جەنگی تەبووک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-04-20:10:00 - کۆدی بابەت: 10542
جەنگی تەبووک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی تەبووک یان غەزای تەبووک یان جەنگی عوسرە (بە عەرەبی: غزوة تبوك یان معركة تبوك یان غزوة عسرة، بە ئینگلیزی: The Expedition of Tabuk) جەنگێکی سەردەمی پێغەمبەر ﷺـە، لە مانگی ڕەجەبی ساڵی نۆی کۆچی ڕوویداوە و بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ جەنگەکە بەرپا بووە و پێغەمبەر ﷺ خۆی تێیدا بەشداری کردووە. ئەم جەنگە یەکەمین جەنگ بوو کە لە نێوان موسڵمانان و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی لە ناوچەی شام ڕوویدا. هاوکات ئەم جەنگە کۆتا جەنگی ئیسلامییە کە پێغەمبەر ﷺ بەشداری تێدا کردووە.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

چەند هۆکارێک بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی تەبووک، گرنگترینیان: 

- دابەزینی ئایەتی ١٢٣ـی سوورەتی التوبة کە خوای گەورە فرمان بە موسڵمانان دەکات و دەفەرموێت: (يَا أَيُّەَا الَّذِينَ آمَنُوا قَاتِلُوا الَّذِينَ يَلُونَكُمْ مِنَ الْكُفَّارِ وَلْيَجِدُوا فِيكُمْ غِلْظَةً ۚ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّەَ مَعَ الْمُتَّقِينَ)، واتا: ئە‌ی ئە‌وانە‌ی کە‌ باوەڕتان هێناوە‌ بجە‌نگن لە‌ دژی ئە‌و بێباوەڕانەی کە‌ نزیکن لێتانە‌وە‌، با بێباوە‌ڕان لە‌ ئێوە‌دا هێز ببینن و بزانن بێگومان خوا لە‌گە‌ڵ پارێزکاراندایە‌.

دوای دابەزینی ئەم ئایەتەی قورئان کە فرمان بە هەڵگیرسانی جەنگ دەکات لەگەڵ بێباوەڕانی هاوسنووری موسڵمانان، پێغەمبەر ﷺ ڕۆمەکانی ناوچەی وڵاتی شامی دیاری کرد تاکوو لەگەڵیاندا بجەنگن چونکە لە سنووری موسڵمانان نزیک بوون.

- هۆکارێکی تری جەنگی تەبووک ئەوە بوو کە لەلایەن بازرگانانەوە هەواڵ گەیشتە موسڵمانان کە هۆزەکانی شام بڕیاریانداوە هێرش بکەنە سەر شاری مەدینە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵانی ڕاوێژی کرد و موسڵمانان دەستپێشخەرییان کرد و جەنگیان دژیان ڕاگەیاند پێش ئەوەی ئەوان هێرش بکەنە سەر مەدینە.

ناوەکانی جەنگەکە و هۆکاری ناونانی 

جەنگەکە لە شوێنێک ڕوویدا کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان مەدینە و دیمەشق، بە دیاریکراوی لە ناوەڕاست و ناوەندی ڕێگای نێوان شاری مەدینە و شام، ناوچەکە لە شارۆچکەی قەزاعە بوو کە دەکەوێتە نیوان دوو شاخەوە و لە باکووری حیجازە. هەروەها ئەو شوێنەی کە شەڕەکەی تێدا کراوە چاوگێکی ئاوی لێ بووە بە ناوی "چاوگی تەبووک"، بۆیە جەنگەکە بەو ناوەوە ناونراوە.

هەروەها لە قورئاندا جەنگی تەبووک بە جەنگی (العُسرَةِ) ناوی هاتووە کە واتای ئاستەنگی و ناخۆشی و تەنگانە دەبەخشێت، چونکە موسڵمانان لەو جەنگەدا تووشی بارودۆخی زۆر سەخت و دژوار بوون، ژمارەیان کەم بوو و ناوچەی شەڕەکە لە مەدینەوە زۆر دوور بوو، هەروەها تووشی برسێتی و کەم ئاوی و گەرمایەکی زۆر بوونەوە، خوای گەورە لە ئایەتی ١١٧ لە سوورەتی التوبة دەفەرموێت: (لَقَدْ تَابَ اللَّەُ عَلَى النَّبِيِّ وَالْمُەَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ الَّذِينَ اتَّبَعُوەُ فِي سَاعَةِ الْعُسْرَةِ مِنْ بَعْدِ مَا كَادَ يَزِيغُ قُلُوبُ فَرِيقٍ مِنْەُمْ ثُمَّ تَابَ عَلَيْەِمْ ۚ إِنَّەُ بِەِمْ رَءُوفٌ رَحِيمٌ)، واتا: سوێند بە‌خوا بە‌ڕاستی خوا تە‌وبە‌ی لە‌ پێغە‌مبە‌ر ﷺ و کۆچبە‌ران و پشتیوانان قبووڵ کرد، ئەوانەی کە لە‌ غە‌زای تە‌بووک شوێنی پێغە‌مبە‌ر ﷺ کە‌وتن لە‌کاتی سە‌غڵە‌تی و تە‌نگانە‌دا لەگەڵی بوون، دوای ئە‌وە‌ی کە‌ خە‌ریکبوو دڵی دە‌ستە‌یە‌کیان لە‌ خشتە‌ بچێت و بێزاری دە‌رببڕن، تە‌وبە‌ و پە‌شیمانیان قبوڵ کرا، چونکە‌ بە‌ڕاستی ئە‌و پە‌روە‌ردگارە‌ بە‌سۆز و میهرە‌بانە‌ لە‌گە‌ڵیاندا.

لە هەندێک سەرچاوەدا بەم جەنگە دەوترێت (الفاضحة) کە واتای ئابڕووبەر دەبەخشێت چونکە دووڕووەکانی ئاشکرا کرد و ئابڕووی بردن، لەم جەنگەدا بەهۆی ئەوەی زوو لە جەنگەکە پاشەکشێیان کرد دووڕووەکان ئاشکرا بوون و ئایەتی قورئانیان لەسەر دابەزی و زۆرێک لە ئایەتەکانی سوورەتی التوبة باس لەو ڕووداوە دەکەن.

ڕووداوەکانی جەنگی تەبووک 

ڕاوێژکردن و بڕیاردان

دوای فەتحی مەککە لە ساڵی هەشتی کۆچی، خوای گەورە فرمانی بە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی کرد کە دژی بێباوەڕان بجەنگن، بە دیاریکراوی ئەو بێباوەڕانەی کە نزیک و هاوسنووریانن، پێغەمبەر ﷺ ڕۆمەکانی هەڵبژارد چونکە نزیکتر بوون لە سنووری مەدینەوە، هەروەها بازرگانانی شام هەواڵیان بۆ پێغەمبەر ﷺ هێنا کە ڕۆمەکانی شام و هۆزەکانی ناوچەکە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر شاری مەدینە. پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵان و هۆزە عەرەبەکانی مەککە و مەدینە و ناوچەکانی تر کۆبووەوە و بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگیان دا.

ژمارەی موسڵمانان لەو جەنگەدا نزیکەی سی هەزار جەنگاوەر بوون و پێغەمبەر ﷺ خۆی سەرکردایەتی جەنگەکەی دەرکرد، لە بەرامبەردا ژمارەی سوپای ڕۆمەکان چل هەزار جەنگاوەر بوون و بە سەرکردایەتی هەڕقڵی پاشای ڕۆم لە شەڕەکە بەشدار بوون.

هەڵوێستی هاوەڵان بۆ ئامادەکاری پێداویستی سوپا 

لەو ساڵەی کە جەنگی تەبووکی تێدا ئەنجام درا بێبارانی و بێئاوی بوو، هەروەها کەشوهەوا زۆر گەرم بووە، سوپای موسڵمانان چونکە ژمارەیان زۆر بووە پێویستییان بە پێداویستییەکانی جەنگ بووە. هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ لە ئەستۆی خۆیان پێداویستییەکانیان دابین کردووە. عوسمانی کوڕی عەففان زۆرترین بەخشینی هەبووە لەم جەنگە، ٣٠٠ حوشتری دابین کردووە و هەزار دیناری ئەو سەردەمەی بەخشییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەنگەکە.

ئەبووبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتتاب زیاتر لە نیوەی سەروەت و سامانەکەیان بەخشییە لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی سوپای جەنگەکە. هاوکات هاوەڵ عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف دوو هەزار درهەمی بەخشی، زۆرێک لە هاوەڵەکانی تر لە دابینکردنی پێداویستی سوپاکە بەشداربوونە نموونەی عەباسی کوڕی عەبدولموتەڵیب، تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا، محەمەدی سەلەمە، عاسمی کوڕی عودەی و چەندانی تر.

هاوکات لە‌ غە‌زای تە‌بووکدا سێ لە‌ هاوە‌ڵان بەبێ هیچ بیانوویە‌ک خۆیان لە جەنگەکە دواخست کە‌ بریتی بوون لە‌ کە‌عبی کوڕی مالیک و مە‌ڕارە‌ی کوڕی ڕە‌بیع و هیلالی کوڕی ئومە‌ییە‌، کاتێک پێغە‌مبە‌ر ﷺ لە جەنگەکە گە‌ڕایە‌وە‌، دووڕووە‌کان دە‌هاتن و هە‌ریە‌ک بە‌ بیانوویە‌ک پاکانە‌یان دە‌کرد، بە‌ڵام ئە‌و سێ هاوەڵە‌ هیچ بیانوویە‌کیان نە‌بوو و دانیان بە‌ هە‌ڵە‌ی خۆیاندا نا، پێغە‌مبە‌ر ﷺ فرمانیدا کە‌ کە‌س قسە‌یان لە‌گە‌ڵدا نە‌کات و دە‌بێت نە‌چن بە‌لای خێزانە‌کانیاندا، ئە‌م ڕووداوە پە‌نجا شە‌و‌ی خایاند تا ئەوکاتەی ئایەتی ١١٨ لە سوورەتی التوبة دابەزی و خوای گەورە دەفەرموێت: (وَعَلَى الثَّلَاثَةِ الَّذِينَ خُلِّفُوا حَتَّىٰ إِذَا ضَاقَتْ عَلَيْەِمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ وَضَاقَتْ عَلَيْەِمْ أَنْفُسُەُمْ وَظَنُّوا أَنْ لَا مَلْجَأَ مِنَ اللَّەِ إِلَّا إِلَيْەِ ثُمَّ تَابَ عَلَيْەِمْ لِيَتُوبُوا ۚ إِنَّ اللَّەَ ەُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ) واتا: هەروەها تە‌وبە‌ی ئە‌و سێ کە‌سە‌شی وە‌رگرت کە‌ لە‌ غە‌زای تە‌بووک دواخران دوای ئە‌وە‌ی کە‌ زە‌وی بە‌و فراوانییەوە لێیان تە‌نگ ببوو، دڵنیاش بوون کە‌ هیچ پە‌نایە‌ک نییە‌ لە توڕەیی خوا بیانپارێزێت جگە‌ لە‌وە‌ی خۆیان بدە‌نە‌ پە‌نای ئە‌و زاتە‌، پاشان تە‌وبە‌ی لێوە‌رگرتن، بە‌ڕاستی هە‌ر خوا تە‌وبە‌ وە‌رگر و میهرە‌بانە‌.‌

دووڕووەکان لەم جەنگەدا

لەم جەنگە دووڕووەکان بە بیانووی جیاجیا بەشداری جەنگەکەیان نەکرد، سوورەتی التوبة لە قورئاندا دووڕووەکانی ئیسلامی لەو جەنگە ئاشکرا کرد، زۆرێک لە ئایەتەکانی ئەو سوورەتە باسی ئەو جەنگە و دووڕووەکانی ئەو جەنگە دەکات. لەدوای گەڕانەوەی سوپای موسڵمانان دووڕووەکان دەچوونە لای پێغەمبەر ﷺ، بیانوو و بەهانەی جیاجیان هەبوو بۆ بەشداری نەکردن لە جەنگەکەدا.

ئاستەنگی و بەرچووەکانی جەنگی تەبووک 

جەنگی تەبووک لە هاوینی ساڵی نۆی کۆچی ڕوویدا، دووری ناوچەی شەڕەکە، کەم ئاوی و بێ بارانی، گەرما و کەشوهەوای سەختی بیابان، برسێتی و کەمی خۆراک و ماندووبوون، کەمی پێداویستی جەنگەکە، هەموو ئەمانە هۆکاری سەختی و دژواری جەنگی تەبووک بوو بۆ موسڵمانان. پێغەمبەر ﷺ چەند پەرچوویەکی هەبوو لەم جەنگەدا، گرنگترینیان ئەوە بوو کە هەواڵی بە هاوەڵاندا کە زریانی با هەڵدەکات پێش ڕوودانی زریانەکە هاوەڵانی ئاگادار کردەوە و هاوەڵان لە زریانەکە خۆیان پاراست. هەروەها لەو جەنگە خواردن و ڕۆزی کەم بووە، پێغەمبەر ﷺ دووعای بەسەر خواردنەکاندا دەخوێند و بڕی خواردنەکە زیادی دەکرد.

هەڵهاتنی سوپای ڕۆم

کاتێک سوپای موسڵمانان گەیشتنە ناوچەی تەبووک، سوپای ڕۆمەکان لە ترسی سوپای موسڵمانان هەڵهاتبوون. بۆیە سوپای موسڵمانان ئەم جەنگەی بەبێ شەڕکردن بردەوە، پێغەمبەر ﷺ ڕاوێژی لەگەڵ هاوەڵان کرد کە ئایا پێویست دەکات بچنە نێو وڵاتی شام یاخود بگەڕێنەوە بۆ مەدینە، زۆرێک لە هاوەڵان و بە دیاریکراوی عومەری کوڕی خەتتاب بۆچوونیان وابوو کە بگەڕێنەوە بۆ شاری مەدینە، چونکە لەو سەردەمەدا شام لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمەکان بووە، بۆیە شەڕکردن لەسەر خاکی ئەوان قورس و دژوار دەبوو بۆ موسڵمانان چونکە ژمارەی جەنگاوەران و پێداویستی سوپا لەلای موسڵمانان بەراورد بە سوپای ڕۆمەکان کەمتر بوو، بۆیە.

دەرەنجام و کۆتایی جەنگی تەبووک

جەنگی تەبووک بە سەرکەوتنی هێزی موسڵمانان و بە هەڵهاتنی سوپای ڕۆم بەرەو باکوور کۆتایی هات. چەند شوێنێکی ژێردەستەی داگیرکاری ڕۆمەکان چۆڵ بوو و نموونەی ئیمارەتی ئیلە و جەندەل، سەرۆک هۆزەکانیان پەیماننامەیان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ واژۆ کرد. دوای ئەم جەنگە شکۆی ڕۆمەکان لە شام و نیمچە دوورگەی عەرەبی شکا، چونکە پێش ئەم جەنگە بەو هێزە ناسراوبوون کە ناڕوخێن و لە جەنگ هەڵنایەن.

دوای ئەم جەنگە پێگەی موسڵمانان بەهێزتر بوو لە نێو نیمچە دوورگەی عەرەبی و زۆرێک لە هۆزەکانی ناوچە جیاجیاکان باوەڕیان بە ئیسلام دەهێنا. جەنگی تەبووک دەستپێکی جەنگەکان بوو لەگەڵ ڕۆم و پێغەمبەر ﷺ دوای ئەم جەنگە فرمانی کرد کە فەتحی شام بکرێت، دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ ئەم وەسێتەی جێبەجێ کرا و لە سەردەمی ئەبووبەکری سدیق سوپایەک بە سەرکردایەتی ئوسامەی کوڕی زەیدی کوڕی حاریسە ئامادە کرا و شام بە چەند قۆناغێک فەتح کرا.


سەرچاوەکان



888 بینین