چی بکەین بۆ ئەوەی باشتر لە هەستی خەڵکی تێبگەین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-24-13:13:00 - کۆدی بابەت: 13268
چی بکەین بۆ ئەوەی باشتر لە هەستی خەڵکی تێبگەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چی بکەین بۆ ئەوەی باشتر لە هەستی خەڵکی تێبگەین؟ (بە عەرەبی: ما الذي يمكننا فعله لفهم مشاعر الناس بشكل أفضل، بە ئینگلیزی: What can we do to better understand people's feelingsپێشبینیکردن یان تێگەیشتن لە هەستی کەسانی دیکە ئاسان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک شارەزان لەم هونەرە و بەبێ ئەوەی یەک وشەش بدرکێنین بە تەواوی تێدەگەن کە ئێمە هەست بە چی دەکەین، لە کاتێکدا هەندێکی تر گرنگی بە کەسانی دیکە نادەن و بە هیچ شێوەیەک هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە لە ناخی ئەو کەسەی لەبەردەمیاندایە چی دەگوزەرێت. 

دەوانیت ئەم ڕێکارانە پەیڕەو بکەیت بۆ تێگەشتن لە هەستی کەسی بەرانبەر

یەکەم: بە چاودێریکردنی ڕەفتاری کەسانی دیکە دەست پێبکە

ئەگەر بە ڕێکەوت  کەسێکت بینی دەکەوێت، بێ ئاگایی شتێک دەڵێیت کە گوزارشت لە ئازار دەکات وەک: "ئای"، وەک ئەوەی تۆ ئەو کەسە بیت کە دەکەویت. ئێمە مەیلی زگماکیمان هەیە کە تەنها بە سەیرکردنیان هەست بەو شتە دەکەین کە کەسانی تر هەستی پێدەکەن. زانایان پێیان وایە هۆکاری پشت ئەم دیاردەیە لە ڕاستیدا بایۆلۆجییە. ئەوان پشتڕاستی دەکەنەوە کە جۆرێک لە خانەی مێشک هەیە کە پێی دەوترێت دەمارە ئاوێنەییەکان "Mirror Neurons"، کە کاردانەوەی هاوشێوە دروست دەکەن جا کاتێک شتێک لە بەردەممان دەبینین یان کاتێک خۆمان ئەنجامی دەدەین. ئەگەر دەتەوێت باشتر لە کەسانی تر تێبگەیت، هەوڵبدە لە نزیکەوە چاودێری ڕەفتارەکانیان بکەیت بە بەرزکردنەوەی تواناکانی چاودێریکردنت. ئەمەش بە ئەنجامدانی هەریەک لەمانە دەبێت:

  • گرنگیدان بە دەربڕینی کەسانی دەوروبەرت و زمانی جەستەیان: جارێکی تر کە دەچیتە مۆڵ، قاوەخانە، یان خۆت لە شوێنێکی قەرەباڵغدا دەبینیتەوە ئەمە تاقی بکەرەوە. سەیری هەر کەسێک بکە و هەوڵبدە ئەو کەسانە بە پشتبەستن بە دەربڕینی دەموچاویان، زمانی جەستەیان، یان ئەوەی کە چی دەکەن، پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئەو کەسانە هەست بەچی دەکەن.  ئەو کچەی کتێب یان دەفتەرێکی بەدەستەوەیە بۆ تاقیکردنەوە دەخوێنێت، ئایا نیگەران دەردەکەوێت؟ یان متمانەی بە خۆی هەیە؟ ئەی ئەو گەنجەی چاوەکانی دادەخات؟ ئایا هەست بە ئارامیی، ماندوێتی یان ناڕەزایی دەکات؟ بە بەردەوامبوون لە ڕاهێنان، زیاتر دەتوانیت سەرنجی گۆڕانکارییەکان، زمانی جەستە و دەربڕینی دەموچاو بدەیت، هەروەها هۆکاری گۆرانی هەستی کەسانی دیکە و باشتر تێگەشتن لێیان.
  • خوێندنەوەی کتێب یان سەیرکردنی فیلم: بە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی کە  بە وردی باس لە هەستی مرۆڤەکان دەکەن، هەروەها بە سەیرکردنی فیلم و گرنگیدان بە شێوازی ڕۆڵگیڕانی مرۆڤەکان، لەگەڵ کاتدا کارامەییەکی دیاریکراو لە تێگەیشتن لە کەسانی دیکە بەدەست دەهێنیت. لەکاتی سەیرکردنی فیلمدا هەوڵبدە تێبگەیت بۆچی کارەکتەرەکە بەو شێوەیە هەست دەکات، پێشبینیش بکە کارەکتەرەکە لە ساتی داهاتوودا چی دەکات. یان هەوڵبدە ڕوونی بکەیتەوە کە چی شتێک پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدات.

دووەم: گوێگرێکی باش بە

زۆرجار تێگەیشتن لە کەسانی تر و هەستەکانیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چەندە باش گوێ لە کەسانی تر دەگرین. تا باشتر گوێ لە کەسێک بگریت، زیاتر هەست بە پەیوەندی دەکەیت لەگەڵیدا و زیاتر دەتوانیت تێبگەیت کە هەست بە چی دەکات. زۆربەمان خۆمان بە گوێگرێکی باش دەزانین، بەو پێیەی گوێگرتن بابەتێکی سادەیە، بەڵام لەبیرمان دەچێت کە زۆربەی کاتەکان سەرقاڵی بیرکردنەوە لە وەڵامێکی گونجاوین بۆ وەڵامدانەوەی قسەکەرەکەمان، بۆیە وەک پێویست گوێی لێناگرین. بۆ ئەوەی ببینە گوێگرێکی باش پێویستە هەریەک لەمانە ئەنجام بدەین:

  • ڕاهێنان بکە لەسەر گوێگرتن لە گفتوگۆی ڕۆژانە: گوێ لەو گفتوگۆیانەی بگرە کە ڕۆژانە لە دەوروبەرت ڕوودەدەن، پێویستە سەرنج و بیرکردنەوەت لەسەر گوێگرتن زیاتر بێت وەک لەوەی بیر لەوە بکەیتەوە کە چۆن وەڵامی قسەکەرەکە بدەیتەوە.
  • تەنها سەرنجت لەسەر چیرۆکەکە دامەنێ، بەڵکو بیر لە هەستەکان بکەرەوە: کاتێک هاوڕێکەت چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێتەوە کە لەگەڵیان ڕوویداوە، بیهێنە بەرچاوت کە هەستیان چۆن بووە. ئەو دەستەواژانە بەکاربهێنە کە دەریدەخەیت کە گرنگی پێدەدەیت و هەوڵدەدەیت لە ئەزموونی ئەم کەسە تێبگەیت وەک: "ئۆه، ئەوە سەرنج ڕاکێشە!"، "بێگومان زۆر بێزارکەر بووە" …چەندانیتر، تا زیاتر ئەم ڕێگایە بەکاربهێنیت، بۆت دەردەکەوێت باشتر دەتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت کە کەسانی تر چی دەڵێن یان بیر لە چی دەکەنەوە.
  • گوێ لە چیرۆکێکی گرنگی هاوڕێکەت بگرە: لەگەڵ هاوڕێیەکت یان ئەندامێکی خێزانەکەت قسە بکە، با چیرۆکێکت بۆ بگێڕێتەوە کە جێگەی سەرنجی تایبەتی خۆیان بێت. بۆ نمونە پرسیار لە باپیرت یان داپیرەت بکە دەربارەی لەدایک بوونی یەکەم منداڵیان، یان پرسیار لە دایک و باوکت بکە دەربارەی چیرۆکی یەکترناسینیان، با هاوڕێکەت باسی یەکەم ڕۆژی خوێندنی خۆیت بۆ بکات. لەکاتی قسەکردنیاندا هەوڵبدە بیهێنیتە بەرچاوت کە ئەو ئەزموونە بۆ ئەوان چۆن بووە، و داوایان لێبکە پێت بڵێن کە لەو ساتەدا هەستیان بە چی کردووە و چی وایلێکردوون  ئەو هەستەیان بۆ دروست ببێت.

سێیەم: تێگەیشتنەکەت بگۆڕە بۆ هاوسۆزی

دوای بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ باشتر تێگەیشتن لە کەسانی تر، دواتر دەبێت کاربکەیت بۆ جێبەجێکردنیان ئەوەش بە گۆرینی تێگەیشتنەکەت بۆ هەستی هاوسۆزی، بە واتایەکی تر تێگەیشتنت لە هەستی کەسانی دیکە بەکاربهێنە بۆ پشتگیریکردن و یارمەتیدانیان. بەم شێوەیە دەتوانیت زیاتر هاوسۆزیان بیت:

  • پرسیار لە کەسانی تر بکە بزانە پێویستیان بە چییە؟: ئەگەر هاوڕێیەک یان کەسێکی ئازیزت هەیە کە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لێی بپرسە کە دەتوانیت چی بکەیت بۆ ئەوەی یارمەتی بدەیت، وە ئەگەر وتی کە نازانم، بیر بکەرەوە و خۆت لە جێگەی ئەو دابنێ  لە خۆت بپرسە ئەگەر تۆ لە هەمان باروودۆخی ئەو بویتایە ئارەزووی چیت دەکرد؟ دواتر شتێکی هاوشێوەی بۆ پێشنیار بکە.
  • گرنگیدانت بە کەسانی تر نیشان بدە: دڵنیابە کە گرنگییەکی ڕاستەقینە بە کەسانی تر نیشان دەدەیت، بە مەراق بە لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆت، نەک بە شێوەیەکی بێزارکەر و خۆ هەڵقورتێنەر بەڵکو بە شێوەیەک نیشانی بدات کە دەتەوێت باشتر لێیان تێبگەیت. بۆ نموونە دەتوانیت پرسیاریان لێ بکەیت ئایا حەز دەکەن چی بکەن هەروەها دەربارەی هەست و بیرکردنەوەکانیان، یان لەبارەی بۆچوونەکانیان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو.
  • خووڕەوشتی جوان: بە ڕەوشت و بەڕێز بە، و دووربکەوەرەوە لە هەموو ئەو شتانەی کە هەستی کەسانی تر ئازار دەدەن. بۆ نموونە کاتێک گوێت لە دەنگۆیەک یان گاڵتەکردنە بە کەسێک، با یەکەم کاردانەوەت ئەوە بێت کە خۆت لە شوێنی ئەو کەسەدا دابنێیت کە باسی لێدەکرێت. بەم شێوەیە دەتوانیت لە هەستی کەسانی دیکە تێبگەیت و خۆت بەدوور بگرێت لە چوونە ناو ئەو جۆرە گفتوگۆیانەوە.

هەرگیز گرنگی کردارەکان بە کەم مەزانە، هەرچەندە سادەش بن. تەنانەت شتێکی بچووک وەک سڵاوکردن لە کەسێک کە بە تەنیا لە چێشتخانەیەک یان لە قاوەخانەیەکدا دانیشتووە، دەتوانێت بەشداربێت لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێز. وشەیەکی سوپاسگوزاری کە ئاراستەی پاککەرەوەیەکی شەقامی دەکەیت لەوانەیە ببێتە هۆی دڵخۆشی و هەست بە پێزانین بکات، هەرگیز هێزی وشەیەکی میهرەبان بە کەم مەزانە و هەمیشە هەوڵبدە  ببیتە هۆکاری زەردەخەنەی کەسانی دەورووبەر، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیان و تێگەیشتن لێیان بە دروستی.


سەرچاوەکان



113 بینین