کۆشکی سوور

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-21:10:00 - کۆدی بابەت: 12971
کۆشکی سوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆشکی سوور یان کۆشکی حەمڕا یاخود حەمرا (بە عەرەبی: قصر الحمراء، بە ئینگلیزی: Alhambra palace) کۆشکێکی شوێنەوارییە دەکەوێتە شاری غەڕناتەی وڵاتی ئیسپانیا، بە یەکێک لە شوێنەوارە ئیسلامییەکانی سەردەمی ئەندەلوس دادەنرێت و لە وڵاتی ئیسپانیا لەڕووی سەردانیکردنی گەشتیارییەوە بە پلەی یەکەم دێت، کۆشکی سوور لە لیستی شوێنەواری کەلەپووری جیهانی یۆنیسکۆ تۆمار کراوە.

مێژووی بنیاتنانی

لە ڕابردوودا و لە سەردەمی دەوڵەتی ئەندەلوس ناوچەی حەمڕا ناوچەیەکی تایبەتی سەر بە شاری غەڕناتە بوو، ناوچەیەکی تایبەت بوو بە پاشای دەسەڵاتدار و خێزانەکەی، کۆشکی پاشایەتی و قەڵایەکی تێدا بوو پاشا و خێزان و خزمەتکار و سەربازەکانی پاشای فەرمانڕەوا لەو شوێنە دەژیان.

ئەبووعەبدوڵڵای محەمەدی یەکەم کە به محەمەدی کوڕی نەسڕ ناسراو بوو و نازناوی سوورەی هەبووە چونکە ڕیشەکەی سوور بووە، کاتێک کۆتایی بە دەسەڵاتی موەحیدوون هێنا لە ئەندەلوس چووە شاری غەڕناتەوە و بووە فەرمانڕەوای شارەکە و چوو لە ناوچەی حەمڕا نیشتەجێ بوو، خەلیفە شوورایەکی درێژ و بەتینی بە دەوری قەڵاکە دروست کرد و لەناو ئەو شوورایە بناغەی کۆشکێکی گەورەی بنیاتنا و کردی بە ناوەندی دەسەڵاتەکەی و شوێنەکە بە "کۆشکی سوور" ناسرا، کۆشکی سوور و ناوچەکانی دەوروبەری وەکوو شوێنێکی پارێزکار دروست کرا.

لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی کۆچی دووەمین سوڵتانی غەڕناتە محەمەدی کوڕی محەمەدی کوڕی ئەحمەڕ شوێن و بینای تری بۆ کۆشکەکە زیاد کرد و کوڕەکەی دوای خۆی بە هەمان شێوە مزگەوتی بۆ ناوچەکە زیاد کرد. فراوانکردن و بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی کۆشکی سوور لەلایەن سوڵتانەکانی غەڕناتەوە بەردەوامی هەبووە بە تایبەت لە نێوان ساڵانی (١٣٣٣ بۆ ١٣٥٣) کە شا یووسفی یەکەم دەستی کرد بە فراوانکردنەوەی کۆشکەکە و دوای ئەویش لە نێوان ساڵانی (١٣٥٣ بۆ ١٣٩١) محەمەدی پێنجەم هەر بەردەوام بوو لە بنیاتنان و فراوانکردنی کۆشکەکە و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو کۆتایی بە کاری بنیاتنانی هێنرا.

لە سەرەتای سەردەمی کاسۆلیکەکان "کارلۆسی پێنجەم" بەشێکی لە شوێنەکەی ڕووخان بۆ ئەوەی کۆشکی تایبەتی خۆی تێدا دروست بکات. لە سەدەی هەژدەیەم کۆشکەکە زۆر پشتگوێ خرا و لە ماوەی دەسەڵاتی فەڕەنسی لە ناوچەکەدا بەشێک لە قەڵاکەی ڕووخا و خاپوور بوو. لە سەدەی نۆزدیەمەوە کاری نۆژەن کردنەوەی کۆشکەکە دەستی پێکردووە و لە ساڵی ١٩٨٤ کۆشکی سوور لە لیستی شوێنەواری کەلەپووری جیهانی یۆنیسکۆ تۆمار کرا.

هۆکاری ناونانی بەو ناوە

هۆکاری ناونانی کۆشکی سوور یان کۆشکی حەمڕا بەو ناوە چەند ڕاجیاییەکی لەسەرە، هەندێک سەرچاوە ناوی شوێنەکە دەگێڕنەوە بۆ خێزانی حەمڕا (بني الأحمر) کە لە نێوان ساڵانی ١٢٣٢ بۆ ١٤٩٢ بوونە دەسەڵاتداری غەڕناتە، سەرۆکەکەیان ڕیشی سوور بووە و بەو ناوه ناسراون. هەندێکی تر هۆکاری ناونانی بۆ ئەو خاکە سوورە دەگەڕێننەوە کە شوێنەکەی لەسەر بنیاتنراوە، خاکەکەی خۆڵێکی سووری هەیە چونکە ماددەی ئۆکسیدەکانی ئاسنی زۆرە بۆیە ڕەنگی خاکەکە سوورە. هاوکات هۆکارێکی تری ناوەکەی ئەویە کە کۆشکەکە لە جۆرە خۆڵێک دروست کراوە ڕەنگەکەی سوور بووە و پێکهاتەی بەردی ورد و ماددەی لکێنراوی سروشتی تێدا بووە، لەکاتی بنیاتنان تەنیا لەگەڵ ئاودا تێکەڵ کراوە و وەکوو چیمەنتۆ یەکی گرتووە و ڕەنگی سوورێکی مەیلەو قاوەیی هەبووە بۆیە بەو ناوە ناسراوە.

شێوازی بنیاتنان

کۆشکی سوور لەسەر ڕووبەری ١٤٢ هەزار مەتری چوارگۆشە لەسەر شاخێکی بەرز بنیاتنراوە، کۆشەکەکە لەسەر بەرزاییەکە و لە ناوەڕاستی قەڵایەک دروست کراوە. هەموو بەشی ناوەوەی کۆشکەکە بە نەخشی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە، نەخشەکان زۆرێکیان بە دەست کێشراون و وەکوو هونەری ئیسلامی و زەخرەفە دەردەکەون. لەسەر بەشێکی زۆری دیوارەکانی کۆشکەکە بە خەتی ئەندەلووسی و عەرەبی دەستەواژەی "لاغالب إلا الله" نووسراوەتەوە کە هێمای دەسەڵاتدارانی بەنوونەسڕە کە کۆشکەکەیان بنیاتناوە، شیعر و وتەی عەرەبیش لەسەر چەند شوێنێکی بنیاتنراوە. زۆرێک لە کەوانەکانی ناوەوەی بیناکە بۆ جوانکاری بنیاتنراوە و لەڕووی تەلارسازییەوە سوودێکی زۆریان نییە.

لە ڕابردوودا کۆشکەکە چەند دەرگایەکی سەرەکی هەبووە و نزیکەی ٣٧ تاوەری چاودێری بەرزی تێدا دروست کراوە. ئەو شوێنەی کە کۆشکەکەی لێ دروست کراوە ئاوی تێدا نەبووە، بۆیە سیستم دیزاینێکی تایبەتییان بۆ گەیاندنی ئاو بە شوێنەکە دروست کردووە. لە بەشێکی کۆشکەکە نافوورەیەکی ئاو دروستکراوە و چەند پەیکەرێکی هاوشێوەی شێر لە ژێر نافوورەکە بە شێوەی بازنەیی دروستکراون، لەو سەردەمەدا ئەو نافوورەیە بۆ دیاریکردنی کاتژمێرەکانی ڕۆژ بەکارهاتووە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دیزاین کراوە کە زانایانی ئەم سەردەمە لە شێوازی کارکردنی تێنەگەشتوون. بەشێکی تری کۆشەکەکە بە (جنة العريف) ناسراوە کە باخێکی درێژ و دڵڕفێنە و تێیدا سیستمە ئاوییەکان لەو شوێنەوە هەڵکەندراون و بۆ کۆشکەکە دانراون.


سەرچاوەکان



3097 بینین