چۆن دەبیتە کەسێکی خاوەن کاریزما؟

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-08-13-22:16:00 - کۆدی بابەت: 9820
چۆن دەبیتە کەسێکی خاوەن کاریزما؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریزما (بە ئینگلیزی: Charisma، بە عەرەبی: کاریزما) وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای هەبوونی تایبەتمەندی دانسقە و تایبەت و سەرنجڕاکێشییەکی ناوازە و نائاسایی دێت لە کەسێکدا کە کەسانی دەورووبەری بۆ خۆی ڕادەکێشێت و دەبێتە جێگەی سەرنج و ستایشییان.

چۆنیەتی بوون بە کەسێکی خاوەن کاریزما

هەندێک مرۆڤ بە سروشتی سیفەتی کاریزمابوونیان تێدایە، جگە لەوەی هەر مرۆڤێک وەک خۆی جوان و تایبەتە بەڵام دەکرێت هەوڵی ئەوەش بدات ببێتە کەسێکی خاوەن کاریزما، لێرەدا چەندین ڕێگە هەن کە یارمەتیدەرن بۆ بوون بە کەسێکی خاوەن کاریزما، ئەوانیش بریتین لە:

  1. زیاتر پێبکەنە: ئەم ڕێنماییە ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە ئەگەر بەڕووی هەموواندا بکرێت، چونکە مرۆڤەکان زەردەخەنە و پێکەنین وەک بانگهێشتنامەیەک بۆ نزیکبوونەوە لێکدەدەنەوە، هەربۆیە ئەگەر دەتەوێت خەڵکی هەست بە پێشوازیکردن و ئاسوودەیی و سەربەخۆیی بکەن لە دەورووبەرت، ئەوا زەردەخەنەی گەرم و پڕ بە دڵ بکە بە جۆرێک دەوری چاوەکانت هێڵیان تێدا دروست ببێت و ڕەنگدانەوەی گەرمی ناخت نیشان بدات بۆیان، هاوکات لەکاتی باسکردنی بابەتێکی خەمناک و ناخۆشدا هەرگیز پێمەکەنە چونکە کردارێکی نەگونجاو و نەشیاوە.
  2. پەیوەندیی چاوەکان بەکاربهێنە: لەکاتی گفتوگۆکردندا سەیری چاوی بەرانبەرەکەت بکە چونکە سەیرکردنی چاوەکان بەواتای ئارەزووکردن بۆ قسەکردن دێت و ڕایاندەکێشێت بۆ نزیکبوونەوە لێت. بەپێی چەند توێژینەوەیەک پەیوەندیی چاوەکان لەگەڵ کەسێک ڕاستەوخۆ هەندێک بەشی مێشک چالاک دەکات کە پەیوەندیدارن بە خەڵات کردن و لایەنی کۆمەڵایەتییەوە، بەوهۆیەوە ئەگەر دەتەوێت کاریزمابوونت زیاد بکەیت ئەوا هەوڵبدە پەیوەندیی چاوەکانت زۆرتر بکەیت.
  3. دەستەکانت وەک یارمەتیدەرێک لە کاتی قسەکردندا بەکاربهێنە: بەکارهێنانی دەستەکان لەکاتی قسەکردندا ئاماژەیەکە بۆ تیشک خستنەسەر و زەقکردنەوە و دووپاتکردنەوەی گرنگی ئەو بیرۆکە و قسانەی کە دەیکەیت، هاوکات بەکارهێنانی ئاماژەکانی دەست وا دەکات کەسی بەرانبەر بە گرنگییەوە بڕوانێتە بابەتەکە و تێگەیشتن قووڵتر دەکاتەوە. ئەو بەشانەی مێشک کە قسەکردن لێکدەدەنەوە، ئاماژەکانی دەستیش ئەنجام دەدەن، هەروەها ڕەنگە مرۆڤەکان پێش ئەوەی بیرۆکە و قسەکانیان دەرببڕن، بە ئاماژە دەربڕینیان بۆیان کردبێت. هەر بۆیە لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا (وەک بەڕێوبەر یانیش وەک کارمەند) بیرۆکەیەکی باشە ئەگەر دەستەکانت بە کراوەیی یانیش بە درێژکراوەیی لەسەر مێزێک دابنێیت، چونکە بە نائاگایی ئاماژەی ئەوە بە ئامادەبووان و گوێگران دەدات کە تۆ متمانەت بە خۆت هەیە و ڕاستگۆیت.
  4. دەمارگیربوونت جڵەوگیر بکە: یەکێک لە سیفەتەکانی کەسانی خاوەن کاریزما ئەوەیە کە لە کاتی قسەکردندا دەمارگیر نین. هەرچەندە جڵەوگیرکردنی دەمارگیربوونت کردارێکی ئاسان نییە بەڵام هەوڵبدە ئارامتر و دانبەخۆداگرتووتر بیت. 
  5. کەسێکی ئەرێنی و گەشبین بە: ئەرێنیی بوون وا دەکات کەسانی دەورووبەرت حەز بە نزیکی و تێکەڵاوبوونت بکەن، هەربۆیە گەشبینانە هەڵسووکەوت بکە و لە هەموو بارودۆخێکدا باشییەکان بدۆزەرەوە و ببەرە مایەی هاندانی دەورووبەرت، هاوکات بەربەستەکان وەک دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کاری باشتر بخەرە ڕوو نەک وەک ئاستەنگێک.
  6. بەشێوازێکی گونجاو بووەستە: هەوڵبدە بەشێوەیەکی ڕێک بوەستە، شانەکانت بەرز بکەرەوە و بەرەو دواوەیان ببە، هاوکات کاتێک دەڕۆیان دەوەستیت خۆت بە دوور بگرە لە دابەزینی شانەکانت.
  7. بە دڵ گوێبگرە: یەکێک لەڕێگەکانی تر بۆ کاریزما بوونت، گوێگرتنتە لە دڵەوە، هەر بۆیە ئەگەر دەتەوێت خەڵکی تۆیان لە بیر بمێنێت ئەوا گوێیان بۆ بگرە، بەبێ ئەوەی قسەکانیان پێ ببڕیت یان مۆبایلەکەت بپشکنیت و خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەیت یانیش گفتوگۆکە بۆ بەرژەوەندی خۆت پێچەوانە بکەیتەوە. بە پەرۆش بە بۆ ئەوەی بزانیت چی دەڵێن، گرنگی بدە بە هەموو جوڵەی دەست و چاو و دەم و قسەکانیانیان چونکە گرنگیدانی ڕاستەقینە جێگەی سەرنجە، هاوکات توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە گوێگرتنبە هێمنی و بە سەرنجەوە بەبێ بڕیاردان لەسەر کەسی بەرانبەر وا لە بەرانبەر دەکات هەست بە بەها و ڕێزی خۆی بکات.
  8. ناوی کەسی بەرانبەر بهێنە: لەبیرمانەوەی ناوی کەسێک و وتنی ناوی سەرنجی کەسەکە ڕادەکێشێت و وایان لێدەکات هەست بە گرنگی بکەن و یارمەتیدەر دەبێت لەوەی زیاتر ئارەزووی نزیکیان لێت هەبێت. وەک دەیل کارنیگی (Dale Carnegie) دەڵێت: “خۆشترین دەنگ لای مرۆڤەکان لە دنیادا، ناوی خۆیانە.” هەر بۆیە لەکاتی کارکردن یان لە ژیانی تایبەتیتدا هەوڵبدە هەمیشە ناوی کەسانی دەورووبەرت لەبیربێت و ناوی ئەوانەش لەبیر نەکەیت کە ناسیوتن. لەکاتی گفتوگۆکردندا دڵنیابە لەوەی ناوی کەسەکان دەهێنیت، بەتایبەتی لە کاتی ماڵئاواییدا. هەروەها کاتێک کەسێک دەناسێنیت ئەوا سەرەتا ناوی بهێنە و دواتر ئاماژە بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی بدە.
  9. هاوسۆزبە بەرانبەر کەسانی تر: بیر لەوە بکەرەوە کەسانی تر دەبێت لە چ بارودۆخێکدا بن و بە چیدا تێبپەڕن، هەوڵبدە شتەکان لە چاوی ئەوانەوە ببینیت و خۆت بخەرە جێگەی ئەوان تا تێبگەیت هەستیان چۆنە، هەروەها بە قسەکردن و گوێگرتن لێیان نیشانیان بدە کە تۆ گرنگی بە هەستەکانیان و ئەو بارودۆخە دەدەیت کە پێیدا تێدەپەڕن.
  10. ئەو کەسە بدۆزەرەوە کە خولیاکانتان وەک یەکە: کاریزما ئەوەندەی سەبارەت بە توانای پەیوەندیی بەستنە ئەوەندەش سەبارەت بە کاریگەریی پەیوەندیییەکانە. بەو واتایەی لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ خەڵکیدا، ئاگاداری بیرۆکە و ئەزموون و پەیوەندیی نێوانتان بە. بۆ نموونە ڕەنگە لەگەڵ کەسی بەرانبەردا لایەنگری هەمان یانەی تۆپی پێ بن یان هەمان ئۆتۆمبێلتان هەبێت یانیش هەمان فۆبیاتان هەبێت. هەر بۆیە کاتێک شتێکی هاوبەش لە نێوانتان دەدۆزیتەوە، مەوەستە لە پرسیارکردن و قووڵبوونەوە چونکە پەیوەندیی ڕاستەقینە بە ساتێک دروست نابێت. دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ کەسێکی تردا بوێرییە و لە بەرانبەر ئەوەدا جەستەت پاداشتت دەداتەوە کە هەنگاوێکی ئاوا بوێرانەت داوە.
  11. زیاتر لەوەی وەریدەگریت، ببەخشە: کەسانی خاوەن کاریزما سوود دەگەیەنن بە دەورووبەریان و ژیانیان باشتر دەکەن. کاتێک بەئەمەکانە پێشنیاری یارمەتیدانی کەسێکی تر دەکەیت ئەوا بەتایبەتی خۆشەویستی و ڕێزیان بۆت دروست دەبێت، چونکە مرۆڤەکان حەز بە کەسانی خۆپەرست ناکەن و دوور دەکەونەوە لێیان.
  12. هەستی گاڵتەکردنت تێدابێت: هەوڵبدە گاڵتە لەگەڵ بەرانبەرت بکەیت و نوکتە و قسەی خۆشیان بۆ بکەیت، ئەگەر متمانەت بە خۆت هەیە کە دەتوانیت ئەوانی تر بخەیتە پێکەنین ئەوا دوودڵ مەبە و بیکە، چونکە گاڵتەکردن و قسەی خۆش و کاریزمابوون پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ یەکتر هەیە.
  13. هەوڵبدە لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێ: زۆرینەی خەڵکی دەڵێن کە متمانە بەخۆبوون سیفەتی کاریزمابوونت پێدەبەخشێت لە کاتێکدا توانای خۆگونجاندنیش یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکان بۆ بوون بە کەسێکی خاوەن کاریزما، بەو واتایەی کە ئاگاداری هەواڵەکانی ڕۆژ و بەرەوپێشچوونەکان بیت و ئامادەبیت پرسیار بکەیت کاتێک لە شتێک تێناگەیت چونکە زۆرینەی کات خەڵکی خۆشحاڵ دەبن بەوەی شتێکت بۆ ڕوونبکەنەوە.
  14. زیاتر پرسیار بکە: مرۆڤەکان حەز دەکەن زیاتر باسی خۆیان بکەن و سەبارەت بە خۆیان بدوێن، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەکی چالاکانە زیاتر پرسیار بکەیت و باشتر گوێ بگریت، ڕادەی کاریزمابوونت زۆرتر دەبێت. هەوڵبدە بزانیت تا چ ڕادەیەک دەتوانین کەم قسە بکەیت و مەشق لەسەر ئەوە بکە پرسیار بە پرسیار وەڵام بدەیتەوە، بۆ نموونە: “ئەوە پرسیارێکی جوانە لە منی دەکەیت، بۆچی ئەوەندە بە پەرۆشیت کە وەڵامەکەی بزانیت؟” هەروەها هەوڵبدە وشەزانینت فراوان بکە.
  15. هەوڵبدە چیرۆک دروست بکە و بیگێڕەوە: بە گێڕانەوەی چیرۆک وادەکەیت خەڵکی زیاتر سەرنجیان لەسەرت بێت و زیاتر ڕایان دەکێشیت بەرەو خۆت هەربۆیە هەوڵبدە بە بەکارهێنانی ئاماژەی دەست و دەموچاو و ئاوازێکی باشی دەنگت، باسی ژیان و ئەزموونەکانی خۆت بکە، بەڵام هەموو ورد و درشتێکی ژیانت مەخەرە ڕوو.


سەرچاوەکان



1313 بینین