زیانەکانی خواردنی خۆراکی سووتاو

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-07-01-22:50:00 - کۆدی بابەت: 9246
زیانەکانی خواردنی خۆراکی سووتاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیانەکانی خواردنی خۆراکی سووتاو (بە عەرەبی: أضرار الطعام المحروق، بە ئینگلیزی: Disadvantages of burnt food) زۆر کەس ئارەزووی خۆراکی زۆر برژاو یان خۆراکی سووتاو دەکەن، بەڵام بەپێی توێژینەوەکان زۆر خواردنی خۆراکی سووتاو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکات. 

خۆراکی سووتاو چیە؟

خۆراکی سووتاو بە ئەو خۆراکانە دەوترێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ئاگر دەمێنێتەوە و بەشێک یان هەموو خۆراکەکە ڕەنگی ڕەش دەبێت، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەها خۆراکییەکانی خۆراکەکە بەشێوەیەکی پلەبەندی، سەرەتا خۆراکەکە ئاو و شلەکانی لەدەست دەدات پاشان ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی ئاڵتونی، بەردەوام پێدانی گەرمی بە خۆراک تەنانەت ئەگەر گەرمییەکەش ناڕاستەوخۆ بێت، دەبێتە هۆی زیاتر لەدەستدانی بەهای خۆراکی و شلەمەنییەکانی خۆراکەکە، پاشان خۆراکەکە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یان ڕەش، بەم شێوەیەش خواردنەکە دەگۆڕێت بۆ پارچە خەڵوزێکی پڕ لە ژەهری کاربۆن لە شێوەی ماددەی ئەکریلاماید کە ماددەیەکی شێرپەنجەییە.

ئەکریلاماید

خۆراکە سووتاوەکان پێکهاتەیەکی چڕی بەرزیان تێدایە، پێی دەوترێت ئەکریلاماید (Acrylamide) کە لە کارلێکی نێوان ئەمینۆ-ئەسیدی سروشتی و هەندێک لە کاربۆهایدراتی سروشتی دروست دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی ئەم پێکهاتەیە لە خۆراکە نیشاستەییەکاندا هەیە، کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا بن، ئەم پێکهاتەیەش ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

ماددە ژەهراوییەکانی تر

جگە لە ئەکریلاماید ماددەی تر لە گۆشتی سووتاودا هەیە کە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، بە شێوەیەکی گشتی دەبنە دوو بەشەوە:

  • PAHs (هایدرۆکاربۆنی ئەڕۆماتیکی فرە ئەڵقەیی): بەهۆی شلبوونەوەی چەوری گۆشتەکە و کەوتنە ناو ئاگرەکە و پێکەوە کارلێککردنیان دروست دەبێت.
  • HCAs (ئەمینە ئەڵقە جیاوازەکان): لە کاتی کارلێککردنی گەردیلەکانی وەکوو ئەمینۆ-ئەسید و شەکرەکان دروست دەبێت.

توێژینەوەکانی ئەم دواییانە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە بەهۆی گۆشتی برژاوی سەر مەقاڵییەوە دەردەخەن، هەروەها توێژینەوەکان ڕوونی دەکەنەوە کە هۆکاری توشبوون بە شێرپەنجە لە گۆشتی برژاودا بەهۆی شلبوونەوەی چەوری گۆشتەکە و کەوتنە ناو خەڵوزەکە و پێکەوە کارلێککردنیان دەبێتە هۆی شیبوونەوەی چەورییەکە و پێکهێنانی ماددەی شێرپەنجەی PAH، کە دوای لابردنی گۆشتی سەر مەقاڵییەکە، لەسەر گۆشتەکە جێگیردەبێت. گۆڕانی ڕەنگی خۆراکەکە بۆ ڕەنگی ئاڵتوونی کۆتا قۆناغی سەلامەتی خۆراکەکەیە، بە بەردەوام پێدانی گەرمی پێکهاتەکانی خۆراکەکە زیانبەخش دەبن، ئەم ماددە زیانبەخشانەش بە دوو ڕێگا دەچنە ناو لەشەوە:

  • لەڕێگەی خواردنی خۆراکی سووتاوەوە.
  • لەڕێگەی بۆنکردنی خۆراکی سووتاو، لە کاتی هەناسەداندا دەچێتە ناو سییەکان و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ ناو خوێن.

ئافرەتان و خۆراکی سووتاو

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ ئافرەتان بەهۆی خواردنی سووتاوەوە زیاتر توشی شێرپەنجە دەبن، توێژینەوەکە پشت ڕاستی کردووەتەوە ئەو ئافرەتانەی کە هەموو ڕۆژێک پەتاتەی سوورکراوە دەخۆن، ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی منداڵدان و هێلکەدان دوو هێندە دەکات، لەسەر هەمان بابەت توێژینەوەکانی تری ئەمریکا دەریدەخەن کە خۆراکە نیشاستەییە برژاوەکانی وەکوو نان، پەتاتە، برنج و مەعەکەرۆنی هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەن. بۆ خۆپاراستن یان کەمکردنەوەی زیانەکانی خۆراکی سووتاو، توێژینەوەکە پێشنیار دەکات بە:

  • کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی برژاو و گۆشتی سەر مەقاڵی.
  • هەڵبژاردنی گۆشتێک کە چەوری کەم بێت.
  • کەمکردنەوەی ئەستووری گۆشت لەکاتی برژاندندا.
  • ماوەیەکی کەم گۆشتەکە بخرێتە ناو فڕنەوە پێش برژاندنی.
  • گۆشتەکە بە دوور لە سەرچاوەی گەرمی ڕاستەوخۆ بهێڵەرەوە.
  • دڵنیاببەرەوە لە تەواو سووتانی دار و خەڵوزەکە پێش بەکارهێنانی.
  • پێداویستییەکانی گۆشت برژاندن پێش هەر بەکارهێنانێکی خاوێن بکەرەوە.
  • دوای ئەوەی کە خۆراکەکە ڕەنگی ئاڵتونی بوو، زیاتر لەسەر ئاگر مەیهێڵەرەوە.

یاسایەکی زێڕین، خواردن ببرژێنە تاکوو ڕەنگی ئاڵوونی ئەبێت، نەک قاوەیی یان ڕەش، ئەم ڕێگایە پێکهێنانی ئەکریلاماید سنووردار دەکات، بەڵام نابێ لە پلەیەکی گەرمی کەمیشدا خواردن ئامادە بکرێت، چونکە مەترسی ژەهراویبوونی خواردن بەهۆی بەکتریاوە زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



937 بینین