چۆن دەستبکەین بە بواری ڕۆڵگێڕان؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-24-20:30:00 - کۆدی بابەت: 10352
چۆن دەستبکەین بە بواری ڕۆڵگێڕان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن دەستبکەین بە بواری ڕۆڵگێڕان؟ (بە ئینگلیزی: how to start a career in acting، بە عەرەبی: كيف تبدأ مهنة في التمثيل)، ڕۆڵگێڕان چالاکییەکە کە وێنەدانەوەی باسێک یاخود چیرۆکێکە لەلایەن ئەکتەرێک یان چەند ئەکتەرێکەوە کە وەکوو کارەکتەرێکی تەواو جیاواز لە کەسایەتی خۆیان ڕۆڵدەگێرن. ڕۆڵگێڕان بابەتەکانی شانۆ، دراما، فیلم، ڕیکلام، ڕادیۆ، یاخود هەر شتێکی تر کە شێوازی لاساییکردنەوەی تێدا بەکاربێت دەگرێتەوە. ڕۆڵگێران کارێکی هێندە ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین کارامەیی هەیە لەوانە (توانایەکی باش لە خەیاڵکردن، ساختەکردنی هەستەکان، دەربڕینی جەستەیی، شێوازی دەنگ، ڕوونی قسەکردن، توانای لێکدانەوەی درامیی، توانای لاساییکردنەوە، شارەزایی باش لە زمان و شێوەزاری دیاریکراو).

چەند خاڵێکی گرنگ بۆ دەستکردن بە بواری ڕۆڵگێڕان

خوێندنەوەی کتێب

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دەستپێکردن و خۆناساندن بە بواری ڕۆڵگێڕان خوێندنەوەی ئەو کتێبانەیە کە تایبەتن بەو بوارە و لەلایەن کەسانی شارەزا و ئەکتەرە لێهاتووەکانەوە نووسراون، دەتوانیت خۆت فێری تەکنیک و ڕێگاکانی ڕۆڵگێڕان بکەیت یاخود ئەو کتێبانە بخوێنەوە کە بەشێوەی دایەلۆگ نووسراون کە بە هەمان شێوە یارمەتیدەرن بۆ ئەو بوارە.

سەیرکردنی فیلم و شانۆ و دراماکان

ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو بوارەکەوە دەبێت بزانیت چییە و لێی تێبگەیت، هەروەها لە هەمووی گرنگتر خولیا و ئارەزووت هەبێت، هەرچەندە بە سەیرکردنی فیلمێک هەموو بوارەکە نابینیت و چەندین ڕێگا و هەنگاوی تر بڕدراوە تا گەشتووە بەو شوێنە و بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەوە بەرهەمی کارەکەیە و زۆر گرنگە بۆ کەسێک کە دەیەوێت بچێتە بوارەکەوە تێبینی ئەو بابەتانە بکات و ورد بێتەوە لە کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکە، هەر فیلمێک جۆرێک جووڵە و هەڵسوکەوتی نواندنی نوێت فێردەکات. هەروەها دەتوانیت سەیری دیمەنەکانی پشت کامێرای فیلمەکان بکەیت.

کات بۆ ڕۆڵگێڕان دابنێ

کارێکە پێویستی بە کاتێکی زۆرە و کات بەفیڕۆدەرە. سەیرکردنی فیلم، کتێب خوێندنەوە، ڕاهێنان، بەشداریکردن لە خول، ئەمانە هەموویان کاتێکی زۆریان دەوێت بۆیە هەوڵبدە پلانێکی تایبەتی بۆ دابنێ کە لەگەڵ شێوازی ژیانت بگونجێ، بەڵام بیکە بە ڕۆتینێک و بەشێک لە ژیانت.

ڕاهێنانکردن لە ماڵەوە

کاتێکی دیاریکراو دابنێ بۆ ڕاهێنانکردن، وا باشترە هەموو ڕۆژێک بێت ئەگەر کاتی بەتاڵت هەیە. ئەمیش دەتوانیت دیمەنێکی فیلمە دڵخوازەکەت یاخود سیناریۆیەک بۆ خۆت بنووسیت و ڕاهێنانی لەسەر بکەیت. ڕیکۆردی خۆت بکە یاخود لەبەر ئاوێنەدا ڕاهێنان بکە بەمشێوەیە دەزانیت بینەرەکانت چی دەبینن، یاخود ئەگەر کەسێک هەیە بتوانێت سەیرت بکات و ڕۆڵگێڕانەکەت هەڵبسەنگێنێت باشترە بەمشێوەیە دەتوانێت خاڵە لاوازەکانت پێبڵێت.

بەشداریکردن لە خول

یەکێکی تر لە ڕێگاکانی ڕاهێنان کردن و بەرەو پێشچوون لە بواری ڕۆڵگێڕان بەشداریکردنە لە خول و پەیمانگاکانی تایبەت بە ڕۆڵگێڕان، بەمشێوەیە زیاتر باوەڕت بەخۆت دەبێت و کەمتر شەرم دەکەیت، چونکە تۆ لە چواردەوری کۆمەڵێک کەس ڕاهێنان دەکەیت و مامۆستای تایبەت بە بوارەکە ڕێنماییت دەداتێ. بەڵام ئاگاداربە چی خولێک هەڵدەبژێریت کە لەگەڵت دەگونجێت و بزانە ئایا ئەوەی دەتەوێت لەوێ بەدەستی دەهێنیت، چونکە بەداخەوە هەموو خولێک ئامانجیان فێربوونی فێرخواز نییە.

دۆزینەوەی ستایلی تایبەت بە خۆت

کاتێک دەست دەکەیت بە ڕۆڵگێڕان ڕووبەڕووی چەندین ستایل و شێوازی جیاواز دەبیتەوە، هەموو شێوازەکان تاقیبکەوە و بزانە کامیان زیاتر لەگەڵ تۆ و کەسایەتی تۆ دەگونجێت، لە کام ڕۆڵانەدا زیاتر سروشتی دەردەکەویت یاخود ڕای خەڵک وەربگرە و بزانە کامیانیان زیاتر بەدڵە. ڕەنگە ڕۆڵی کەسی خراپەکار زیاتر لەگەڵ تۆدا بگونجێت وەک لە پاڵەوانی فیلم، ڕەنگە لە بابەتە کۆمێدییەکان باشتر ڕۆڵ بگێڕیت، ئاکشن، ڕۆمانسی، ترسناک یاخود هەرجۆرێکی تر بێت. بەمشێوەیە زیاتر کار لەسەر ئەو شێوازە دەکەیت و چانسی سەرکەوتنت زیاتر دەبێت.

دۆزینەوەی کارێک لەو بوارە

بەدوای کار بگەڕێ لەو بوارە، هەر هەلێکت بۆ ڕەخسا لەدەستی مەدە تەنانەت ئەگەر بە مووچەیەکی کەمیش بێت. بەمشێوەیە دەچیتە بوارەکەوە و ئەزموون بەدەستدەهێنیت، لەوانەیە ئەزموونەکە باش بێت یاخود خراپ بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت شتێکی نوێت فێردەکات و دەبێت بە هەنگاوی یەکەمت بەرەو کاری زیاتر. دەتوانیت لە شانۆ یاخود کاری ڕیکلامەوە دەست پێبکەیت.

قسەکردن لەگەڵ ئەکتەر و کەسە بە ئەزموونەکان

لە ئەکتەر و کەسە بەئەزموونەکان نزیکبەرەوە و گوێیان لێبگرە و پرسیاریان لێبکە دەربارەی ئەزموونەکانیان، ئایا چۆن گەیشتوون بەو شوێنەیان، چەند جار شکستیان هێناوە، چۆن بارودۆخە ناخۆشەکانیان تێپەڕاندووە. ئەمانە هەموویان زیاتر هانت دەدەن بۆ بەردەوامبوون و فێربوون لە ئەزموونەکانیان. هەندێکجار ئەوە یارمەتیدەریشە بۆ دەستکەوتنی کار لەو بوارە بەهۆی ناسینی ئەو کەسانەوە.

دروستکردنی سی ڤییەک تایبەت بە ڕۆڵگێڕان

با سی ڤییەکی پڕۆفێشناڵ و بێ هەڵەی ئامادەکراوت هەبێت، چونکە زۆر کات پێش وەرگرتنت لە فیلمێک یاخود هەر بابەتێکی بواری ڕۆڵگێران داوای سی ڤی دەکەن تایبەت بە تۆ وەکوو ئەکتەرێک، دەبێت سی ڤییەکە ئەمانەی تێدا بێت: ڕەنگی قژ، ڕەنگی چاو، کێش، باڵا، هەر کار و ئەزموونێکی تر کە هەتبێت، بەهرەکانت، ئەو زمانانەی دەیزانیت، ڕێگاکانی پەیوەندیکردن بە خۆت یاخود بریکارەکەتەوە (ئەگەر هەتبێت)، ئەو ڕۆڵانەی کە تۆ زۆر باشی تێیاندا هەروەها وێنەیەکی خۆت.


سەرچاوەکان



438 بینین