نارنج

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-15-17:57:00 - کۆدی بابەت: 10260
نارنج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نارنج یان کەبات، نارنجک یاخود پڕتەقاڵی تاڵ (بە عەرەبی: النارنج یان رارنج، بە ئینگلیزی: Bitter orange، ناوی زانستی: Citrus aurantium) میوەیەکی مزرەمەنی ئاودارە و تامێکی ترشی مەیلەو تاڵی هەیە، میوەیەکی گۆییە و هاوشێوەی پڕتەقاڵە و ڕەنگی پڕتەقاڵییە. چونکە شێوازی چاندنی ئاسانە لە زۆر ناوچە بەردەستە و بەربڵاوە. نارنج یەکێکە لەو میوانەی کە گوڵ، گەڵا، بەر، ئاوەکەی و توێکڵەکەی سوودی گرنگیان هەیە.

مێژوو و بنەچەی میوەی نارنج

هەندێک سەرچاوە مێژووی دەرکەوتنی میوەکە دەگێڕنەوە بۆ هەزارەی یەکەمی زایینی، بەپێی چەند سەرچاوەیەک مێژووی ئەم میوەیە دەگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژاوای ئاسیا بە دیاریکراوی چەند ناوچەیەکی وڵاتی هیندستان، پاشان دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام میوەکە گەیشتووەتە نیمچە دوورگەی عەرەبی، بەهۆی ئەوەی عەرەب شارەزاییەکی زۆریان هەبووە لە چاندنی مزرەمەنییەکان، بۆیە زۆر بە ئاسانی لە ناوچە عەرەبییەکان بڵاوبووەتەوە نموونەی وڵاتانی عەممان، عێراق، میسر، سووریا و فەڵەستین.

هەر بەهۆی عەرەبەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە میوەکە بە تەواوی لە هەموو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا بڵاوبووەتەوە. لە دوای سەردەمی ڕابوون و هەستانەوە لە وڵاتی ئیسپانیا ئەم میوەیە زیاتر بڵاوبووەوە.

جیاوازیی لە نێوان داری نارنج و داری پڕتەقاڵ

تایبەتمەندیی هاوبەش هەیە لەنێوان بەری داری نارنج و داری پڕتەقاڵ، وەکوو ڕەنگ و تام و شێوە تەنانەت هەندێک ئەم میوەیە وەکوو پڕتەقاڵی تاڵ ناوزەد دەکەن، بەڵام جیاوازیی لە دارەکانیان هەیە. داری نارنج ڕەنگی گەڵاکانی تۆختر و قەبارەی گەڵاکەی درێژتر و گەورەترە و بۆنێکی تیژتری هەیە کە بۆنی گەڵاکەی خاڵی جیاکەرەوەیە لە نێوان پڕتەقاڵ و نارنج. توێکڵی بەری داری نارنج ئەستوورترە بۆیە بە ئاسانی پاک دەکرێت و توێکڵەکەی لێدەکرێتەوە، هەروەها ڕووی توێکڵی نارنج لە پڕتەقاڵ زبرترە.

ناوەندی میوەی نارنج بەتاڵ و بۆشە و تامێکی ترشی هەیە کە ڕەگێک تامی تاڵی تیدایە. داری نارنج بەرزتر و ڕێکترە وەک لە داری پڕتەقاڵ، لقەکانی دڕکی زیاتری پێوەیە وەک لە داری پڕتەقاڵ، هاوکات داری نارنج زیاتر بەرگەی کەشوهەوای سەخت و دژاوار دەگرێت، نموونەی کەشی زۆر سارد یان کەشێکی گەرمی شێدار. هەروەها بەرگەی نەخۆشی زیاتر دەگرێت. بەری نارنج بەراورد بە پڕتەقاڵ بچووکترە و ناوکی زیاتری تێدایە، شێوەکەی یان گۆییە یان هێلکەییەکی ناڕێکە.

تایبەتمەندییەکانی داری نارنج

داری نارنج دارێکی هەمیشە سەوزی هەیە و گوڵی بەرەکەی گوڵێکی سپییە و بۆنێکی تیژی خۆشی هەیە، بەرزیی دارەکە لە نێوان سێ بۆ دە مەترە، ڕەنگی گەڵاکەشی سەوزێکی تۆخی تێرە. شێوەی لقی دارەکە چڕ و پڕە و بە خێرایی گەشە دەکات تاکوو دەگاتە ترۆپکی بەرزی، بەشێک لە لقەکانی دارەکە دڕکی بچووکی کورتی پێوەیە، هەندێکی تری دڕکەکانی درێژ و تیژن کە درێژیی هەر دڕکێکی دەگاتە هەشت سانتیمەتر. زیاتر لە ٢٣ جۆر داری نارنج بوونی هەیە، کە بەپێی پلەی تاڵی و ترشی بەرەکەی پۆلێن کراون.

جۆرەکانی میوەی نارنج

  1. نارنجی ئاسایی: نارنجێکە شێوەکەی گۆییە و توێکڵەکەی کەمێک ئەستوورە، ڕەنگەکەی پڕتەقاڵی تۆخە و پڵپەکەی زەردێکی تۆخە و تامی زۆر ترشە و بڕێکی زۆر ناوکی تێدایە، ژمارەی ناوکەکانی لە هەر بەرێک بە ٢٥ دانە خەمڵێندراوە.
  2. نارنجی شیرین: نارنجی شیرین هاوشێوەی نارنجی ئاساییە بەڵام تامی شیرینە، شیرینییەکەی ڕەگێک تامی تاڵی تێدایە، ژمارەی ناوکەکانی کەمترە و لە هەر نارنجێکی شیرین نزیکەی ١٥ دانە ناوکی تێدایە.
  3. نارنجی توێکڵ زبر: ئەم جۆرەی نارنج توێکڵەکەی زبرە و خاڵی وردی ناڕێکی لە ڕەنگی توێکڵەکەی تێدایە، تامی تورشە و بە بەراورد بە جۆری نارنجی ئاسایی تورشییەکەی کەمترە.

سوودەکانی نارنج

  • گوڵی نارنج و زەیتەکەی بۆ زۆر کێشەی تەندروستی سوودی هەیە نموونەی کێشەکانی هەرسی وەکوو برینی ڕیخۆڵە و سکچوون، هەروەها بۆ ڕێکخستنی ئاستی چەوریی خوێن و کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە سوودی هەیە.
  • ئاوی نارنج وەکوو شەربەت دەخورێتەوە و دژە میکرۆبە و دژی هەوکردنە، بۆ هەڵامەت و ئەنفلۆنزا و پەتا وەرزییەکان سوودی هەیە.
  • دەکرێت نارنج بۆ دروستکردنی مرەبا و شیرینی بەکاربهێنرێت.
  • زەیتی نارنج بۆ زۆرێک لە کێشەکانی پێست و کەرەستەکانی جوانکاریی پێست بەکاردەهێنرێت.
  • نارنج لە پیشەسازیی کیمیایی بەکاردەهێنرێت و لە دروستکردنی سابوون، بۆن، مۆم، کەرەستەکانی جوانکاری سوودی لێ دەبینرێت.

پێکهاتەی خۆراکی نارنج

نارنج چەند پێکهاتەیەکی زۆر گرنگی تێدایە کە لە بواری تەندروستیدا زۆر سوودی هەیە، نموونەی ماددەی پرۆتۆئەلکۆلایدەکان (بە ئینگلیزی: protoalkaloids) کە لە تەواوکەرە خۆراکییەکان و دروستکردنی بۆن بەکاردەهێنرێت.

هەروەها نارنج ماددەی لیمۆنین (بە ئینگلیزی: Limonene)ـی تێدایە کە لە زۆرێک لە مزرەمەنییەکان ئەم ماددەیە بوونی هەیە تایبەتمەندە بەوەی کە دژی هەوکردن و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانە. ڤیتامین C پێکهاتەیەکی تری نێو نارنجە و وەکوو دژەئۆکسێن کاردەکات و سوودێکی گرنگی بۆ لەشی مرۆڤ هەیە.

زیانەکانی نارنج

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی نارنج بەهۆی چەند پێکهاتەیەکییەوە بۆ چەند کەسێک ناتەندروستە و دەکرێت زیانی هەبێت، نموونەی ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە یان ئەوانەی لێدانی ترپەی دڵیان ناڕێکە. هەروەها ئەو خانمانەی دووگیانن پێشنیاری ئەم میوەیەیان بۆ ناکرێت. لە هەندێک لە یانە وەرزشییەکانی ئەمریکا ئەم میوەیە بۆ وەرزشوانان قەدەغەیە، چونکە وەکوو میوەیەکی چالاککەر و وزەبەخش دادەنرێت.


سەرچاوەکان

84 بینین