ئۆراسیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-28-22:06:00 - کۆدی بابەت: 10480
ئۆراسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

ئۆراسیا (بە عەرەبی: اوراسیا، بە ئینگلیزی: Eurasia) ڕووبەر و پانتاییەکی فراوانی زەوییە، نزیکەی ٥٤ ملیۆن کیلۆمەتر دووجای هەردوو کیشوەری ئەورووپا و ئاسیا لەسەر گۆی زەوی پێکدەهێنێت. ئۆراسیا دەکەوێتە بەشی باکووری گۆی زەوی، نزیکەی ٧١٪ـی دانیشتووانی زەوی لە ئۆراسیا نیشتەجێن، خاوەن ٧٥٪ـی سەرچاوەی وزەی زەوییە. ناوەکەی لە دوو بڕگە پێکهاتووە و لە ناوی کیشوەری ئەورووپا و ئاسیاوە وەرگیراوە.

لە ڕۆژاواوە دوورگەکانی ئایسلاند و زەریای ئەتڵەسی دەوریان داوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە گەرووی بێرینگ و چەند دوورگەیەکی نموونەی دوورگەی کامچاکتا دەوریان داوە، زەریای هێمن و زەریای بەستەڵەکی باکووریش لە باکوورییەوەن و لە بەشی باشووریشەوە زەریای هیندی و دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی هاوسنووری ناوچەکەن. شاخەکانی ئۆڕاڵ وەکوو سنووری جیاکەرەوەی نێوان هەردوو کیشوەرەکە دانراوە و ناوچەی قەوقاز ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان هەردوو کیشەوەرەکەیە، هاوکات حەوزی گازی سروشتی دەریای ناوەڕاست لەخۆدەگرێت کە لە خوارووی کیشوەری ئەورووپا دۆزراوەتەوە.

مێژووی ئۆراسیا

زۆرێک لە زانایان هەردوو کیشوەری ئەورووپا و ئاسیا بە دڵ و ناوەندی جیهان وێنا دەکەن. هەندێکیش ئۆراسیا تەنها بە دەربڕین و وەسف و کەیانێکی جوگرافی دەناسێنن. بەڵام لە سەردەمی بەردینەوە خاکی ئۆراسیا بوونی هەبووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جوگرافی و مێژویی لە ڕابردوودا خاکی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا یەک پارچه بوونە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکاریی جوگرافی و جیۆلۆجییەوە بەپێی کات گۆڕانکاری دروست بووە و لە زۆر ناوچە زەوییەکانیان لەیەک جیابوونەتەوە.

مەودای زنجیرە چیاکانی ئۆاڵ کە بەدرێژایی ١٥٠٠ میل وەکوو سنوورێکی گریمانەیی نافەرمی نێوان ئاسیا و ئەورووپا دادەنرێت، لە مێژەوە بەشێوەیەکی گشتی بۆ جیاکردنەوەی دوو کیشوەرەکە لە یەکتر بەبێ بنەمایەکی سروشتی یان جوگرافی دروست ئەم سنوورە دیاریکراوە. بەڵام سنووری ئەم زنجیرە چیایە لە سنووری نزیک دەریای قەزوین تەواو دەبێت و ناوچەی قەوقاز بووەتە ناوچەیەکی کێشە لەسەری نێوان هەردوو کیشوەرەکە، بۆیە هەردوو کیشوەرەکە بە تەواوی لێک جوودا نەبوونەتەوە، بەو هۆیەوە زاراوەی ئۆراسیا بۆ لەخۆگرتنی ئەو ناوچانەی کە لەنێوان هەردوو کیشوەرەکەیە دانرا و بەکاردێت.

دەستەواژەی ئۆراسیا لە ڕۆمانی ١٩٨٤ـی جۆرج ئۆروێڵ بەکارهاتووە، هەندێک بۆچوون پێیان وایە ئەم نووسەرە یەکەم کەس بووە ئەم زاراوەیەی داهێناوە، لە ڕۆمانەکەی بۆ خاکی ئەورووپا و بەشێکی گەورەی ئاسیا زاراوەی ئۆراسیای بەکارهێناوە.

ژمارەی دانیشتووانی ئۆراسیا 

بەپێی کۆتا سەرژمێرییەکان ژمارەی دانیشتووانی ئۆراسیا بە پێنج ملیار کەس خەمڵێندراوە، واتا ڕێژەی ٧١٪ دانیشتووانی گۆی زەوی نیشتەجێی ئۆراسیان، نزیکەی ٤,٢ ملیار کەس لە کیشوەری ئاسیا نیشتەجێن و ٧٤٠ ملیۆن کەسیش دانیشتووی کیشوەری ئەورووپان.

ژمارەی وڵاتەکانی ئۆراسیا

ژمارەی وڵاتە سەربەخۆکانی ئۆراسیا ٩٣ وڵاتی سەربەخۆیە، ٤٨ وڵات لە کیشوەری ئەورووپان و ١٧ وڵاتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوێنن و ٢٧ وڵاتیش لە کیشوەری ئاسیایە، واتا نزیکەی نیوەی وڵاتانی جیهان دەکەوێتە ئۆراسیاوە.

پایتەختە گەورەکانی ئۆراسیا

زۆرێک لە بەهێزترین و گەورەترین پایتەختەکانی جیهان ئەکەوێتە ئۆراسیاوە، نموونەی پەکین، مۆسکۆ، لەندەن، بڕۆکسێل. پەکینی پایتەختی وڵاتی چین کە دەکەوێتە ئۆراسیاوە لەڕووی دانیشتووانەوە گەورەترین پایتەختی جیهانییە. هەروەها شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە ناوچەکە.


سەرچاوەکان



786 بینین