فلاش

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-10-22:36:00 - کۆدی بابەت: 9782
فلاش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فلاش (بە عەرەبی: البرق یان ذا فلاش، بە ئینگلیزی: The flash) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکە لەلایەن کۆمیکەکانی دیسییەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی فلاش لەلایەن نووسەر گاردنەر فاکس و هونەرمەند هاری ڵامپەرتەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٠ لە کۆمیکی Flash comics #1. هەموو بەرجەستەبوونەکانی فلاش خاوەنی هێزی "سوپەرسپید"ـن، کە ئەو توانایەیان پێدەبەخشێت بتوانن زۆر بەخێرایی ڕابکەن، بجووڵێن و بیربکەنەوە، هەروەها توانای بەرپەرچدانەوەی سەروومرۆیییان هەبێت لەگەڵ شکاندن و سەرپێچی کردنی یاساکانی فیزیا.

تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە پێنج کەسایەتی جیاواز کە هەر یەکەیان بەشێوەیەک سوپەرسپیدیان بەدەستهێناوە و توانیویانە پۆشاکی فلاش بپۆشن لە مێژووی دیسیدا، کەسایەتییەکان بریتین لە:

  1. جەی گاریک: وەرزشکاری کۆلێج
  2. بێری ئاڵن: زانای پزیشکی دادوەری
  3. واڵی وێست: برازای ئایرس
  4. بارت ئاڵن: نەوەی بێری ئاڵن
  5. ئەیڤری هۆ: چینی-ئەمریکی

هەر یەکێک لەم کەسایەتییانە ئەندامی سەرەکی یەکێک لەتیمە گرنگەکانی دیسی بوون وەکوو: کۆمەڵگەی دادپەروەری ئەمریکا، دەستەی دادپەروەری و بەهێزە هەرزەکارەکان.

فلاش یەکێکە لەبەناوبانگترین کەسایەتییەکانی کۆمیکی دیسی کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هێڵە چیرۆکەکانی نووسەرەکان سەبارەت بە تەنگەژەکانی گۆڕانی واقیع بەدرێژایی ساڵان. چاوپێکەوتنە ڕەسەنەکەی فلاشی چاخی زێڕین جەی گاریک و فلاشی چاخی زیو بێری ئاڵن لە کۆمیکی Flash of the two worlds لە ساڵی ١٩٦١، چەمکی هێڵی چیرۆکی فرەگەردوونیی بە خوێنەرەکانی دیسی ئاشنا کرد، کە بووە بنچینەی گەلێک لە چیرۆکەکانی دیسی لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا.

ژیان و لەدایکبوونی منداڵی

تێبینی: ئەم نووسینە چیرۆک و کەسایەتی فلاشەکەی بێری ئاڵن لە خۆ دەگرێت.

بێری ئاڵن لە ١٣ـی ئایار لەدایکبووە. بەناوی باپیرەیەوە ناونراوە. ئەو کاتەی بێری منداڵ بوو، پەیوەندی نێوان دایک و باوکی باش نەبوو.

لەکاتێکدا بێری خۆی ئامادە دەکرد بۆ پێشبڕکێیەکی ڕێنووسی وشە بە شێوەی زارەکی لە قوتابخانە، نۆرای دایکی هەوڵی دەدا کە هانی بدات سەرەڕای ئەوەی دوو شەفت کاری دەکرد و هەوڵی جیابوونەوەشی لە باوکی بێرن دەدا کە ناوی هێنرییە. هێنری لە ڕۆژی پێشبڕکێکەدا کاغەزی جیابوونەوەکەی بە دەست گەیشت، بەڵام لەبەرئەوەی نۆرا لەسەر کاربوو، زۆر تووڕە بوو و بێری برد بۆ قوتابخانە. کاتێک نۆرا لەسەر کار گەڕایەوە زۆر دڵخۆش بوو کە بینی کوڕەکەی براوەی پێشبڕکێکە بووە. بەڵام ناچاربوو سەبارەت بە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ هێنری قسە بکات، بۆیە بێریان نارد بۆ دووکانی کتێب فرۆشییەکە لەو کاتەدا. ئەو کاتەی بێری گەڕایەوە، دایکی کوژرابوو، هەروەها باوکیشی بە تاوانی کوشتنی دایکی دەستگیرکرابوو هەرچەندە دەشیگوت بێتاوانە.

خۆشبەختانە، دێڕڵ فرای، کە بە نهێنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ نۆرادا هەبوو، بە نهێنی هەوڵیدا و توانی بێری بگرێتە خۆی. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بێری لە زیندان سەردانی باوکی دەکرد، بەڵێنی بە باوکیدا بەدواداچوون بۆ هەموو بەڵگەکانی دۆسیەی مردنی دایکی بکات بۆ سەلماندنی بێتاوانییەکەی.

لە کاتێکدا گەشتبووە تەمەنی پێگەیشتن، ئەو ژیانەی کە بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان سەبارەت بە دایکی تەرخانی کردبوو بووە هۆی ئەوەی ببێتە زانایەکی پزیشکی دادوەری لە بەشی پۆلیسی سێنتراڵ سیتی. 

بەهۆی بەسەربردنی چەندین ساڵی تەمەنی لە زیندان، هێنری ماندوو و بێ هیوا بووبوو، بە گریانەوە بە کوڕەکەی وت و دانی پێدانا کە ئەو تاوانەکەی ئەنجامداوە. بێری بەهۆی شۆکی ئەوەی هەموو هەوڵەکانی لە پێناو هیچدا بووە تووشی خەمێکی قووڵ بوو. لە شەوێکی زریاناویدا، بێری بە تووڕەییەوە تاقیگەکەی دا بەسەر یەکدا. لەناکاو بروسکەی هەورەبروسکەیەک پەنجەرەی تاقیگەکەی شکاند و بەر سنگی بێری کەوت و بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەو کەمۆڵە شووشانەی ماددەی کیمیایی تێدابوو لە دەستی بکەوێتە خوارەوە و بڕژێت بەسەر خۆیدا.

ئەو شەوەی بێری بروسکەکەی بەرکەوت، ئایرس چاوپێکەوتنێکی بۆ ڕێکخستبوو، چاوپێکەوتنێک کە ئۆگەست هارتی هاوڕێی بێری ئامۆژگاری کردبوو لە دەستی نەدات. لە کۆتاییدا بێری ناتوانێت بچێت بۆ چاوپێکەوتنەکە چونکە بەرکەوتنی بە بروسکەکە بۆ چەند مانگێک دەیخاتە دۆخی بێهۆشییەوە.

دوای چوار مانگی دوورودرێژ لە بێهۆشی دوای ڕووداوەکە، بێری هۆشی هاتەوە و تووشی شۆک بوو بەوەی کە توانای خێرایی زۆری بەدەستهێناوە. لە سەرەتادا زەحمەتی دەکێشا بۆ جڵەوکردنی توانا نوێیەکانی. لە سەرەتاوە لە نەخۆشخانەوە چووەوە شوقەکەی و  جڵەوی خۆی لەدەستدا، پاشان لە شوقەکەیەوە چووەوە بۆ تاقیگە کۆنەکەی بە خێرایی خۆی گۆڕی و لەوێ چاوی بە ئۆگەست هارتی هاوڕێی کەوت کە پێی وابوو کەسێک هاتووەتە تاقیگەکەوە و بینی ئەو کەسە هاوڕێ نزیکەکەیەتی. ئۆگەست پێشنیاری بۆ کرد بەڕێوەبەر سینگ لەوە ئاگادار بکاتەوە کە بێری گەڕاوەتەوە، بەڵام بێری پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە. پێی گوت کە دۆسیەیەکی تایبەت هەیە دەبێت خۆی لێی بکۆڵێتەوە.

لە ماوەی مانگی داهاتوودا، دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی توانا تازە دۆزراوەکانی، دەیویست سنووری تواناکانی تاقیبکاتەوە. هەر لەو ماوەیەدا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە پێڵاو و جلوبەرگی ئاسایی بەرگەی ئەو خێراییە زۆرە ناگرن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پووت و جلوبەرگی دروستکرد کە تایبەت دروستکرابوو و دژەلێکخشان بوو بە بەکارهێنانی ماددەیەک لەو چاکەتە دژەئاگرانەی کۆمپانیای وەین ئینتەرپرایز بەخشیبووی بە بەشی ئاگرکوژێنەرەوەی سێنتراڵ سیتی. بە کەلوپەلە تازەکانی، هەوڵی دەدا بۆ دۆزینەوەی ترۆپکی خێرایییەکەی، هەوڵێک کە لە دەرئەنجامدا بەبێ ویستی خۆی بێری هەڵدایە داهاتووەوە و لەوێ ڕووبەڕووی وەشانێکی داهاتووی خۆی بووەوە لە وەشانێکی سێنتراڵ سیتیدا کە لەلایەن تێرتڵەوە فەرمانڕەوایەتی دەکرا.

بێری دەتۆقێت، بەڵام ڤێرژنی خۆی لە داهاتوودا ئارامی دەکاتەوە. پێکەوە لەگەڵ خزمەتکارەکانی تێرتڵدا دەجەنگن و پاشان وەشانەکەی داهاتووی، بێری بە ئامێری ڕاکردنی گەردوونیی ئاشنا دەکات و دەینێرێتەوە بۆ کاتی خۆی.

کەسایەتی

بێری ئاڵن کەسێکە حەزی بە زانستە و کەسێکی شەرمنە، هەرچەندە شەرمنییەکەی وای لێدەکات سەرنجڕاکێش بێت. پێش ئەوەی تواناکانی بەدەستبهێنێت کەسێک بوو هەمیشە بۆ کار دوادەکەوت، بەڵام ئێستا بەهۆی ژیانە دوانەیییەکەیەوە هەمیشە سەرقاڵە. توانا نوێیەکانی هەندێکجار وای لێدەکات لەخۆبایی بێت، بەڵام کرۆکی کەسایەتییەکەی دڵە گەورەکەیەتی. ویستی هەیە بۆ یارمەتیدانی خەڵک و ئەمەش دەیکات بە فلاشێکی زۆر باش.

هاوڕێ و دوژمنەکانی فلاش

دۆست و هاوڕێکانی

  1. ئەبراهام سڵام
  2. ئادەم سترەینج
  3. ئێر وەیڤ
  4. ئاڵفرێد پێنیۆرس
  5. ئاکوامان
  6. باربرا گۆردن
  7. باتمان
  8. سایبۆرگ
  9. گرین ئارۆو
  10. هاڵ جۆردن

دوژمنەکانی

  1. کاپتن کۆڵد
  2. زووم
  3. ئیۆبرد ثۆن
  4. میرەر ماستەر
  5. وێذەر ویزەرد
  6. هیت وەیڤ
  7. کاپتن بوومەرانگ
  8. ئابرا کەدابرا
  9. تێرتڵ

تواناکانی فلاش

بێری ئاڵن بەهۆی بەرکەوتنی بە بروسکەکەوە، هێزی خێرایی بەدەستهێناوە، کە هێزێکی گەردوونی نادیارە و کات و بۆشایی پێکەوە بەرەو پێشەوە پاڵ دەنێت، ئەمە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی وزەی زۆر و پێویستە وزەکە بەرەڵا بکرێت. بەهۆی توانای جڵەوکردن و تێگەیشتن لەم هێزە چەند توانایەکی بەدەستهێناوە کە بریتین لە:

  1. خێرایی سەروومرۆیی
  2. توانای بەرپەرچدانەوەی سەروومرۆیی
  3. توانای بەرگەگری سەروومرۆیی
  4. توانای چوستی سەروومرۆیی
  5. هێزی سەروومرۆیی
  6. قەڵغانی هێزی خێرایی: جەستەی بە پارێزەری لێکخشان دەورە دراوە، بوارێکی هەڵمژەری وزەی جووڵاوە کە خۆی و هەر کەسێک کە هەڵی گرتبێت دەپارێزێت لە کاریگەرییەکانی ئەم خێراییە
  7. توانای بەرگەگرتنی سەروومرۆیی
  8. توانای خێرا چاکبوونەوە
  9. بە سوڕاندنەوەی قۆڵی بە خێراییەکی زۆر یان ڕاکردن بە شێوەیەکی بازنەیی دەتوانێت گێژاوی بەهێزی با دروست بکات
  10. دەتوانێت بفڕێت
  11. دەتوانێت بە ڕەهەندەکاندا گەشت بکات
  12. دەتوانێت دەستکاری شەبەنگی کارۆموگناتیسی بکات
  13. بە سەرنج خستنە سەر لەرەلەرەکەی، دەتوانێت هێزی خێرایی بارگاوی بەرهەم بهێنێت و ئاڕاستەی بکات. واتە دەتوانێت بروسکە لە دەستەکانییەوە بەرهەم بهێنێت.
  14. توانای گۆڕانکاری لە وزەدا هەیە: بێری بۆی دەرکەوتووە دەتوانێت بە هێزی خێراییەکەی کات بەرەو پێشەوە ببات. لەم کاتەدا هێزەکە بێری دەباتە دۆخێکی بەرزترەوە، کە ڕەنگی بروسکەکەی دەگۆڕێت بۆ سپی و لە کاتی ئاسایی خێراتر دەبێت. کاتێک ئەم بڕە زۆرەی وزەی هێزی خێرایی بەکاردەهێنێت بێری دەچێتە دۆخێکەوە و دەبێتە وزەی پوخت. لەم کاتەدا ئەوەندە بە خێرایی دەجووڵێت کە دەتوانێت لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێک بێت.
  15. لە ڕووی مێشکیشەوە هێزی خێرایی وای لێدەکات، مێشکی زۆر بەخێرایی کاربکات و توانای هەیە لە ڕووی تاکتیکییەوە پێشبینی ژمارەیەکی زۆر لە ئەگەر و دەرئەنجامە شیاوەکانی هەر دۆخێک بکات.
  16. توانای هەستکردن و بینینی زیاد دەکات و دەتوانێت هەست بە سۆزی کەسانی تر بکات.
  17. توانای تەنافبازی هەیە
  18. شارەزایی لە کیمیادا هەیە
  19. شارەزایی لە کۆمپیوتەردا هەیە
  20. شارەزایی لە زانستی تاواندا هەیە
  21. شارەزایی لە شەڕی دەست بۆ دەست هەیە
  22. شارەزایی لە ئەندازیاری میکانیکی، شیکردنەوەی تاکتیک و لێکۆڵینەوەدا هەیە
  23. خاوەنی ویست و ئیرادەی بەهێزە

خاڵی لاواز

  1. ناجێگیریی هێزەکەی
  2. بەرامبەر تەقینەوە ڕەهەندییەکان لاوازە
  3. بەرگەی پلەی گەرمی زۆر بەرز یان زۆر نزم ناگرێت
  4. ئەگەر بخرێتە ناو خانەیەکەوە کە شەپۆلی کارۆموگناتیسی تێدابێت، ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی فلاشی بێری ئاڵن تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەند ئەکتەرێکی جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، کە بریتین لە:

  1. جاک ئەنجڵ
  2. جۆن وێزڵی شیپ
  3. گرانت گەستن
  4. ئێزرا میڵەر

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

  1. زنجیرەی The Flash 2014-2023
  2. فیلمی Zack snyder's justice league 2021
  3. فیلمی Justice league 2017
  4. زنجیرەی The flash 1990-1991
  5. فیلمی Justice league : The flashpoint paradox 2013


سەرچاوەکان



515 بینین