بۆچی فرمێسک سوێرە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-06-21:49:00 - کۆدی بابەت: 9727
بۆچی فرمێسک سوێرە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی فرمێسک سوێرە (بە ئینگلیزی: why is tear salty، بە عەرەبی: لماذا الدموع مالحة)، لەوانەیە لەکاتی سەیرکردنی فیلمێکی خەمناکاوی گریابیت، یان لەکاتی پاککردن و قاشکردنی پیازدا فرمێسک بە چاوتدا هاتبێتە خوارەوە، چووبێتە ناو دەمتەوە و بە ئاشکرایی هەستت پێ کردبێت تامێکی سوێری هەیە. فرمێسک شلەیەکی ڕوونە لە فرمێسکە ڕژێندا کۆدەکرێتەوە، چەندین ئەرکی گرنگی هەیە وەک: چاوەکان بە تەڕی دەهێڵێتەوە، توانای سەرنجدان بۆ ڕووناکی زیاد دەکات، بەمەش شتەکانی دەوروبەر بەڕوونی دەبینیت و چاو لە تووشبوونە میکرۆبییەکان دەپارێزێت.

بۆچی فرمێسک سوێرە؟

فرمێسک سوێرە لەبەرئەوەی ئەلیکترۆلایتی تێدایە، کە خوێی سروشتین، لە لەشی مرۆڤدا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی کۆئەندامی دەمار و گواستنەوەی زانیارییەکان لە نێوان دەمارە خانەکاندا پێویستن. گرنگترین ئەلیکترۆلایتەکانی لەشی مرۆڤ بریتیین لە پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، کالسیۆم، فۆسفۆر و مەگنیسیۆم

فرمێسک لە چی درووستبووە؟

فرمێسک تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە و پێکهاتووە لە:

هەریەک لەم پێکهاتانە گرنگی خۆی هەیە، چینە چەورییەکە لەلایەن چەورییە ڕژێنەکان بەرهەم دەهێنرێت، پێکهاتەیەکی نەرم بە فرمێسکەکە دەدات و وا دەکات بەخێرایی وشک نەبێتەوە. ئاو لەلایەن فرمێسکە ڕژێنەوە بەرهەم دەهێنرێت، چاوەکان لە تەنۆلکەی دەرەکی دەپارێزێت و پاکیان دەکاتەوە و بەشی هەرە زۆری فرمێسک پێك دەهێنێت، هەر لەبەر ئەوەشە  لە پێکهاتەکەیدا هەست بە بوونی چەوری ناکەیت. لینجە ماددەکە یارمەتی بڵاوبوونەوەی ئاو دەدات و ئەمەش وا دەکات بە بەردەوامی چاو بە شێداری بمێنێتەوە، هەروەها فرمێسک چاو بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

فرمێسک لە کوێوە دێت؟ 

فرمێسک لەلایەن ڕژێنەکانی سەر چاو و خوار پەردەی چاو بەرهەم دەهێنرێت، لە ڕژێنەکانەوە دێتە خوارەوە و بە چاودا بڵاودەبێتەوە. هەندێک فرمێسک لە جۆگەی فرمێسکەوە دەچنە ناو لووت. بەپێی ئەکادیمیای پزیشکێتی چاوی ئەمریکی (AAO)، لەماوەی ساڵێکدا هەر کەسێک نزیکەیی ١٥ بۆ ٣٠ گاڵۆن فرمێسک دەڕژێت. 

جۆرەکانی فرمێسک

  • فرمێسکی بنچینەیی: ئەم جۆرە بە بەردەوامی لەناو چاودا هەیە، چاوەکان دەپارێزێت و هەروەها خواردن بۆ کۆرنیا دابین دەکات. 
  • فرمێسکی پەرچەکردار: ئەو جۆرە فرمێسکەیە لە ئەنجامی کزانەوەی چاو بەهۆی جگەرەکێشان، با، یان تەپ‌وتۆز دروست دەبێت. فرمێسکی پەرچەکردار ئەو جۆرەیە لە کاتی پاککردن و قاشکردنی پیازدا دروست دەبێت. 
  • فرمێسکی هەستبزوێن: ئەم جۆرە فرمێسکە لە ئەنجامی هەستکردن بە ئازار دروست دەبێت، یان لەکاتی هەستکردن بە دڵخۆشی، خەمباری و ترسدا پەیدادەبێت. 

زۆریی فرمێسک 

لە گۆشەی چاودا، جۆگەیەک هەیە لەکاتی تووشبوون بە هەڵامەت، ئەم جۆگانە دەکرێت هەڵئاوسێن و بگیرێن واتە دابخرێن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیاد هاتنە خوارەوەی فرمێسک بە چاودا. یەکێکی تر لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی زۆر هاتنە خوارەوەی فرمێسک پەیوەندی بە هەبوونی کێشە لە فرمێسکە ڕژێندا هەیە، ئەم ڕژێنە ناتوانێت بڕی پێویست لە پێکهاتەی چەوری بەرهەم بهێنێت. لە کاتی تووشبوون بە هەستیاری یان هەوکردن دەکرێت ئەم حاڵەتە ڕووبدات، لەبەرئەوەی لەشی مرۆڤ دەیەوێت لەڕێگەی ڕژاندنی فرمێسکەوە، چاوەکان لەو شتە پاک بکاتەوە کە بێزاریان دەکات. 

کەمیی فرمێسک 

دەکرێت چاوەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی تووشی وشکبوونەوە بن، بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا، خواردنی دەرمان یان بەکارهێنانی چارەسەری شێرپەنجە. هەریەک لەم حاڵەتانە کار دەکاتە سەر ئەرکی چاو، وا دەکات بە بڕی پێویست فرمێسک دروست نەکات. نیشانەکانی بریتیین لە هەستکردن بە سووتانەوە و سووربوونەوەی چاو، هەستیاری بە ڕووناکی، هەستکردن بەوەی شتێک لەناو چاودایە و هەروەها لێڵبوونی چاو.


سەرچاوەکان



789 بینین