جووتبینی

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-11-20:23:00 - کۆدی بابەت: 10210
جووتبینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جووتبینی (بە ئینگلیزی: Diplopia یان Double vision، بە عەرەبی: الرؤية المزدوجة)، حاڵەتێکە ڕوودەدات کاتێک کەسێک شتەکانی چواردەوری بە دوو دانە دەبینێت لە کاتێکدا خۆی یەک دانەیە. ئەم حاڵەتە کار دەکاتە سەر هاوسەنگی و جووڵە و توانای خوێندنەوە. جووتبینی دوو جۆر دەگرێتەوە، یان ئەم حاڵەتە لە کاتێکدا ڕوودەدات ئەگەر کەسەکە هەردوو چاوی کرابێتەوە، واتە ئەگەر چاوێکی دابخات جووتبینییەکە نامێنێت. یاخود ئەگەری هەیە کەسەکە ئەم کێشەیەکی لە یەک چاویانیدا هەبێت. چارەسەری جووتبینی بەپێی هۆکارەکەی و جۆرەکەی دەگۆڕێت، بە شێوەیەکی گشتی چارەسەرەکان بریتیین لە ڕاهێنانکردن بە چاو، بەکارهێنانی چاویلکەی تایبەت یاخود ئەنجامدانی نەشتەرکاری. 

جووتبینی چییە؟

جووتبینی حاڵەتێکە پەیوەندی بە هەبوونی کێشە لە چاوەکاندا هەیە، کەسی تووشبوو شتەکانی دەوروبەر بە دوو دانە دەبینێت لە کاتێکدا خۆی بە تەنها یەک دانەیە، هەروەها یەکێک لە وێنەکان لەوەی تریان کاڵترە. زۆر کەس جووتبینی و لێڵبوونی چاو تێکەڵ دەکەن و وا تێگەیشتوون کە ئەم دوو حاڵەتە هەمان شتن لە کاتێکدا دوو حاڵەتەی لەیەک جیاوازن. ئەم حاڵەتە کار لە یەکێک یان لە هەردوو چاو دەکات، واتە دەکرێت کەسەکە هەردوو چاوی ئەم کێشەیەی هەبێت یان بە تەنها چاوێکیانی تووشبوو بێت. هەموو ساڵێک لە ئەمریکا نزیکەی ٨٥٠,٠٠٠ کەس بەهۆی ئەم حاڵەتەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، ٩٥% حاڵەتەکەیان مەترسیدار نییە و بەزوویی دەگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەوە، ئەوانەی تریش کاتێک تووش دەبن حاڵەتەکەیان مەترسیدارە، بە جۆرێک دەکرێت لە مردن نزیک ببنەوە. 

جووتبینی چۆنە؟

بەپێی جۆری حاڵەتەکە بینینی کەسەکە بۆ شتەکان دەگۆڕێت و جیاوازە: 

  1. جووتبینی ئاسۆیی: لەم جۆرەدا کەسەکە وێنەکان لە تەنیشت یەک دەبینێت.
  2. جووتبینی ستوونی: لەم جۆرەیاندا وێنەکان لەسەر یەکترین واتە یەکێکیان لە سەرووی ئەوەی تریانەوەیە.
  3. جووتبینی تیرەیی: وێنەکان بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی لەیەک دوورن و جیاکراونەتەوە. 

هۆکارەکانی جووتبینی 

هەریەک لە چاوەکان وێنەیەکی تایبەتی ژینگەی دەوروبەر دروست دەکەن. دواتر مێشک لێکدانەوەکانی چاو تێکەڵ دەکات و بە یەک وێنە لێکی دەداتەوە. پێویستە چاوەکان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی لێکدانەوەیەکی قووڵ دروست بکەن. هەر شتێک یان هۆکارێک ببێتە هۆی تێکدانی ئەم پڕۆسەیە لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی جووتبینی دەکات و دەکرێت زیان بە ماسولکە یان دەمار بگەیەنێت. هەندێک نەخۆشی، ئەو ماسولکانەی بەرپرسن لە جووڵاندنی چاو لاواز دەکەن و دەبنە هۆی جووتبینی. لە ئەنجامی زیانگەیاندن بەو ماسولکانەی چاوەکان دەجووڵێنن یان ئەو دەمارانەی کۆنتڕۆڵی چاو دەکەن، جووتبینی ڕوودەدات. هەروەها زیانگەیاندن بە هەندێک بەشی تایبەتی چاو وەک کۆرنیا (cornea) بە هەمان شێوە دەکرێت کەسەکە تووشی جووتبینی بکات.

هۆکارەکانی جووتبینی دووچاوی

یەکێک لە هۆکارە هەرە باوەکانی جووتبینی بریتییە لە خێلبوونی چاو (Strabismus). ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کاتێک چاوەکان هاوڕێک نین، واتە لەسەر هەمان هێڵ نین. خێلی لە منداڵاندا زۆر باوە، بەڵام ئەم حاڵەتە هەموو جارێک کەسەکە دووچاری جووتبینی ناکات. لە حاڵەتی خێلیدا چاوەکان کەمێک بە ئاڕاستەی جیاوازدا لادەدەن. هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتەش بریتییە لە:

  • تووشبوونی چاوەکان بە ئیفلیجی یان لاوازبوونیان 
  • یەکجار زۆر چالاکبوونی چاوەکان
  • ئەو دەمارانەی کۆنتڕۆڵی جووڵەی چاو دەکەن کێشەیان هەیە

هەندێک جار دوای چارەسەرکردنی خێلی دەکرێت کەسەکە دووبارە تووش بێتەوە، یان لەوانەیە کەسەکە لە منداڵیدا هەیبووبێت و دواتر لە تەمەنی گەنجیدا دووچاری هەمان حاڵەت ببێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، تەنانەت چارەسەرکردنی خێلبوونی چاویش لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی جووتبینی دەکات. هۆکارەکانی تری تووشبوون بە جووتبینی بریتیین لە: 

  1. تێکچوونی سایرۆیدەکان: ڕژێنەی سایرۆید دەکەوێتە ناوچەی ملەوە و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنێک کە پێی دەوترێت سایرۆکسین (thyroxine). گۆڕانکاری لە ئەرکی سیارۆیددا، کار دەکاتە سەر ئەو ماسولکە دەرەکییانەی لە جووڵەی چاو ڕۆڵیان هەیە. 
  2. جەڵتە: لە حاڵەتی جەڵتەدا بەهۆی گیرانی بۆرییەکانی خوێنەوە، خوێن بە مێشک ناگات. بەم شێوەیە بۆری خوێن ناتوانێت خوێنی پێویست بۆ مێشک دەستەبەر بکات و لە ئەنجامدا جووتبینی دەکرێت ڕووبدات. 
  3. ڕەگەکشێ (aneurysm): بریتییە لە دەرپەڕینی بەشێکی بۆری خوێن، لەم حاڵەتەدا فشار لەسەر ماسولکە و دەمارەکان دروست دەبێت. 
  4. نەخۆشی شەکرە: ئەمە کاردەکاتە سەر ئەو بۆرییە خوێنانەی لە تۆڕی چاودا (retina) هەن، هەروەها کار دەکاتە سەر ئەو دەمارانەش کە کۆنتڕۆڵی جووڵەی چاو دەکەن. 
  5. گرێی مێشک و شێرپەنجە: بوونی گرێ یان گەشەکردنی بەشی دواوەی چاو زیان بە دەمارەکانی چاو دەگەیەنێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی جووتبینی. 
  6. شانەتوندبوونی چەندینە (multiple sclerosis): ئەم حاڵەتە کار دەکاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار، کە دەمارەکانی چاویش دەگرێتەوە. 
  7. برینداربوونی چاو: ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خوێن و شلەمەنی لە دەوروبەری چاو، ئەمەش فشار لەسەر چاو و ماسولکە و دەمارەکان دروست دەکات. 
  8. برینداربوونی سەر: زیانگەیاندن بە مێشک و ماسولکە و دەمارەکان، ڕێگری لە جووڵەی چاو و ماسولکەکانی دەکات.  

هۆکارەکانی جووتبینی یەک چاو

ئەگەر کێشەکە تەنها لە یەک چاویاندا هەبوو ئەوا پێی دەوتریت جووتبینی یەکچاو، هەروەها ئەم جۆرەیان دەگمەنترە. ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تووشبوون بەم جۆرەی جووتبینی بریتیین لە:

  1. لێڵبینی (astigmatism): لەم حاڵەتەدا کۆرنیای چاو شێوەیەکی ناڕێکی هەیە. 
  2. وشکبوونی چاو: لەم حاڵەتە چاو بە بڕی پێویست فرمێسک بەرهەم ناهێنێت، یان زۆر بەخێرایی وشک دەبێتەوە. 

جووتبینی کاتی

هەندێکجار جووتبینی دەکرێت کاتی بێت، ژەهراویبوون بە کحول و دەرمانەکانی وەک بێنزۆدایەزیپاین (benzodiazepines) و هەندێک لە دەرمانەکانی دژەگەشکە دەبنە هۆی جووتبینی. هەروەها زیانگەیاندن بە سەر یان ماندووبوونی زۆر بە هەمان شێوە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئەم حاڵەتە. 

دەستنیشانکردن 

دەستنیشانکردنی جووتبینی لەلایەن پزیشکی ئەم بوارەوە دەکرێت ئەرکێکی سەخت بێت، لەبەرئەوەی چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە ڕووبدات. دەکرێت یەکەم پرسیار کە پزیشکەکە لە نەخۆشەکەی بکات ئەوە بێت کە ئایا کەسەکە هەردوو چاوی وایە یان تەنها یەک چاویان تووشبووە. ئەگەر جووتبینییەکە تەنها لە یەک چاویاندا بێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە کێشەکە لە چاوەکەدایە وەک لەوەی لە دەمارەکاندا بێت، لەم کاتەدا مەترسییەکەی کەمترە. 

دەستنیشانکردنی جووتبینی لە منداڵاندا 

هەموو کات منداڵان ناتوانن ئەوەی دەیبینین ڕوونی بکەنەوە، ئەمەش وا دەکات دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە سەختتر بێت. نیشانە جەستەییەکانی جووتبینی بریتیین لە:

  • بۆ بینین منداڵەکە چاوی تەسک دەکاتەوە.
  • داپۆشینی یەکێک لە چاوەکان بە دەست.
  • سوڕاندنی سەر بە شێوەیەکی نائاسایی.
  • لەجیاتی ئەوەی لە پێشەوە سەیری شتەکان بکات لەلاوە سەیریان دەکات.

چارەسەرکردن 

چارەسەرکردنی جووتبینی بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت. چارەسەرەکانی جووتبینی یەک چاو بریتییە لە: 

  1. بەکارهێنانی هاوێنە یان چاویلکەی تایبەت.
  2. ئەنجامدانی نەشتەرکاری لەیزەر، لەم جۆرە نەشتەرکارییەدا کۆرنیانی چاو دەگەڕێنرێتەوە بۆ شێوە ئاساییەکەی خۆی. 
  3. ئەگەر جووتبینی لە ئەنجامی وشکبوونی چاوەوە ڕوویدابێت، ئەوا بە زۆری تەنها قەترەی چاو بۆ کەسەکە لەلایەن پزیشکەوە پێشنیار دەکرێت. 

چارەسەرەکانی جووتبینی دووچاوی بریتیین لە: 

  1. لەچاوکردنی چاویلکە.
  2. ڕاهێنانکردن بە چاو.
  3. بەکارهێنانی هاوێنە.
  4. نەشتەرکاری ماسولکەی چاو بۆ ڕێککردنەوەی شوێنی ماسولکەکە.

لە هەندێک جۆری تایبەتی جووتبینیدا بۆتۆکس (botox) دەکرێتە نێو ماسولکەکانی چاوەوە، بۆ ئەوەی ماسولکەکان بحەسێنەوە.


سەرچاوەکان

85 بینین