شوێنە گەشتیارییەکانی باکووری ئێران

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-21:03:00 - کۆدی بابەت: 12924
شوێنە گەشتیارییەکانی باکووری ئێران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شوێنە گەشتیارییەکانی باکووری ئێران (بە عەرەبی: الٲماكن سياحية في شمال ٳيران، بە ئینگلیزی: Tourist places in northern Iran) باکووری ئێران بەهۆی هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافی و کەشوهەوای لەبار و سروشتی ناوچەکەی بووەتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری بۆ وڵاتی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاری ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئێران سەردانی دەکەن.

ناودارترین شوێنە گەشتیارییەکانی باکووری ئێران

ڕامسەر

شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مازەندەرانە لە باکووری ئێران و زۆرێک لە گەشتیاران سەردانی دەکەن، وەرزی هاوینی شێدار و فێنکە و وەرزی زستانی سارد و باراناوییە. ڕامسەر بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی ئێران دادەنرێت کە ڕووەو دەریای قەزوینە، کۆشکی شای تێدایە کە کراوە به هۆتێلی گەشتیاری، هاوکات ئاوی گۆگردی و مۆزەخانە و کابینەی گەشتیاری تەلەفریک و دارستان لەخۆدەگرێت، ناوچەکانی (جەواهردێ و دووهەزار  و سێ هەزار) سەر بە ڕامسەرن کە ناوچەی شاخاوی و سەوزایی گەشتیارین و دارستان و تاڤگەیان تێدایە. ڕامسەر بە دووری ٩٦ کیلۆمەتر لە شاری چالوسەوە دوورە.

چالووس

شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مازەندەرانە لە باکووری ئێران و نزیکە لە دەریای قەزوینەوە، کەشێکی شێدار و تەماوی هەیە و وەرزی زستانی بەفراوی و باراناوییە و وەرزی هاوینی فێنکە و پلەی گەرمی مامناوەندە. سروشتێ ناوچەکە سەوزاییەکی زۆر لەخۆدەگرێت و شاخ و کێوی بەرز دەوری داوە. ڕێگای چالووس و تاڤگەکانی چالووس لەگەڵ دەریاچە و دارستانەکانی و کۆشکە مێژووییەکانی سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشن و سەردانیکەری زۆری هەیە.

دەریاچەی مالات

دەریاچەیەکی ناوداری سەر بە ناوچەی نوورە لە مازەندەران و بە دووری هەشت کلۆمەتر لە ناوچەی نوور دوورە، ڕەنگی شینێکی پیرۆزەیی هەیە و لەسەر دەریاچەکە بەنداو دروستکراوە. لەسەر دەریاچەکە بەلەمی پەڕینەوە و خواردنگەی لێیە، هاوکات دەوروبەری دەریاچەکە سەوزاییە و چالاکی ئەسپسواری و کابینەی گەشتیاریشی بۆ دابین کراوە. وەرزی بەهار باشترین وەرزی ساڵە بۆ سەردانیکردنی شوێنەکە.

مازەندەران

پارێزگایەکی گرنگی باکووری وڵاتی ئێرانە و بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی ئێران دادەنرێت، ساڵانە لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن. مازەندەران ٢٢ شار لەخۆدەگرێت و سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکانی هاوکارە لەوەی کە شوێنەکە ببێتە ناوچەیەکی گشتیاری و زۆرێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی باکووری ئێران لەڕووی کارگڕییەوە سەر بەم پارێزگایەن.


سەرچاوەکان



3883 بینین