ساوسهامپتۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-03-16:54:00 - کۆدی بابەت: 10133
ساوسهامپتۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساوسهامپتۆن (بە ئینگلیزی: Southampton، بە عەرەبی: ساوثهامبتون)، شارێکی بەندەرییە لە ناوچەی هامپشایەر لە باشووری ئینگلتەرا. ئەم شارە ١١٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لەندەن و ٢٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای پۆرتسمۆسەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٢٦٩,٧٨١ کەس بوو، هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٧٢٫٨ کیلۆمەتر دووجایە. ساوسهامپتۆن یەکێکە لە گەورەترین شوێنەکانی بازرگانی وردە لە باشووری ئینگلتەرا.

مێژوو

شوێنەوارەکان ئەوە دەردەخەن کە مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە ساوسهامپتۆن دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. ئەم شارە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەییەوە بۆ ماوەی چەندین سەدە ناوەندێکی گرنگی ناوچەیی بووە، لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن شاژنە ئەلیزابێسی دووەمەوە پێگەی شاری پێبەخشرا. ساوسهامپتۆن لە سەدەی ناوڕاستدا بوو بە بەندەرێکی گرنگ، ناوەندێکی بازرگانی، شارۆچکەیەکی پیشەسازی و شوێنێکی گرنگی دەستپێکی سەربازی. هەروەها ساوسهامپتۆن ئامانجێکی ستراتیجی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا بوو و لە جەنگی جیهانیی دووەمدا زیانێکی زۆری بەرکەوت. دوای جەنگ و لە سەدەی بیستدا شارەکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

گرنگی شارەکه

مەرج نییە گرنگی شارێک ببەسترێتەوە بەوەی کە لە نێو گەورەترین شارەکان بێت، شاری ساوسهامپتۆن یەکێکە لە بچووکترین شارەکانی ئۆنتاریۆ، بەڵام نزیکی شارەکە لە زەریا وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکان لە ناوچەکەدا. شارەکە ساڵانە سەرنجی زۆرێک لە گەشتیاران بۆ خۆی ڕادەکێشێت، بەڵام دیارە هەندێک لەو گەشتیارانە ئەوەندە حەزیان لە شارەکە بووە کە هانیداون لێی بمێننەوە، چونکە ساڵانە ژمارەی دانیشتووان گەشە دەکات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ساوسهامپتۆن لە ئۆنتاریۆ لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ـدا ٣٫٦٧٨ کەس بوو. لە سەرژمێری پێشوودا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ٣٫٣٨٢ کەس خەمڵێندرا، کەواتە ڕێژەی گەشەی شارەکە لە نێوان ئەو دوو سەرژمێرییەدا ٨٫٨٪ بوو، ئەم ڕێژەیەش دوو هێندەی ڕێژەی گەشەی تەواوی ئۆرینتۆیە (٤٫٦٪). چڕی دانیشتووانی شارەکە ٥٧١٫٣ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها ژمارەی مێیەکان ١٫٩١٠ کەس و نێرەکان ١٫٧٥٥ کەسن.

تەمەنی دانیشتووان

گەورەترین گرووپی تەمەن لە شاری ساوسهامپتۆندا لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵییدایە و کۆی گشتی ٥٥.١٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. دووەم گەورەترین گرووپی تەمەن ئەوانەن کە تەمەنیان ٦٥ ساڵ و سەرووترە، بە ڕێژە ٣٤٫١٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی شارەکە ٥١٫٨ ساڵییە، تا ڕادەیەکی زۆر زیاترە لە تێکڕای تەمەنی باقی ئۆنتاریۆ کە ٤١ ساڵییە. بچووکترین گرووپیش لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵییەوە و بە ڕێژە تەنها ١٠٫٨٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە تەمەنی ٨٥ ساڵی و سەرووترن ٤٫٨٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.

پێکهاتە نەتەوەییەکان شارەکەی بەپێسەرژمێری شانشینی یەکگرتووی ساڵی ٢٠٠٥،  بریتین لە

سپی پێست: ٨٥٫٩٪ ( ٧٧٫٧٪ سپی پێستی بەریتانی)

ئاسیایی: ٨٫٤٪

ڕەش پێست: ٢٫٢٪

١٫٢٪ نەتەوەکانی تر

ڕەگەزی تێکەڵ: ٢٫٤٪

ئایین

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا، ٥١٫٥٪ـی دانیشتووانی شارەکە سەر بە ئایینی مەسیحی بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕێژەی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ نزیکەی ١٤٪ دابەزیووە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن پەیڕەوکەرانی هیچ ئایینێک نین لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ لە ٢١٫٦٪ـەوە بۆ ٣٣٫٥٪ بەرزبووەتەوە. دووەم گەورەترین ئایین لە ساوسهامپتۆن ئیسلامە، لە ساڵی ٢٠١١دا ٤.٢٪ـی دانیشتووانی شارەکە موسڵمان بوون.

زمان

بە پشتبەستن بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ساوسهامپتۆن ڕێژەیەکی زیاتر لە ئاستی نیشتیمانی خاووخێزانی تێدایە کە ژمارەیان ٧٫٥٢٢ ماڵە و زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکییان نییە (٧٫٧٪ بە بەراورد بە ٤٫٤٪ـی ئاستی نیشتمانی). هەروەها کەمێک کەمتر لە ١٢٪ـی دانیشتوووانی ساوسهامپتۆن وەک زمانی سەرەکی خۆیان قسە بە زمانی ئینگلیزی ناکەن، و ئەمەش لە دانیشتووانی تەمەن ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵ بۆ نزیکەی ٢٤٪ بەرزبووەتەوە. باوترین زمانی سەرەکی شارەکە، جگە لە ئینگلیزی، پۆڵەندی بوو، کە ٣٫٦٪ـی کۆی دانیشتووان و ٩٫٥٪ـی دانیشتووانی تەمەن ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵی پێک دەهێنا. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی ئاستی کۆچی ئابووری کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٠٤.

کەشوهەوا

شاری ساوسهامپتۆن کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە ٦ پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە تەممووزە ١٨٫٣ پلەی سەدییە.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. دابارینی بەفر دەگمەنە و دەشێت جاروبار بەفر ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو

لە کانوونی دووەمی ١٩٨٧ـدا ١٠- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. هەروەها ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی حوزەیرانی ١٩٧٦ و لە مانگی ئابی ١٩٩٠ـدا گەشتە ٣٥ پلەی سەدی.

ساڵانە ٨٢٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی ئایار و تەممووزە ٤٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی دووەمە ١٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٧٠٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی ساوسهامپتۆن وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب، چونکە گەرمترینی وەرزی ساڵە. مانگی حوزەیران کەمێک فێنکترە، بۆیە ڕەنگە مانگی تەممووز و ئابت پێ باشتر بێت. هەروەها مانگی ئەیلوولیش مانگێکی باشە، کەمێک باراناویترە لە مانگەکانی هاوین، بەڵام کەشی شارەکه هێشتا خۆشن، بەتایبەتی لە بەشی یەکەمی مانگەکەدا.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

۱. مۆزەخانەی سی سیتی

۲. کۆتەڵای ئەندازیارانی تایتانیک

۳. پارکی ڕیڤەرساید

٤. گوندی ئۆقیانووس

٥. سەکۆی بەندەری خۆرئاوا

٦. مۆزەخانەی سۆلێنت سکای

۷. یاریگای سەینت ماری

۹. دامودەزگای شارەوانی ئۆ توو

۱۰. پێشەنگای نیگارکێشی شاری ساوسهامپتۆن

۱۱. شووراکانی شارۆچکە

۱۲. فیستیڤاڵی کریسمس لە ساوسهامپتۆن


سەرچاوەکان

41 بینین