ناوهڕۆك
ناساندن
منارەی مەلویە یان بڵندگۆی مەلویە یان مزگەوتی مەلویە (بە عەرەبی: مئذنة الملوية، بە ئینگلیزی: Malwiya Minaret) یەکێکە لە شوێنە دێرین و مێژوویی و کولتووری و گەشتیارییەکانی عێراق، بڵندگۆی مەلویە بەشێکە لە مزگەوتی مەلویە و لەلایەن خەلیفە موتەوەکیل بیللای عەباسییەوە لە ساڵی ٢٣٧ـی کۆچی دوستکراوە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین. ئەم منارەیە وێنەکەی لەسەر دراوی ٢٥٠ دیناری عێراقی نەخشێنراوە.
مێژووەکەی
مزگەوت و بڵندگۆی مەلویە لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە موتەوەکیل بیللای عەباسی لە ساڵی ٢٣٧ـی کۆچی کۆتایی بە دروستکردنی هێنراوە، ماوەی دروستکردنەکەی لە نێوان ساڵی ٢٣٤ کۆچی بۆ ساڵی ٢٣٧ کۆچی (ساڵی ٨٤٨ زایینی بۆ ساڵی ٨٥١ زایینی) خایاندووە، دوای ئەوەی لە سەردەمی عەباسییەکان و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی موتەوەکیل بیللا دەسەڵات و خەلافەت گواسترایەوە بۆ شاری سامەڕا و کرا بە پایتەختی دەسەڵاتی عەباسییەکان، عەباسییەکان هەوڵی تەواویان دەدا کە هاوشێوەی بەغداد ناوچەکە بەرەوپێش بەرن و گرنگیان بە لایەنی تەلارسازی و ئاوەدانکردنەوەی سامەڕا دەدا و دەیانویست شارێکی جوانتر لە بەغداد دروست بکەن، بەڵام هیچ کەسێک لەو کاتەدا توانای دروستکردنی شارێکی نەبوو تەنانەت لە جوانیشدا هاوتای شاری بەغداد بێت، بۆیە خەلیفە بڕیاری دا مزگەوتێکی گەورە و شێوە جیاواز دروست بکات و لە شارەکەدا بووە خاوەن ناوبانگێکی مێژوویی و جیهانی و بووە گەورەترین مزگەوتی ئەوکاتەی سەردەمی عەباسییەکان.
شێوازی دیزاین و بنیاتنانی
مزگەوتەکە لەسەر زەوییەکی لاکێشەیی کە ڕووبەرەکەی ٢٧٩٢٠ مەتری چوارگۆشە بووە دروستکراوە و درێژییەکەی ٢٤٠ مەتر بووە و پانییەکەی ١٥٨ مەتر بووە، لەو سەردەمەدا ئەو مزگەوتە بە گەورەترین مزگەوتی ئیسلامی دادەنرا و جێگەی نزیکەی ٨٠ هەزار نوێژخوێنی تێدابووەتەوە.
تەلاری مزگەوتەکە لە خشت و کەرپووچ و گەچ و گڵ دروستکراوە، بناغەی زەوییەکەی لە خشت و کەرپووچی چوارگۆشەیی دروستکراوە و بەرزی مزگەوتەکە ١١ مەترە و ئەستووری دیوارەکانی دوو بۆ حەوت مەتر بووە، مزگەوتەکە ١٥ دەرگای هەیە و ٤٤ ستوونی لەخۆگرتووە، هەروەها پەنجەرەکانی شێوە بازنەیی و گۆیین.
منارەکە لە تەنیشت مزگەوتەکەیە و بە شێوازێکی لولپێچییە و بەرزییەکەی ٥٢ مەترە، لەسەر دوو بناغەی لەسەریەکی چوارگۆشەیی دروستکراوە، بناغەی یەکەمیان سێ مەتر بەرزە و لەسەر ڕووبەرێکی ٣٣ مەتری چوارگۆشە دروستکراوە، بناغەی دووەمیان ١٫٢ مەتر بەرزە و لەسەر ڕووبەرێکی بچووکتر دروستکراوە.
لەسەر هەردوو بناغەکه بینایەکی شێوە لولپێچی پێنج نهۆمی دروستکراوە بە جۆرێکە کە لەگەڵ زیادبوونی بەرزییەکەی تیرەکەی بچووک دەبێتەوە، لە سەردەمی عەباسییەکان لە سەر لوتکەی بڵندگۆکە بانگ دەدرا.
بە لاتەنیشتی منارەکەدا پلیکانەی شێوە لولپێچی دەوری داوە بە پانی دوو مەتر و بە پلەی ٣٩٩ بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر دروستکراوە، لە لوتکەکەیدا نهۆمێکی شێوە بازنەیی هەیە کە خەڵکی سامەڕا بە "جاوەن" ناوی دەبەن، لە ڕابردوودا بانگبێژەکان بۆ زیادبوون و بەرزبوونی دەنگیان لە کاتی بانگداندا بەکاریان هێناوە و دەچوونە کۆتا نهۆمی بڵندگۆکە بۆ بانگدان.
ناوی مزگەوت و منارەکە بە ناوی مەلویە (بە عەرەبی: الملوية) ناسرا کە لە زمانی عەرەبیدا ئەم وشەیە واتای پێچاوپێچ یان لولپێچی دەبەخشێت، ناوەکەی لە شێوەکەی وەرگیراوە و هەر بەو ناوە ناوزەد کرا و ناسرا.
مەترسی لەناوچوون و ڕووخانی
بەهۆی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و کاریگەری ژینگە و کەشوهەوا و پشتگوێ خستنی شوێنەوارەکە، مزگەوت و منارەی مەلویە مەترسی ڕووخان و خاپووربوون و لەناوچوونی لەسەر هەیە.
لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو منارەی مەلویە لە لیستی سوور دانرا، ئەو لیستەیە کە ئەو شوێنەوارە کۆنە مێژووییانە لەخۆدەگرێت کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاری نۆژەنکردنەوەی منارەی مەلویە دەرکرا، بەڵام بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی وڵاتی عێراق و پشێوی ئەمنی ناوچەکە و تەقاندنەوەی مەزاری دوو ئیمامەکە لە سامەڕا بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و دواخرا.
ڕێکخراوی یۆنیسکۆ چەند جارێک ڕاپۆرتی پێشکەشی حکوومەتی عێراقی کردووە کە داوای کردووە شوێنەوارەکە نۆژەن بکرێتەوە و گرنگی پێ بدرێت، بەڵام بە بیانووی نەبوونی بودجە و بڕیاری ڕاستەوخۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنی منارەکە دوادەخرێت و جێبەجێ ناکرێت.