کیسی ددان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-11-26-21:13:00 - کۆدی بابەت: 10460
کیسی ددان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کیسی ددان (بە ئینگلیزی: Dental cyst، بە عەرەبی: کیس الاسنان) تورەکەیەکی داخراوە پڕە لە ماددەیەکی نیمچە ڕەق یان شل، کیسەکان زیاتر لە شانە نەرمەکان دروست دەبن وەک (دەم، لێو، پووک، شانەکانی کە چواردەوری ددان دەدەن)، ئەم کیسانە شێرپەنجەیی نین، بەڵام دەشێت بڵاوببنەوە و کێشە بۆ پووک و ئێسک دروست بکەن.

هۆکارەکان

بەگشتی کیسی ددان لە شانە مردووەکانی ددانەوە دەست پێدەکات، کیسی ددان بەهۆی ئەم هۆکارانەوە دروست دەبێت:

  • ناڕێکی لە ئاڕاستەی ددانە هەمیشەییەکان واتا نائاسایی یاخود باری ددانەکە لارە.
  • گەشەکردنی نائاسایی ددان.
  • ڕەگی ددانەکان بەهۆی چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی ددانی کلۆر زیانی پێ دەگات.
  • نەخۆشی گۆرلین یان نەخۆشییە بۆماوەییەکانی تری ددان.
  • لە کاتی دەرهاتنی ددانی ژیریدا.
  • بازدانی بۆماوەیی لەو خانانەی کە پەیوەندییان بە گەشەسەندنی ئاسایی ددانەکانەوە هەیە.

نیشانەکان

کیسە بچووکەکانی ددان نیشانە دروست ناکەن، بەڵام ئەگەر کیسی ددان گەورە بوو هەروەها تیرەکەی لە ٢ سانتیمەتر زیاتر بوو دەشێت هەست بەم نیشانانە بکرێت:

  • هەڵئاوسانی ددان
  • هەستیاربوونی ددان
  • لادان و گۆڕانی شوێن و ئاڕاستەی ددان
  • دروستبوونی بۆشایی لە نێوان ددانی جوڵاو و ددانی تەنیشتی

جۆرەکانی کیسی ددان

گرنگترین شت کە پێویستە نەخۆش بیزانێت ئەوەیە کە کیسەکانی ددان جۆریان هەیە و لە یەکتر جیاوازن، بەگشتی لە ٢ جۆر پێکدێن:

کیسی لووتکەیی

کیسی لووتکەیی یان کیسی ڕەگی ددان یان کیسی ئاسایی باوترین جۆری کیسی ددانە بەهۆی مردنی شانەکانی کرۆکی ددانەوە دروست دەبێت، مردنی کرۆکی ددان زۆربەی جار بەهۆی کلۆربوونی ددانەوە ڕوودەدات و دەبێتە هۆی هەوکردن و دەردانی ژەهر و کۆبوونەوەی شلە پاشان دروستکردنی کیس لە ڕەگی ددانەکەدا.

کیسی چیکڵدانەیی

ئەم جۆرە کیسە لەو شانانەدا دروست دەبێت کە ددانەکان دروست دەکەن، ئەم جۆرە لە نزیک ددانە ژیرییەکانی بەشی خوارەوەی ددان و کەڵبە هەمیشەییەکانی بەشی سەرەوەی ددان دروست دەبێت، ئەم جۆرە کیسە بەهۆی بوونی پەستان لەسەر شانەی دروستکەری ددانەکان دروست دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە تێپەڕینی خوێن کە وا دەکات شلە کۆ ببێتەوە و کیس دروست ببێت، کیسی چیکڵدانەیی زۆربەی کات دەبێتە هۆی هەوکردنی میکرۆبی لە ددانەکەدا.

دەستنیشانکردن

کیسە بچووکەکان زۆربەی جار هەستیان پێ ناکرێت، کیسە گەورەکان لەلایەن پزیشکی ددانەوە سەیر دەکرێن و تیشکی X بۆ دەگیرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە شوێن و بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە لە ددان و پووکدا کە بەشێوەی پەڵەی سپی دەردەکەون، لەوانەیە هەندێک جار پزیشک لە کاتێکدا تیشکی X گونجاو نەبوو هەروەها کیسەکەی بەباشی دەرنەخست داوای شەپۆلی لەرەلەری موگناتیسی (MRI) یان سیتی سکان (CT scan) بکات بۆ ددانەکە.

چارەسەرکردن

چارەسەرکردنی کیسی ددان بەپێی جۆری کیسەکە دەبێت، لابردنی کیسی ئاسایی لە ڕێگەی چارەسەرکردنی کرۆکی ددانەوە دەبێت کە تێیدا پزیشک بەشە مردووی ددانەکە لادەبات و پاکی دەکاتەوە پاشان ماددەیەکی کاتی لەناو کرۆکی ددانەکە دادەنێت تا کیسەکە بەتەواوی نامێنێت، لەدوای نەمانی کیسەکە پزیشک پرۆسەی پڕکردنەوەی ددان ئەنجام دەدات، ئەگەر کیسەکە بەتەواوی لانەچووبێت و چارەسەر نەبووبێت پرۆسەی پڕکردنەوەکە سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی کیسی چیکڵدانەیی لە ڕێگەی هەڵکێشانی ددان و لابردنی کیسەکە لە ڕێگەی نەشتەرکارییەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم جۆرە کیسە ئەگەری هەیە سەر هەڵبداتەوە هەر بۆیە پزیشک پێشنیاری دەرمان دەکات دوای پرۆسەی نەشتەرکارییەکە، ئەگەریش نەخۆشەکە هەوکردنی میکرۆبی هەبوو پێویستە دەرمانی دژە زیندەیی بەکاربهێنێت لەژێر چاودێری ددانسازدا.

ڕێگریکردن

بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی کیسی ددان پێویستە بەردەوام پاکوخاوێنی دەم و ددان و زمان بپارێزرێت، دوای هەموو نان خواردنێک یان ڕۆژی دووجار ددانەکان بشۆردرێت و شەوانەش غەرغەرەی خوێیاو بکرێت، پێویستە نەخۆش دووربکەوێتەوە لە تەقاندنی کیسەکە لە ماڵەوە چونکە مەترسیدارە و دەبێتە هۆی برینداربوون و زیان گەیاندن بە پووک هەروەها دروستبوونی هەوکردنی میکرۆبی تێیدا.

چی ڕوودەدات ئەگەر کیسی ددان چارەسەر نەکرێت؟

ئەگەر کیس لە دداندا دروست بوو دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی تر وەک:

  • هەوکردنی میکرۆبی
  • لەدەستدانی ددان
  • دروستبوونی گرێی بێ زیانە پووکدا
  • تێکشکان و زیانگەیشتن بە شاویلگە


سەرچاوەکان



1882 بینین