ئۆکسفۆرد

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-09-22:02:00 - کۆدی بابەت: 9771
ئۆکسفۆرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆکسفۆرد (بە ئینگلیزی: Oxford، بە عەرەبی: أكسفورد)، شارێکە لە ئۆکسفۆردشایەر، لە ئینگلتەرا، ئەم شارە دەکەوێتە باشووری ئینگلتەرا و ٩٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای لەندەن و ١٠٣ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بێرمینگهام و ٩٨ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری بریستۆڵەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٥١٫٥٨٤ کەس بوو.

مێژووی شارەکه

مێژووی شاری ئۆکسفۆرد لە ئینگلتەرا دەگەڕێتەوە بۆ نشینگە سەرەتاییەکەی لە سەردەمی ساکسۆنیەکاندا. سەرەتا بەهۆی شوێنە کۆنترۆڵکراوەکەی لە نزیک سەرچاوەی ڕووباری تایمز (Thames) لە گەیشتگەکەی لەگەڵ ڕووباری چێروێڵ (Cherwell) گرنگییەکی ستراتیجی هەیە. شارۆچکەکە لە سەردەمی نۆرمانەکاندا گرنگییە نیشتیمانییەکەی زیادی کرد، زانکۆی ئۆکسفۆرد لە سەدەی ١٢ دامەزرا و لە کۆتاییدا بەسەر چالاکییەکانی ناو شارۆچکەکەدا زاڵ بوو، ئەمەش چەندین ناکۆکی ناوەندە ئەکادیمییەکە و دانیشتووانی دەوروبەری لێکەوتەوە. شارەکە لە سەردەمی پاشاگەردانی و لە ساڵی ١١٤٢ـدا گەمارۆ درا و لە سەرەتای سەدەی ١٣ و لە کاتی جەنگی باڕۆنەکاندا هێرشی کرایە سەر قەڵای ئۆکسفۆرد. سەردەمی چاکسازی ئینگلیزی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئۆکسفۆرد بوو. هەروەها شارۆچکەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شەڕی ناوخۆی ئینگلیزیدا و جارێکی تر گەمارۆ درایەوە.

دواتر لە سەدەی ١٩ و ٢٠ـدا، شارۆچکەکە گەشەی کرد و پیشەسازی بووژایەوە، پیشەسازییە سەرەکییەکانی چاپکردن و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا دامەزران. ئەم پیشەسازیانە دواتر لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا پووکانەوە و لە ئێستا ئۆکسفۆرد بە پیشەسازی پەروەردە و گەشتیاری بەناوبانگە.

گرنگی شارەکە

شاری ئۆکسفۆرد شوێنی زانکۆی ئۆکسفۆردە کە کۆنترین زانکۆی زمانی ئینگلیزییە لە جیهاندا، خاوەنی چەند بینایەکە کە بە هەموو شێوازێکی تەلارسازی ئینگلیزی لە کۆتاییەکانی ئەنگلۆ-ساکسۆنیەوە دروست کراوە. پیشەسازییەکانی ئۆکسفۆرد بریتین لە بەرهەمهێنانی مۆتۆڕ، پەروەردە، بڵاوکردنەوە، تەکنەلۆجیای زانیاری و زانست. هەروەها ئۆکسفۆرد ٥٢ـەمین شاری گەورەی شانشینی یەکگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە ناسراوترین شارەکانی جیهان و خاوەنی ئابوورییەکی گەشەسەندووە کە ساڵانە بەهێزتر دەبێت.

٤٫٧٥٠ پیشەسازی جیاواز لە سەرتاسەری ئۆکسفۆردا هەن کە زیاتر لە ١٢٠٫٠٠٠ هەلی کار بۆ هەردوو دانیشتووی شارەکە و هەروەها ئەو خوێندکارانە دابین دەکەن کە بەدوای کاری پارت تایمدا دەگەڕێن. هەندێک لە پیشەسازییە بەناوبانگەکانی ئۆکسفۆرد بریتین لە تەندروستی، توێژینەوە، گەشتیاری، دروستکردنی ئۆتۆمبێل، تەکنەلۆجیا و بڵاوکردنەوە.

دانیشتووان

ئۆکسفۆرد شارێکی گەورەیە و ڕووبەری گشتی شاری ئۆکسفۆرد ٤٥٫٥٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ـدا ١٦١٫٣٠٠ کەس بوو. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاد دەکات، چڕی دانیشتووانی شارەکە لە ئێستادا نزیکەی ٣٫٢٧٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. تەمەنی یەک لەسەر سێی دانیشتووانەکەی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵیدایە و نزیکەی ٢٠٪ی دانیشتووان لە وڵاتانی دیکەی جیهان لەدایکبوون. هەروەها زیاتر لە ٣٢ هەزار خوێندکار لە دوو زانکۆی شارەکەدا دەخوێنن، ئەم شارە بە دوانزەهەم خێراترین شاری گەشەسەندووی شانشینی یەکگرتوو دادەنرێت.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێستی بەریتانی: ٦٣٫٦٪
  • سپی پێست ئێرلەندی: ١٫٦٪
  • سپی پێستی نەتەوەکانی تر: ١٢٫٥٪
  • بەریتانی ئاسیایی: ١٢٫٥٪
  • ڕەگەزی تێکەڵ: ٤٪
  • ڕەش پێست: ٤٫٦٪
  • نەتەوەکانی تر: ١٫٤٪

ئایین

یەکێک لە ڕاستییە سەرنجڕاکێشەکانی شاری ئۆکسفۆرد ئەوەیە کە کولتوورێکی ئایینی زۆر هەمەچەشنی هەیە. وەک زۆربەی ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو، ئایینی مەسیحی بەربڵاوترین ئایینە، بەڵام ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش لە کاتی بەراوردکردنی داتای سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠١١دا دەردەکەوێت. بەپێی ئەو ژمارانەی کە لە ساڵی ٢٠٠١ـدا بڵاوکرانەوە ٧١.٦٪ـی دانیشتووانی شارەکه بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ ئەو ڕێژەیە بۆ ٥٩.٣٪ دابەزیبوو. بە پێچەوانەوە، ئەوانەشی خۆیان بە بێ ئایین دەدا لە قەڵەم لە ١٥٫٥٪ بۆ ٢٥٫١٪ بەرزبوویەوە. ڕێژەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی دیکە زیادبوونیان بەخۆیەوە بینی. ئایینی ئیسلام لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ لە ٢٫٧٪ بۆ ٤٫٨٪ بەرزبوویەوە، ئایینی سیخ لە ٦٪ بۆ ٨٪ و ئایینی بوودی لە ٣٪ بۆ ٤٪ بەرزبوویەوە، بەڵام ئایینی جوولەکە بە ڕێژەی ٥٪ وەک خۆی مایەوە.

ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ٧٪ـی دانیشتووان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە سوارچاکی جێدین (ئامارێک کە ڕەنگە لەسەر ئەو کەسانەی کە هەواداری جەنگی ئەستێرەکان نین ڕێژەکەی کەم بکات)، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١١دا بۆ ٣٪ دابەزی. چەند ئایینێکی دیکە لەناو شارەکەدا پەیڕەو دەکرێن، بەڵام ژمارەی پەیڕەوکەرانیان زۆر کەم بوون بۆیە لە نێوان ڕێژەکاندا هەژمار نەکران.

کەشوهەوا

شاری ئۆکسفۆرد کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٦- و ٧- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو.

لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ـدا ١٦٫٦- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمێک کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. بەڵام شارەکە لە گەرمترین ناوچەی بەریتانیای مەزنە و تاکە ناوچەیە کە بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگی تەممووزدا دەگاته ٢٣ پلەی سەدی یان زیاتر، سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیردرێت کە بەزۆری کورتخایەنن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠١٩ـدا ٣٦.٥ پلەی سەدی بوو.

تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگدا کە کانوونی دووەمە ٥٫١ پلەی سەدییە، پلەی گەرمی گەرمترین مانگی ساڵدا کە تەممووزە ١٨.١ پلەی سەدییە. هەروەها باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بەگشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.

ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا ٦٨٠ مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی شوبات و ئازارە ٤٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەمە ٧٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٦١٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. ناوەندی شاری ئۆکسفۆرد
  2. کڵێسای زانکۆی سەینت مەریەمی پاکیز
  3. کۆڵێجی کڵێسای مەسیح
  4. کۆلێجی مەریەمی مەجدەليايی
  5. گۆڕەپانی ڕادکلیف و پەرتووکخانەی بۆدلین
  6. کۆنترین مۆزەخانەی ئینگلتەرا: مۆزەخانەی ئاشمۆلیەن
  7. مێژووی مۆزەخانەی زانستی
  8. مەزارگەی شەهیدان
  9. زیندان و قەڵای ئۆکسفۆرد
  10. مۆزەخانەی مێژووی سروشتی زانکۆی ئۆکسفۆرد


سەرچاوەکان



406 بینین