هۆکارەکانی وشکبوونی چاو

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-02-21:39:00 - کۆدی بابەت: 10121
هۆکارەکانی وشکبوونی چاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی وشکبوونی چاو (بە ئینگلیزی: Dry eyes causes، بە عەرەبی: أسباب جفاف العين)، حاڵەتێکە کاتێک چاوەکانت بڕی پێویست لە فرمێسک بەرهەم ناهێنن یان فرمێسکەکە بە بڕی پێویست چاوەکە شێدار ناکات ڕوودەدات. ئەمە وا دەکات هەست بە ناڕەحەتبوونی چاوەکانت بکەیت و لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی بینین. وشکبوونی چاوەکان حاڵەتێکی باوە، بەڵام هەواڵە باشەکە ئەوەیە چارەسەر دەکرێت. کاتێک دووچاری ئەم حاڵەتە دەبیتەوە، چاوەکانت سوور دەبنەوە و وا هەست دەکەیت خۆڵ لە ناو چاوتدایە. وشکبوونی چاوەکان دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتیی بێت، یان لەوانەیە حاڵەتێکی درێژخایەن بێت. ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی هەبوونی کێشە لە فرمێسکە ڕژێنەکاندا یان زوو وشکبوونەوەی فرمێسک ڕوودەدات. چارەسەر نەکردن و پشتگوێخستنی وشکبووی چاو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، چەندین گرفتی جۆراوجۆری وەک جووتبینی یان تووشبوونە میکرۆبییەکان بۆ کەسەکە دروست دەکات. هەندێک کەس بە جێبەجێکردنی چەند ڕێنماییەک لە ماڵەوە یان بەکارهێنانی قەترەی چاو هەست بە کەمبوونەوەی نیشانەکان دەکەن. زانینی هۆکارەکانی تووشبوون بە وشکبوونی چاو زۆر گرنگە، چونکە دەتوانیت ڕێگریان لێ بکەیت.  

هۆکارەکانی وشکبوونی چاو 

تەمەن

تەمەن بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تووشبوون بە وشکبوونی چاو دادەنرێت. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە ئەگەری تووشبوون بە وشکبوونی چاو لە نێر و مێدا لەدوای تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە زیاد دەکات، هەروەها ڕێژەکە زیاتر لە خانماندا زۆرە، لەبەرئەوەی لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا بەرهەمهێنانی فرمێسک کەم دەبێتەوە. ئەم جۆرەی وشکبوونی چاو کە بەهۆی تەمەنەوە ڕوودەدات ناتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت، بەڵام بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد بەپێی پێویست یارمەتی شێدارکردنەوەی چاو دەدات و وشکییەکەی ناهێڵێت. 

دەرمان 

فرمێسک لە ئاو، چەوری و ماددەی لینج پێکهاتووە. بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، ڕێژەی لینجە ماددەکانی ناو فرمێسک کەم دەکاتەوە و کاردەکاتە سەر بەرهەمهێنانیان، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە وشکبوونی چاو. هەندێک لەو دەرمانانە بریتیین لە دەرمانەکانی دژەهیستامین (Antihistamine)، دژەخەمۆکی، ڕەوانی میز (Diuretic) و هەندێک لەو دەرمانانەی بۆ بەرزە پەستانی خوێن بەکاردەهێنرێن. ئەگەر لە کاتی بەکارهێنانی دەرماندا دووچاری وشکبوونی چاو بوویتەوە ئەوا پزیشکەکەت ئاگادار بکەوە و داوای لێ بکە جۆری دەرمانەکەت بۆ بگۆڕێت یان بڕەکەیت بۆ کەم بکاتەوە. دەکرێت لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانەکاندا فرمێسکی دەستکرد بۆ شێدارکردن و چەورکردنی چاوەکان بەکاربهێنرێت.

بەکارهێنانی کۆمپیوتەر

هەندێک لەو کەسانەی لەسەر کۆمپیوتەر ئیش دەکەن، دووچاری هیلاکبوونی چاوەکان و سەرئێشەیەکی توند دەبنەوە. لەگەڵ هەبوونی ئەم کێشانەدا، هەروەها کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت کار لەسەر فرمێسک بکات و ببێتە هۆی وشکبوونی چاوەکان. ئەمە ڕوودەدات لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی لەسەر کۆمپیوتەر ئیش دەکەن، کەمتر لە بڕی ئاسایی چاو دەتروکێنن، لە ئەنجامدا فرمێسکەکانیان بەخێرایی وشک دەبێتەوە، بەمەش شێداری چاو نامێنێت و کەسەکە تووشی وشکبوونی چاو دەبێت. ئەگەر کەسێکیت لەسەر ئیش بە بەردەوامی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنیت، دەتوانیت بە زۆر تروکاندنی چاوت ڕێگری لە تووشبوون بە وشکبوونی چاو بکەیت. تروکاندنی چاو یارمەتی چەورکردنی چاوەکان دەدات و هەروەها چاو لە وشکبوونەوە و کزانەوە دەپارێزێت. ئەگەر دوای تروکاندنیش هەر هەستت بە وشکبوونی چاو کرد ئەوا دەتوانیت فرمێسکی دەستکرد لە کاتی ئیشکردندا بەکاربهێنیت. هەوڵبدە لە کاتی ئیشکردندا پشوو وەربگریت، بۆ ئەوەی چاوەکانت بحەسێنەوە و دووچاری ئەم جۆرە حاڵەتانە نەبیت. 

نەشتەرکاری لەیزەر

هەندێک کەس لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری لەیزەری چاو دووچاری وشکبوونی چاو دەبنەوە، لەبەرئەوەی ئەم پڕۆسەیە هەندێک لە دەمارەکانی کۆرنیای چاو (Cornea) دەبڕێت و وا لە فرمێسکە ڕژێن دەکات بڕی پێویست لە فرمێسک بەرهەم نەهێنێت. ئەم جۆرەی وشکبوونی چاو حاڵەتێکی زۆر باوە و هەروەها کاتییە، دوای چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک لە ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکە نامێنێت. دەتوانیت لەم کاتەدا قەترەی چاو بۆ چەورکردن و شێدارکردنی چاوەکانت بەکاربهێنیت. 

وەستانی سوڕی مانگانە

دەکرێت هۆرمۆنیش ڕۆڵی لە وشکبوونی چاودا هەبێت، هەندێک لە خانمان لە کاتی بەکارهێنانی دەرمانی ڕێگریکردن لە دووگیانی یان لەماوەی تەمەنی نائومێدیدا و هەروەها لە کاتی دووگیانیدا دووچاری وشکبوونی چاو دەبن. هۆرمۆنەکان کار لەسەر بەرهەمهێنانی فرمێسک دەکەن، ئەم ناڕێکی و ناهاوسەنگی ئاستی هۆرمۆنە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی فرمێسک. دەتوانیت لەم حاڵەتانەدا ڕێنمایی لە پزیشکەکەت وەربگریت، قەترەی چاو یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە چەورکردنی چاوەکان و کەمکردنەوەی وشکی چاو.

کەمیی ڤیتامین A

ڤیتامین A بەشداری لە بەرەوپێشچوونی تەندروستی چاو دەکات، ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A بریتیین لە هێلکە، گێزەر، ماسی، سپێناخ، برۆکلی و بیبەر. پەیڕەوکردنی سیستمێکی خواردن کە لە بڕێکی کەم لەم ڤیتامینە پێکهاتبێت دەبێتە هۆی وشکبوونی چاو و هەروەها کێشەکانی تری بینین وەک شەوکوێری، واتە کەسەکە ناتوانێت لە شەودا بەجوانی شتەکانی دەوروبەر ببینێت. دەتوانرێت لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەستنیشانی کەمیی ڤیتامین A بکرێت، دەتوانیت داوا لە پزیشکەکەت بکەیت ئەو قەترەی چاوانەت بۆ بنووسێت کە ڤیتامین A تێدایە، ئەمانە بەتەنها وەک چارەسەر بەکارناهێنرێت بەڵکوو تەنها بۆ کەمبوونەوەی نیشانەکان و ناڕەحەتی کەسەکەیە. 

کەوتنەبەر با 

دەکرێت کەشوهەوای سارد یان کەوتنەبەر بایەکی توند و بەهێز ببێتە هۆی زوو وشکبوونەوەی فرمێسک و لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی وشکبوونی چاو بکات. بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرەی وشکبوونی چاو کە بەهۆی ئەم حاڵەتەوە ڕوودەدات، هەوڵبدە چاویلکەی بەرخۆر و قەترە بۆ چەورکردنی چاو بەکاربهێنیت. 

کۆنیشانەی شۆوگرن (Sjögren’s syndrome)

کۆنیشانەی شۆوگرن حاڵەتێکە پەیوەندی بە کۆئەندامی بەرگری کەسەکەوە هەیە. نەخۆشییەکی خۆییە کە خڕۆکە سپییەکانی خوێن هێرش دەکەنە سەر لیکە ڕژێنەکان و فرمێسکە ڕژێنەکان، لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی فرمێسک کەم دەکاتەوە. دوو باوترین نیشانەی تووشبوون بەم حاڵەتە بریتییە لە وشکبوونی چاو و دەم. دەکرێت پزیشکەکەت بۆ شێدارکردنەوەی چاو پێشنیاری قەترەت بۆ بکات. ئەگەر هاتوو لە حاڵەتێکدا تەنانەت بەکارهێنانی قەترەی چاویش سوودی نەبوو، ئەوا ئەگەری هەیە پزیشکەکە پێشنیاری نەشتەرکاریت بۆ بکات، لە پڕۆسەکەدا پارچەیەک سلیکۆن (silicone plug) دەکرێتە ناو جۆگەی فرمێسکەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی فرمێسک چالاک بێتەوە و کەسەکە لە وشکبوونی چاو ڕزگاری بێت.  

نەخۆشییە خۆییەکان 

نەخۆشییە خۆییەکانی وەک ئاوسانی جومگەکان و نەخۆشی شەکرە کار لەسەر بەرهەمهێنانی فرمێسک دەکەن و کەمی دەکەنەوە. دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە نیشانەکانی وشکبوونی چاو کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی تەندروستی چاو، واتە بە چارەسەرکردنی حاڵەتەکە وشکبوونی چاویش نامێنێت. بە زۆری چارەسەرکردنی نەخۆشییە خۆییەکان بەکارهێنانی دەرمانەکانی کۆرتیکۆستیرۆید (Corticosteroid) دەگرێتەوە. ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە دەبێت ئاگاداری ئاستی شەکری خوێن بن و کۆنتڕۆڵی بکەن، هەروەها دەبێت گرنگی بە شێوازێکی ژیانی تەندروست و خواردنی تەندروست و دەرمان بدەن. 

ئاوسانی پێڵووی چاو (Blepharitis) 

ئاوسانی پێڵووی چاو ڕوودەدات کاتێک چەورییە بچووکە ڕژێنەکانی ناو پەردەی چاو دەگیرێن و تووشی هەوکردن دەبن. لەم حاڵەتەدا کەسەکە دووچاری وشکبوونەوەی چاو دەبێت. هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم حاڵەتە نییە، بەڵام دەکرێت بە بەکارهێنانی شتێکی گەرم بۆ سەر چاوت بە داخراویی و بۆ چەند خولەکێک هەوکردنی چاو کەم بکرێتەوە، هەوڵبدە پەردە یان پێڵووی چاوت بە شامپۆی منداڵان خاوێن بکەیتەوە. تاکوو هەوکردنەکە چارەسەر دەبێت، گرنگی بە بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد بدە بۆ ئەوەی وشکبوونەوە و سووربوونەوەی چاو کەم بکەیتەوە. ئەگەر دوای بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد هێشتا نیشانەکانت تێدابوو واتە هەستت بە وشکبوونەوە و سووربوونەوەی چاو کرد، ئەوا سەردانی پزیشک بکە بۆ ئەوەی دەرمانی تایبەتت بۆ بنووسێت. 

هەستیاری

هەستیاری بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی تووشبوون بە وشکبوونی چاو دادەنرێت، دەکرێت لەم حاڵەتەدا چاوەکانت بخورێن، سوورببنەوە و هەروەها ئاو بە چاوەکانتدا بێتە خوارەوە واتە چاوەکانت ئاو بکەن. دەرمانی دژەهیستامین کە لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت، دەبێتە هۆی نەمانی هەستیاری و لەم حاڵەتەدا بەکاردێت، بەڵام ئەم دەرمانانە نیشانەکان خراپتر دەکەن، واتە بەهۆیەوە کەسەکە زیاتر هەست بە وشکبوونی چاو دەکات. ئەگەر لە کاتی تووشبوون بە هەستیاری بەتەنها هەستت بە وشکبوونی چاو کرد، ئەوا وا باشترە ڕێنمایی لە پزیشک وەربگریت، لەوانەیە پزیشکەکە پێشنیاری ئەو قەترانەت بۆ بکات کە دژەهیستامینن. 

وشکبوونەوەی لەش بە شێوەیەکی مامناوەند 

هەندێکجار هۆکاری وشکبوونی چاو بۆ وشکبوونەوەی لەش یان نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنیەکان دەگەڕێتەوە. بێجگە لە وشکبوونەوەی چاو، نیشانەکانی تری وشکبوونەوەی لەش بریتییە لە هەبوونی میزێکی ڕەنگ تۆخ، نەبوونی وزە، خەواڵوویی، خێرابوونی لێدانی دڵ و کەمبوونەوە یان نەمانی میز. زیادکردنی شلەمەنییەکان و خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو وشکبوونەوەی لەش ناهێڵێت و لە هەمان کاتدا یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی چاو دەدات و وشکبوونی چاو ناهێڵێت.

کەمیی ڕێژەی شێ 

ئاووهەوای وشکیش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە وشکبوونی چاو، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە ماڵەکەت کەم بێت یان ئەگەر لە تەنیشت دەرچەیەکی هەوایی بخەویت یان ئیش بکەیت ئەم حاڵەتە ڕوودەدات. هەوڵبدە لە شوێنێکدا ئیش بکەیت یان بخەویت کە هەوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چاوەکانت نەدات، بەم شێوەیە لە وشکبوونی چاو بەدوور دەبیت. هەروەها دەکرێت شێدارکەرەوە بۆ شێدارکردنی هەواکە و ڕێگریکردن لە زوو وشکبوونەوەی فرمێسک بەکاربهێنیت. 

جگەرەکێشان

جگەرەکێشان یان بەرکەوتن بە دووکەڵی کەسێکی تری جگەرەکێش دەبێتە هۆی وشکبوونی چاو. لەو ژینگەیە دووربکەوە کە جگەرەی تێدا دەکێشرێت، یان ئەگەر خۆت جگەرە دەکێشیت هەوڵبدە وازی لێ بهێنیت و لە کێشانی دووربکەویتەوە. دەتوانیت بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان سەردانی پزیشک بکەیت و ئامۆژگاری لێ وەربگریت. 

هاوێنەی لکاوی چاو

بەکارهێنانی هاوێنە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاو، ئەمە ڕوودەدات لەبەرئەوەی هەندێک لە هاوێنەکان ڕێگری لە گەیشتنی ئۆکسجین بە کۆرنیای چاو دەکەن. کاتێک کۆرنیا ئۆکسجینی پێویستی پێ ناگات، لە ئەنجامدا وشکبوونەوەی چاو ڕوودەدات. لەم حاڵەتەدا پێویستە لە بەکارهێنانی هاوێنە دووربکەویتەوە و لەجیاتی ئەوە چاویلکەی بەرخۆر بەکاربهێنیت، یان دەکرێت سەردانی پزیشک بکەیت و داوای لێ بکەیت، ئەو هاوێنانەت بۆ پێشنیاربکات کە تایبەتن بە وشکبوونی چاو و هەروەها چاو بە شێداریی دەهێڵنەوە.


سەرچاوەکان

364 بینین