ئەتەکێتی قسەکردن بە تەلەفۆن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-22-22:52:00 - کۆدی بابەت: 9958
ئەتەکێتی قسەکردن بە تەلەفۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئادابی قسەکردن بە تەلەفۆن (بە ئینگلیزی: Etiquette of talking on the telephone، بە عەرەبی: اتكيت تحدث في الهاتف)، مۆبایل یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکانی مرۆڤ لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا، ناکرێت سوودەکانی پشتگوێ بخرێن، مۆبایل یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پەیوەندی و هەمووان ڕۆژانە ئەم ئامرازە بەکاردەهێنین. قسەکردن بە تەلەفۆن وەکوو زۆر شتی تر، هەندێک ئەتەکێتی هەیە، کە لێرەدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت و یارمەتیدەرتان دەبێت.

ئادابەکان

  1. کاتێک شەبەکە لاوازە پەیوەندی مەکە: ئەگەر پەیوەندییەکەت گرنگ نییە و لە شوێنێکیت کە شەبەکە خراپ و لاوازە تێیدا، ڕەنگە لەکاتی پەیوەندییەکە دەنگت بپچڕێت، ئەو پەیوەندییە مەکە، دایبنێ بۆ شوێنێک کە شەبەکە تێیدا بەهێزە.
  2. لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا خۆت بناسێنە: لەسەرەتای پەیوەندییەکەدا خۆت بناسێنە بەو کەسەی کە ژمارەکەتی لا نییە، بە هەندێک پرسیاری وەکوو: “ئەزانی من کێم؟” بێزاری مەکە، ئەگەر ئەو کەسەی تەلەفۆنەکەی هەڵگرت، کەسی مەبەستت نەبوو، سەرەتا خۆت بناسێنە و بڵێ کە کارت بە کێ هەیە.
  3. ڕێگا مەدە هیچ شتێک پەیوەندییەکە بپچڕێنێت: لەکاتی قسەکردن بە تەلەفۆن، ئەگەر ناچاربوویت پەیوەندییەکە بوەستێنیت، داوای مۆڵەت بکە و بڵێ: “تکایە خولەکێک مۆڵەتم بدە، دەگەرێمەوە” و کاتێک گەڕایتەوە بڵێ: “سوپاس کە چاوەڕێت کرد”.
  4. پێش پەیوەندییەکە نامە بنێرە: ئەگەر ئەو کەسەی دەتەوێت پەیوەندی پێوە بکەیت، لە کەسە نزیکەکانت و هاوڕێکانت نییە، وا باشترە سەرەتا نامەیەکی بۆ بنێریت و لێی بپرسیت، کە دەتوانێت و کاتی هەیە تاکوو پەیوەندی پێوە بکەیت یان نا.
  5. لەکاتی قسەکردن بە تەلەفۆن خواردن و خواردنەوە مەخۆ و مەخۆرەوە: بەداخەوە زۆر کەس لەکاتی قسەکردن بە تەلەفۆن، خواردن و خواردنەوە دەخوات یان دەخۆنەوە یان بنێشت دەجوون، ئەمەش بێ ڕێزییە بە کەسی بەرانبەر کە قسەت لەگەڵ دەکات.
  6. لە شوێنی چۆڵ تەلەفۆن بکە: هەمیشە لە شوێنێکی چۆڵدا تەلەفۆن بکە، دەنگی دەورووبەرت وەکوو دەنگی گۆرانی و مۆسیقا، دەنگی گسکی کارەبایی، دەنگی ئەو بایەی کە دێتە ناو ئۆتۆمبێل، بیستن و تێگەیشتن لە دەنگی تۆ لای ئەو کەسە سەخت دەکات. ئەگەر کەسێک پەیوەندی پێوە کردیت و لە بارودۆخێکی وایا بوویت، دەتوانیت داوای لێ بکەیت پەیوەندییەکە بخەنە کاتێکی تر.
  7. لە شوێنی گشتی ئاگاداری بەرزی دەنگت بە: هەمیشە بە تۆنێکی ئارام و هێواش لە پشت تەلەفۆنەوە قسە بکە، بەتایبەتی ئەگەر لە شوێنیکی گشتی بوویت وەکوو ناو تەکسی، پاس، چێشتخانە و کتێبخانە.
  8. کاتێک پەیوەنەی بە کەسێکەوە دەکەیت و پەیوەندی تری لەگەڵە: بەردەوام پەیوەندییەکە دووبارە مەکەرەوە کەمێک ئارام بگرە و پاش تێپەڕینی ماوەیەک پەیوەندییەکەت دووبارە بکەوە.
  9. کاتێک کاتی پەیوەندییەکەت درێژە دەکێشێت، پرسیار بکە کاتی پێویستی هەیە: ئەگەر پێت وایە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەت درێژەی کێشاوە پرسیار لەو کەسە بکە کە قسەی لەگەڵ دەکەیت، کە ئایا کاتی هەیە بەردەوام بێت لە قسەکردن یان نا، بەمشێوەیە ئەو کەسە تێدەگات کە تۆ کەسێکی بەڕێزیت و گرنگی بە کاتی ئەوانی تر دەدەیت.
  10. لەکاتی پەیوەندییەکە سەرقاڵی کاری تر مەبە: کاتێک بە تەلەفۆن قسە دەکەیت، دەبێت هەموو سەرنجت لای ئەو کەسە و قسەکانت بێت، ئەگەر لەهەمان کاتدا خەریکی کارێکی تر بیت وەکوو سەیرکردنی ئینستاگرامەکەت، هەڵدانەوەی پەڕەی کتێب، کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر یان قسەکردن لەگەڵ کەسێکی تر بێ ڕێزیکردنە بە کەسی بەرانبەر.


سەرچاوەکان



1157 بینین