ترسی منداڵ لە تاریکی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-26-20:57:00 - کۆدی بابەت: 10459
ترسی منداڵ لە تاریکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ترسی منداڵ لە تاریکی (بە ئینگلیزی: Children's fear of the dark، بە عەرەبی: خوف الٲطفال من الظلامترس لە تاریکی یەکێکە لەو ترسانەی کە لە زۆربەی منداڵاندا هەیە، لەنێوان تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی دەست پێدەکات و تا نزیکەی ١٠-١٢ ساڵی بەردەوام دەبێت. منداڵ لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا، لە تاریکیدا لە هەرشتێک بۆخۆی دڕندەیەک دروست دەکات و زۆر خەیاڵ دەکات، جگە لەمەش زۆر هۆکاری تر دەبنە هۆی ترسی منداڵ لە تاریکی. 

هۆکارەکانی ترسی منداڵ لە تاریکی

  1. ڕەنگە لەبەر ئەوەی منداڵان لەتاریکیدا هیچ نابینن، لای خۆیان وا خەیاڵ بکەن کە شتێک لە دەورووبەریاندا خۆی شاردبێتەوە یان وابیردەکەنەوە کە بڕیارە کارەساتێکی خراپ ڕوبدات. 
  2. ترس لە دێوەزمە یان ڕۆح، ئەم ترسە لە منداڵانی بچووکدا زۆر بڵاوە، دایک و باوک دەتوانن ڕونیبکەنەوە بۆی کە هیچ شتێک بەناوی دێوەزمە بوونی نییە، کەواتە نابێت هیچ ترس و نیگەرانییەکیان لەم بابەتە هەبێت.
  3. ترس لە تەنیا مانەوە لە شەودا، کاتێک کە گڵۆپەکان دەکوژێنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە منداڵ دەست بە گریان و بیانووگرتن بکات.
  4. هۆکاری بۆماوەیی کاریگەری هەیە، دەکرێت ترس لە تاریکی لە دایک یان لە باوکەوە بە بۆماوە بۆ منداڵ گوازرابێتەوە، ئەگەر دایک و باوک ترسیان لە شتێک هەبێت، دەکرێت منداڵەکەشیان دووچاری هەمان ترس ببێتەوە. 
  5. زۆربەی منداڵان لەوە دەترسن کە لە ژوورەکەی خۆیان بە تەنها بخەون، لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ناتوانن دایک و باوکیان ببینن.
  6. لەوانەیە منداڵ ترسێکی هەبێت لە ئەنجامی ئەزمونێکی تاڵ و مەترسیدارەوە، وەکوو هێرش یا هەڕەشە لێکردن لەدەرەوە لە شەودا.
  7. هەندێک لە فیلمەکان یان چیرۆکەکان کە باسی ڕۆح یان هەر شتێکی تری ناسروشتی تێدایە، دەتوانن ببنە هۆی ترسی منداڵ لە تاریکی. 
  8. ڕەنگە ترس لە کەسەکان، ئاژەڵەکان یان شتە نەناسراوەکان لە شوێنێکدا کە زۆر ڕووناک نییە، خۆی نیشان بدات. 

ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ترسی منداڵ لە تاریکی

١- هۆکاری سەرەکی ترسی منداڵ بدۆزنەوە

هەر وەکوو پێشتر باسمان کرد ترسی منداڵ لە تاریکی هۆکاری زۆری هەیە، ئێوە وەکوو دایک و باوکی منداڵ دەبێت لەبەرانبەر ڕەفتارەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژانەی منداڵەکەتان هەستیار بن و هۆکاری ترسەکەی بدۆزنەوە، ئەگەر منداڵەکەی ئێوە ترساوە و ناتوانێت دەربارەی ترسەکەی قسەبکات و بە گفتوگۆ دەریببڕێت، دەتوانن داوای لێبکەن کە بە کێشانی وێنە، وێنەیەک بۆ ترسەکەی خۆی بکێشێت، بەڵام نابێت منداڵ ناچار بکەن وێنەی ئەو بابەتە بکێشێت کە بۆتە هۆی ترسانی و دەبێت بهێڵم سەرەتا هەست بە پارێزراوی و ئاسوودەیی بکات، پاشان ئەگەر پێی خۆش بوو وێنەی بکێشێت. 

٢- گوێ لە منداڵەکەتان بگرن

ترس له تاریکی ترسێکە کە زیاتر تایبەتە بە منداڵان، بۆ هەموو منداڵان و تەنانەت گەورەکانیش ئاساییه کە لە ژوورێکی بەتاڵ، لە شەودا کاتێک هیچ شتێک نابینن و هیچ دەنگێک نابیستن جگە لە دەنگی لێدانی دڵی خۆیان، هەست بە ترس بکەن.

٣- چیرۆکێک بخوێننەوە

کاتێک منداڵان لە شتێک دەترسن، گرنگە کە پشتگیری ئەوان بکەن، ڕێگایەکی باش بۆ ئەم کارە خوێندنەوەی چیرۆکێکی خۆشە بۆیان بەر لە خەوتن.

٤- کاتی خەوی منداڵ بکەن بە کاتێکی ئارام

کاتی خەوی منداڵ بکەن بە کاتێکی خۆش و ئارامکەرەوە، کردنی هەندێک شت بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانی و ترسی منداڵ وەکو ددانشۆردن، وتنی شەوشاد، لەبەرکردنی جلی خەو، گوێگرتن لە چیرۆکێکی سادە یان بیرەوەرییەکی خۆشی سەردەمی منداڵی دەکرێت چێژبەخش بێت. 

٥- پێشوازی لە بیرۆکەکانی منداڵەکەتان بکەن

لە منداڵەکەتان بپرسن چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی نەترسێت، ئەگەر ویستی لەلای ئەو بخەون، بەدڵنیاییەوە چەند شەوێک ئەم کارە ئەنجام بدەن. 

٦- گڵۆپێکی خەو دابگیرسێنن

منداڵێک کە لە تاریکی دەترسێت نابێت لە شوێنێکی تەواو تاریکدا بخەوێت، بەڵکوو بە داگیرساندنی گڵۆپێکی بچووک یان چرایەکی خەو دەتوانن ژووری منداڵ له تاریکی ڕزگار بکەن، چراکە لە شوێنێک دابنێن کە ڕووناکییەکەی لەسەر دیوار سێبەر دروست نەکات، چونکە منداڵ لە خەیاڵی خۆیدا سێبەرەکان بەشێوەی ڕۆح و بوونەوەری خەیاڵی دەبینێت.


سەرچاوەکان



407 بینین