درێژترین پردەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-30-18:33:00 - کۆدی بابەت: 13070
درێژترین پردەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

درێژترین پردەکانی جیهان (بە ئینگلیزی; The longest bridges in the world، بە عەرەبی; أطول الجسور في العالم) دە لە درێژترین پردەکانی جیهان لە درێژترینیانەوە بۆ کورتترینیان چەندین دیمەنی ناوازە پێشکەشدەکەن.

 

درێژترین پردەکانی جیهان

لە درێژترینیانەوە بۆ کورتترینیان بەم شێوەیە ڕیزکراون:

پردی گەورەی دانیانگ - کونشان لە چین

درێژی: ١٦٤ کم
بەستنەوە: ناوچەی شانگهای بە ناوچەی نانجینگ لە پارێزگای جیانگسوی وڵاتی چین دەبەستێتەوە.
پردی گەورەی دانیانگ - کونشان (Danyang - Kunshan Grand Bridge) لە وڵاتی چین لە ئێستادا ڕیکۆردی درێژترین پردی جیهانی هەیە کە درێژەکەی ١٦٤ کیلۆمەترە. هەروەها بەشێکە لە هێڵی شەمەندەفەری خێرای پەکین - شەنگهای و بە تێچوونی نزیکەی ٨.٥ ملیار دۆلار دروستکراوە، کە ٥١ ملیۆن دۆلارە بۆ هەر میلێک لە پردەکە. پردی گەورەی دانیانگ - کونشان نەک تەنها بۆ بەرگەگرتن لە چالاکی بوومەلەرزەیی دروستکرا، بەڵکو بۆ بەرگەگرتنی کەش و هەوایەکی توند (وەک گێژەڵووکە) دروستکراوە.

پردی چانگوا - کاوسۆنگ لە تایوان

درێژی: ١٥٧ کم
بەستنەوە: ناوچەکانی باگواشان، ناوچەی چانگوا و زویینگ، کاوسیۆنگ لە تایوان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ڕێگای پردی چانگوا - کاوسۆنگ (Changhua - Kaohsiung Viaduct) بەشێکە لە هێڵی شەمەندەفەری خێرای تایوان. ئەم پردەش هاوشێوەی پردی گەورەی کانگدێ دروستکراوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی چالاکی بوومەلەرزەیی بگرێت، چونکە تایوان لە ڕووی بوومەلەرزەییەوە چالاکە و ساڵانە بومەلەرزەیەکی زۆری لێ ڕوودەدات، کە ئەمەش بەهۆی شوێنی وڵاتەکەوەیە لە نزیک بەیەکگەیشتنی دوو پلێتی تەکتۆنی.

پردی گەورەی کانگدێ لە چین

درێژی: ١١٦ کیلۆمەتر
بەستنەوە: پردەکە لە ڕێگای نێوان پەکین و شانگهایە لە وڵاتی چین.
وەک پردی گەورەی تیانگین، بە هەمان شێوە پردی گەورەی کانگدێ (Cangde Grand Bridge) بەشێکە لە هێڵی شەمەندەفەری خێرای نێوان پەکین و شەنگهای. کۆی گشتی ٣،٠٩٢ بەندەری هەیە و دروستکراوە بۆ بەرگەگرتن لە چالاکییە سروشتییەکانی زەوی وەک زەمین لەرزە.

پردی گەورەی تیانگین لە چین

درێژی: ١١٣ کیلۆمەتر
بەستنەوە: ناوچەکانی لانگفانگ و کینگشیا، پەکین لە وڵاتی چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پردی گەورەی تیانگین (Tianjin Grand Bridge) لە ساڵی ٢٠١٠ تەواوکرا و لە ساڵی ٢٠١١ کرایەوە بەڕووی خەڵکیدا، پردێکی دیکەیە کە بە هەمان شێوە بەشێکە لە هێڵی ئاسنینی خێرای نێوان پەکین و شەنگهای. پردەکە شەمەندەفەری خێرایی بەرز هەڵدەگرێت بەسەر ناوچەکەدا و ٣٢ بەشی تاکەکەسی لەخۆ دەگرێت، کە هەریەکەیان بە جیا دروستکراون و دامەزراون.

پردی گەورەی واینان وەی لە چین

درێژی: ٧٩ کیلۆمەتر
بەستنەوە: ناوچەکانی ژێنگژۆو و شیان واین لە وڵاتی چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پردی گەورەی واین وەی (Weinan Weihe Grande Bridge) بە ڕووباری وایدا تێدەپەڕێت، "دەروازەی سروشتی چین بەرەو ڕۆژئاوا" و پردەکە بەشێکە لە هێڵی نێوان شەمەندەفەری ژێنگژۆو و شیان. پردەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ تەواو بوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ هێڵی شەمەندەفەرەکە کراوەتەوە.

پردی ڕێگای خێرای بانگ نا لە تایلاند

درێژی: ٥٤ کیلۆمەتر
بەستنەوە: ناوچەکانی بانگنا، چۆن بوری، بانگکوک لە وڵاتی تایلاند بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
هەروەها ناسراوە بە ڕێگای خێرای بورافا ویتی. ڕێگای خێرای بانگ نا (Bang Na Expressway) بریتییە لە پردێکی داربەند کە شەش ڕێڕەوی بەرزکراوەی ڕێگای خێرا و ڕێگای باجی هەیە لە تایلاند. ئەم پردە بە تێچوونی یەک ملیار دۆلار دروستکراوە و تا ساڵی ٢٠٠٨ ڕیکۆردی درێژترین پردی لە جیهاندا هەبووە.

پردی گەورەی پەکین لە چین

درێژی: ٤٨ کیلۆمەتر
بەستنەوە: ناوچەکانی باشووری پەکین و لانگفانگ لە پەکین لە وڵاتی چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پردی گەورەی پەکین (Beijing Grand Bridge) ڕێگایەکی شەمەندەفەرە و بەشدارە لە هێڵی شەمەندەفەری خێرای نێوان پەکین و شەنگهای لە وڵاتەکە. 

تولەڕێی دەریاچەی پۆنچارتراین لە ئەمریکا

درێژی: ٣٨ کیلۆمەتر
بەستنەوە: ناوچەکانی مێتایر لە لویزیانا و ماندێڤیل لە لویزیانا بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە هەردوو ناوچەکە دەکەونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ئەم پردە بە دەستەواژەیەکی دیکە پێی دەوترێت تولەڕێ (The Causeway)، تولەڕێی دەریاچەی پۆنچارتراین (Lake Pontchartrain Causeway) لە ساڵی ١٩٥٦ کراوەتەوە و لە دوو پردی هاوتەریب پێکهاتووە. بە یەکێک لە ترسناکترین پردەکانی جیهان دادەنرێت، و وا دەردەکەوێت کە پردەکە بۆ هەمیشە درێژ دەبێتەوە.

پردی میترۆی وهان لە چین

درێژی: ٣٧ کیلۆمەتر
بەستنەوە: وێستگەی هوانگپولو و زۆنگگوان لە ووهان لە وڵاتی چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پردی میترۆی وهان (Wuhan Metro Bridge) یەکەم هێڵی میترۆی بەرزکراوەیە لە وهان. لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە وەک ڕێگای میترۆ کار دەکات و دیزاین کراوە بۆ ئاسانکردنی قەیرانی هاتوچۆ لەسەر پردەکانی سەر ڕووباری یانگزی.

پردی مانچک سوام لە ئەمریکا

درێژی: ٣٦ کیلۆمەتر
بەستنەوەی: دەریاچەی مۆریپاس، لویزیانا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
پردی مانچک سوام (Manchac Swamp Bridge) پردێکی کۆنکرێتی دووانەییە واتا لە دوو پرد پێکهاتووە، یەکێکیان بۆ ڕێگای خێرای نەتەوەیی ٥١ و ئەوی دیکەیان بۆ ڕێگای نێوان ویلایەتەکان ٥٥. ئەم پردە بەسەر زەلکاوێكدا تێپەڕدەبێت ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە.


سەرچاوەکان



103 بینین