دەریای خەزەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-19-19:07:00 - کۆدی بابەت: 9082
دەریای خەزەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەریای خەزەر یان قەزوین (بە ئینگلیزی: Caspian Sea (بە عەرەبی: بحر قزوين)، گەورەترین تەنی ئاویی دوور لە کەناری جیهانە، زۆرجار بە گەورەترین دەریاچەی جیهان وەسف دەکرێت. ئەم دەریایە دەکەوێتە نێوان ئەورووپا و ئاسیاوە. ڕووبەری ڕووەکەی ۳۷۲،۰۰۰ کیلۆمەتر دووجایە و قەبارەکەی ٧٨٢٠٠ کیلۆمەتر سێجایە. ڕێژەی سوێرییەتی ئاوی دەریاکە نزیکەی ١٫٢٪.

دەربارە

دەریاکە نزیکەی ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە، تێکڕای پانییەکەی ٣٢٠ کیلۆمەترە و ڕووی ئاوەکە نزیکەی ٢٧ مەتر لەخوار ئاستی دەریاوەیە. سەرچاوەی سەرەکی ئاوی شیرینی خەزەر، درێژترین ڕووباری ئەورووپایە، بە ناوی ڕووباری ڤۆڵگا (Volga) و لە بەشی باکوورەوە دەڕژێتە ناو دەریاکەوە. دوو حەوزی قووڵ ناوچەی ناوەڕاست و باشووری پێکدەهێنن. ئەمانە دەبنه هۆی دروستبوونی جیاوازی لە پلەی گەرمی، ئاستی سوێرییەتی ئاوەکە و ژینگەی دەریاکەدا. بنکی دەریاکە لە بەشی باشوور دەگاتە ١٠٢٣ مەتر لەخوار ئاستی دەریاوە، کە دووەم نزمترین چاڵایی سروشتی نائۆقیانووسییە لەسەر زەوی دوای دەریاچەی بایکاڵ (کە −١١٨٠ مەترە). گێڕانەوە نووسراوەکان ئەوە دەردەخەن کە دانیشتوانی دێرینی کەناراوەکان دەریای خەزەریان بە ئۆقیانوسێک زانیووە، ڕەنگە بەهۆی سوێرییەتی ئاوەکەی و قەبارە گەورەکەیەوە بێت.

دەریای خەزەر نیشتیمانی کۆمەڵێک جۆری بەرفراوانە و بە پیشەسازی کاڤیار و نەوت ناسراوە. پیسبوونی دەریاکە بەهۆی پیشەسازی نەوت و بەنداوەکانی سەر ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناویەوە زیانیان بە ژینگەکەی گەیاندووە.

لەڕووی جوگرافییەوە

لەڕووی ڕووبەرەوە دەریای خەزەر گەورەترین تەنی ئاوی دوور لە کەناری جیهانە و ٪٤٠ بۆ ٪٤٤ـی کۆی ئاوە دەریاچەییەکانی جیهان پێک دەهێنێت، و ڕووبەری ڕووی ئەم دەریایە گەورەترە لە ڕووبەری وڵاتی ئەڵمانیا. خەزەر دابەش دەبێت بەسەر سێ ناوچەی فیزیکی جیاوازدا: باکوور، ناوەڕاست و باشووری خەزەر.

جیاوازی نێوان ئەو سێ ناوچەیە دیار و ئاشکرایە. خەزەری باکوور تەنیا ڕەفەی خەزەر لەخۆدەگرێت و زۆر تەنکە؛ کەمتر لە ٪١ـی کۆی قەبارەی ئاوی دەریاکە پێکدەهێنێت و تێکڕای قووڵییەکە تەنها پێنج بۆ شەش مەترە. تێکڕای قووڵی خەزەری ناوەڕاست ١٩٠ مەترە، هەروەها دەریای خەزەری باشوور قووڵترینە و زیاتر لە هەزار مەتر قووڵە. ناوچەی ناوەڕاست و باشووری خەزەر ٪٣٣ بۆ ٪٦٦ـی کۆی قەبارەی ئاوی دەریاکە پێکدەهێنن. ئاوی بەشی باکووری دەریای خەزەر بەشێوەیەکی گشتی لە زستاندا دەیبەستێت و لە بەشی باشوور و لە زستانە زۆر ساردەکاندا بە هەمان شێوە سەهۆڵ دروست دەبێت.

ئاو لە زیاتر لە ۱۳۰ ڕووبارەوە دەڕژێتە ناو دەریاکەوە، لەوانەش ڕووباری ڤۆڵگا و ئوراڵ. هەروەها دەریای خەزەر چەندین دوورگەی هەیە، هەموویان لە نزیک کەناراوەکانن؛ هیچیان لە ناوچە قووڵەکانی دەریادا نین. (ئۆگورجا ئادا) گەورەترین دوورگەیە. درێژی دوورگەکە ٣٧ کیلۆمەترە. لە باکووری خەزەر زۆربەی دوورگەکان بچووک و چۆڵن، سەرەڕای ئەوەش جێگیرگەی مرۆڤەکان لە هەندێک لەودوورگانەدا هەن.

ڕووەک و ئاژەڵەکانی ناو دەریاکە

  • بەرزبوونەوەی ئاستی دەریای خەزەر لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦ ژمارەی نیشتەجێبووانی جۆرە دەگمەنەکانی ڕووەکی ئاوی کەمکردەوە.
  • زۆرێک لە جۆرە ڕووەکە دەگمەن و نیشتیمان نشینەکانی ڕووسیا بەهۆی ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناوییەوە دەگەنە دەریاکه، لەگەڵ ئەوەشدا کەنار دەریا پەناگەیەکی ناوازەیە بۆ ئەو ڕووەکانەی کە لەگەڵ لمی بیابانەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا خۆیان گونجاندووە. هۆکارە سەرەکییەکانی سنووردارکردنی دامەزراندنی جۆرەکانی ڕووەک بریتین لە، ناهاوسەنگی هایدرۆلۆجی لەناو دێلتاکانی دەوروبەر، پیسبوونی ئاو و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ئاوەدانکردنەوەی زەوی. گۆڕانی ئاستی ئاو لەناو دەریای خەزەردا هۆکارێکی ناڕاستەوخۆیە کە ڕەنگە ڕووەکەکان بەهۆیەوە جێگیر نەبن.
  • هەروەها کیسەڵی دەریای خەزەر لە نزیک ناوچەکانی دەریاکە دەدۆزرێتەوە. سەدەفی دووتۆیی خەتخەت ئاژەڵێکی دەریایی ڕەسەنی حەوزەکانی دەریاکانی خەزەر و دەریای ڕەشە. زەباتی دەریایی خەزەر تاکە ئاژەڵی ئاوی نیشتیمان نشینی شیردەری دەریای خەزەرە، و یەکێکە لەو جۆرە کەمانەی زەبات کە لە ئاوی  دوور لە کەناری دەریادا دەژین، بەڵام جیاوازن لەو جۆرانەی کە لە ئاوی شیریندا نیشتەجێن، ئەمەش بەهۆی ژینگەی هایدرۆلۆجی دەریاکەوەیە. سەدەیەک لەمەوبەر دەریای خەزەر شوێنی نیشتەجێی زیاتر لە یەک ملیۆن زەباتی دەریایی بوو، بەڵام لە ئێستادا تەنیا ٪١٠ـیان ماونەتەوە.
  • حەوزی دەریاکه ١٦٠ جۆر ماسی لێ دەژی و نزیکەی ٪٦٢ـی ئەو جۆر و جۆرۆکانە نیشتیمان نشینی دەریاکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا، زیادەڕەوی لە ڕاوکردنی ماسی کاڤیار هەڕەشەی لە ژمارەی ئەم جۆرە کردووە تا ئەو ڕادەیەی ژینگەپارێزان بانگەشە بۆ قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ماسی کاڤیار دەکەن تاوەکوو ژمارەی ئەم جۆرە ماسییە وەکوو خۆی لێ دێتەوە.
  • لەگەڵ ئەوەشدا گیانەوەرە خشۆکەکانی وەکوو کیسەڵی یۆنانی و کیسەڵی ڕووسی نیشتەجێی ڕەسەنی دەریاکەن.

پلەی گەرمیی ئاوی دەریاکە

تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی ئاوی دەریای خەزەر لە وەرزی زستاندا لە ناوچەکانی باکوور و باشووریدا نزیکەی سفر و ۱۰ پلەی سەدییە. لە مانگەکانی وەرزی هاویندا پلەی گەرمیی ئاوەکە بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ۲٥ و ۲٦ پلەی سەدی. تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانەی ئاوی دەریاکە لە ناوچە دوور لە کەنارییەکانی ناوەڕاستی خەزەردا ١٤ بۆ ١٥ پلەی سەدییە، لە کاتێکدا، تێکڕای پلەی گەرمیی لە زستاندا ٦ بۆ ۷ و لە هاویندا ٢٣ بۆ ٢٤ پلەی سەدییە. هەروەها پلەی گەرمی ئاوی قووڵایی دەریاکە ٥ بۆ ٦ پلەی سەدییە و پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئەم پلەیە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



1763 بینین