محەمەد سدیق مەنشاوی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-28-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10479
محەمەد سدیق مەنشاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد سدیق مەنشاوی (بە عەرەبی: محمد صديق المنشاوي، بە ئینگلیزی: Muhammad Siddiq Al Minshawi) قورئانخوێنی میسری کۆچکردوو، ناوی تەواوی "محەمەد سدیق سەید سابت مەنشاوی"یە کە بە یەکێک لە دیارترین و بەناوبانگترین قورئانخوێنەکانی میسر و جیهانی ئیسلامی دەژمێردرێت، لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە میسر لەدایکبووە.

زانیاری کەسی

ناو محەمەد سدیق مەنشاوی
بەرواری لەدایکبوون ٢٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٢٠
شوێنی لەدایکبوون مونشەئە (سوهاج)، میسر
کۆچی دوایی ٢٠ـی حوزەیرانی ١٩٦٩ 
هۆکاری کۆچی دوایی نەخۆشی فراوانبوونی خوێنهێنەرەکانی  سورێنچک
خێزان هاوسەردارە و خاوەنی ١٥ منداڵە
ئایین ئیسلام، سوننە
زمان عەرەبی
پیشە قورئانخوێن
هۆکاری بەناوبانگبوون   قورئانخوێندن

لەدایکبوون و گەورەبوونی محەمەد سدیق مەنشاوی

محەمەد مەنشاوی لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠ لە شاری مونشەئە لە پارێزگای "سوهاج" لە وڵاتی میسر لە خێزانێکی دێرینی قورئانخوێن لەدایکبووە، لەم خێزانەدا قورئانخوێندن وەکوو میرات وابوو، بەشێوەیەک باوکی شێخ سدیق مەنشاوی و باپیری تایب مەنشاوی و باوکی باپیری هەموویان قورئانخوێن بوون، هەروەها زۆربەی خێزانەکەی قورئانیان بە تەواوی لەبەربووە، وەکوو مەحموود سدیق مەنشاوی برای. بەم شێوەیەش ئەم خێزانە بوون بە پێشەنگی قوتابخانەیەکی جوانی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزی تایبەت بە خۆیان، کە دەتوانین بڵێین "قوتابخانەی مەنشاوی".

لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

محەمەد منشاوی بە باوکی کاریگەر بووە و چۆنیەتی خوێندنەوەی قورئانی لێ فێربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٢٧ لەگەڵ "شێخ ئەحمەد سەید"ی مامی چووە بۆ قاهیرە و لەوێ یەک لەسەر چواری قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ "مونشەئە" لەلای باوکی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە و لەلای کۆمەڵێک مامۆستای وەکوو (محمد النمكي، محمد أبو العلا و رشوان أبو مسلم) زانستەکانی قورئانی تەواوکردووە.

خوێندنەوەی قورئان

سەرەتای دەستپێکردنی بە گەشتی خوێندنەوەی قورئان بە گەڕان لەگەڵ باوک و مامیدا لە دانیشتنە شەوانەکاندا دەستپێکرد، تاکوو لە ساڵی ١٩٥٢ لە پارێزگای سوهاج هەلێکی بۆ ڕێکەوت کە بە تەنها قورئان بخوێنێت، لەو کاتەوە ناوی محەمد مەنشاوی دەدرەوشێتەوە.

شێخ محەمەد مەنشاوی لە خوێندنەوەی قورئاندا خاوەنی جێ پەنجەیەکی تایبەت بەخۆیەتی، بە دەنگە خۆش و خوێندنەوە باشەکەی ناسراوە، کە جیادەکرێتەوە بە دەنگێکی کاریگەر و ماتەمین، سەرەڕای بەقووڵی کارلێککردنی لەگەڵ واتا و وشەکانی قورئانی پیرۆزدا بەشێوەیەک خوێندنەوەی هیچ سوورەتێکی قورئانی لە سوورەتێکی تر ناچێت، بۆیە بە محەمەد سدیق مەنشاوی دەوترێت "قورئانخوێنی گرێنەر" (القارئ الباكي).

محەمەد مەنشاوی بەشێوەی هێواش و بە وردبوونەوە لە واتای ئایەتەکانی قورئان (المرتلة) و جێبەجێکردنی یاساکانی تەجوید (المجوّدة) قورئان دەخوێنێت.

بەهۆی جوانی و شیرینی و تایبەتی دەنگی لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکرا و ناوبانگی بڵاوبوویەوە، بەشێوەیەک لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە لەگەڵ شێخ عەبدولباست عەبدولسەمەد و چەند قورئانخوێنێکی تر ڕابەری قورئانخوێنانی میسرن. 

تۆمارکراوەکانی محەمەد مەنشاوی

  • خەتمێکی قورئانی پیرۆزی بە ڕیوایەتی (حفص عن عاصم) تۆمارکراوە.
  • خەتمێکی قورئانی لە ئێزگەی ڕادیۆی میسر تۆمارکراوە.
  • تۆمارێکی خوێندنەوەی هاوبەشی بە ڕیوایەتی "دوری" لەگەڵ (كامل البهتيمي و فؤاد العروسي) هەیە.
  • چەندین تۆماری دەنگی لە مزگەوتی ئەقسا و کوەیت و سووریا و لیبیا هەیە. 

هەروەها لە مزگەوتە سەرەکییەکانی جیهانی ئیسلامیدا قورئانی خوێندووە وەکوو مزگەوتی حەڕام لە مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە و مزگەوتی ئەقسا لە قودس.  

بۆ خوێندنی قورئان سەردانی چەندین وڵاتی ئیسلامی کردووە وەکوو وڵاتەکانی عێراق، ئەندەنوسیا، سووریا، کوەیت، لیبیا، فەلەستین و شانشینی سعوودیە.

هەروەها لەلایەن چەندین وڵاتی جیاوازەوە مەدالیای ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە وەکوو ئەندەنوسیا، سووریا، لوبنان و پاکستان.

ژیانی خێزانی محەمەد مەنشاوی

محەمەد مەنشاوی دووجار هاوسەرگیری کردووە، لە هاوسەری یەکەمی چوار کوڕ و دوو کچی هەبووە، لە هاوسەری دووەمی پێنج کوڕ و چوار کچی هەبووە. ساڵێک پێش مردنی محەمەد مەنشاوی و بە تەواوی لە ساڵی ١٩٦٨ هاوسەری دووەمی لە مەڕاسیمی حەجدا کۆچی دوایی کردووە.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی محەمەد مەنشاوی

محەمەد مەنشاوی لە ساڵی ١٩٦٦ توشی نەخۆشی فراوانبوونی خوێنهێنەرەکانی سورێنچک بووە، سەرەڕای نەخۆشییەکەی لە قورئان خوێندن بەردەوام بوو تاکوو کۆچی دوایی کرد لە ڕۆژی هەینی ٢٠ـی حوزەیرانی ١٩٦٩.

بۆچوونی شێخ محەمەد متوەلی شەعراوی دەربارەی محەمەد سدیق مەنشاوی

"محەمەد سدیق مەنشاوی و چوار هاوڕێکەی (محمود خليل الحصري، مصطفى إسماعيل، عبد الباسط عبد الصمد و محمود علي البنَّا)، سەرکەوتوی کەشتین لەناو دەریای قورئانی پیرۆزدا، ئەم کەشتیەش لە جووڵە ناوەستێت تاکوو کۆتایی دونیا".


سەرچاوەکان



448 بینین