جەنگی خەندەق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-21-13:54:00 - کۆدی بابەت: 10330
جەنگی خەندەق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی خەندەق یان جەنگی ئەحزاب یان غەزای خەندەق (بە عەرەبی: غزوة الخندق یان غزوة الأحزاب، بە ئینگلیزی: The Battle of the Trench) جەنگێکی سەردەمی پێغەمبەر ﷺـە، لە شاری مەدینە لە مانگی شەوالی ساڵی پێنجەمی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٢٧ـی زایینی ڕوویداوە. ئەم جەنگە لە نێوان موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هۆزە عەرەبییە بێباوەڕەکان کە لەگەڵ جوولەکەکانی مەدینە ڕێککەوتبوون دروست بوو، بڕیاریاندا بوو جەنگ دژی موسڵمانەکانی مەدینە ڕابگەیەنن و کۆتایی بە ئیسلام بهێنن.

واتای ناوی جەنگەکە

ئەم جەنگە دوو ناوی هەیە، کە بریتین لە:

  1. جەنگی خەندەق یان غەزای خەندەق: خەندەق واتای چاڵێکی قوڵە یان کەندێکی داڵدەدەرە کە تەکنیکێکی جەنگییە و لە ڕابردوودا لە دژی دوژمن بو پارێزگاریکردن لە شارەکان بەکارهێنراوە، بەشێوەی بازنەیی لە سنووری دەرەوە بە دەوری شارەکان هەڵکەندراوە. لەسەر پێشنیاری هاوەڵ سەلمانی فارسی موسڵمانان خەندەق و چاڵێکی قوڵیان لە سنووری دەرەوەی شاری مەدینە لێدا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دوژمن بکەن کە بچنە ناو شاری مەدینەوە.
  2. جەنگی ئەحزاب یان غەزای ئەحزاب: وشەی "الأحزاب" لە زمانی عەرەبیدا کۆکراوەی وشەی "حزب"ـە، بەهۆی ئەوەوە ناونراوە ئەحزاب چونکە کۆمەڵێک لە حیزب و هۆزە جیاجیاکانی مەککە و دەوروبەری بە هاندانی چەن سەرۆکێکی ناوداری جوولەکەکانی بەنی نەزیر یەکیان گرت، بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگیان دژی موسڵمانان دا.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی خەندەق

کۆمەڵێک هۆزی ناوداری جوولەکە هەبوون کە لە دوای خاپووربوونی "پردی مەئرەب" لە وڵاتی یەمەن کۆچیان کرد بۆ شاری مەدینە و لەوێ دەژیان، گرنگترین هۆزەکانیش هۆزی بەنی نەزیر، هۆزی بەنی قەرەیزە و هۆزی بەنی قەینوقاع بوون. دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام و گەیشتنی پێغەمبەر ﷺ پەیماننامە لەنێوان موسڵمانان و جوولەکەکان واژۆ کرا، بەڵام هۆزی بەنی نەزیر بەندەکانی ئەو پەیماننامەیەیان شکاند و جێبەجێیان نەکرد و هەوڵی کوشتنی پێغەمبەر ﷺـیان دا.

بۆیە موسڵمانان جەنگیان دژی بەنی نەزیر ڕاگەیاند و گەمارۆدران و جەنگی بەنی نەزیر ڕوویدا، لە ئەنجامدا بڕیاردرا ئەو هۆزە لە مەدینە دووربخرێنەوە، بەشێکیان چوونە شاری خەیبەر و لەوێ نیشتەجێبوون، بەشێکی تریان چوونە مەککە و لەگەڵ قوڕەیش و چەند هۆزێکی عەرەبی تر وەکوو هۆزی "غەتەفان" و "بەنی ئەسەد" و "بەنی سولەیم" ڕێککەوتن کە جەنگ دژی موسڵمانان ڕابگەیەنن و کۆتایی بە ئیسلام بهێنن.

ژمارەی بێباوەڕان لە موسڵمانان زۆر زیاتر بوو، بە سەرکردایەتی ئەبووسوفیان جەنگ ڕاگەیەندرا. هاندەری سەرەکی ئەم جەنگە جوولەکەکانی بەنو نەزیر بوون. قوڕەیش و چوار هۆزی ناوداری مەککە لەگەڵ جوولەکەکانی خەیبەر و بەنی قەریزەی مەدینە بەنهێنی ڕێککەوتن و بڕیاردرا کە جوولەکەکان لە ناوەوە هێرش بکەن و بێباوەڕان لە سنووری دەرەوە هێرش بکەن.

ئامادەکاریی موسڵمانان بۆ جەنگەکە

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جەنگ، پێغەمبەر ﷺ ڕاوێژی بە هاوەڵان کرد، لەسەر پێشنیاری هاوەڵ سەلمانی فارسی بڕیاردرا کە خەندەقێکی قوڵ لە سنووری دەوری شاری مەدینە هەڵبکەندرێت. لەلایەن سەلمانی فارسییەوە ئەم بیرۆکەیە پێشکەش کرا و سەلمان بە پێغەمبەری فەرمووە: "یا رسول الله انا اذا کنا بأرض فارس و تخوفنا الخیل، خندقنا علینا فهل لک یا رسول الله ان نخندق؟ فأعجب رأي سلمان المسلمین"، واتا: "ئەی پێغەمبەری خوا ئێمە لە زێدی فارس هەرکاتێک لە زەبری دوژمن بترساینایە، خەندەق و چاڵمان لەو شوێنەوە هەڵدەکەند کە لە سوارەی دوژمن دەترساین و لەو شوێنەوە دەیتوانی هێرش بێنێت، ئایا دەکرێت ئێمەش خەندەق لێبدەین؟ موسڵمانان بۆچوونی سەلمانیان پەسەند کرد".

ئەم تەکنیکی هەڵکەندنی خەندەقە تا ئەو سەردەمە لەلایەن عەرەبەکان لە جەنگەکان بەکارنەهاتبوو و کارێکی تازەداهێنراو بوو بۆ ئەوان، بۆیە پێغەمبەر ﷺ ڕاوێژی بە هاوەڵان کرد و بیرۆکەکەیان پەسەند کرد. لەو ناوچانەی سنووری شاری مەدینە کە دەشت و چۆڵایی بوو خەندەق لێدرا، لە شوێنە شاخاوییەکانیش موسڵمانان سەنگەریان دروست کرد و تیرهاوێژ جێگیر کران.

خەندەقەکە بەشێوەیەک لێدرا و هەڵکەنرا کە قوڵییەکەی بە ئەندازەیەک بوو کە نەتوانرێت بە ئاسانی پر بکرێتەوە، پانییەکەشی بەرین و فراوان بوو بە ئەندازەیەک کە ئەسپ و سوارچاکەکان توانای بازدان و پەڕینەوەیان بەسەریدا نەبوو، پێوانەی خەندەقەکەیان بە "ذراع" واتا باسک کردووە. پێغەمبەر ﷺ خۆیشی لەگەڵ هاوەڵان بەشداربووە لە هەڵکەندنی خەندەقەکە. هەر بەشێک دراوە بە کۆمەڵێک هاوەڵ تاکوو هەڵی بکەنن.

هەڵگیرسانی جەنگ و گەمارۆدانی موسڵمانان

دوای تەواوکردنی خەندەقەکە، بێباوەڕانی قوڕەیش بە سەرکردایەتی ئەبووسوفیان لە مەککەوە گەیشتنە مەدینە و تووشی شۆک بوون، چونکە نەیانتوانی ڕاستەوخۆ هێرش بکەن و بچنە نێو شاری مەدینەوە، بۆ ماوەی سێ هەفتە شاری مەدینەیان گەمارۆدا.

لە ناو مەدینە ژنان و منداڵان لە ناوچەیەک کۆکرابوونەوە، هۆزی جوولەکەی "بەنی قەریزە" کە لەناو مەدینە بوون بەڵێنی هاوکاری کردنی بێباوەڕانیان دابوو، بڕیاریان دا کە کەسێک بنێرن بۆ چاودێریکردنی ئەو شوێنەی کە ژنان و منداڵانی لێ کۆکرابووەوە تاکوو دڵنیابن کە هیچ پیاوێکیان لەگەڵ نییە و هێرش بکەن، بەڵام خاتوو "سەفییەی کچی عەبدولموتەلیب" کە پووری پێغەمبەر ﷺ بوو ئەو کەسەی بینی و بە هەموو هێزی خۆی ڕووبەڕووی بووەوە و توانی بیکوژێت، جوولەکەکان لەسەر ئەم هەڵوێستە پاشگەزبوونەوە و هێرشیان نەکرد و ترسان.

لەکاتی گەمارۆدانەکەدا موسڵمانان ڕووبەڕووی برسێتی و ماندووییەکی زۆر بوونەوە، بەڵام خۆڕاگر بوون. بەهۆی ئەوەی "مەسعوودی ئەشجەعی" سەرۆک هۆزی "غەتەفان" کە لەگەڵ قوڕەیش هۆزێکی بەشداربوو بوو لە جەنگەکە، بەنهێنی موسڵمان ببوو، توانی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان حیزبە بەشداربووەکانی قوڕەیش دروست بکات و سەرکەوتوو بوو.

بەشێک لە حیزبەکان بڕیاری پاشەکشێیان دابوو و بێ ئومێد ببوون لە بڕینی خەندەقەکە. پاشان بەهۆی هەڵکردنی باوتۆزەوە بێباوەڕەکان بارودۆخیان زیاتر تێکچوو، لەسەر ئەو ڕووداوە خودای گەرە لە سوورەتی الأحزاب ئایەتی نۆ دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا)، واتا: "ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه ‌یادی نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه ‌له‌سه‌رتان (مه‌به‌ست جه‌نگی خه‌نده‌قه‌ که ‌خوای گه‌وره‌ فریای ئیمانداران که‌وت)، کاتێك سه‌ربازانی بێباوەڕ هاتنه ‌سه‌رتان و ئێمه‌ش ڕه‌شه‌بایه‌کی به‌هێز و سه‌ربازانێکمان نارده‌سه‌ریان که ‌نه‌تانده‌بینین، هه‌وڵ و کۆششی ئێوەی دەبینی. بۆیە جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی خەندەق بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات، لەدوای ئەم جەنگەوە هەڵوێستی موسڵمانان لە بەرگریکردنەوە گۆڕا بۆ هێرش کردن و دوای ئەم جەنگە بارودۆخی موسڵمانان  جێگیرتربوون و دەسەڵاتیان زیاتر بوو. ئەم جەنگە بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی "بەنی قەریزە" كه هۆزێکی جوولەکە بوون و لەکاتی جەنگی خەندەق لە ناو شاری مەدینە مانەوە و ویستیان خیانەت لە موسڵمانان بکەن و پلانی هێرشکردنیان داڕشتبوو، بەڵام پلانگێڕییەکەیان پووچەڵ کرایەوە و سەرکەوتوو نەبوون.


سەرچاوەکان



1903 بینین