێک باشە بۆ خواردنەوەی چای گوڵەبەیبوون؟

خواردنەوەی چای گوڵەبەیبوون لە هەر کاتێکی ڕۆژەکەدا بێت گونجاوە، ئەم چایە دەمارەکان خاو دەکاتەوە، هەروەها کۆئەندامی دەمار ئارام دەکاتەوە، بۆ زیاتر سوودمەند بوون و خەوێکی ئاسوودە تر وا باشترە پێش خەوتن بخورێتەوە، یان دوای ژەمەکان. کەواتە پێش خەوتن یان دوای ژەمەکان گونجاوترین کاتە بۆ خواردنەوەی ئەم چایە.

سوودەکانی چای گوڵەبەیبوون 

باشترکردنی خەو 

چای گوڵەبەیبوون بەهۆی بوونی چەند تایبەتمەندییەکەوە ڕۆڵی لە باشترکردنی پڕۆسەی خەودا هەیە. ئەم چایە ئاپیجێنینی (Apigenin) تێدایە، دژەئۆکسێنێکە بە وەرگرە تایبەتەکانی مێشک دەلکێت و چارەسەری کەمخەوی و خەوزڕان دەکات، هەروەها بۆ ئەو کەسانەش باشە کە بە زەحمەت خەویان لێ دەکەوێت. لە لێکۆڵینەوەیەکدا، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەنجامدرا، ئەو خانمانەی دوای منداڵبوون چای گوڵەبەیبوونیان خواردووەتەوە، خەویان باشتربووە و ئاسانتر خەویان لێ کەوتووە بەبەروارد بەو خانمانەی دوای منداڵبوون نەیان خواردووەتەوە. لێکۆڵینەوەیەکی تر دەریخستووە، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ بڕی ٢٧٠ گرامیان لەم چایە خواردووەتەوە نزیکەیی ١٥ خولەک زووتر خەویان لێ کەوتووە و هەروەها کێشەی خەوتنیان کەمتر بووە.

یارمەتی کرداری هەرس دەدات 

چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوەیان دەرخستووە، ئەم چایە ڕۆڵی لە کرداری هەرسدا هەیە، چونکە ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە کەم دەکاتەوە کە پەیوەندییان بە گەدە و ڕیخۆڵەوە هەیە. خواردنەوەی کوپێک لەم چایە دوای نان خواردن ئەگەری تووشبوون بە هەڵئاوسانی سک و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە کەم دەکاتەوە.

لەشی مرۆڤ لە هەندێک جۆری شێرپەنجە دەپارێزێت

لەبەرئەوەی ئەم چایە دژەئۆکسێنی تێدایە، ڕێگری لە هەندێک جۆری شێرپەنجە دەکات. دژەئۆکسێنی وەک ئاپیجێنینی تێدایە، دژ بە خانە شێرپەنجەییەکانە و ڕێگری لە دروستبوونیان دەکات بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمک، پێست، پڕۆستات و منداڵدان. لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە نێوان ٥٣٧ کەس ئەنجامدرا ئەوەیان ئاشکراکرد، ئەو کەسانەی ٢-٦ جار لە هەفتەیەکدا ئەم چایەیان خواردووەتەوە ئەگەری تووشبوونیان بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کەمتر بووە بە بەراورد بەوانەی نەیان خواردووەتەوە. 

کۆنتڕۆڵی ئاستی شەکر لە خوێندا دەکات 

خواردنەوەی چای گوڵەبەیبوون یارمەتی کەمکردنەوەی ئاستی شەکر دەدات. ئەم چایە تایبەتمەندی وەک دژەهەوکردنی هەیە، ڕێگری لە زیانگەیاندن بە خانەکانی پەنکریاس دەکات کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن ڕوودەدات. هێشتنەوەی پەنکریاس بە تەندروستی زۆر گرنگە، چونکە ئەنسۆلین (Insulin) بەرهەم دەهێنێت، ئەنسۆلین هۆڕمۆنێکە بەرپرسیارە لە کەمکردنەوە و لابردنی شەکر لە خوێندا. لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ٦٤ نەخۆشی تووشبوو بە شەکرە ئەنجامدرا، ئەم نەخۆشانە بۆ ماوەی ٨ هەفتە دوای ژەمەکان چای گوڵەبەیبوونیان خواردووەتەوە، لە ئەنجامدا ئەوە ئاشکرا بووە، ئاستی شەکری خوێنیان کەمتر بووە بە بەروارد بەو کەسانەی نەیان خواردووەتەوە. 

یارمەتی باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدات 

ئەم چایە دژەئۆکسێی تری وەک فلاڤۆن (flavone) تێدایە، فلاڤۆن یارمەتی دابەزینی پەستانی خوێن دەدات و ئاستی کۆلیستڕۆڵ کەم دەکاتەوە. بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی کۆلیستڕۆل دوو نیشانەی هەبوونی نەخۆشییەکانی دڵە. ئەم چایەش بە کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیستڕۆڵ و پەستانی خوێن ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات.


سەرچاوەکان

133 بینین