مزگەوتی قورتوبە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-21:00:00 - کۆدی بابەت: 12970
مزگەوتی قورتوبە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی گەورەی قورتوبە یان مزگەوت و کڵێسای قورتوبە یاخود کاتێدرائی و مزگەوتی قورتوبە (بە عەرەبی: كاتدرائية و جامع قرطبة، بە ئینگلیزی: The Mosque–Cathedral of Córdoba) کڵێسایەکی ڕۆمانی کاثۆلیکییە کە دەکەوێتە نزیک شاخی سێیرا مۆرینا لە شاری قورتوبەی باشووری وڵاتی ئیسپانیا، لە ڕابردوودا لەلایەن عەبدولڕەحمانی یەکەم لە سەردەمی ئومەوییەکان دوای فەتح کردنی ئەندەلوس لە ساڵی ٧٨٤ شوێنەکە کراوە بە مزگەوت و بە مزگەوتی گەورەی قورتوبە ناسراوە و لەسەر نەخش و تەلارسازی و هونەری ئیسلامی بنیاتنراوە، بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەندەلوس شوێنەکە کرایەوە بە کڵێسای ڕۆمانی تایبەت بە مەسیحییەکان. ئەم شوێنە نموونەیەکە لە تێکەڵبوونی هونەری تەلارسازی ئیسلامی و هونەری مەسیحی و شوێنەواری هەردوو هونەرەکە بە شوێنەکەوە دیارە و ماوە. شوێنەکە لە لیستی شوێنە کەلەپوورییەکانی جیهانە و هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لیستی ١٢ـیەمین گەنجینەی وڵاتی ئیسپانیا دانراوە.

مێژووەکەی

چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە سەدەی دووەمی پێش زایین کاتێک ڕۆمانییەکان شاری قورتوبەیان بنیاتناوە، پەرستگایەکیان بۆ "خواوەند لیانۆس" بنیاتنا، دوای ٨٠٠ ساڵ قووتییە ڕۆژاواییەکان قورتوبەیان داگیر کرد و پەرستگا ڕۆمانییەکەیان گۆڕی بۆ کڵێسا و ناوی "کڵێسای ڤێنسێنتی پیرۆز"ـیان بۆ شوێنەکە هەڵبژاردووە. دوای دوو سەدە و دوای ئەوەی موسڵمانەکان دەسەڵاتی ئەندەلوسیان گرتەدەست و لە سەرەتای دەسەڵاتی ئومەوییەکان، لە سەرەتادا کڵێساکە دابەش کرایە سەر دوو بەش، بەشێک تایبەت کرا بە مزگەوت و بەشێکیش هەر کڵێسا بوو و بۆ مەسیحییەکان تەرخان کرا.

لە سەردەمی دەسەلاتی ئومەوی سەربەخۆ عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییەی فەرمانڕەوا ئەو بەشەی کە تایبەت کرا بوو بە کڵێسا لە قەشەی ئەو کاتەی کڵێساکەی کڕییەوە، پاشان لە نێوان ساڵانی ٧٨٤ بۆ ٧٨٦ زایینی بڕیاری ئەوەی دا کە کڵێساکە بکرێت بە مزگەوت، دوای کۆچی دوایی خەلیفە عەبدولڕەحمان نەوە و دسەڵاتدارەکانی دوای خۆی کۆتاییان بە بنیاتنانی مزگەوتەکە هێناوە و ماوەی بنیاتنانەکە نزیکەی دوو سەدەی خایاندووە، ڕووبەری گشتی شوێنەکە تەنیا ٤٨٧٥ مەتری دووجا بووە، کۆمەڵێک تەلارسازی ئەو سەردەمە دیزاینی شوێنەکەیان زۆر بە جیاوازی کردووە و بە سەدان کرێکار بەژدار بوونە لە بنیاتنانی مزگەوتەکە.

لە ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس مزگەوتەکە چەندان جار نۆژەن کراوەتەوە و نوێکراوتەوە و ڕووبەرەکەشی فراوانتر کراوەتەوە. بەڵام لە ساڵی ١٢٣٦ دوای کەوتن و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس مزگەوتەکە لەلایەن دەسەڵاتدارە ئیسپانییە مەسیحییەکانەوە کرا بە کڵێسایەکی سەر بە کڵێساکانی کاسۆلیکی ڕۆمانی و هەر بەو شێوەیەش ماوەتەوە.

تایبەمەندی و شێوازی بنیاتنانی مزگەوتەکە

ماوەی بنیاتنانی مزگەوتەکە نزیکەی دوو سەدەی خایاندووە و لەسەر شێوازی مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق بنیاتنراوە. شێوەی سەرەکی مزگەوتەکە کە لە سەردەمی عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییە دەست کرا بە بنیاتنانی، مزگەوتەکە پێکهاتبوو لە حەڕەمێک کە پانییەکەی نزیکەی ٧٣٫٥ مەتر و قووڵییەکەی نزیکەی ٣٦٫٨ مەتر بوو، بە شێوەی دە ڕیزی کەوانەیی دابەش کرا بووە سەر ١١ بەش، هەر بەشێک ١٢ کەوانەی تری هەبوو کە لەسەر ستوونی مەڕمەڕ بنیاتنرا بوون. کەوانەکان لە دوو بەش پێکهاتبوون، کەوانەکانی خوارەوە هاوشێوەی ناڵی ئەسپ بوون و کەوانەکانی بەشی سەرەوە وەکوو نیوە بازنە بوون.

بنمیچ و سەقفی مزگەوتەکە پان و ڕێکە و بە بڕی ٩٫٨ مەتر لە زەوییەکەوە بەرزە، لە سەرووی بنمیچی سەرەکییەوە ١١ سەقفی ڕێک و یەکسانی تر بنیاتنراون، ئەستووری دیوارەکانی مزگەوتەکە نزیکەی ١٫١٤ مەترە. مزگەوتەکە چەند دەرگایەکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە هەبووە. دیوار و شوێنەکانی مزگەوتەکە بە ئایەتی قورئانی و نەخشی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە. مزگەوتەکە لە هۆڵێکی گەورەی نوێژکردن پێکهاتبوو و بە دیواری شێوە کەوانەیی دەور درابوو، مەبەست لە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر کەوانە لە دیزاینی مزگەوتەکە بریتی بووە لەوەی کە دەنگی بانگ و پێشنوێژ بە یەکسانی لە مزگەوتەکە دابەش ببێت و نوێژخوێنان گوێیان لێی ببێت چونکە ئەو سەردەمە بڵندگۆ نەبووە، لە یەک منارە پێکهاتبوو و حەوشەی مزگەوتەکە فراوان بووە و باخی دار پرتەقاڵ و نافوورەیەکی ئاو لە ناوەڕاستەکەی هەبووە.


سەرچاوەکان



3160 بینین