باجی پەمەیی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-25-21:34:00 - کۆدی بابەت: 10451
باجی پەمەیی

ناوه‌ڕۆك

باجی پەمەیی چییە؟

باجی پەمەیی (بە ئینگلیزی: Pink Tax، بە عەرەبی: ضريبة وردية) زاراوەیەکە بۆ ئەو بڕە پارە زیادەیەی لەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەدا وەردەگیرێت کە تایبەتکراوە بە ڕەگەزێک بەتایبەتی ڕەگەزی مێ، کە گرانتر بێت لە بەرهەمەکانی ڕەگەزی نێر کە خراونەتە بازاڕەوە، ئەم دیاردەیە زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ جیاکاری لە نرخەکان لەسەر بنەمای ڕەگەزی، هەروەها ناوەکەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە زۆرێک لەو بەرهەمانەی باجی پەمەیی دەیانگرێتەوە پەمەیین و تایبەتن بە خانمان. 

باجی پەمەیی چۆن کاردەکات؟

باجی پەمەیی ئاماژەیە بەو بڕە پارە زیادەیەی کە بۆ هەندێک بەرهەم یان خزمەتگوزاری وەردەگیرێت کە بە تایبەتی بەرانبەر بە بەکارهێنەرانی مێ دەخرێنە بازاڕەوە. بەرهەمە گشتیەکان وەک گوێزان یان بۆنخۆشکەرەکان دەکرێت لەلایەن مێ و نێرەوە بەکاربهێنرێن، بەڵام ئەو کاڵایانەی بەرانبەر بە مێیەکان دەخرێنە بازاڕەوە گرانترن. باجی پەمەیی دەبێتە هۆی ئەوەی مێیەکان پارەی زیاتر بدەن بۆ بەرهەم و خزمەتگوزارییە هاوشێوەکان کە پیاوان بەکاریدەهێنن.

کاتێک کۆمپانیایەک بەرهەمێک بەرهەم دەهێنێت یان دەیفرۆشێت، لەوانەیە نرخی ئەو بەرهەمانە کەمێک بەرز بکاتەوە کە بۆ مێیەکانە. لە زۆربەی بارەکاندا جیاوازی نێوان ئەم بەرهەمانە و بەرهەمی تایبەت بە نێرەکان کەمە، لەوانەیە بە سادەیی ڕەنگ یان دیزاینی پاکەتەکەی بێت، بەڵام بەهۆی باجی پەمەییەوە ئەو شتومەکانەی مێیەکان ڕۆژانە بەکاری دەهێنن نرخی زیاترە.

هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی باجی پەمەیی

کاتێک کۆمپانیایەک بەرهەمێکی پەمەیی (وەشانی مێ) بە زیاتر لە بەرهەمێکی شین (وەشانی نێر) دەفرۆشێت، داهاتی زیادەی بەرهەمی پەمەیی ناچێتە سەر حکوومەت. بەڵکوو تاکە سوودمەندانی "باجی پەمەیی" ئەو کۆمپانیایانەن کە زیاتر لە پیاوان یان ئافرەتان وەردەگرن.

هەروەها باجی تامپۆن باجێکی فرۆشتنە کە بەسەر بەرهەمەکانی پاک ڕاگرتنەکانی خانمان و کاتی سوڕی مانگانە دەسەپێندرێت. 

هاوکات باجی پەمەیی ئاماژەیە بە تێچووی کاڵا جوانکارییەکانی وەکوو سووراوی لێو و بەرهەمەکانی سوڕی مانگانە کە زۆرێک لە خانمان بە درێژایی ژیانیان بەکاری دەهێنن و پارەی پێدەدەن بەڵام پیاوان نایدەن. 

سەرەڕای ئەوەی ئەم جیاکارییە هەمیشە هەبووە، بەڵام چەندین ویلایەت یاسایان دژی جیاکارییەکانی نرخ لەسەر بنەمای ڕەگەزی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان دەرکردووە، لایەنی کەم هەوڵێک هەبووە بۆ نەهێشتنی ئەم جیاکارییە. 

هۆکارەکانی باجی پەمەیی

چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی باجی پەمەیی بوونی هەبێت، لەوانە باج، جیاکاری بەرهەم و جیاکردنەوەی بەرهەم. هۆکاری پێشنیارکراو بۆ ئەم جیاوازییە زۆرن، لەوانە بوونی ئەو باوەڕەی کە ڕەگەزی مێ زیاتر لە ڕەگەزی نێر ئامادەن بۆ ئەوەی نرخێکی زیاتر بدەن بۆ کڕینەکانیان.

جیاوازی بەرهەم دەکرێت بەشێک لە جیاوازی نرخی کاڵای ڕەگەزی نێر و مێ پێکبهێنێت، بۆ نموونە ڕەنگە نرخی سکۆتەرێکی پەمەیی لە نرخی سکۆتەرێکی سوور زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی نرخی بۆیاخی پەمەیی لە بۆیاخی سوور زیاتر بێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سکۆتەرە سوورەکان زۆرتر بن و سکۆتەرە پەمەییەکان کەمتر بن. بەڵام هەرگیز هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕوو بۆ ئەوەی نرخی بۆیاخی سوور، پەمەیی یان شین جیاواز بێت، بەمەش جیاوازی تێچوون بەهۆی ڕەنگ بە ڕەمزی دروست دەبێت و ئاڕاستەی ڕەگەزە جیاوازەکان دەکرێت. 

بە هەمان شێوە لە پاککردنەوەدا جلوبەرگی ڕەگەزی نێر زیاتر یەک شێوەن لە کاتێکدا جلوبەرگی ڕەگەزی مێ زیاتر گۆڕانکارییان تێدایە کە دەکرێت پاککردنەوەیان قورستر بکات. 

هەروەها ئامێری ئوتووی گەورە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ جلوبەرگی ڕەگەزی نێر گونجاوترە، بەکارهێنانی لەسەر جلوبەرگی ڕەگەزی مێ قورسترە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وشککەرەوەکان پەنا بۆ ئوتووی دەستی بۆ ئوتووکردنی جلەکان ببەن. 

هاوکات گوێزانی ڕەگەزی نێر و مێ لە بنەڕەتدا وەک یەکن و دەکرێت جیاوازییەکی کەم هەبێت، جیاکاری لەنێوانیان تەنها ستراتیجییەکی بەبازاڕکردنە، نرخی گوێزانی ڕەگەزی مێ گرانترە. 

بازرگانان بۆیان دەرکەوتووە کە ڕەگەزی مێ پارەی زیاتر لە ڕەگەزی نێر لێ وەردەگیرێت، واتە بە گشتی نرخێکی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمەکان دەدەن. 

هەروەها نرخی بلیتی فڕۆکەی پێشوەختە بە بەراورد بە نرخی بلیتی کۆتا خولەکەکان نموونەیەکی تری ئەم باجەیە. ئەو کەسانەی پێویستییەکی زیاتریان بە بەرهەمەکان هەیە زۆرجار ئامادەن پارەیەکی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی بدەن ئەمەش جیاکاری لە نرخەکاندا دروستدەکات. 

کاریگەرییە ئابوورییەکانی باجی پەمەیی

چالاکوانان و سیاسەتمەداران دەڵێن کاریگەری ئابووری باجی پەمەیی ئەوەیە کە ڕەگەزی مێ توانای کڕینی کەمتریان هەیە، بە تایبەت لەگەڵ جیاوازی مووچەی ڕەگەزیدا کە بە گشتی داهاتی ڕەگەزی نێر زیاترە و ڕەگەزی مێ داهاتی کەمتریان هەیە بۆ خەرجکردن لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا، ئەمەش هێزی کڕینی زیاتر بە ڕەگەزی نێر دەبەخشێت. 

باجی پەمەیی زیاتر بەشدارە لە نایەکسانی ئابووری نێوان ڕەگەزەکان. هەروەها پارەدانی زیاتر بۆ ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە دەخرێنە بازاڕەوە بۆ مێ لە کاتێکدا مێیەکان کەمتر لە نێر داهاتیان هەیە، ئەمەش بەو واتایەیە کە نێرەکان زۆربەی هێزی کڕینیان لە ئابووریدا بەدەستەوەیە.

هەروەها باج لەسەر بەرهەمە پاکوخاوێنییەکانی مێیەکان کە نێرەکان بە ڕێژەی کەمتر پێویستیان پێیەتی بەشدارە لەم جیاوازییە.

نموونەی باجی پەمەیی

بۆ نموونە دەکرێت تێبینی ئەوە بکەیت کە ڕەنگە هەندێک گوێزان کە ڕەنگیان پەمەیی بێت و وێنەی مێیەک لەسەر پاکەتەکەی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە بنەڕەتدا هەمان ئەوانەن کە شینن و وێنەی نێرێک لەسەر پاکەتەکەیە بەڵام نرخیان جیاوازە. ئەم شێوازی بەبازاڕکردنە بۆ ڕاکێشانی هەندێک کەسە بۆ کڕینی هەندێک بەرهەم بە نرخێکی زیاتر. 

ئەو بەرهەمانەی کە دەتوانرێت لەلایەن هەر ڕەگەزێکەوە بەکاربهێنرێن، بەڵام ڕەنگە تێچووی زیاتریان هەبێت کاتێک بۆ ڕەگەزی مێ دەخرێنە بازاڕەوە، هەندێک لە بەرهەمە باوەکان بریتین لە:

  • سابوون
  • نەرمکەرەوە
  • هەندێک دەرمان
  • شامپۆ
  • بۆنخۆشکەر (بۆنبڕ)
  • جلوبەرگ
  • کەلوپەلی یاری
  • کەلوپەلی خاوێنکردنەوە
  • گوێزان
  • بەرهەمەکانی گرنگیدان بە قژ


سەرچاوەکان



676 بینین