مەحموود تاڵەقانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-15-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10271
مەحموود تاڵەقانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەید مەحموود عەلایی تاڵەقانی (بە ئینگلیزی: Mahmoud Taleghani، بە فارسی: سید محمود طالقانی) پیاوێکی ئایینی شیعەی ئێرانی، وەرگێڕی قورئان، بیرمەندی ئایینی، چالاکوانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەندامی بەرەی دووی نەتەوەیی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی تەڤگەری ئازادیی ئێران بووە. 

نوێنەری ئەنجوومەنی پسپۆڕانی دەستوور
ماوەی بەرپرسیارێتی: ١٩٧٩/٨/١٩ -  ١٩٧٩/٩/١٠
وتاربێژی هەینی تاران
ماوەی بەرپرسیارێتی: ١٩٧٩/٧/٢٧ - ١٩٧٩/٩/١٠
لە دوای حەسەن ئیمامی
لە پێش حوسێنعەلی مونتەزڕی
سەرۆکی شورای شۆڕش
ماوەی بەرپرسیارێتی: ١٩٧٩/٢/٢٧ - ١٩٧٩/٩/١٠
لەدوای  موڕتەزا موتەههەری
لە پێش محەمەد بەهەشتی
زانیاریی تایبەت
لەدایکبوون
١٩١١/٣/٥
کۆچی دوایی

١٩٧٩/٩/١٠ (٦٨ ساڵ)

تاران، کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئارامگا بەهەشتی زەهرا
حیزبی سیاسی
  • تەڤگەری ئازادی (١٩٦١ - ١٩٧٩)
  • بەرەی نیشتمانی (١٩٥١ - ١٩٦١)
هاوسەر
  • بەتوول ئەعلایی
  • تووران تاڵەقانی
منداڵ ١٠ 
ئایین ئیسلام 
ڕێباز شیعەی دوازدە ئیمامی 
فیقھ ئیمامی
بوار تەفسیر
پلەی خوێندن ئایەتوڵڵا

مەحموود تاڵەقانی لەگەڵ سەید ڕەزا زەنجانی لە ماوەی بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی نەوتدا پشتیوانی لە محەمەد موسەدیق کرد و دوای کودەتای ٢٨ی ئاب (ڕووخانی حکوومەتی موسەدیق) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی موسەدیق پەیوەندی بە بزووتنەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی (نهضت مقاومت ملّی) کرد. دوای وەستانی چالاکییەکانی بزووتنەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی، تاڵەقانی بە سەرکردایەتی اللهیار ساڵح بەشداری لە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی بەرەی نەتەوەیی ئێران کرد و چووە ناو ئەنجوومەنی ناوەندی بەرەی نیشتمانیی ئێران (جبههٔ ملی ایران).  تاڵەقانی لە ساڵی ١٩٦١ وەک ئەندامی دامەزرێنەر بەشداری لە کۆنگرەی بەرەی نیشتمانی کردووە و لەلایەن بەشداربووانی کۆنگرەکەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی هەڵبژێردرا. لە هەمان ساڵ تاڵەقانی، مەهدی بازرگان و یەدوڵڵا سەحابی، حیزبی تەڤگەری ئازادیی ئێرانیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی نەتەوەیی-ئایینی پێکهێنا.

تاڵەقانی بەهۆی چالاکی سیاسی چەند جارێک لەلایەن حکوومەتی پەهلەوی زیندانی کراوە و جارێکیش دەربەدەر کراوە. لە پێکهێنانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێراندا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبووە و لەگەڵ دامەزرێنەرانی ئەو ڕێکخراوە و بە تایبەت محەممەد حەنیفنەژاد زۆر نزیک و هاوبیری هەبووە. هەروەها یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ـی ئێران و دوای تیرۆرکردنی مورتەزا موتەههەری، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی شۆڕشی گرتە ئەستۆ. لە کۆتایی تەمەنیدا لەلایەن ڕوحوڵڵا خومەینییەوە وەک وتارخوێنی هەینی تاران ناسێندرا. دوای ئەوە دەچێتە ئەنجوومەنی پسپۆڕانی دەستوور و دوای مانگێک بە گوماناوی گیانی لەدەست دا.

لە سەرەتای شۆڕش یەکێک بوو لەو سەرکردە کەمانەی کە بەرگری لە محەمەد موسەدیق و عەلی شەریعەتی دەکرد. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ناوبانگەکەی نووسینی کتێبی (پرتوی از قران) بوو. له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا، له‌وانه‌ش ئه‌م كۆمه‌ڵه‌، تێڕوانینێكی نوێی بۆ ئایین هه‌بووه‌ و هه‌وڵی ده‌دا لە شێوازە کۆنەکە لابدات. کۆمەڵەپەرتووکی تیشکێک لە قورئانەوە، یەکێک لە پڕفرۆشترین و باشترین کتێبەکانی سەردەمی بڵاوکردنەوەی بوو. لە کتێبەکانی تریشیدا، هەمیشە تاڵەقانی هەوڵی دەدا بیسەلمێنێت ئیسلام لەگەڵ دیموکراسی هاوئاوازە.

ژیان

تاڵەقانی لە ڕێکەوتی ١٩١١/٣/٥ لە گوندی گلیردی تاڵەقان لە پارێزگای ئەلبورز لە خێزانێکی ئایینی و شۆڕشگێڕ لەدایکبووە. لە سەرەتاوە سەرف و نەحوی لای باوکی خوێندووە. لە هەریەک لە قوم و نەجەف بۆ خوێندن هاتووچۆ دەکات و دەگاتە پلەی ئیجتیهاد. مۆڵەتی ئیجتیهادی لە عەبدولکەریم حائری یەزدی وەرگرتووە و مۆڵەتی گێڕانەوەی فەرموودەی لە شەمسەدین مەحموود مەرعەشی و سەید حوسێن تەباتەبایی قومی وەرگرتووە.

ژیانی سیاسی

تاڵەقانی لە کاتی ناڕەزایەتی دژی لابردنی حیجاب لە سەردەمی ڕەزا شادا چووە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە و نزیکەی چل ساڵ لەم گۆڕەپانەدا لە ئاستە جیاوازە سیاسییەکاندا کاری کردووە. یەکێک بوو لە نەیارانی حکوومەتی پەهلەوی و لە بارودۆخ و هەلومەرجی جۆراوجۆردا دژایەتی ڕەوتەکانی حکوومەتی بنەماڵەی پەهلەوی دەکرد و چەندین جار دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. بە ئاشکرا دژایەتیی ڕێبازەکانی حکوومەتی پەهلەوی لە قۆناغ و هەلومەرجی جیاجیادا دەکرد، وەک بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی نەوت، بزووتنەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی، کودەتای ٢٨ی ئاب، چالاکییەکانی بەرەی دووهەمی نەتەوەیی، دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی ئێران و دامەزرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران و ڕووداوەکانی ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٣. هه‌روه‌ها چه‌ندین جار به‌ هۆكاری جۆراوجۆر وه‌ك داڵده‌دان به‌ سه‌ید موجته‌با نه‌واب سه‌فه‌وی كه‌ له‌و كاته‌دا به‌ هه‌ڵهاتوو داده‌نرا، یاخود پێشكه‌شكردنی مه‌شق و ڕاهێنانی ئایینی و شه‌ڕ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگاداریی ناڕه‌زایه‌تی، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و لە زیندان دەسبەسەر کراوە، جارێکیش دوور خراوەتەوە.

شۆڕشی ١٩٧٩ـی ئێران

دوای ئازادبوونی لە زیندان لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، گەڕایەوە بۆ مزگەوتی هیدایەت و دەستی بە وتار و چالاکی کردەوە. پاش ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی شۆڕش لە ١١ـی شوباتی ١٩٧٩، تاڵەقانی دەچێتە قەڵای ئەحمەدئاباد و گۆڕی محەمەد موسەدیق و لەوێ بەرگری لە موسەدیق دەکات. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پیاوانی ئایینی دیکە بە تایبەت ڕوحوڵڵا خومەینی نەیارێکی سەرسەختی موسەدیق بوون.

دوای شۆڕشی ئێران یەکێک بوو لە نەیارانی حیجابی ناچاری بۆ ژنان و بەکارهێنانی حیجابی بە پرسێکی هەڵبژاردەیی و مافی تاکەکەسی زانی. لەو بارەیەوە وتی: "ئەمە لەلایەن من و فەقیھ و ئەوانی ترەوە دروست نەکراوە؛ ئەمە دەقی ڕوونی قورئانە. ئەوەندەی قورئانی پیرۆز باسی کردووە، نە ئێمە دەتوانین لە سنوورەکانی تێپەڕین، نە ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بەم کتێبە ئاسمانییە گەورەیە هەیە. ئیسلام و قورئان و ئایین دەیانەوێت کەسایەتی ژن بپارێزن؛ ئەمە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە. کێ لەم ڕێپێوانانەدا خانمان و خوشک و کچانی ئێمەی ناچار کرد بە حیجاب یان بێ حیجاب بێن؟ ئه‌وان به‌ هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ ڕه‌سه‌نایەتی خۆیان نیشان دا كه‌ ئه‌م جلوبه‌رگ یه‌كێكه‌ له‌ دروشمه‌ ئیسلامی و ئێرانییه‌كان. دەست بە جەنجاڵی مەکەن. وەک چەندین جار وتمان هەموو مافەکانی ژنان لە ئیسلام و لە ژینگەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزراو دەبێت و داوایان لێ دەکەین کە جلێکی سادە و شکۆمەندانە لەبەر بکەن و لەچکێک بدەنە سەریان. ئێمەی ئیسلام و قورئان و دەسەڵاتدارانی ئایینی دەمانەوێت کەسایەتی ژنانمان بپارێزرێت، ئەمە بابەتە سەرەکییەکەیە. شتێکی ناچاری نییە و بابەتەکەش تەنیا باسی لەچک و سەرپۆش نییە!".

کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

تاڵەقانی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە نیسانی ١٩٧٩دا لە نزیکەوە شاهیدی چیرۆکی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان بوو و یەکێک بوو لە کەسە پێشەنگەکانی چارەسەرکردنی دۆزی کورد. دوای سەرکەوتنی شۆڕش هەوڵیدا هێزی سیاسی جیاواز بۆ یەکڕیزی و هاوسەنگی گەل کۆبکاتەوە. لە کۆتاییەکانی نیسانی ١٩٧٩ دوای ئەوەی لەنێو کوردەکانی سنە جەنگ ڕوودەدات بەهۆی ناکۆکی دوولایەنی شیعە و سوننە و تێکچوونی پەیوەندی لایەنەکانی تر. کوردانی تاران داوا لە تاڵەقانی دەکەن بڕواتە سنە و کێشەکە چارەسەر بکات، ئەویش لەگەڵ هەندێ کەسایەتی دیکەی وەک سەید محەمەد بەهەشتی، هاشمی ڕەفسەنجانی، ئەبولحەسەن بەنی سەدر دەڕواتە ناو شاری سنە. بە پێشکەشکردنی وتارێک بۆ خەڵکی ئەو شارە داوا دەکات کە پێکهێنانی ئەنجوومەنی شاری سنە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و بەو ئەنجامە دەگات کە تاکە ڕێگە بۆ پێشگرتن لە خراپ بەکارهێنانی هەریەکێک لە گرووپەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی ڕاستەقینەیە بەناوی ئەنجومەنی شاری سنە.

دەستوور و دژایەتی ویلایەتی فەقیھ و حوكمڕانی پیاوانی ئایینی

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران پۆستی جۆراوجۆری گرتە ئەستۆ. سەرەتا دوای تیرۆرکردنی موڕتەزا موتەههەری، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی شۆڕشی ئیسلامی گرتە ئەستۆ و دوای ئەوە بە دەنگی خەڵکی تاران لە ١٢ی ئابی ١٩٧٩ وەک نوێنەری ئەم شارە چووە ئەنجوومەنی پسپۆڕانی دەستوور. لە دانیشتنی کردنەوەی ئەنجوومەنی پسپۆڕان لە ٢٨ی ئابی ١٩٧٩، کە بە کەمێک دواکەوتنەوە چووە ناو ئەنجوومەن، لەبری ئەوەی لەسەر کورسییەکان دابنیشێت، لەسەر زەوی دانیشت. دەربارەی ئەم کردارەی، کەسە نزیکەکانی دەڵێن پێی وابووە کەسێک لەسەر کورسی بە ئارامی دانیشتبێت، ناتوانێت یاسا بۆ کەسێک دەربکات کە لەسەر زەوی دادەنیشێت.

هەروەها تاڵەقانی دژی ویلایەتی فەقیھ بووە، کە یاسایەک بووە خومەینی دایڕشتووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکات. لەلایەن ڕوحوڵڵا خومەینیەوە پێشنیار کراوە، بنەمای سیاسەتی (سەردەمی غەیب) یان سەردەمی نەبوونی زەینولعابیدەینی کوڕی حوسێنی کوڕی عەلی ئەبووتاڵیب پێکدەهێنێت و پیاوانی ئایینی شیعە بە جێنشینی ئیمام دادەنرێن لە سیاسەت و حکوومەت و دەرکردنی بڕیارەکان بە خواستی خۆیان.

کۆچی دوایی

تاڵەقانی لە ڕێکەوتی ١٩٧٩/٩/١٠ و سێ ڕۆژ دوای نوێژی هەینی کۆچی دوایی کرد. سەبارەت بە مردنیشی، سەرەتا ڤلادیمێر کۆژیچکین (بریکاری دەزگای دژەسیخوڕی و سیخوڕیی سۆڤیەت لە ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨٢) مردنەکەی بە گوماناوی ناوبرد، ساڵانێک دواتر، موجتەبا تاڵەقانی کوڕی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا، مردنی باوکی بە گوماناوی ڕاگەیاند. ڤلادیمێر کۆژیچکین دەڵێت: "کۆبوونەوەکە لەگەڵ باڵیۆزی سۆڤیەت بەرەبەیانی بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە تاڵەقانی وەک هەمیشە بێ کێشەبوو، بەڵام شەو، دوای نانخواردنی ئێوارە، لەناکاو نەخۆش کەوت. پاسەوانەکانی بەپەلە چوونە سەر تەلەفۆنەکە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەن، بەڵام هێڵەکە پچڕابوو. دواتر هەوڵیان دا ئاوی پێ بدەن، بەڵام بۆری ئاوەکە ئاوی پێدا نەدەهات. پیرەپیاوەکە هیچ چانسێکی نەبوو. نەیارەکانی تا دوا وردەکاری هەموو شتێکیان هەژمار کردبوو".

بەرهەمەکان

  • پرتوی از قرآن (٦ بەرگ تەفسیری قورئان. مردنی تاڵەقانی ڕێگری لە تەواوبوونی کتێبەکە کرد).
  • حاشیه بر تنبیه الامه و تنزیه المله
  • اسلام و مالکیت
  • به سوی خدا می‌رویم
  • ترجمه و توضیح بخشی از نهج البلاغه


سەرچاوەکان

202 بینین