نەمری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-08-22:48:00 - کۆدی بابەت: 10958
نەمری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەمر، هەمیشەیی، هەرمان، بێ مەرگی، هەتاهەتایی و هەربوون (بە ئینگلیزی: Eternity یان Immortality، بە عەرەبی: خلود یان سرمدية) چەمکی ژیانی هەتاهەتاییە، ژیانی دوای مردن بریتییە لە بەردەوامبوونی بوون لە دوای مردن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەو بەردەوامبوونە کاتێکی دیاریکراوە یان نا. 

بە واتایەکی تر نەمری واتە بوونێکی بێکۆتایی، بەبێ گوێدانە ئەوەی جەستە دەمرێت یان نا، لە ڕاستیدا هەندێک تەکنەلۆجیای پزیشکی گریمانەی نەمرییەکی جەستەیی پێشکەش دەکەن، بەڵام ژیانی دوای مردن نا.

نەمری یەکێک بووە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی و هەرچەندە بە شێوەیەکی نەریتی لە نەریتە ئاینییەکاندا بە بەردەوای گفتوگۆی لەسەرە کە ئایا ژیانی دوای مردن هەیە یان نییە، بەڵام بۆ فەلسەفەش گرنگە.

هەرچەندە جۆرەها کولتوور باوەڕیان بە جۆرێک لە نەمری هەبووە، بەڵام ڕەنگە ئەم جۆرە باوەڕانە لە بنەڕەتدا بۆ سێ بەشی سەرەکی پۆلێن کرابێت، لەوانەش مانەوەی جەستەی ئەستێرەیی، نەمریی ڕۆحی، واتە بوونێکی بێ جەستە یان بوونی ڕۆح لە کەسێکی تردا، زیندووبوونەوەی جەستە یان دووبارە بەرجەستەکردنەوە. 

هەندێک لە زانایان، ئایندەناسان و فەیلەسوفان تیۆرییان لەسەر نەمری جەستەی مرۆڤ داناوە، لە هەندێکیشدا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە نەمری مرۆڤ لە چەند دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا بە یارمەتی هەندێک تەکنەلۆجیای وەک بارکردنی مێشک و چاندنەوەی، (نەمریی دیجیتاڵی) بەدیبهێنرێت.

پاڵپشتکارانی تر پێیان وایە درێژکردنەوەی تەمەن ئامانجێکی زیاترە کە لە ماوەیەی کورتخایەندا بەدەستبهێنرێت، نەمری چاوەڕێی پێشکەوتنی زیاتری توێژینەوەکانە.

پیربوون نەمرییەکی بایۆلۆجی بۆ مرۆڤەکان دەڕەخسێنێت، بەڵام نەک بۆ ئەوانەی بەهۆی نەخۆشی یان برینداربوونەوە بێهێزبوون.

لە چوارچێوەی ئایینیدا زۆرجار دەوترێت نەمری یەکێکە لە بەڵێنەکانی خواکان بۆ مرۆڤەکان، بۆ ئەوانەی کە تایبەتمەندییە ئایینییەکان ئەنجام دەدەن یان یاسای خواکان پەیڕەو دەکەن.

نەمری لەڕووی زانستییەوە

تەکنەلۆجیاکانی درێژکردنەوەی ژیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێگایەک بۆ گەنجبوونەوەی تەواو پەرەپێدەدەن. کرایۆنیکس (بریتییە لە بەستن و هەڵگرتنی مرۆڤ لە پلەی گەرمی نزمدا، بەو هیوایەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا بتوانرێن زیندوو بکرێنەوە.) هیوای ئەوە دەخاتە ڕوو کە مردووەکان لە داهاتوودا پاش پێشکەوتنی پزیشکی زیندوو بکرێنەوە.

هەروەها لە بوونەوەرەکانی وەک هایدرا و کرمەکانی پلاناریادا نیشان دراوە، بەڕاستی ئەگەری ئەوە هەیە بوونەوەرێک لە ڕووی بایۆلۆجییەوە نەمر بێت، ئەمانە ئاژەڵن کە لە ڕووی کارەندام ناسییەوە زۆر لە مرۆڤ جیاوازن، نازانرێت ئایا شتێکی لەم شێوەیە و هەتاهەتایی هەرگیز بۆ مرۆڤەکان دەکرێت یان نا.

نەمری لەڕووی ئایینییەوە

نەمری لە ئاییندا بەزۆری ئاماژەیە بۆ یان باوەڕبوون بە نەمریی جەستەیی یان ژیانی دوای مردن. لە نەریتەکانی وەک بیروباوەڕی میسڕی کۆن و بیروباوەڕی میزۆپۆتامیا و بیروباوەڕی یۆنانی کۆن، خواوەندەکان بە نەمر دادەنران. کاتێکدا لە ئایینی مەسیحیشدا زۆرێک پێیان وایە هەموو باوەڕدارە ڕاستەقینەکان زیندوو دەبنەوە. لە ئایینی ئیسلامیشدا باوەڕداران بڕوایان بە زیندووبوونەوەی پاش مردن هەیە، بڕوایان بەوە هەیە کە ژیانێکی تر لە پاش مردن دەست پێ دەکات.

ڕوونکردنەوەی نەمری

نەمری پەیوەستە بە وشەی مەرگەوە. کە زیاتر بە زاراوە فیسۆلۆجییەکەی پێناسە دەکرێت، وەکوو وەستانی ئەو ئەرکە بایۆلۆجیانەی کە وادەکەن لە ژیاندا بمێنیتەوە.

بەڵام ئەگەر نەمری بە واتای بەردەوامی ژیان بێت تەنانەت دوای مردنیش، دژایەتییەک دێتە پێشەوە، چونکە دژایەتیکاران دەڵێن هیچ واتایەکی نییە بڵێین کەسێک مردووە و لەگەڵ ئەوەشدا لە مردن ڕزگاری بووە، نەمر بوون، بە وردی ئەوەیە کە تووشی مردن نەبیت، بەم شێوەیە هەرکەسێک بمرێت، بوونی دەوەستێت، ڕەنگە کەس دوای مردن بوونی نەبێت، بەتەواوی لەبەر ئەوەی مردن بە واتای کۆتایی بوون دێت.

ڕەنگە هەندێک کەس بە زاراوەیەکی ناڕوون و گشتی بیر لە نەمری بکەنەوە، وەک بەردەوامی کردەوە و یادەوەرییەکانی کەسێک لە نێو هاوڕێ و خزمەکانیدا. 

نەمری چەندین لێکدانەوەی لەسەرە، لەوانە زانستی، ئایینی و فەلسەفە، هەر یەکەو بە تێڕوانینی خۆی باس لە چەمکی نەمری دەکات.

سێ نموونەی نەمریی

سەرەڕای جۆراوجۆری بێئەندازەی بیروباوەڕەکان لەسەر نەمری، ڕەنگە بۆ سێ نموونەی بنەڕەتی بچووک بکرێنەوە، لەوانەش مانەوەی جەستەی ئەستێرەیی، نەمریی ڕۆحی، زیندووبوونەوەی جەستە یان دووبارە بەرجەستەکردنەوە. 

مەرج نییە ئەم نموونانە یەکتر لەیەکتر جیا بکەنەوە، لە ڕاستیدا زۆرێک لە ئایینەکان بە تێکەڵەیەک لەوانە پابەند بوون و ڕایان لەسەری هەیە.

مانەوەی جەستەی ئەستێرەیی

زۆرێک لە بیروباوەڕە ئایینییە سەرەتاییەکان وا بیریان دەکردەوە کە مرۆڤ لە دوو مادەی جەستە پێکهاتووە، وەکوو جەستەیەکی فیزیکی، کە ئامادەیە بۆ دەست لێدان، بۆنکردن، بیستن و بینین، هەروەها تەنێکی ئەستێرەیی کە لە جۆرێک ماددەی ئاسمانی دروستکراوە. جەستەی ئەستێرەیی ناتوانرێت دەستی لێبدرێت، بەڵام دەتوانرێت ببینرێت. لە کاتی مردنی جەستەی فیزیکیدا جەستەی ئەستێرەیی هەر لە ژیاندا دەمێنێتەوە. 

نەمریی ڕۆحی

نموونەی نەمریی ڕۆح هاوشێوەی نموونەی جەستەی ئەستێرەییە، بەو ڕادەیەی کە پێی وایە مرۆڤ لە دوو ماددە پێکهاتووە. پێیان وایە لە کاتی مردن ڕۆح هەر دەمێنێتەوە و ڕۆحەکان نەمرن، بەڵام لە شوێنێکن لە بۆشاییدا. تا سەدەی بیستەم زۆرینەی فەیلەسوفەکان پێیان وابوو کە مرۆڤەکان ڕۆحن، مرۆڤیش لە دوو ماددە لە ڕۆح و جەستە پێکهاتووە.

ئایینەکانی ڕۆژهەڵات بۆ نموونە ئایینی هیندۆسی و بودایی، هەندێک لە فەیلەسوفە کۆنەکان بۆ نموونە فیساگۆرس و ئەفلاتون پێیان وابوو کە ڕۆحە نەمرەکان لە کاتی مردندا واز لە جەستە دەهێنن، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی لە بارێکی بێ جەستەدا بوونیان هەبێت و ڕەنگە لە کۆتاییدا بچنە جەستەیەکی ترەوە. 

زیندووبوونەوەی جەستە یان بەرجەستەکردنەوە

لە کاتێکدا زۆربەی فەیلەسوفە یۆنانیەکان پێیان وابوو نەمری تەنیا مانەوەی ڕۆح دەگەیەنێت، بەڵام سێ ئایینی یەکتاپەرستی گەورەی وەکوو جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام پێیان وایە نەمری لە ڕێگەی زیندووبوونەوەی جەستە لە کاتی حوکمی کۆتاییدا بەدەست دێت. هەر ئەو جەستەیەی کە ڕۆژێک کەسایەتییانی پێکهێناوە، بۆ ئەوەی لەلایەن خواوە حوکمیان لەسەر بدرێت زیندوو دەکرێنەوە.

هیچ کام لەم باوەڕە گەورانە هەڵوێستێکی دیاریکراویان نییە لەسەر بوونی ڕۆحێکی نەمر. بۆیە بە شێوەیەکی نەریتی جوولەکەکان و مەسیحییەکان و موسڵمانان پێیان وابووە کە، لە کاتی مردندا، ڕۆح لە جەستە جیا دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت لە بوونی لە دۆخێکی بێ جەستەیی تا ساتەوەختی زیندووبوونەوە. 

هەندێکی تریش پێیان وایە کە بارێک لەنێوانیاندا نییە، لەگەڵ مردنی کەسەکە ڕۆحەکەشی بوونی نامێنێت بەجۆرێک لە کاتی زیندووبوونەوەی جەستەدا دەست بە بوون دەکاتەوە.

هەندێک لە فەیلەسوف و زانایانی ئایینی ئەو ئەگەرەیان گریمانە کردووە کە لە کاتی زیندووبوونەوەدا، مرۆڤەکان بە هەمان ئەو جەستەیەی کە ڕۆژێک تێیدا ژیاون هەڵناستنەوە، بەڵکوو کەسانی زیندووبووەوە بە لەبەرگیراوەیەکی جەستەی پێشوویان هەڵدەستنەوە. 

گفتوگۆکان دەربارەی باوەڕبوون بە نەمری

زۆربەی ئایینەکان لەسەر بنەمای ئیمان پابەندن بە باوەڕی نەمرییەوە. بە واتایەکی تر هیچ بەڵگەیەک لەسەر مانەوەی کەسەکە لە دوای مردن نادەن، لە ڕاستیدا، باوەڕیان بە نەمری لەڕێی جۆرێک لە وەحی خوایی هەیە کە گوایە پێویستی بە عەقڵانیکردن نییە.

بەڵام ئایینەوانی سروشتی هەوڵدەدات بەڵگەی عەقڵانی لەسەر بوونی خوا بخاتەڕوو. هەندێک لە فەیلەسوفەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر بتوانین بە شێوەیەکی عەقڵانی بیسەلمێنین کە خوا بوونی هەیە، ئەوا ڕەنگە دەربکەوێت کە ئێمە نەمرین.

بەهۆی ئەوەی خوا چاکەکارە، بەدیهێنەرە، گرنگیمان پێدەدات و بەمجۆرە ڕێگە بە لەناوچوونی بوونی ئێمە نادات و دادپەروەرە، بڕیارێکی کۆتایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەم شێوەیە ئەو گفتوگۆ نەریتییانەی لەسەر بوونی خواکان دەکرێت لەڕووی، بوونناسی، گەردوونناسی و ئاکام باوەڕی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەمریمان دەسەلمێنن و کە دوای مردن بەرجەستە یان زیندوو دەکرێینەوە. بەڵام ئەم گفتوگۆ نەریتییانە ڕەخنەیان لێگیراوە و هەندێک گفتوگۆ دژی بوونی خواش هاتوونەتە ئاراوە نەک تەنها دژی نەمری.

سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە فەیلەسوفەکان بەڕاستی هەوڵیان داوە باوەڕبوون بە نەمری بەعەقڵانی بکەن، چەند گفتوگۆیەکی کردارییان لە بەرژەوەندی ئەوەدا هێناوەتە ئاراوە.

بلەیز پاسکال لە ساڵی ٢٠٠٥ گفتوگۆیەکی بەناوبانگی لە بەرژەوەندی باوەڕبوون بە خوا پێشنیارکرد، بە وردی بیرکردنەوەکەی بەم شێوازەیە و دەڵێت “ئەگەر بڕیار بدەین باوەڕمان بەوە هەبێت کە خوا بوونی هەیە یان نا، ئەوە ژیرانەترە باوەڕمان بەوە هەبێت کە خوا بوونی هەیە. ئەگەر بەڕاستی باوەڕمان بەوە هەبێت کە خوا بوونی هەیە، بەختەوەری هەمیشەیی بەدەست دەهێنین، بەڵام ئەگەر خوا بوونی نەبێت، هیچ شتێک لەدەست نادەین، بەو ڕادەیەی کە هیچ حوکمێکی کۆتایی بۆ تاوان و هەڵەکانمان نابێت. لە لایەکی ترەوە ئەگەر بەڕاستی باوەڕمان بەوە هەبێت کە خوا بوونی نییە، هیچ بەدەست ناهێنین، بەو ڕادەیەی کە هیچ حوکمێکی کۆتایی بۆ پاداشتی چاکە و باوەڕەکانمان نییە. بەڵام ئەگەر بە هەڵە باوەڕمان بەوە هەبێت کە خوا بوونی نییە، ئەوا بەختەوەری هەمیشەیی لەدەست دەدەین، هەربۆیە نەفرەتمان لێدەکرێت بۆ دۆزەخی هەمیشەیی دەنێردرێین.”

هەروەها چەندین فەیلەسوفی تر بانگەوازیان بۆ سوودەکانی تری باوەڕبوون بە نەمری کردووە، وەکوو ئیمانوێل کانت لە وتارێکیدا دەربارەی بوونی خوا خستووەتەڕوو، گفتوگۆکە بەم شێوازەیە، “ئەگەر خەڵک باوەڕیان بەوە نەبێت کە حوکمێکی کۆتایی هەیە کە لەلایەن خوداوە بەڕێوەدەبرێت بۆ لێپرسینەوە لە کردەوەکان، هیچ پاڵنەرێک نابێت بۆ چاکەکردن. مرۆڤەکان بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێن. بەڵام بۆ ئەوەی بەختەوەری هاوکات بێت لەگەڵ کردەوەی باش، باوەڕبوون بە ژیانی دوای مردن پێویستە، چونکە کردەوەی باش دەستەبەری بەختەوەری ناکات. بەم شێوەیە، تاکە ڕێگە کە مرۆڤ ڕەنگە خاوەنی کردەوەی باش بێت و لەگەڵ ئەوەشدا بەختەوەر بێت، ئەوەیە کە باوەڕ بکات کە دادپەروەرییەکی ژیانی دوای مردن دەبێت کە کردەوەی باش و بەختەوەری کۆ بکاتەوە.”

گفتوگۆیەکی تر دەربارەی باوەڕبوون بە نەمری لەلایەن میگێل دی ئونامونۆیە، کە بەبۆچوونی ئونامونۆ باوەڕبوون بە نەمری نائەقڵانییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستە بۆ ئەوەی لەبەرانبەر بێواتایی ژیان لە بێهیوایی دوور بکەوینەوە. تەنها بە باوەڕبوون بەوەی کە ژیانمان بەردەوام دەبێت و کردەوەکانمان هەمیشەیی دەبێت، پاڵنەرێک دەدۆزینەوە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، ئەگەر بە پێچەوانەوە پێمان وایە لە کۆتاییدا هەموو شتێک کۆتایی دێت و هیچ شتێک لە ژیاندا نامێنێت، ئەوە ئەنجامدانی هەر چاکەیەک دەبێتە شتێکی بێواتا، هیچ پاداشتێکی لەسەر وەرناگرین.


سەرچاوەکان



875 بینین