منارەی حەدبا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-22:49:00 - کۆدی بابەت: 12975
منارەی حەدبا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

منارەی حەدبا، بڵندگۆی حەدبا، منارەی حەدبای مزگەوتی نووری مەزن یان منارە لارەکە (بە عەرەبی: منارة الحدباء، بە ئینگلیزی: The Great Mosque of al-Nuri) شوێنەوارێکی مێژووییە و بەشێک بوو لە مزگەوتی نووری مەزن لە شاری مووسڵ و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی کۆچی. منارەی حەدبا کە منارەیەکی لار و ناڕاست بوو دەکەوێته بەشی لای ڕاستی شاری مووسڵ لە نزیک ڕوژاوای ڕووباری دیجلە و لە گەڕەکی مزگەوتی گەورەیە و لە ناوچەی "شاری کۆنە" لە مووسڵ. وێنەی منارەی حەدبا لەسەر دراوی عێراقی ١٠ هەزار دیناری کێشراوه و لە شاری مووسڵ شوێنەوارێکی گەشتیاری ئایینی و مێژوویی گرنگ بوو.

مێژووی بنیاتنانی 

بڵندگۆی حەدبا له ساڵی ١١٧٠ لەلایەن والی و فەرمانڕەوای ئەوکاتەی شاری مووسڵەوه "عیمادئەلدین زەنگی" بنیاتنرا و بووە دووەم مزگەوتی شارەکە. بەرزی منارەکە ٦٥ مەتر بوو و پانییەکەی ١٧ مەتر بوو، دروستکردنی بڵندگۆیەک بەو بەرزییە لەو سەردەمەدا کارێکی ئەستەم بووە و بۆیە بە بەرزترین بینای سەردەمی خوی دادەنرێت. هاوکات لە کۆی تاوەرە ناڕاست و لارەکانی جیهان ڕیزبەندی ژماره ١٧ـیەمی هەیە. دروستکردن و بنیاتنانی بیناکە لەلایەن تەلارسازی ئەو کاتە "ئیبراهیم مووسڵی" سەرپەرشتی کرا، ئەو گرنگی بە دیزاینی بیناکە دا و بایەخی بە کاری نەخشسازی و هونەری ئیسلامی تێدا داوه.

واتای ناوی بڵندگۆکە (الحدباء) لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە لار و گێڕ، ناڕاست و قەمبوور بەهۆی نالاری بڵندگۆکە ئەم ناوەی لێنراوە، بە بڵندگۆ لارەکە یان بە بڵندگۆ گێڕەکەش دەناسرێتەوە، هاوکات ناوی مووسڵی حەدبا لەم منارەیەوە وەرگیراوە و منارەکە سومبولی ناسینەوەی شاری مووسڵە.

هۆکاری لاری و گێڕی بڵندگۆکە

لاری و ناڕاستی بڵندگۆکه چەند بۆچوونێکی لەسەرە، هەندێک سەرچاوە هۆکاری لارییەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە کاتی خۆی بنیاتنراوە له ئەگەری ڕووخان یان خاپووربوونی بیناکە ئەو لارییه یارمەتی کەمکردنەوەی زیانی گیانی و ماددی کەوتنی بیناکە دەدات، بۆیە لاری بڵندگۆکه بەرەو ڕۆژهەڵات بوو چونکە لە بەشی ڕۆژاوای شوێنەکه گەڕەکێکی لێ بووە و لە ئەگەری ڕووخان زیانی زۆری بەردەکەوت. بۆچوونێکی تر بریتییە لەوەی کە وێنای بڵندگۆکە لە پیاوێکی پشت چەماوە وەرگیراوه.

شێوازی بنیاتنانی

سەرباری لاری بینای بڵندگۆکە منارەکە نەکەوت، نهێنی ئەمەش بۆ شێوازی وردەکاری دیزاینی تەلارسازییەکەی دەگەڕێتەوە، بناغەکەی لە دوو بەش پێکهاتبوو یەکەمیان لوولەکی بوو و لەسەر بەشی دووەم دروستکرابوو، بەشی دووەمیان پواز یان مەوشووری بوو و سێپاڵەشی پێدەترێت کە فرە لایی و فرە گۆشەییە، بەشه لوولەکییەکە له حەوت بەش پێکهاتبوو و بە نەخشی جۆراوجۆر ڕازێنرابووەوە. دوو دەرگای هەبوو و بە دوو پلیکانەی هاوتەریب دەچوویتە سەرەوەی بڵندگۆکه. بڵندگۆکە بەشێک بوو لە مزگەوتی نووری مەزن.

پشتگوێ خستنی و ڕووخاندن و تەقاندنەوەی

بە تێپەڕبوونی کات و کۆنبوونی شوێنەکە مەترسی ڕووخانی لەسەر بوو، لە ساڵی ١٩٤١ نۆژەن کرایەوە، له ساڵی ١٩٨١ تیمێکی ئیتاڵی پسپۆڕ هەوڵی نۆژەنکردنەوه و جێگیرکردنی بڵندگۆکەیان دا. لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراق بەهۆی بۆردمانی چەند شوێنێکی نزیک بڵندگۆکە لە مووسڵ بۆڕی ئاوی ژێر زەوی تەقین و شکێنران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بناغەی بڵندگۆکە کاریگەر بێت و بە گۆشەی چل سانتیم مەتر لارێکەی زیادی کرد. دوای ئەم ڕووداوە وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار لە عێراق هەوڵیان دا بڵندگۆکە نۆژەن بکەنەوە و بناغە و بنەچەکەیان بە چیمەنتۆ و چەند ماددەیەکی لکێنەر دەوردا بەڵام ئەم ڕێگایە تەنیا چارەسەرێکی کاتی بوو. لە ڕۆژی ٢٢ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی ئەو کاتەی عێراق دووپاتی کردەوە کە منارەی حەدبا و مزگەوتی نووری لەلایەن داعشەوه تەقێنرایەوە و خاپوورکرا.

دووبارە نۆژەنکردنەوەی

دوای ڕزگاردنی شاری مووسڵ، هەوڵی زۆردرا بۆ دووبارە بنیانانەوە و نۆژەنکردنەوەی بڵندگۆ و مزگەوتەکەیشی، بەڵام بە هۆکاری سیاسی و هۆکاری بوونی مین و تەقەمەنی لە شوێنەکە بڕیارەکە دوادەخرا و کەمتەرخەمی تێدا دەکرا. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ڕێکخراوی یۆنیسکۆوە بە بودجەیەکی زیاتر لە پەنجا ملیۆن دۆلار بڕیاری نۆژەنکردنەوە و دووبارە دروستکردنەوەی بڵندگۆکە دەرچوو. بڵندگۆکە بناغەکەی نەڕووخاوه و ماوە و پسپۆڕان و شوێنەوارناسان هەر لەسەر هەمان بناغە و شێوازە کۆنەکەی نۆژەنی دەکەنەوە، هاوکات لە شوێنەکە چەندان پارچەی منارەکە کۆکراوەتەوە و بڕیاردراوە لە بنیاتنانەوەی بڵندگۆکە بەکاری بهێنن. کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ وەکوو ماوەی تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی بڵندگوی حەدبا دیاری کراوە.


سەرچاوەکان



3110 بینین