چۆن دایک و باوکان یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لە پۆلی یەکەم سەرکەوتوو بن؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-25-23:21:00 - کۆدی بابەت: 10373
چۆن دایک و باوکان یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لە پۆلی یەکەم سەرکەوتوو بن؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن دایک و باوکان یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لە پۆلی یەکەم سەرکەوتووبن (بە ئینگلیزی: How parents help their children succeed in first grade، بە عەرەبی: كيف يساعد الآباء أطفالهم على النجاح في الصف الأول) هەمیشە دایک و باوکان لە یەکەم ساڵی چوونی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە تووشی نیگەرانی دەبن، دەیانەوێت یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لە خوێندن سەرکەوتوو بن. هەندێک لە منداڵانیش بەهۆی پەیوەستبوون بە دایک یان خێزانەکانیان ڕەتی دەکەنەوە بچن بۆ خوێندنگە. ئەمانە چەند هەنگاوێکن یارمەتی دایک و باوکان دەدات چارەسەری ئەم کێشانە بکەن. قۆناغی یەکەم قۆناغێکی زۆر گرنگە و دەبێتە بناغەی ساڵەکانی تری خوێندن.

هەنگاوەکان

سەربەخۆبوون

فێرکردنی سەربەخۆیی گرنگترین کارە کە دایک و باوکان پێویستە ئەنجامی بدەن. گرنگە منداڵەکەت فێر بکەیت لە هەندێک کار سەربەخۆ بێت و خۆی ئەنجامیان بدات، یەکێک لە ڕێگاکان  فێربوونی ڕۆتینی ڕۆژانەیە، بۆ نموونە کاتێک منداڵان فێر دەبن ڕۆژانە لەدوای هەستان لە خەو ڕۆتینی نان خواردن و خۆئامادەکردن بۆ خوێندنگە هەیە، یارمەتییان دەدات زوو ئامادەبن و ڕەنگە پاش ماوەیەک خۆیان ئەم کارانە ئەنجام بدەن. یان ئەگەر بۆ منداڵەکەتی ڕوون بکەیتەوە کە ڕۆتینی شەوان بریتییە لە شۆردنی ددانەکان، خوێندنەوەی چیرۆک و چوونە ناو جێگەی خەوتن لە کاتی دیاریکراودا نەک یارمەتی دەدات پابەند بێت بەم ڕۆتینە بەڵکوو یارمەتیدەر دەبێت خۆی ئەم کارانە ئەنجام بدات.

هانی منداڵەکەت بدە بخوێنێتەوە

کاتێک منداڵان لە پەیوەندی نێوان پیتەکان و دەنگەکان تێدەگەن و ڕستەی تەواو دەبیستن ڕەوانبێژی زمانیان گەشە دەکات. هەندێک کتێب هەن تایبەتن بەم تەمەنە ڕۆژانە ١٥ خولەک دەربارەی دوو کتێبی لەم جۆرە بۆ منداڵان یارمەتیدەر دەبێت فێری خوێندنەوە ببن.

بیرکاری بکە بە بەشێک لە ژیانی منداڵەکەت

منداڵانی تەمەن شەش بۆ حەوت ساڵان دەست بە تێگەیشتن لە بابەتە سەرەتایییەکانی تایبەت بە بیرکاری وەک ژماردنی ژمارەکان و کۆکردنەوە و لێدەرکردن دەکەن.  بیرکاری بکە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵەکەت بە ژماردنی ئەو شتانەی ڕۆژانە دەیان بینێت. لە کاتی گفتۆگۆکردن وشەکانی تایبەت بە بیرکاری بەکاربهێنە وەک چەند کووپمان هەیە؟ ئەگەر باوکت کووپەکەی خۆی ببات بۆ سەر کار چەند کووپ بۆ ئێمە دەمێنێتەوە؟ باسی ئەو شێوانە کە لە دەوروبەرتان دەیبینی وەک شێوەی دەرگا، مێز و کەلوپەلەکانی ناو ماڵ بکە. هەروەها هەوڵبدە وشەکانی بیرکاری لە ڕێگەی گۆرانی وتن لەبەربکات.

توانای سەرنجدان و گوێگرتنی منداڵەکەت زیاد بکە

منداڵان لەم تەمەنەدا توانایەکی کەمی سەرنجدان و تێگەیشتنیان هەیە، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت ڕۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێک گوێ لە مامۆستا بگرن. توانای سەرنجدان و گوێگرتنی منداڵەکەت زیاد بکە، فێریان بکە لە کاتی گفتۆگۆکردن سەرنجی چاوی کەسی بەرامبەر بدەن ئەمە یارمەتییان دەدات تەنها سەرنجیان لای مامۆستاکانیان بێت. چیرۆکی ماوە درێژخایەنیان بۆ بخوێنەوە و داوای لێ بکە کارێک ئەنجام بدات کە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، بۆ نموونە لە کاتی ڕەنگکردنی وێنەیەک پاش چەند خولەکێک ڕەنگە بیەوێت کارێکی تر ئەنجام بدات، بەڵام تۆ داوای لێ بکە ماوەیەکی زیاتر خەریکی ڕەنگکردنی وێنەکە بێت.

لە سەیرکردنی شاشەکان دووری بخەرەوە

منداڵان لەم تەمەنەدا کاتێکی زۆر بە سەیرکردنی شاشەکان بەسەر دەبەن، کە زیانێکی زۆر بە گەشەکردنیان دەگەیەنێت. ڕۆژانە چالاکی وەک وەرزشکردن و ئامادەکردنی هەویر یان هەندێک کاری ناو ماڵ کە منداڵان چێژی لێ دەبینن پێکەوە ئەنجام بدەن.

ستایشکردن

منداڵان لە تەمەنی شەش بۆ حەوت ساڵیدا زیاتر بەرامبەر شکست و گرنگیپێدانی خێزانەکانیان هەستیار دەبن. لە کاتی شکست پێویستییان بە پشتگیری خێزانەکانیان هەیە. ئەرکی دایک و باوکە لە کاتی ئەنجامدانی کاری هەڵە یارمەتی منداڵەکەی بدات هەڵەکەی ڕاست بکاتەوە.

شوێنی خوێندن

پێویستە شوێنی خوێندنی منداڵەکان ڕێکخراو بێت، تاکوو بەباشی بتوانێت بخوێنێت کەلوپەلەکانی خوێندنگە وەک جلوبەرگ و کتێب و پێنووسەکانی بۆ ڕێک بخە. فێری بەکارهێنانی ڕۆژژمێری بکە تاکوو خۆی پلانەکانی ڕۆژانەی ئامادە بکات.


سەرچاوەکان



1247 بینین