هەڵەکانی کاتی خواردن ئامادەکردن و چارەسەرکردنیان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-12-20:25:00 - کۆدی بابەت: 9811
هەڵەکانی کاتی خواردن ئامادەکردن و چارەسەرکردنیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باوترین هەڵەکانی کاتی خواردن دروستکردن (بە ئینگلیزی: common cooking mistakes، بە عەرەبی: اخطاء الشائعة اثناء الطبخ)، هەرچەندە کە چێشتلێنەرێکی باشیش بیت، هێشتا دەتوانیت هەڵە بکەیت و خواردنەکەت خراپ بکەیت.

هەندێک جار خواردنەکەت زۆر تون، سوێر، ترش، تاڵ یان لە هەمووی خراپتر بێتام دەردەچێت، کە چارەسەری سادە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم هەڵانە، لێرەدا کۆمەڵێک لەو هەڵانە و چارەسەرکردنیان دەخرێتەڕوو.

هەڵەکان و چارەسەرکردنیان

  1. زیادکردنی ڕێژەی یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکان: کاتێک ڕێژەی پێکهاتە سەرەکییەکە هەڵە دەبێت، سادەترین ڕێگا بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، زیادکردنی بڕی زیاتر لە پێکهاتە سەرەکییەکانە، هەڵبەت بەم ڕێگایە لەکۆتاییدا خواردنەکە زیاتر لەوە دەردەچێت کە مەبەستت بووە.
  2. سوێربوونی خواردنەکە: ئەگەر خوێ زیاد لە پێویست بەکاربێت بۆ خواردنەکە، تامی خواردنەکە تێکدەدات، ئەگەر خواردنەکە شلەمەنی بوو ئەوا تەنیا بە زیادکردنی ئاو بۆی دەتوانی سوێرییەکەی نەهێڵیت، هەروەها دەتوانیت پێکهاتە سەرەکییەکەی خواردنەکەش بەکاربهێنیت.
  3. بێتامبوونی خواردنەکە: ئەگەر خواردنەکەت بێتام بوو، دەبێت شتێکی بۆ زیاد بکەیت، خوێ ئاسانترین چارەسەرە چونکە تەمەکانی خواردنەکە بەهێز دەکاتەوە، دەتوانیت شیرینی، بەهارات، ترشی یان هەر تامێکی تر کە دەتەوێت لە خواردنەکەدا زاڵ بێت زیادی بکەیت.
  4. سیسبوونی سەوزەکان: دەفرێکی گەورە پڕ بکە لە سەهۆڵاو و سەوزە سیسەکانی تێبکە، بۆماوەی ٣٠ خولەک تا کاتژمێرێک لەناو ئاوە ساردەکەدابن، دواتر دەریانبێنە و وشکیان بکەرەوە، دەبێت سەوزەکان تازە ببنەوە. بۆ ڕێگریکردن لە سیسبوونەوەی سەوزەکان دەتوانیت کلێنکس یان کاغەزیان پێوە بپێچیت.
  5. بەیەکەوە لکانی سپاگێتی: کاتێک سپاگێتییەکان دەخەیتە ناو ئاوەکە، دەبێت ئاوەکە کوڵهاتوو بێت، ئەگەر نا سپاگێتییەکان دەلکێن بەیەکدا، ئەگەری بەیەکەدالکانی سپاگێتییەکان لەچەند خولەکی سەرەتادا زیاترە، لەبەرئەوە دوای ئەوەی سپاگێتییەکان دەکەیتە ناو ئاوەکە باش تێکەڵیان بکە. ئەگەر سپاگێتییەکان دوای کوڵان و داڕشتنیان بەیەکەوە لکان، بەنەرمی لەیەکیان جیا بکەرەوە و دەتوانیت کەمێک زەیتی زەیتوونی بۆ زیاد بکەیت.
  6. وشکبوونەوەی شیرینییەکان: کاتی برژاندنی شیرینییەکان کەم بکەرەوە و ڕێگا مەدە لەسەر سینی فڕنە گەرمەکە سارد ببنەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە شێوازی دروستکردنی شیرینییەکەدا نووسراوە بۆ ماوەی ١٢ خولەک ببرژێت، تۆ دوای ١٠ خولەک بیانپشکنە، ڕەنگە شیرینییەکان هێشتا نەرم بن، بەڵام دوای ساردبوونەوە ڕەق دەبن، هەروەها نابێت ڕێگابدەیت شیرینییەکان لەسەر سینییە گەرمەکە سارد ببنەوە، چونکە گەرمی سینییەکە وادەکات دوای هاتنە دەرەوە لە فڕنیش، شیرینییەکان هەر لە حاڵەتی برژاندندا بن.
  7. سووتانی سیر: هەمیشە لە قۆناغەکانی کۆتاییەوە سیر زیادبکە بۆ خواردنەکە، باوترین هۆکاری سووتانی سیر ئەوەیە کە لە قۆناغی سەرەتادا زیاد بکرێت.
  8. نەبێژانەوەی ئارد: ئەگەر بۆ بەکارهێنانی ئارد لە خواردندا نەیبێژیتەوە، لەکاتی پلەی گەرمی بەرزدا تۆپەڵ دەبن، بێژانەوەی ئاردەکە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک بەشی ئاردەکە کە بەهۆی شێی هەواوە بەیەکەوە نووساون، لەیەک جیاببنەوە.
  9. زۆر کوڵاندنی سپاگێتی یان پاستا: کاتی کوڵاندنی سپاگێتی دەبێت ئاگاداربیت زۆر نەیکوڵێنیت پێش داڕشتنیان، چونکە لەکاتی دەمکێشان و زیادکردنی پێکهاتەی تر، شێوەکەی خۆی لەدەستدەدات و تێکدەچێت. 
  10. لەبیرکردنی تێکەڵکردن: لەبیرکردنی تێکەڵکردنی ماددە خۆراکییەکان بەتایبەتی لە سوورکردنەوەدا، دەبێتە هۆی نایەکسانی لە کوڵانی خۆراکەکەدا، بەشێوەیەک کە بەشێکی بەتەواوی پێدەگات و بەشێکی تری نەکوڵاو دەبێت.
  11. چەور نەکردنی قاڵبی کێک: دەبێت بزانیت کە قاڵبی کێک دەبێت چەور بکرێت، پێش ئەوەی ماددەکەی تێبکەیت، کەرە بەکارنەیەت باشترە، چونکە دەسووتێت، ئەم کارەش بۆ ئەوەیە کە کێکەکە بە قاڵبەکەوە نەلکێت.
  12. زۆر کوڵاندنی سەوزەواتەکان: ئەگەر سەوزەواتەکان زۆر بکوڵێنن، یان زۆر سووریان بکەینەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ڤیتامینەکانیان لەدەست بدەن، هەروەها شێوەی سەوزەواتەکانیش دەگۆڕێت و تێکدەچن.
  13. کەمی ڕێژەی ڕۆن: ڕاستە کە دەبێت لەکاتی خواردن ئامادەکردن ئاگاداربین ڕۆن زۆر بەکارنەهێنین، بەڵام کەمی ڕێژەی ڕۆنیش لە خواردندا باش نییە، چەوری جگە لەوەی کە سەرچاوەیەکی وزەیە بۆ جەستەمان، دەبێتە هۆی ڕاکێشان و هەڵمژینی چەندین ڤیتامین.
  14. پشکنینی خواردنەکە لەناو فڕن: کاتێک کات و پلەی گەرمی فڕنەکە جێگیر دەکەیت و خواردنەکە دەکەیتە ناو فڕنەکە، نابێت ئەوکاتەی هێشتا کاتەکەی تەواو نەبووە دەرگای فڕنەکە بکەیتەوە و دایبخەیتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی گەرمی ناو فڕنەکە و ڕەنگە هەموو لایەکی خواردنەکە بەجوانی نەبرژێت.
  15. پلەی گەرمی زۆر بەرزی فڕن: هەندێک جار لەبەر نەبوونی کاتی پێویست، پلەی گەرمی زۆر بەکاردەهێنین، ئەگەر پلەی گەرمی فڕنەکە زیاد بکەین ئەگەری سووتان زیاتر دەبێت، هەروەها ڕەنگە هەندێک شوێنی خواردنەکە بە نەکوڵاوی بمێنێتەوە.
  16. بەکارهێنانی دەفری نەگونجاو: هەوڵبدە خواردنەکان لە دەفر و مەنجەڵی تایبەت بەخۆیان دروست بکەیت، بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێت خواردنێک سووربکەیتەوە، بەپێی ئەو خواردن و ڕۆنەی کە بەکاریدەهێنیت، تاوەیەک هەڵبژێرە قەبارە و بەرزییەکەی گونجاو بێت.
  17. مەنجەڵی بچووک بۆ کوڵاندنی سپاگێتی: ئەگەر مەنجەڵی بچووک بەکاربێت بۆ کوڵاندنی سپاگێتی ئەوا نەک هەر بەتەواوی ناکوڵێن، بەڵکوو بەیەکیشەوە دەلکێن.
  18. بەئەنقەست سووتاندنی خواردن: هەندێک کەس حەزیان لە مریشکی سووتاو یان بنکڕی سووتاوە و دەیخۆن، دەبێت بزانن خواردنی سووتاو زیانی بۆ جەستە هەیە.
  19. زیادکردنی پێکهاتەیەک لەکاتی نەگونجاودا: ئەگەر لەکاتێکی نەگونجاودا یان زۆر درەنگ پێکهاتەیەک زیاد بکەیت بۆ خواردنەکەت، ڕەنگە خواردنەکە تێکبدات.
  20. تام نەکردنی خواردن پێش پێشکەشکردنی: ڕەنگە هەندێک کەس شانازی بەوەوە بکەن کە بەبێ تامکردنی خواردنەکە، پێشکەشی دەکەن، بەڵام ئەمە کارێکی هەڵەیە، هەندێک کات تەنیا بە زیادکردنی کەمێک خوێ یان بیبەر، خواردنەکە بە تامە خۆشەکەی خۆی دەگات.


سەرچاوەکان



489 بینین