هاوبەشی پێکردنی کارەکانی ماڵەوە لەگەڵ هاوسەرەکەمان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-28-22:27:00 - کۆدی بابەت: 10049
هاوبەشی پێکردنی کارەکانی ماڵەوە لەگەڵ هاوسەرەکەمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوبەشی پێکردنی کارەکانی ماڵەوە لەگەڵ هاوسەرەکەمان (بە ئینگلیزی: Sharing household chores with spouses، بە عەرەبی: مشاركة اعمال المنزلية مع الآزواج)، لە دابەشکردنی ئەرکەکانی ماڵەوەدا لەنێوان ژن و پیاودا بە پلەی یەکەم، دەبێت هەماهەنگی هەبێت. نابێت تاکە کێشە ئەوە بێت کە کارەکان بە یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا دابەشبکرێن، بەڵکوو دەبێت ڕێککەوتن و هەماهەنگی هەبێت. 

دابەشکردنی نادادپەروەرانەی کارەکان هۆکاری کێشە لە ژیانی هاوبەشیدا

هاوسەرگیری هاوبەشیکردنێکە کە ئەنجامدانی کارەکانی ماڵەوەش بەشێکە لەو هاوبەشییە، کارەکانی ماڵ وەکوو بازاڕیکردن، پلاندانان، گواستەنەوەی کەلوپەلەکان، چێشتلێنان، ئاگاداری لە منداڵەکان، گرنگیدان بە پسووڵەکان، پاککردنەوەی ماڵ، چاککردنەوە و شتی لەم جۆرانە. کاتێک ئەم کارانە بەباشی بەڕێوەببرێن، ئارامی و هاوسەنگی لە ماڵەکەدا حووکمڕان دەبێت، بەڵام ئەگەر لەکاتی هاتنی میوانەکان، ماڵەکە هەڵڕژاو و ناڕێک بێت، یان ئەگەر هیچ جلێکی خاوێنتان نەبێت لەبەری بکەن، یان ئەو سەقفەی کە بەردەوام چاککردنەوەیت پشتگوێخستووە، لەکاتی باراندا تکە تک دەکات، ناڕەحەتی و کێشە لە ماڵەکەدا دروست دەکات، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لەنێوان هاوسەرەکان.

چۆن کارەکانی ماڵەوە دابەش بکەین؟

  1. شتە سەرەکی و گرنگەکانی خۆتان بزانن: پێویستە شتە گرنگ و سەرەکییەکانتان دیاری بکەن لە ژیانی هاوبەشدا، بەڕاستی چ شتێک گرنگە بۆتان، زۆرێک لە هاوسەرەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دابەشکردنی کارەکانی ماڵەوە هەیە. شپرزەیی ناو ماڵ لای هەندێک کەس ناخۆشە، ئەگەر تۆ کێشەت لەگەڵ شپرزەیی ماڵەکە نییە، بەڵام هاوسەرەکەت پێی ناخۆشە، دەبێت لەسەر ئەو بابەتە ڕێکبکەون، بابەتە گرنگەکان دیاری بکەن و بڕیار بدەن تاکوو هەردوولا ڕازی بن.
  2. بەربەستەکان بناسن بەیارمەتی یەکتر: لیستێک لە کارەکان بنووسن کە هەریەک لە ئێوە زۆر ڕقی لێیەتی، ڕەنگە ئەو شتەی تۆ ڕقت لێیەتی هاوسەرەکەت بتوانێت بەرگەی بگرێت، ئەگەر لە لیستەکەدا کارێک هەیە کە هەردووکتان ڕقتان لێیەتی، بەیەکەوە بیر بکەنەوە و ڕێگا چارەیەک بۆ کردنی بدۆزنەوە، هەروەها دەتوانن ئەو کارە بە هاوکاری یەکتر وەکوو تیمێک ئەنجام بدەن.
  3. لەسەر کات ڕێککەوتن بکەن: لەبەرچاوگرتنی کاتەکان بۆ خۆت و هاوسەرەکەشت زۆر گرنگە، هەندێک کەس حەزیان لەوەیە لە بەیانییاندا کارەکان بکەن، هەندێکیش لە شەودا، لەبەرئەوە ئەگەر هاوسەرەکەت ناچار بکەیت لەو کاتەدا کارەکە بکات کە ئامادەیی تێدا نییە، ئەگەری دروستبوونی کێشە زیاد دەکات.
  4. هەموو هەفتەیەک بە پلانەکەدا بچنەوە: لەگەڵ هاوسەرەکەت بە پلانەکەدا بچنەوە، کۆبوونەوە، کاری دەرەوە و میوانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شتانە کارەکان دابنێن و دابەشی بکەن، هەروەها ئەوەی کە کێ چی کارێک بکات. 
  5. کوڕەکانتان فێری کاری ماڵ بکەن: کاتێک منداڵێک لە ماڵەوە دەبینێت باوکی لەگەڵ دایکی کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدات، لەدوای هاوسەرگیری کێشەی نابێت لە یارمەتیدانی هاوسەرەکەی لە کارەکانی ماڵەوەدا، هەموو پیاوێک دەبێت بزانێت کە کوڕەکەی لە داهاتوودا وێنایەک دەبێت لە ڕەفتارەکانی ئەو، لەبەرئەوە ئەگەر ناتەوێت منداڵەکەت لەداهاتوودا تووشی کێشە ببێت لە ژیانی هاوبەشیدا، هەر لە منداڵییەوە پەروەردەی بکە.
  6. پێداچوونەوە بە ئەرکەکاندا: ئەگەر تۆ یان هاوسەرەکەت وەکوو پێویست لەماڵەوە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانتان ئەنجام نادەن، باسی هۆکارەکەی بکەن. سەرزەنشتکردنی هاوسەرەکەت لەبەر دواکەتنی کارەکان ڕێگا چارە نییە، باشترە دووبارە پلان و خشتەکەتان هەڵسەنگێنن و بەپێی دۆخەکان بیگۆڕن. لەگەڵ یەکتر ڕووخۆش و میهرەبان بن.


سەرچاوەکان



257 بینین